به‌راوردكردنی رۆمانێكی گابریل ماركیز له نێوان دوو وه‌رگێڕدا
بێگانه به ته‌رجومه‌ی زوبانی
ئه‌سراری كتێبی خه‌ڵقی زانی _ حاجی قادری كۆیی (1)_
مرۆڤ به هۆی وه‌رگێڕان له مێژووی نه‌ته‌وه‌كان و شارستانیه‌تی (كۆن و نوێ) ئاشنا ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره پیرۆزه نه‌بێت ئێمه ناتوانین شاكاره جیهانییه‌كان به زمانی شیرینی دایك بخوێنینه‌وه. وه‌رگێڕان واده‌كان زانایان و فه‌یله‌سووفان و هزرو ئایدیا‌و كار‌و به‌رهه‌مه‌كانیان بخاته به‌ر چاوی ئێمه ، هه‌ر له رێگای وه‌رگێڕانیشه‌وه ئێمه له‌م نووسینه ، رووده‌كه‌ینه دونیای رۆمان و ئاوڕێك له به‌رهه‌مێكی رۆماننووسی ئه‌مریكای لاتین (گابرێل گارسیا ماركیز) ده‌ده‌ینه‌وه .ئه‌و رۆمانه باس له كوشتنی گه‌نجێك ده‌كات به بیانووی شه‌ره‌ف كه له لایه‌ن دوو برای جمكهوه ئه‌م تاوانه ئه‌نجامده‌درێت، كاتێك به‌وه ده‌زانن خوشكه‌كه‌یان به‌جلی بووكینی ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه ده‌كرێته‌وه وپێشتر كچینی له ده‌ستداوه و ئه‌وانیش ئه‌م تاوانه به ئاشكرا ئه‌نجام ده‌ده‌ن و شانازیش به‌كاره‌كه‌یان ده‌كه‌ن له پێناو كرینه‌وه‌ی نامووسی خۆیان و بنه‌ماڵه‌كه‌یان!.
ئه‌م رۆمانه به ناوی (چیرۆكی مه‌رگێكی ئاشكرا (2)) له وه‌رگێڕانی (ئه‌رخه‌وان) ، له ساڵی 2000 چاپ كراوه،هه‌مان رۆمان له‌لایه‌ن (حه‌مه‌قادر) به ناونیشانی (راپۆرتی مه‌رگێكی پێشوه‌خت راگه‌یه‌ندراو (3)،له ساڵی 2013 جارێكی تر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌وه.زۆرجار ئه‌مه رووده‌دات كتێبێك له لایه‌ن دوو وهرگێڕِِ وه‌ربگێردرێت، بۆنمونه رۆمانێكی خالید حوسێنی( هه‌زار خۆری دره‌وشاوه) له‌لایه‌ن ئازاد به‌رزنجی و به‌ناونیشانی (هه‌زار ئه‌ستێره‌ی پرشه‌نگدار )له لای خاتوو (چراخان) وه‌رگێڕان بۆ ئه‌م شاكاره نایابه كرا ، له‌یه‌ك ماوه‌ش كه‌وته بازار. كه‌چی ده‌بینین ئه‌م رۆمانه‌ی ماركیز ماوه‌یه‌كی زۆره خوێنه‌ری كورد پێ ئاشنا بووه. واباشه وهرگێڕِِِی كورد ئاگای له به‌رهه‌مه وه‌رگێڕدراوه‌كانی وڵاتی خۆی هه‌بێت ، به‌ر له‌وه‌ی كتێبێك وه‌ربگێرێت با زانیاری له سهربهرههمهكهو نووسهركه وه‌ربگرێت، بزانێ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ئه‌و خۆی پێوه ماندوودهكات پێش ئه‌و وه‌رگێڕدراوه ، ئه‌گه‌ر هه‌بێت بۆچی خۆی بۆكارێكی تری وه‌رگێڕان خه‌ریك ناكات كه كتێبخانه‌ی كوردی پێویستی پێیه‌تی، زۆركتێب هه‌یه وه‌رگێڕانی بۆكراوه به شێوه‌زاری سۆرانی و بادینی ، هێشتا بزافی وه‌رگێڕانی كوردی ئه‌وه‌نده خێرا نییه وه‌رگێڕ ئاگای لێنه‌بێت ،ده‌كرێت له‌مه‌ودوا وه‌رگێڕان پتر گرنگی پێبدرێت و وه‌رگێڕیش ئاگادار بێت له‌و به‌رهه‌مه‌ی وه‌ریده‌گێرێت .دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دوو رۆمانه‌و بهراوردكرنێكی ورد، چه‌ند تێبینی و هه‌ڵه‌یه‌كم به‌رچاوكه‌وت. منیش وه‌ك خوێنه‌رێك تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌م خاڵانهوبهراوردێكی هه‌ردوو رۆمانه‌كه له رسته‌و ده‌سته‌واژه‌كان ده‌خه‌مه روو. ئێوه‌ی خوێنه‌ریش له په‌نجه‌ره‌ی ئه‌م نووسینه بڕوانه دوونیا گه‌وره‌كه‌ی وه‌رگێڕان ،بزانین چی باسه. سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵه‌و تێبینیه‌كانی هه‌ردوو وه‌رگێڕ، له رسته‌و په‌ره‌گراف و ئیدیۆم و په‌ند و واتای وشه‌كان و هه‌ڵه‌ی چاپ و به هه‌ڵه به‌كارهێنانی مانگ وڕۆژو ژماره وناوی شوێن وته‌نانه‌ت ناوی پاڵه‌وانیش به‌راوردكردنیان ده‌خه‌ینه به‌رچاو .بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ی تێبگه‌ین وه‌رگێڕان كارێكی چه‌ند قورسه‌و به‌ئاسانی و به‌ساده‌یی ناكرێت هه‌موو كه‌س خۆی لێ نزیك بكاته‌وه ، ده‌بێ وه‌رگێڕ باگراوندێكی رۆشنبیری و مه‌عریفی و كه‌لتووری و ههردووزمان(سه‌رچاوه‌و ئامانج)ی هه‌بێت.
نیومارك (newmark) له‌م باریه‌وه ده‌ڵێت”وه‌رگێڕان شاره‌زایی و لێزانینهو هه‌وڵدانه بۆ لێكدانه‌وه‌و گواستنه‌وه‌ی په‌یامێك یان نووسراوێك له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر (4)”.
سه‌ره‌تا له ناونیشانی رۆمانه‌كه ده‌ست پێده‌كه‌ین ، یه‌كێكیان وشه‌ی (چیرۆك ) و ئه‌ویتریان وشه‌ی (راپۆرت)ی به‌كارهێناوه. جیاوازی له‌نێوان ئه‌م دوو وشه‌یه هه‌یه .حه‌مه‌ی وه‌رگێڕ، رۆمانه‌كه‌ی به (5) به‌ش دیاركردووه به‌ڵام ئه‌رخه‌وان به‌شه‌كانی دیارنه‌كردووه، لاینهكی باشی ئه‌م وه‌رگێڕه بایه‌خی به پهراوێزداوهو گه‌لێك وشه‌و زاراوه‌ی روون كردۆته‌وه. هه‌ندێك له پاڵه‌وانه‌كان له رووی نووسین و ناوهێنانه‌وه زۆر له یه‌ك جیان ، جاری واهه‌یه خوێنه‌ر سه‌ری لێ سووردهمینێ كه ناوی كامه پاڵه‌وان ڕاستره.له به‌راوردكردنی ئه‌م ناوانه بزانه له‌رووی فۆنه‌تیك و گۆرینی وشه‌كه چه‌ند جیاوازه.(سانتیاگۆ نازار _سنتیاگۆنهسار ، ئه‌نخێلا ڤیكتۆریا _ ئه‌نجیلا فیكاریۆ ، كلۆتیلدا ئارمێنتا _ كلۆتیلدی ئهرمینتا،خایم _ جیم ، ڤیگتۆریا گازمه‌ن _ڤیكتۆریا گوپمان،ماركۆ _ مارگۆت ، ئۆرتنزیا بایۆته _ هورتینسیا باوتی، بامیل شایۆم _جه‌میل سایم ، میمی لویزا_ می می لۆئایسا….هتد.هه‌روه‌ها ناوی شوێنیش وه‌كو (كاساتار _كاساناری ترسوبیم ، كۆراسایۆ _ كورتاپۆ، تاكارینكا _توكرینكا ، ئه‌ل دیوینۆ _ ئهلدیفینور روسترودا ، زانكۆی سالامانكۆ _زانكۆی سلمنكا….. هتد.
له خواره‌وه‌ش چه‌ند رسته‌و دیالۆك وپهرهگراف ئاماژه‌یان پێده‌ده‌ین و تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر جیاوازی و هه‌ڵه‌كانیان .
_مرۆڤ ئه‌توانێ به‌یانیه‌كی شوباتی ئه‌و ده‌مه بێنێته به‌رچاوی خۆی . ئه‌رخه‌وان .ل8.
_ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له مانگی تهمموز له هه‌موو ڕۆژه‌كاندا به باشی هه‌ڵبكات.حه‌مه .ل10.
جیاوازی نێوان مانگی (شوبات ) و مانگی ( ته‌موز) كه یه‌كێكیان ده‌كه‌وێته كۆتایی وه‌رزی زستان و ئه‌ویتریان وه‌رزی هاوین.
_چوار تفه‌نگی هه‌ڵگرت ، یه‌كێكیان مالینشیر شوناور 3006 بوو. ئه‌رخه‌وان ،ل9.
_چه‌ند چه‌كێكی دیكه‌شی وه‌ك مانلیچهر شۆنار 30/60 . حه‌مه ،ل11.
له نێوان ئه‌م دوو ژماره‌یه ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی چاپ نه‌بێت ئه‌وه بێگومان یه‌كێكیان كه‌وتۆته هه‌ڵه‌وه .ژماره‌كه جیاوازی زۆره .
_له دوا هه‌فته‌ی كانوونی دووه‌مدا بیست و یه‌ك ساڵ ته‌مه‌نی ته‌واو كرد.ئه‌رخه‌وان ، ل10.
_هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له كۆتایی مانگی ئازار ته‌مه‌نی بیست و یه‌ك ساڵ بوو . حه‌مه ، ل13.
كانوونی دووه‌م ده‌كاته مانگی (1) و ئازار مانگی (3) ئه‌وا یه‌ك له‌و دوو وه‌رگێڕه ئه‌م هه‌ڵه‌یان به سه‌ر دا تێپه‌ریووه .
_هه‌ر كه قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی ته‌واوكرد به هۆی مردنی باوكیه‌وه ناچار بوو واز له خوێندن بێنێ.ئه‌رخه‌وان ، ل 11.
_ سانتیاگۆ دوای مردنی باوكی درێژه‌ی به خوێندنی ئاماده‌یی نه‌دا .حه‌مه ،ل14.
سانتیاگۆ دوای مردنی باوكی وازی له خوێندن هێناوه هی یه‌كه‌م ده‌ڵێت خوێندنی ئاماده‌یی ته‌واو كردووه ، كه‌چی له هی دووه‌م درێژه‌ی به خوێندنی ئاماده‌یی نه‌داوه‌و ته‌واوی نه‌كردووه.
_نه ئه‌و رۆژه‌و نه سه‌رانسه‌ری مانگی شوبات ئه‌و ساڵه باران نه‌باریووه . ئه‌رخه‌وان ، ل12.
_سوور بوو له سه‌ر ئه‌وه‌ی له مانگی نیساندا بۆ جارێكیش باران نه‌باریووه . حه‌مه ، ل15.
هه‌ردوو وه‌رگێڕ ده‌ڵێن باران نه‌باریووه، به‌ڵام یه‌كێكیان ده‌یباته‌وه بۆ مانگی شوبات و ئه‌ویتریش مانگی نیسان .
_ كه ئه‌یروانیه سه‌ر دارمۆزهكانی گۆرهپانهكهوه. ئه‌رخه‌وان ، ل14.
_ كه لێواری دارچوالهكانی گۆره‌پانی به‌نده‌ره‌كه ، به باشی ده‌بینرا .حه‌مه،ل18.
له نێوان (دارمۆز )و (دار چواله) جیاوازی زۆر هه‌یه ئێمه نازانیین به كامه‌یان باوهربكهین.
_ئه‌وه یه‌كه‌م چاو چوونه خه‌ویان بوو له ڕۆژی شه‌ممه‌وه .ئه‌رخه‌وان ،ل18.
_چاویان لێكنابوو و خه‌ویان لێكه‌وتبووه‌وه.له ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌وه تا ئه‌و كاته نه‌خه‌وتبوون .حه‌مه ،ل23.
چاو چوونه خه‌وه‌كه‌یان له هی یه‌كه‌م (شه‌ممه) یه‌و له هی دووه‌میش (یه‌كشه‌ممه)یه.
_قوتابیانی قوتابخانه‌ی ڕه‌به‌نه‌كان به به‌رگی تایبه‌تی هه‌تیوانه‌وه به هه‌راو هۆریاو په‌له په‌ل به گۆره‌پانه‌كه‌دا تێ ئه‌په‌رین. ئه‌رخه‌وان ،ل18.
_كچه بچووكه‌كانی كلێسا به یهكپۆشییهكی تایبه‌ته‌وه ، له سوچی مه‌یدانه‌كه ده‌ركه‌وتن .حه‌مه ،ل24.
ده‌كرێت قوتابیانی قوتابخانه‌ی ره‌به‌نه‌كان هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی له خۆگرت بێت ، ره‌به‌نیش بن وه‌ك له ناوه‌كه‌وه دیاره كه به‌رگی تایبه‌تیان له به‌ر بووه، كه‌چی له هی دووه‌م ته‌نها كچ ده‌بینرێت ئه‌ویش بچووك كه سه‌ر به كلێسابووه .
_مه‌تران به سیپاڵێكی سپی یه‌وه وه‌ستا بوو له نێوان ده‌ست وپێوه‌نده ئیسپانیهكانیدا .ئه‌رخه‌وان ،ل19.
_ئه‌سقه‌ف له سه‌ر ڕووته‌ختی سه‌ره‌وه‌ی كه‌شتیه‌كه ، نزیك ژووری كاپتن به ڕووپۆشێكی سپییه‌وه ، له گه‌ڵ هاوڕێ و هه‌ڤاڵه‌كانی دا وه‌ستا بوو .حه‌مه ، ل25.
له هی یه‌كه‌م ئاماژه به‌وه‌ی ده‌دا كه مه‌تران له نێو ده‌ست و هاوڕێ ئیسپانیه‌كان وه‌ستاوه . كه‌چی هی دووه‌م
هیچ باس له هاوڕێ ئیسپانیه‌كان ناكات.
_ ئێستا سه‌عات چه‌نده؟ كاتژمێر شه‌ش و بیست و پێنج ده‌قیقه بوو. ئه‌رخه‌وان ،ل21.
_كاتژمێر چه‌نده ؟ پێیانگوت: شه‌ش و پێنج خوله‌كه.حه‌مه ،ل27.
له نێوان به‌رسڤی هه‌ردوو كاتژمێره‌كه بیست ده‌قیقه‌ی جیاوازی هه‌یه ، جانازانم كاتژمێری كامه‌یان هه‌ڵه‌یه!.
_بیاردوسان رومان ، ئه‌و پیاوه‌ی ژنه‌كه‌ی خۆی نارده‌وه ، له مانگی ئابی ساڵی پێشوودا بۆ یه‌كه‌م جار پێ ی نایه ئه‌م گونده .ئه‌رخه‌وان ،ل25.
_بایاردۆ سان رۆمان ، هه‌ر ئه‌و زاوایه‌ی كه بووكه‌كه‌ی بۆ ماڵی باوكی گه‌ڕانده‌وه ، شه‌ش مانگ پێش مه‌راسیمی هاوسه‌رگیری ، واته له مانگی تشرینی یه‌كه‌می مانگی ساڵی ڕابردوودا. حه‌مه ،ل37.
وه‌ك له‌م روونكردنه‌وه‌یه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ئه‌وكاته‌ی پێ ناوه‌ته ئه‌و گونده‌ی ، شه‌ش مانگ پێش پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری بووه ،بۆیه جوانتره زاوا به‌كاربهێنیت له جیاتی پیاو بووكیش له جیاتی ژن واته زاوا بووكه‌كه‌ی بۆماڵی باوكی گه‌ڕانده‌وه .
_وه‌ك نێره‌مووك دیار بوو. ئه‌رخه‌وان ،ل26.
_ له یه‌كه‌م بینینیدا له نێرباز ده‌چوو. حه‌مه، ل37.
نێره‌مووك خاوه‌ن هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌و له رووی جهستهوفیزیۆلۆجی جیاوازه له مرۆڤی ئاسایی ، به‌ڵام نێرباز له رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خڵاق و یاسا و داب‌و نه‌ریت لای داوه یاخود تووشی لادانی سێكسی هاتووه ، جانازنم ماركیز كام وشه‌ی به‌كارهێناوه‌و ئه‌م دوو وه‌رگێڕه‌ش چۆن وه‌ریان گێراوه.
_له كۆتایی مانگی ئه‌یلوولدا نیوهڕیهكیان بیاردوسان رۆمان له سه‌ر كورسیه‌كی له‌رزۆك له هۆڵه‌كه‌دا خه‌ریك بوو سه‌ره خه‌وێكیان ئه‌شكان.ئه‌رخه‌وان ،ل28.
_له پاشنیوهرۆیهكی مانگی تشرینی دووه‌م ، باباردۆ له سه‌ر كورسیه‌كی بێشكهیی ، دوای خواردنی نانی نیوه‌رۆ ، سه‌ره‌خه‌وی ده‌شكاند حه‌مه ،ل40.
لای هه‌ردوو وهرگێڕهكه دیاره دوانیوه‌ڕۆیه ، به‌ڵام نازانین نێوهڕۆیهكهی مانگی( ئهیلوول ) یا (تشرینی دووه‌م)ه.
_ ” ئه‌ها ئه‌وه كچه پووره گهوجهكهته ، هه‌ر بۆ ئه‌وه باشه‌به تهلێكهوه هه‌ڵی واسی ” ئه‌رخه‌وان ،ل32.
_”كچه خاڵه گه‌مژه‌كه‌ی تۆ ، وه‌ك ماسیه‌كی وشكهوهكراو ، لهڕولاوازدهبێت. حه‌مه ، ل45.
هه‌روه‌ها جاریكی تر ئه‌م جیاوازییه به‌دێده‌كرێت . وه‌ك له رسته‌ی:
_ كچه پوره‌كه‌ت هه‌واڵت ئه‌پرسێ . ئه‌رخه‌وان ،ل80.
_كچه خاڵه‌كه‌ت سڵاوی بۆناردووی. حه‌مه ،ل113.
له نێوان (كچه پوور) و (كچه خاڵ )جیاوازی هه‌یه ،جانازانین كامه به دروستی ئامانجه‌كه‌ی پێكاوه.
_له گه‌نجێتی دا به جوانترین كچ هه‌ڵ بژیررابوو له نێوان دوو سه‌د جوانترین جوانه‌كانی ئه‌نتیل.ئه‌رخه‌وان ،ل33.
_ له كاتی گه‌نجیدا ، له ناو بیست كچی جوان و هه‌ڵبژێردراوی ئه‌نتیل ، وه‌ك شاجوان دیاریكرابوو. حه‌مه،ل46.
ئه‌و كچه‌ی دیاره بوویته شاجوان له كچه جوانه‌كانی ئه‌نتیل ، ده‌بینین له هی یه‌كه‌م له نێوان (200) و له هی دووه‌میش(20) هه‌ڵبژێردراوه .جانازانین له‌م دوو وه‌ڕگێره كامه كێشه‌ی سفره‌كه‌ی بۆدروستبووه.
_ دكتۆر سیوسی بێوه پیاو دوای دوو مانگ مرد.ئه‌رخه‌وان ،ل37.
_خیوس دوای تێپه‌رینی ساڵێك به سه‌ر ئه‌م رووداوه مرد. حه‌مه ،ل51.
مردنی دكتۆردوومانگ له گه‌ڵ تێپه‌رینی ساڵێك زۆر ده‌كات له هی یه‌كه‌م هێشتا كفنه‌كه زه‌رد نه‌بووه ، به‌ڵام هی دووه‌م ساڵێك زۆره وه‌ك كورد ده‌ڵێت ئێسك و پروسكیش نه‌ماوه .
_ناتوانێ مانگایه‌ك سه‌ر ببڕێ ئه‌گه‌ر له‌وه‌وبه‌ر ناسیبێتی و به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له شیره‌كه‌ی خواردبێته‌وه .ئه‌رخه‌وان،ل50.
_ناتوانم گایه‌ك سه‌رببڕم ، كه پێشتر بیناسم . به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر شیره‌كه‌شی خوارد بێت .حه‌مه ،ل70.
له رسته‌ی یه‌كه‌م مانگا به‌كارهاتووه‌و شیریش به‌رهه‌م ده‌هێنێ ئه‌مه‌یان ته‌واوه، به‌ڵام له هی دووه‌م (گا)به‌كارهاتووه ئه‌مه‌ش بۆ ئاژهلّی نێر به‌كاردێت نه‌مانزانیووه گا ، شیری بدات ، له‌م باریووه وه‌رگێڕی دووه‌م په‌نده كوردییه‌كه‌ی (نێره بیدۆشه!)ی سه‌لماندووه!.
_له نێوان ئه‌و هه‌موو برینه زه‌وه‌نده‌ی بهلاشهكهوه بوون ، حه‌وتیان كوشنده بوون …. یه‌ك برین به پشتیه‌وه بوو ، ئه‌ویش له ئاستی بڕبڕه‌ی سێیه‌می . سێبه‌نده‌ی دابوو گورچیله‌ی چه‌پی كون كرد بوو. ئه‌رخه‌وان ،ل69.
_له ناو برینه بێشوماره‌كانی ته‌رمه‌كه‌دا ، پێنج دانه‌یان كوشنده‌تر دیاربوو …. به ته‌نها یه‌ك لێدانی چه‌قۆ له سێیه‌مین بڕبڕه‌ی كه‌مه‌ریدا ده‌بینرا و گورچیله‌ی لای راستی كون كردبوو .حه‌مه ،ل98.
به گوێره‌ی وه‌رگێڕی یه‌كه‌م حه‌وت برینی كوشنده‌یه له هی دووه‌م پێنج دانه‌یه ، له وه‌رگێڕی یه‌كه‌م باس له گورچیله‌ی چه‌پ ده‌كات كوون كراوه هی دووه‌م گورچیله‌ی ڕاست. ئاخر ئه‌م جۆره جیاوازیه له راپۆرتی پزیشكی و دادگا كاری پێده‌كرێت .جانازانین زانیاری كامه وه‌رگێڕ له سه‌ر برینهكوشندهكان و گورچیله‌كان راسته.
_ ژنه‌كه پێ ی َوتم ” وه‌كو مشكه كوێره‌ی گه‌وج ئه‌یجوێ ” . ئه‌رخه‌وان ،ل71.
_دایكی پێ ی گوتم “وه‌ك شێته‌كان قه‌پاڵی لێده‌گرێت ، هه‌ندێجار به په‌له‌و هه‌ندێجار له سه‌ر خۆ” حه‌مه، ل101.
له‌م دوو دێره‌ی سه‌ره‌وه ئه‌گه‌ر ئیدیۆمه یان په‌ند نازانم چ مانایه‌ك به یه‌كتریان ده‌به‌ستێته‌وه، باس له كچێكی كچكه ده‌كات گه‌نمه‌شامی به‌ده‌سته‌وه‌یه له هی یه‌كه‌م ئه‌م دیمه‌نه‌ی به مشكه كوێره‌و هی دووه‌میش به شێتی خستۆته روو.
_ له كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌دا له‌و ده‌مه‌دا كه لاشه‌كه‌ی سنتیاگۆنهساریان توێگهری ئه‌كرد.ئه‌رخه‌وان، ل73.
_ له كاتژمێر شه‌شی به‌یانیدا ، كه توێكاریی جه‌سته‌ی سانتیاگۆ نازار كۆتاییهات. حه‌مه ، ل103.
بێگومان وه‌رگێڕێك له نێوان كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌و شه‌شی به‌یانیدا تووشی هه‌ڵه هاتووه .
_بابلۆ فیكاریۆ پێ ی وتم ” له ئاودا نقوم بووم”” نه‌مان توانی ئه‌وه له سه‌رمان ده‌ركه‌ین كه توركه‌كان ئه‌مه‌یان كردووه” ئه‌رخه‌وان ل73.
_پابلۆ ڤیكاریۆ پێی گوتم : _ به ته‌واوی ترسابووم ، بیركردنه‌وه له‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌به خوێریانه ئه‌م كاره‌یان كرد بێت ، هه‌راسانیان كردبووم . حه‌مه ، ل104.
(له ئاودا نقووم بووم) ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ ده‌كه‌وێته ئاو مه‌ترسی خنكانی لێده‌كرێت ، به‌ڵام (به‌ته‌واوی ترسابووم) حاله‌تێكی سایكۆلۆژیه له رووی فاكته‌رێكه‌وه تووشی شله‌ژانی ده‌روونی ده‌بێت ، هی یه‌كه‌م باس له توركه‌كان ده‌كات و هی دووه‌میش عه‌ره‌به‌كان .
_هۆ توركی لێره‌وه مه‌به له لای به‌نده‌ره‌ی كۆنه‌كه‌وه برۆ. ئه‌رخه‌وان ،ل103.
_ هۆ كابرای عه‌ره‌ب له مه‌یدانه‌كه مه‌ڕۆ!حه‌مه ل147.
جاریكی تر عه‌ره‌ب و تورك به‌كارهاتوون.
_ نامه‌وێ كه‌س وه‌ڕسم بكات ، ئه‌گه‌ر لوقمانی حه‌كیم بووه به خۆی و چارهسازییهكانهوه .ئه‌رخه‌وان ،ل 78.
_ كه‌س بێزارم نه‌كات ، به تایبه‌تی باوكم به‌و جووته گونه له كار كهوتوانهی ! حه‌مه ،ل109.
له‌م دوو ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه مانایه‌كی جیاواز ده‌به‌خشێت له هی یه‌كه‌م لوقمان حه‌كیم و له هی دووه‌م جووته گونی له كار كه‌وتووی باوكم. ده‌بێت ماركیزیش ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ی چۆن نووسیبێت.
_دكتۆر دیونیسیو ئهگواران به سواری ئێسترهكهیهوه كه له كاتی په‌له‌دا به‌كاری ئه‌هێنا . ئه‌رخه‌وان ،ل78.
_دكتۆر دیۆنسیۆ ئیگواران به خۆی و گو‌ێدرێژێك كه سندوقی فریاكه‌وتنی سه‌ره‌تایی و له ناكاوی له سه‌ر بوو ، گه‌یشته لایان . حه‌مه ،ل110.
له‌م دوو رسته‌یه دكتۆر یا (ئێستر یان گوێدرێژ) هه‌بووه ، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ربۆ سواری بێت یان بار یه‌كێكیان له ئه‌ویتر باشتره .
_كاتژمێر نزیكی شه‌ش بوو له په‌نجه‌ره‌كانه‌وه هه‌تاوێكی ئاڵتوونی هاتبووه ژووره‌وه …. هه‌میشه وا راهاتبوو كه كاتژمێر شه‌ش هه‌ستێ . ئه‌رخه‌وان ،ل95.
_ هێشتا كاتژمێر حه‌وت نه‌بووبوو و ڕووناكی زێرینی خۆر له په‌نجه‌ره‌كه‌وه ده‌هاته ژووره‌وه….له كاتژمێر حه‌وتدا چاوبكاتهوه . حه‌مه ، ل135.
له هی یه‌كه‌م ده‌ڵێت كاتژمێر نزیكی شه‌ش بوو ، هه‌تاو له په‌نجه‌ره هاته ژووره‌وه به‌رده‌وامیش له كاتژمێر شه‌ش هه‌ڵده‌ستا ، كه‌چی وه‌رگێڕی دووه‌م ده‌ڵێت حه‌وت نه‌ببوو ، له كاتژمێر حه‌وتیش له خه‌و هه‌ڵده‌ستا . وه‌رگێڕێك تووشی هه‌ڵه‌ی ئه‌م شه‌ش و حه‌وته هاتووه.
_ده‌مانچه‌ی ماگنۆمی پێ یه كه دیوار ئه‌سمێ . ئه‌رخه‌وان ،ل97.
_سانتیاگۆ چه‌كی پێیه ده‌توانێت به ماگنۆمهكهی ، مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێلیش كون كون بكات ! حه‌مه ،ل139.
ده‌مانچه جۆرێكه له چه‌ك ، چه‌كیش سووك و قورسی هه‌یه له هی یه‌كه‌م به ده‌مانچه ناوی هاتووهودیوار ئه‌سمێ ، له هی دووه‌م به چه‌ك هاتووه باس له كوون كردنی مه‌كینه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌كات .مهكینهودیوار بۆگولله لێدان جیاوازی هه‌یه.
_له‌م دێَ یه‌دا كه گشتیان نێرهمووكن پیاوێكی تێدا نییه. ئه‌رخه‌وان ،ل98.
_له گوندێكدا ، كه هه‌موو دانیشتوانه‌كه‌ی نامه‌ردن. حه‌مه،ل140.
ده‌كرا وشه‌ی نێرمووك هه‌ر به‌كار نه‌هاتبوایه كه‌وتمان ئه‌و گونده پیاوی تیدانییه ، واته هه‌موویان ترسنۆك و نامه‌ردن.پیاوی ئازای تیدانییه.
_ له لاپه‌ره 382پێش نووسه‌كه‌دا . ئه‌رخه‌وان ،ل101.
_ئه‌و له په‌راوێزی لاپه‌ره 328ی راپۆرته‌كه‌یدا . حه‌مه،ل 144.
ئه‌گه‌ر ئه‌مه هه‌ڵه‌ی چاپ نه‌بێت ئه‌وا (382) و(328) ئه‌م هه‌ڵه‌شیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی وه‌رگێڕێك.
_ له تووڕه‌ییدا ره‌نگی سه‌وز هه‌ڵ گه‌ڕابوو . ئه‌رخه‌وان ، ل102.
_ میگل له تاو توڕه‌ی دهمو چاوی شین هه‌ڵگه‌رابوو .حه‌مه،ل145.
زۆر جار ده‌بیستین ئه‌م منداڵه له تاو ئازاری شین هه‌ڵگه‌ڕاوه ، پێستی شین و مۆر بووهویان ئه‌و پیاوه لهماندووتیان ئاره‌قه‌ی شین و مۆری ده‌رداوه ، به‌ڵام نه‌مانبیستووه بڵێن له تووڕه‌یدا سه‌وز هه‌ڵگه‌ڕابوو .
جانازانین رۆمانووسیش، سه‌وزی به‌كار هێناوه یاخود شین.
ئه‌وه‌ی دوا جار هاته ده‌ره‌وه باوكی بوو ناهیر میگیل . ئه‌رخه‌وان ،ل102.
_یه‌كه‌م كه‌س گه‌یشته ئه‌وێ ، نه‌هیر میگێل باوكی فلۆرا بوو . حه‌مه ،ل145.
له هی یه‌كه‌م ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له‌دوای هه‌موو كه‌سه‌كان هاته ده‌ر ناهیربوو ،كه‌چی دووه‌م ده‌ڵێت یه‌كه‌م كه‌س گه‌یشته ئه‌وێ . جانازانم له نێوان گه‌یشتن وه‌ك یه‌كه‌م كه‌س و رۆیشتن وه‌ك دواهه‌مین كه‌س كامه ڕاستره.
_ یه‌كه‌م لێدانی بیدرو فیكاریو بگرێ كه له لای چه‌پیه‌وه به چه‌قۆیه‌كی ڕێك په‌لاماری دا. ئه‌رخه‌وان ،ل 105.
_تا یه‌كه‌م لێدانی چه‌قۆی پیدرۆ ڤیكاریۆ له لای ڕاسته‌وه ڕابگرێت. حه‌مه ،ل 150.
له نیوان هه‌ردوو لێدانه‌كه هی یه‌كه‌میان چه‌پ و هی دووه‌میان ڕاست . ده‌بێت كامه وه‌رگێڕ راستیه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كردبێت.
ئه‌م ورده سه‌رنج وههڵانه و چه‌ندانی تر له هه‌ردوو رۆمانه‌كه داهه‌یه ، ئه‌مه بێجگه له‌و وشانه‌ی له رووی شێوه‌ی نووسینیان (دارێژراوو لێكدراو)كه‌موكوری به‌رچاو ده‌كه‌وێت .بهومانایاش نا له به‌های رۆمانه‌كه‌و هه‌وڵ و ماندوو بوونی هه‌ردوو وهرگێڕهكه كه‌م بكه‌ینه‌وه ، چونكه كاتی خۆیان بۆكارێكی پیرۆز‌و به‌هادار تهرخاناكردووهو به هیوای به‌رهه‌می نایابتر و باشتر‌و سه‌ركه‌وتنی به‌رده‌وام.
یاسین برایم
سه‌رچاوه‌كان :
1. دیوانی حاجی قادری كۆیی، ههركورده ، لێكۆڵینه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌ی : سه‌ردار میران و كه‌ریم شاره‌زا ، سنه ،2707، ل219.
2. گابرێل گارسیا ماركیز ، رۆمانی(چیرۆكی مه‌رگێكی ئاشكرا )وه‌رگێڕانی : ئه‌رخه‌وان ، بنكه‌ی ئه‌ده‌بی و روناكبیریی گه‌لاوێژ ،چاپی دووه‌م ، 2000.
3. گابرێل گارسیا ماركیز ،(راپۆرتی مه‌رگێكی پێشوه‌خت راگه‌یه‌ندراو) وه‌رگێرانی له فارسیه‌وه: حه‌مه‌قادر،ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه ، چاپی یه‌كه‌م ، 2013.
4. په‌روین عوسمان مسته‌فا عه‌للاف ، واتا‌و وه‌رگێڕان ،ده‌زگای توێژینه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی ،هه‌ولێر ، چاپی یه‌كه‌م ، 2009 ، ل18.
r_xarand@yahoo.com