Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم‌و(مفهوم)کۆنسێپتی پێشکەوتوو

فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم‌و(مفهوم)کۆنسێپتی پێشکەوتوو

Closed
by January 29, 2014 گشتی

 

 

 

 

 

)Positivism and the concept of progress(

 

هەموو ئەو پێشکەوتنەی کە لەکۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا ئەمڕۆ دەیبینین، ئەوە بەری فەلسەفەی پۆزیتیڤیزمە، کە لە نیوەی سەدەی نۆزدەدا گەشەی سەند. ئەم فەلسەفەیە بە تەواوەتی بڕوای وایە کە عەقڵ‌و زانست، هەردووکیان، بەرەو شارستانییەتێکی پێشکەوتووی باڵا ڕابەرایەتی مرۆڤایەتی‌ دەکەن. بۆیە پێیوستە ئەم فەلسەفەیە بچێتە جێگەی خواناسی مەسیحی نەریتی‌ کە دادگای لێپێچینەوەی دامەزراندوە‌و، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بووە بە هۆکاری داڕوخان‌و دواکەوتنی کۆمەڵگا. ئەگەر ئەم پنتە وەک خۆی وەرنەگرین‌و گرنگی پێنەدەین، ئەوە بە هیچ جۆرێک لە تازەگەریی رۆژئاوا تیناگەین‌و ناشزانین چۆن مامەڵە‌و دیالۆگی لەگەڵدا بکەین. 

 

فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم کە لەگەڵ سەردەمی پیشەسازیی رۆژئاوادا سەریهەڵدا، بڕوای تەواوی هەبوو بەوەی کە دەبێت زانست جێگەی دین بگرێتەوە، کە لەسەر گۆی زەوی، باڵادەستی هەیە بەسەر مەعریفە‌و هەموو چالاکییە مرۆڤییەکاندا. ئەم بڕوابوونە بە زانست‌و تەکنۆلۆجیا لەو ڕۆژەدا، بروایەکی ڕەها بوو. بەڵام لە دواجاردا  ئەم بڕوایە بەرنگاری خورپەو پیاکێشان‌و ڕەشبینییبوەوە، دەرکەوت کە زانست هەمووی چاکە نییە، بەڵکو هەندێک جار لایەنی نەرێنیی‌و زیانبەخش‌و وێرانکەریشی تێدایە. بۆ نموونە، ئەو بۆمبە ئەتۆمەی کە کێشایان بە هیرۆشیمادو ناکانزاکیدا، یان چەکی کیماوی وێرانکەر، یان ئەو زانستەی کە ئەمڕۆ بە کاردەهێنرێت لە کۆپیکردنەوەی روەک‌و ئاژاڵاو هەتتا مرۆڤدا!… کەواتە دەبێت ئەوە بزانین کە زانست، بە تەواوەتی وەک دین، تیغێکی دوو دەمە، بۆ چاکەو بۆ خراپەش، بە کار دەهێنرێت.     

 

بەڵام لە کاتی خۆیداو، لە سەردەمی ئۆگەست کۆنت‌و سان سیمون‌ ـ ی مامۆستایدا، ئەم مەسەلانە لەئاردا نەبوون‌و بە بیری کەسدا نەدەهات کە زانست ئەو لایەنە ترسناکیەیی هەبێت.  لەو سەردەمەدا زانست ئامانجێکی ڕەهابوو. دەیانویست لە کۆمەڵگای کشتوکاڵی‌و دەرەبەگایەتی‌و فێندامێنتالیستی‌و دواکەوتوویەتی دەربچن‌و، بگەنە سەردەمێکی پیشەسازی‌و تەنکۆلۆجیای پێشکەوتوو. مرۆڤی ئەوروپی لەو سەردەمەدا، لەسەر هەموو ئاست‌و بوارەکانی ژیاندا، تینوی بەدیهێنانی پێشکەوتن‌ بوو. خەونی بە سەردەمێکی شارستانی‌و پێشکەوتووەوە دەبینی، کە تیایدا هەژاری‌و برسێتی‌و دەردو نەخۆشی کاریگەری نەبێت. پێشکەوتنی زانستی پزیشکی بگاتە ئاستێک کە نەخۆشیەکان بنەبڕبکات‌و، بتوانێت داودەرمان‌و چارەسەریی بۆ نەخۆشیە درمیەکان بدۆزێتەوە.     

ئۆگەست کۆنت، بە کاریگەری سان سیمۆنی مامۆستای، تەنیا بڕوای بە پێشکەوتن نەبوو، بەڵکو خوازیاری ئارامی‌و جیگیری کۆمەڵگاکانیش بوو. پێشکەوتن بەو مانایەی گۆران لە بارو حاڵەتی نزمیەوە بۆ بارو حاڵەتی باڵا، یان گۆران لە حاڵەتێکی دواکەوتوەوە بۆ حاڵەتێکی پێشکەوتوو، ئەم حاڵەتەش پێیوستە بێسەروبەریی‌و پێکدادان‌‌و نائارامی تیا نەبێت. کۆنت  مەسەلەی چارەسەرکردنی نائارامی‌و نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگ بوو، بە تایبەتی ئەو نائارامییەی کە لە دەرنجامی شۆرشی فەرنسیەوە هاتبووە ئاراوە. خوازیاری ئەوە بوو لە قۆناغی شۆرش‌و ڕوخانەوە بگوێزێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنان‌و سیستەم‌و رێکخستن‌و چاکسازی‌و ئاوەدانی، لێرەوە گەورەیی‌و گرنگی ئەم فەیلەسوفە دەردەکەوێت.  

ئەم فەیلەسوفە وەک هەر فەیلەسوفێکی تر بیری لە بەرژەوەندی خۆی نەدەکردەوە، بەڵکو بیری لە بەرژەوەندی نەتەوە‌و گەل دەکردەوە. بەم هۆکارەش بە درێژایی ژیانی بە هەژاری ژیا، لەوانەبوو، ئەگەر یارمەتی هەندێک لەهاورێکانی‌و ئەوانە نەبوایە کە سەرسام بوون پێی لەبرسا بمردایە.. لەقوڵبوونەوەو سەرقاڵیدا بە بەرژەوەندیە گشتیەکان، بەرژەوەندی خۆیی‌و ڕەوشە ماددیەکەی خۆی بیرچبووەوە.  

بڕوای وابوو کە ڕەوشی کۆمەڵگا دەبێت لەسەر دوو مەسەلە دابرێژرێت: یەکەم پێشکەوتن، دوەم  سیستەم.  دەیوت: هیچ سیستەمێکی شەرعی نییە، کە خۆی رابگرێت‌و بەردەوامبێت، ئەگەر بە تەواوەتی لەگەڵ پێشکەوتندا نەبێت‌و هاوئاهەنگی نەبێت.  هیچ پێشکەوتنێکیش نییە بتوانێت سودی هەبێت‌و بەردەوامێت بە بێ ئارامی‌و ئاسایشی کۆمەڵگاو خەڵک.  

کۆنت، بەم شێوەیە بیری لەمەسەلەکان دەکردەوە: دوای قۆناغی نەرێنی، کە پێویستبوو بۆ شۆرش‌و ڕوخانی ڕژێمی کۆن، ئێستا کاتی گۆاستنەوەیە بۆ قۆناغی ئەرێنی: واتا قۆناغی سیستەم‌و ئاوەدانکردنەوە. فەرنسا بۆی نالوێت هەموو تەمەنی خۆی لەسەر دنەدان‌و شڵەقاندنی شۆرش‌و کودەتا رابگرێت‌و بژی. بەڵام  پێش ئەوەی کە سیاسەتی نوێ بمەیەت، پێویستە لەسەرمان لەپێش هەموو شتێکدا لەواقیع تێبگەین. ئەو کاتە سیاسەت دەتوانێت لەسەر مەعریفەیەکی زانستیانەو شارەزایانەی ورد بە پێکهاتەی کۆمەڵگای خۆی بونیادبنێت.  

لەواقیعدا، کۆنت ڕێبازی ئەزموونگەری لەگۆڕەپانی زانستی فیزیاوە گۆاستەوە بۆ ئەوەی بەسەر کۆمەڵگاو دەرکەوتە جیاوازە مرۆڤییەکاندا جێبەجێیبکات. ئەمەش یەکێکە لەخەسڵەتە دیارەکانی فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم. ئەم فەلسەفەیە، فەلسەفەیەکی زانستی وردە، “تەنیا” بروای بە حسابات‌و هاوکێشە بیرکارییەکان‌و یاساکانی فیزیایە. فەلسەفەیەکە بە دوای دۆزینەوەی یاساکانەوەیە، چ ئەو یاسایانەی کە حوکمی دەرکەوتە سروشتییە فیزیاییەکان دەکەن، یان ئەو یاسایانەی حوکمی ڕەفتارەکانی مرۆڤ‌و عەقڵیەتیان دەکەن. 

کۆنت، لای وابوو، کە ئاراستەی هەموو مرۆڤەکان بەرەو قۆناغی فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم یان زانستێکی پوخت، ئاراستەیەکی حەتمیە. بەڵام ئەو ئاراستەیە بەردەوام نابێت‌و لەیەک کاتدا ناگاتە جێگەی خۆی، بەڵکو هەندێک کۆمەڵگا پێش ئەوانیتر دەکەون، کۆمەڵگای رۆژئاوا یان ئەوروپا بەم ئاراستەیەدا لە پێش ئەوانیترەوە دەبن.    

بەڵام لەگەڵ زیرەکیی‌و بلیمەتیەکەیدا وانەو توێژینەوەکانی لەسەر فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم سەرکەوتنێکی تەنیا لای توێژێک لەلایاندارانی نەبێت سنورداربوو. لەسەر ئەم فەلسەفەیە ئەو شەش بەشەی کە دەریکرد لە نێو پشتگوێخستن‌و ساردەلاویەکی گشتیدا مایەوە. بۆیە ناکرێت وایدابنێیین کە لەسەردەمی خۆیدا بە ناوبانگبوووە.  لەواقیعدا، تا دوای مردنی، ناوبانگی بە تەواوەتی دەرنەکەوت. ڕاستە هەندێک لەزانایان‌و ڕۆشنبیرانی گەورە دەیانناسی، بەڵام جەماوەری گشتی گوێییان لەم ناوە نەببوو، تا دوای ئەوەی کە مەسەلەکە تێپەری‌و کۆچی دواییکرد. 

کۆنت، کەسێکی هەژارو دابڕاوو، بە بەردەوامی لای(کارولین)ی هاوسەریەوە لەسەر ئەوەی کە سەرکەوتنی بەدەستنەدەهێنا لە خۆکاندیدکردندا بۆ پلەی مامۆستایی زانکۆ، لێبوردنی نەبوو بەرامبەری‌و سەرکۆنەیدەکرد.    

ئەو وێنەیە بهێنەرە بەرچاوی خۆت، چەند وێنەیەکی سەیرە، کە کەسێکی وا لەزانکۆدا قبوڵ نەکرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەیان کەسی ئاسایی بە پەلە بەرز لەزانکۆکانی فەرنسادا، ببوون بە مامۆستای!!…  

لە ساڵی ١٩٤١ هەواڵێکی بەخەتەوەرانەی پێگەیشت کە لەرووی دەروونیەوە زۆر بەهێزبوو بۆی. نامەیەکی لەلایەن فەیلەسوفی گەورەی ئنگلیزیەوە پێگەیشت، کە تیاییدا سەرسامی زۆری بۆ دەربڕیوە.  بۆی نووسیبوو کە زۆر بەختیارە بەوەی کە کارەکانی‌و چالاکیەکانی دەبینێت‌و، بە یەکێک لەلوتکەی فەلسەفەی نوێی دانابوو.  ئایا ئەمە سەرەتای دانپیانانییبوو؟  ئایا لە دوای ئەم دانپیانانەوەو، دوای ئەو چاوەڕوانیە دوورودرێژەی ئیتر بەری ئەو بلیمەتییەی دەڕنێت؟ لەواقیعدا بەختەوەرییەکەی ئەوەندەی نەخایاند. کە هاوسەرەکەی کارولین بڕیاریدا بۆ یەجگاریی بەجێیبهێڵت‌و نەگەڕێتەوە بۆ لای!، کە لەڕاستیدا چەند جارێکیتر لێی تۆرابوو، بەڵام دوای هەموو جارێک کورت یان درێژ دەگەڕایەوە بۆ لای. بەڵام ئەمجارەیان بۆ دواجاربوو نەگەڕایەوە بۆ لای. بەڵام بەردەوام بۆ ماوەی چەندین ساڵ نامەی بۆ دەنارد، خۆشەویستییەکەیان لەو جۆەر بوو کە نەدەکوژایەوە… لەژێر خۆڵەمێشەکەشەوە بە هەڵگیرساویی دەمایەوە…بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەوە بوو کە کارولین بۆ توێژینەوەکانی دەهات بۆ کەنیسەکانی پاریس. لەنێو گوێگراندا وەک کەسێکی ئاسایی گوێگر دادەنیشت. بۆچی دەهات بۆلای؟ ئایا لە فەلەسەفەو لەبیر تێدەگەیشت؟ یان سۆزی بۆ ئەم پیاوە نەخۆش‌و بلیەمەتە زیاتر بوو لەوەی بەرگە بگرێت‌و سەردانی نەکات؟ کەس ناتوانێت وەڵام ئەو پرسیارە بداتەوە.   

مەسەلەکان هەرچۆنێکبێت، بەردەوام زانکۆکانی فەرنسا داواکاریەکانییان ئەفرۆزەدەکرد بۆ ئەوەی کە ببێت بە پرۆفیسۆر.  هەموو جارێکیش تووشی ڕەشبینی دەبوو، هەستیدەکرد کە هیچ رێزێکی لێناگیرێت‌و پێزانیینیان نییە بۆی.  

بەڵام لە ساڵی ١٨٤٣ تەنانەت ئەو پلەی وەزیفەیەشی دۆراند کە وەک پیاچوونەوەی ئەوراقەکان دانرابوو، وەرەقەی تاقیکردنەوەکان! هەرچەند ئەوە پلەیەکی وەزیفی ساکار بوو، بەڵام موچەیەکی بۆ بەدەستهاتبوو  بەو وەزیفەیە. ناچار، بۆ فەیلەسوف ستیوارت میل کە دەوڵەمەند بوو هاواری برد، بۆ ئەوەی یارمەتیبدات. ستیوارت، داوای بەخشیشی لەهەندێک لەکەسایەتیە گەوەرەکانی ئەو سەردەمەی ئنگلتەرەکردو، هەموو پارەکەی خۆیی‌و بەخشیشە کۆکراوەکەی بۆ نارد. بەم پارەیە ژیا هەتا مردن. ئەو سەردەمەش هەندێک لەخەڵک بەهاو نرخی بیرمەندەکانیان لابوو، بۆیە مەحاڵبوو وازیلێبهێنن کە لەبرسا بمرێت.     

 

لە ساڵی ١٨٤٤ دا ژیانی ئەم فەیلەسوفەمان وەرچەرخانێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی لەسەر هەردوو ئاستی بیرو ژیانی. دوای ئەوەی زانستی مرۆڤیی دامەزراند لە میانەی کتێبێکیدا بە ناوی”توێژینەوە لەفەلسەفەی پۆزیتیڤیزم”. زۆرانی لەگەڵ ئەم مەسەلە گرنگەدا دەگرت: دانانی کتێبێک بە ناونیشانی ” سیستەمی سیاسی پۆزیتیڤیزم”. ئامانجی تەنیا دامەزراندنی سیاسەتی نوێ نەبوو، بەڵکو دینێکی نوێش بۆ مرۆڤایەتی، دینێک کە جێگەی خواناسی مەسیحی کۆن بگرێتەوە کە وەک دەڵێن ئەم مەسەلەیە هەموو کاتی ئەم فەیلەسوفەی داگیرکرد.  بەڵام لەم کاتەدا ڕووداوێک روویدا کە هەموو ئاراستەی ژیانی ئەم فەیلەسوفەی گۆڕی‌و کاریگەری لەسەر فەلسەفە نوێکەی هەبوو. بە جۆرێک کاریگەری تێکرد، کە هەندێک کەس دەیانوت، کۆنتی یەکەم و کۆنتی دوەم.  هەندێک لەقوتابیان وازیان لەلایەندارێتیی ئەم فەیلەسوفە هێنا لەبەر ئەوەی وایان دادەنا کە خیانەتی لەفەلسەفەی یەکەمی کردوە، یان پاشگەزبوەتەوە لێی. 

ئەو ڕووداوە چیبوو کە فەیلەسوف ئۆگەست کۆنتی هەژاند؟ ئەوەش ڕووداوێکی سۆزداریی عاشقانەبوو یان چیرۆکێکی بە تەواوەتی خۆشەویستی بوو! لەناکاو، ئەم هەواڵەی ئۆگەستی ڕەفتار سەیرەمان هێشتا تەواو نەبووە…. 

بە رێکەوت کچێکی حەڤدە ساڵ لە خۆی منداڵتری ناسیوە، لەگەڵیدا بە جۆرێکی قوڵ کەوتوەتە خۆشەویستیەوە. ئەم کچە منداڵە، کچی کەسێکی ئورۆستۆکراتی بەرێز بوو بە ناوی “کلوتیلد دوفو”. لەگەڵ ئەوەی کە تەندروستی لاوازو بوو، نەخۆشیەکی ترسناکیش هەبوو، بەڵام خۆشەویستیەکەی کۆنت بە جۆرێک  سنوری تێپەڕاندبوو کە ڕاڤەناکرێت. دوای ئەوەی نامەیەکی عاشقانەی گەنجانەی بۆ دەنووسێت، وەڵامی دەداتەوەو دەڵێت: دەبم بە هاورێیی هەتا هەتاییت، بەڵام تەنیا هاورێ‌و هیچیترو، نابێت هیچ شتێک لە نێوانماندا ڕووبدات. کۆنت وەڵامی دەداتەوە بەوەی کە ڕازییەو هیچ شتێکی لێ ناوێت جگە لە خۆشەویستی‌و هاورێیەتی…  

بەڵام ئەم عەشقە چاوەرواننەکراوە، کاریگەری لەسەر ڕێرەوی ژیانی‌و بیرکردنەوەو فەلسەفەکەی دانا. لەپێشتردا کە بروای وابوو فەلسەفەو زانستی پۆزیتیڤیزم بەرزترین‌و گرنگترین شتە بۆ مرۆڤایەتی. بەڵام ئێستا بوو بەو کەسەی کە سۆزداریی‌و عەشقی خستە سەرو زانست‌و عەقڵ‌و هەموو شتێکەوە. ئەمە ئەو گۆڕانە گەورەیە بوو کە بەسەر ئۆگەست کۆنتدا هات. کە بەمانای خۆی بەم گۆرانکارییەی دەوت: کتێبی داهاتووم ئۆپرایەکی مەزن دەبێت، کە یەکەمینیی‌و بەرزیی‌و کۆمەڵایەتی لە خۆشەویستیەکی گەردونی نەک تەنیا بەسەر هێزدا بەڵوک بەسەر عەقڵ‌و هەموو شتێکدا ڕادەگەیەنێت. 

لێرەدا ساتێک ڕادەمێنم‌و دەڵێم، شارستانیەتی ئەوروپی‌و ڕۆژئاوایی ئەگەر لەسەر ئەم ڕێچکەی خۆشەویستییەی کۆنت برۆشتنایە ئەوە دڵ‌و رۆحی خۆیان وننەدەکرد. بێگومان، زانست‌، پیشەسازی‌‌و پێشکەوتن، هەموویان شتگەلێکی گرنگن بۆ دامەزراندنی شارستانیەت‌، کە لەڕاستیشدا شارستانیەتێکی تەکنۆلۆجی گەورەیان دامەزراند. بەڵام خۆزگە ئەم شارستانیەتە رۆح‌و عەشق‌و سۆزداریی‌و دڵی وەلانەنایە، خۆزگە لەو خۆشەویستیە گەردونییەی کە ئۆگەست کۆنت لەقۆناغی دوەمی ژیانیدا خوازیاری بوو، شارستانیەت خۆی لێبەتاڵنەکردایەتەوە. ئەو کاتە هەموومان پێکەوە بە شارستانیەتێکی تەواو ماددیانەو تژی لەڕۆح‌و تەکنۆلۆجیاو مرۆییانە وەک خۆی دەگەیشتین‌‌و ئۆخەییمان دەکرد… بەڵام بە داخەوە وا دیارە خۆشەویستی‌و عەشق لەسەر ئەم گۆی زەویە، یاساغە.

ئەگەر شارستانیەتی گەلانی رۆژئاوا لەسەر بنەمای مرۆڤپەروەریی‌و مرۆڤدۆستی مامەڵەیان لەگەڵ گەلانیتردا بکردایە، دەوڵەت‌و حکومەتەکانیان، هیچ گەل‌و وڵاتێکیان داگیرنەدەکردو ئەو هەموو کارەساتەیان بەرامبەر بە گەلانی کۆلۆنیالیزەکراو، بەرپانەدەکرد. کاتێکیش کە گەلانی عەرەبی‌و ئیسلامی ئەفرۆزەی شارستانیەتی ڕۆژئاوایانکرد، یان روانینێکی دڕدۆنگ‌و گوماناوییان لەسەر دروستکرد، هەروا چەندین شتیش روویدا کە هەمووی بووە هۆکاری ناشیرینکردنی شارستانیەتی رۆژئاوا، لەگەڵ ئەوەی کە ئەم شارستانیەتەی رۆژئاوا شتگەلێکی زۆر نایاب‌و جوانی تیایە: وەک عەقڵیەتێکی رێکخراو، رێبازی زانستیانە، بیرکردنەوەی عەقڵانی رەخنەگرانە، پاک‌وخاوێنی لە شوێنە گشتیەکان‌و شەقام‌و ماڵەکان‌و هەموو کونجوقوژبنێکدا، مامەڵەکردنێکی ورد لەگەڵ یەکتری‌و رێزگرتن لەکات‌و ژوانەکان‌و یەکتریبینین‌و چاوپێکەوتن، پێشکەوتنێکی باش لە بواری پزیشکی‌و داودەرمان‌و چارەسەری نەخۆشیەکان…هتد. لەگەڵ ئەم شتە جوانانەشدا، دیوەکەی تری ئەم شارستانیەتە پڕە لە بەکارهێنانی هێز دژ بە بەرامبەر‌و بۆ بەکاربردنیان‌و دیسان لەپێناوی زاڵبوون‌و خۆسەپاندن‌و هەژموونکاریی‌دا. 

ئەم مەسەلە دزێوانە بوونە هۆکاری ناشیرینکردنی لایەنە ئەرێنەکانیشیی. تا ئەو ئاستەی کە خەڵک ناتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان باشی‌و خراپی ئەم شارستانیەتەدا، بۆیە خەڵک وایلێهاتووە کە بە باش‌و بە خراپیەوە ئەفرۆزەیبکات. ئەم هەڵوێستە تووندەی خەڵک بەرامبەر بەم شارستانیەتە، زیانی لەئێمەشداوەو ئاستەنگی دروستکردوە لەبەردەمماندا بۆ ئەوەی کە باش لێیتێبگەین‌و لایەنە باشەکانی هەڵبژێرین. 

باشترین رێگە ئەوەیە کە لەسەر مامەڵەکردنێکی دروست‌و کارلێک‌و لێکتێگەیشتن لەم شارستانیەتە بیربکرێتەوە. لەم رێگەیەوە بەکارهێنانی یان بە کولتوورکردنی هەموو لایەنە باش‌و ئەرێنەکانی ئەم شارستانیەتە لەکۆمەڵگاکانماندا سودی لێوەردەگیرێت.

بەهەرحاڵ، گرنگە ئەوە بزانین کە ئۆگەست کۆنت، هەوڵی ئەوەبوو کە لەبەکارهێنانی هێزو هەژموونی ئەم شارستانیەتە دوورکەوێتەوەو خۆی نزیکبخاتەوە لەلایەنە ئەرێنی‌و خۆشەویستیەکەی، ئەو خۆشەویستیە گەردونییەی کە هەموو پێکەوە گرێدەدات. 

سەرچاوەی ئەم بیرکردنەوەیەی، ئەم فەیلەسوفە، دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی خۆشەویستیەکەی بۆ  کەسایەتیەکی پاک‌و بێگەرد‌ کە گۆرانکاری بەسەر لایەنە وشک‌و دابرانەکەییدا هێنا کە تیایدا سەرقاڵ‌و خەریکی توێژینەوەی فەلسەفەی پۆزەتیڤیزمی وشک‌وبرنگ بوو. بەم جۆرە بوو بە دێوانەیەکی عاشق کە هەموو بەها رۆحیەکانی بەرزرادەگرت، ئەمەش دوای ئەوەی کە زۆر خۆی ماندووکردبوو بە دامەزراندنی شارستانیەتێکی زانستی تەکنۆلۆجیەوە: واتا شارستانیەتی هێزو هەژموون‌، نەک تەنیا بەسەر سروشتدا، بەڵکو بەسەر کۆی گەلانی جیهاندا.

 

لە پڕ کۆنت لە ناغافڵێتێکەی بە ئاگاهاتەوەو زانی کە بەهاگەلێکی تر لەژیاندا هەیە جیاواز لە پیشەسازی‌و تەکنۆلۆجیاو پێشکەوتنە ماددیە وشک‌وبرنگەکان. بەڵام بە داخەوە، شارستانیەتی ڕۆژئاوا دوای کۆنتی دوەم نەکەوت، بەڵکو لەسەر کۆنتی یەکەم مایەوەو خۆی پێوە خەریکرد. نەک هەر ئەمە بەڵکو وایان لێکدایەوە کە کۆنتی دوەم خیانەتی لەکۆنتی یەکەم کردوە…   

 

خۆشەویستییەکەی کۆنت بۆ ئەم کچە پاک‌وبێگەردەو وازنەهێنانی لێیی، خێزانی خۆشەویستەکەی خۆی وەرسکرد، تا گەیشتە ئەوەی کە بینینی کۆنت‌و ئەم کچەیان بە تەواوەتی قەدەغەکرد‌و لێکیان دابرانن، دوای هەوڵێکی زۆری کۆنت‌و بەرگریکردن لەخۆی رێگەیان دا بە کۆنت کە خۆشەویستەکەی خۆی بۆ دواجار بینی، بەڵام لەسەر جێگەی مردن‌و چاوەروانی مردن بوو، دیمەنێکی یەجگار کاریگەری هەبوو لەسەر کۆنت‌و بە درێژایی ژیانی ئەو دیمەنەی خۆشەویسەکەی لەبیر نەچووەوە. کە دوای مردنی خۆشەویستەکەی بۆ ماوەی دەساڵ یان هەندێک کەمتر ژیا. بە درێژایی ئەم ماوەیە یادەورەیەکانی خۆشەویستەکەی لەبیرنەچووەوەو بەو یادەوەریانەوە ژیا. هەموو ساڵێک لەگەڵ دۆستان‌و هەندێک لەهاوڕێکانی یادیدەکردەوە بەو مانایەی کە ئەم خۆشەویستیە بەشێکی دانەبراوە لە فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم! 

کێ دەڵێت فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم دڵ‌و هەستی نییە؟ کێ دەڵێت هەموو فەلسەفەکە بریتیە لە ماددەو تەکنۆلۆجیاو ڕێبازو میتۆدە وشک‌وبرنگەکان؟ ئایا ئەوە خیانەت نییە لە ئۆگەست کۆنت کە بەدواداچوونمان هەبێت بۆ بەشی یەکەمی فەلسەفەکەی‌و واز لە بەشی دوەمی بهێنین؟ ئایا سەرکەوتنی ماددیانە هەموو شتێکە، وەک ئەوەی کە ئێستا رۆژئاواییەکان بیریلێدەکەنەوە؟ یان جێگەیەک هەیە بۆ خۆشەویستی‌و شکۆمەندی‌و خۆبەخشین لە پێاناوی ئەویتردا؟ لە راستیدا خۆشەویستی‌و عەشقە کورتەکەی کۆنت کە ساڵێک زیاتری نەخایاند بووە سەرچاوە بۆ خۆشەویستیە راستینەکانی کۆی مرۆڤایەتی. ئەم خۆشەویستیەش هێندە قوڵ‌و بایەخداربوو کە جیاناکرێتەوە لە فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم. 

بەڵام بە داخەوە قوتابیەکانی وزایان لێهیناو لەم خۆشەویستیە تێەنگیشتن، لە پێش هەمووشیانەوە فەیلەسوف جۆنی ئنگلیزی. کە ماددیەکی رووت بوو، گرنگی بە هیچیتر نەدەدا جگە لە پێشکەوتنی ماددەو تەنکنۆلۆیجا. هەروها “لیتری” خاوەنی فەرهەنگی فەرەنسی بەناوبانگ وازی لە کۆنت هێنا، هۆکاریشی تەنیا خۆشەویستیەکەی نەبوو بەڵكو ئەوش بوو کە مامەڵەیەکی دڵڕەقانەی لەگەڵ کارولین ماسانی هاوسەریدا کردوە. 

لەگەڵ ئەوەی کە کارولین چەندین جار پێوەندی پێوەکرد‌و تکای کەرد کە ڕابردوو لە بیرکات‌و جۆرێک لە هاورێیەتییان هەبێت، بەڵام کۆنت قایل نەبوو، لەدواجاردا نامەیەکی بەم جۆرە بۆ نووسی: دڵنیابە دوا بڕیارم ،بڕیارەو گەرانەوەی بۆ نییە‌و هەتا هەتایە ناتبینمەوە.. لەگەڵ ئەوەی کە خۆشەویستەکەم دوانزە ساڵ لە تۆ منداڵترە، کلۆتیلدا سۆزو خۆشەویستیەکی داوەپێم کە بە درێژایی تەمەنم لەگەڵ تۆ نەمبینی.   

لە واقیعدا، کۆنت بە درێژایی ژیانی بەدوای خۆشەویستیەوە بوو، بەڵام نەیبینی، بۆ یەک ساتیش نەگیشت بە دڵفروانی‌و بەخشندەیی‌و مۆرڤپەروەری، لەپر کەوتە خۆشەویستی کلوتیلداوەو ئەو خۆشەویستییەی کە کۆنت بە دوایدا دەگەرا لەم کچەدا دۆزیەوە. کەوتە خۆشەویستییەکەوە لەگەڵیدا کە تیشکی خۆشەویستیەکەی لە تیشکی ماددەکان‌و تەکنۆلیجیا بەهێزتربوو.   

لەداوی ئەم خۆشەویستیەوە کۆنت پێویستی بە کەسی تر نەبوو، تەنیا بۆ ئەم خۆشەویستیە دەژیا، تا دوا هەناسەی ژیانی. بۆیە خۆشەویستی جەستەیی، تەنیا پێویستیی نییە بۆ مرۆڤ، بەڵکو خۆشەویستی رۆحی لەخۆشەویستی جەستەیی قوڵترو فروانترو گەورەترە. خۆشەویستی رۆحی، خۆشەویستی مرۆییانە، خۆشەویستیەک کە لەهەموو شت بەرزترو باڵاتربێت لەسەرو هەموو تەکنۆلۆجیاوەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا ئەم خۆشەویستییەی بیرچووەو وازیلێهێناوە، بۆیە بووە بە شارستانیەتیکی بێ ڕۆح‌و بێ دڵ‌و بێ هەست.    

لەدواجاردا دەمانەوێت ئەوە بڵێین: کۆنت نەیدەویست بچێتە نێو کاری سیاسیەکی راستەوخۆوەو تەنیا خۆی سەرقاڵکرد بە دامەزراندنی “کۆمەڵەی پۆزیتیڤیزم” کە ئەم دروشمەی هەڵگرتبوو: ڕێکخستن‌و پێشکەوتن. پێویستە رێکخستن‌و پێشەکەوتن بەدیبهێنین‌و هیچیتر. ئامانجی ئەم دروشم‌و هەوڵەش هێنانەدی سەردەمێکی رۆحی نوێ‌و خۆشەویستیە. کتێبێکیشی بە ناونیشانی: گوتارێک سەبارەت بە هەموو فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم. کە بە شێوەیەکی شیعرئامیز نووسرابوو کە پوختەی فەلسەفەکەی لە خۆگرتبوو. دیاربوو کە خۆشەویستی کلوتیلدا کردبووی بە شاعیر، یان دەیوست وەک شاعیر بنووسێت!. لە سەردەمی پێشویدا بە شێوەیەکی وشکوبرنگ‌و ساردوسڕ لەسەر مەسەلە فەلسەفیەکان دەینووسی، کەچی لەدوای عەشقبوونەکەی بە شێوەی قەسیدە دەینووسی.    

لەم کتێبەیدا سەرسامی خۆی زۆر بۆ سیاسی بەناوبانگی فەرنسی”جول فێری”دەربڕیوە، کە یەکێ بوو لەو کەسانەی دەورێکی گەورەی بینەوە، لەکۆتایی سەدەی نۆزدیەمدا لەفەرنسادا لە جێبەجێکردنی فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم. هەر ئەم پیاوە سیاسیەش بوو کە قوتابخانەی سکۆلاریزمی دامەزاران لەفەرەنسادا. هەر ئەمیش بوو کە توانی نەخوێندەواری بنەبڕبکات لەفەرەنسادا. لەم کتێبە شیعریەیدا کۆنت قسە لەسەر دین دەکات بۆ یەکەمجارو دەڵێت بوونی دەسەڵاتی ڕۆحی پێویستە بۆ ئەوەی بەرانگاری دەسەڵاتی ماددی بێتەوە. کۆنت، هەتا بچوایەتە ساڵەوە زیاتر ئاراستەی دینی زیاددەکرد لەفەلسەفەی پۆزیتیڤیزمدا. بڕواشی وابوو کە بوونی ئیدارەیەکی رۆحی پێویستە سەرپەرشتیاری کۆمەڵگا بکات، دوای ڕوخانی مەسیحیەت یان بەرتەسککردنەوەی کاریگەرییەکانی بە هۆکاری ڕۆشنگەری‌و شۆرشی فەرنەسی.  هەروا بە مانای خۆی دەیوت: لەسەر داروپەردوی خواناسی پیویستە دەسەڵاتی رۆحی نوێ هەستێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت حوکمی کۆمەڵگاو ڕای گشتی بکات. ئەم دەسەڵاتە رۆحیە پێویستە جێگەی دەسەڵاتی پاپایی بگرێتەوە. ئامانجیشی کۆکردنەوەی گەلانی ئەورپا، بەڵکو گەورەترین ژماری گەلانی جیهان کۆبکاتەوە لەژێر سێبەری مۆراڵە بەرزەکاندا.

 

http://alawan.org/article244.html

نووسینی هاشم ساڵح

لە عەرەبییەوە: جیهاد موحەمەد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.