وێنه‌ی هونه‌ری له رۆمانی ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند
“هونه‌ر پێشاندانی شتێكی جوان نییه، به‌ڵكو پێشاندانی جوانی شتێكه”. ئیمانۆیل كانت
ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌یڤه بخه‌ینه ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونه نێو باسه‌كه ئه‌وه له به‌های جوانی ده‌گه‌یین كه مرۆڤ به دوای ده‌گه‌رێت و ده‌یه‌وێت پێی بگات بۆیه ئه‌وه‌ی ئه‌و جوانیه‌مان نه‌ك جوانتر ، به‌ڵكو به جوانترینمان نیشانبدات ، زیاتر چێژ له جوانییه‌كان ده‌بینین ، له نێو هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بیشدا ، هه‌میشه خوێنه‌ر به دوای ده‌قی جوان و نایاب وسه‌ره‌نجڕاكێش ده‌گه‌رێت ، تا له خه‌یاڵ و رامانه‌كانیدا ، به زیندووی بمینێته‌وه ، ده‌قی جوان له نه‌مری و جوانیدایه، ده‌بێ شیعری (فاتمه!دووچاوه مه‌ستت ، پڕ ته‌لیسمی جوانی یه ، پڕشه‌رابی خۆشه‌ویستی و عاره‌قی یه‌زدانی یه1) ئه‌حمه‌د هه‌ردی چه‌ند جوان بێت ، كه هه‌موومان له گه‌ڵ بیستنی ، وێنه‌ی په‌ریه‌كانی به‌هه‌شتمان له خه‌یاڵ و هزردا ده‌نه‌خشێنێت. كه‌واته له نێو ده‌قی ئه‌ده‌بیشدا ، وێنه‌ی هونه‌ری جوان له نێوپه‌یڤ و رسته‌كان خۆیان حه‌شارداوه‌ونیگای مرۆڤی خاوه‌ن هه‌ست و جوانناسی ده‌وێت تا بیاندۆزێته‌وه .
(سوهراب ) به‌ده‌ر له‌وه‌ی شاعیر بوو نیگاركێشێكی ناسراو ولێهاتوو و ده‌ست ره‌نگین بوو. نیگاره‌كانی پاره‌یه‌كی باشیان ده‌كردو به‌زوترین ده‌م له پێشانگایه‌كان ده‌فڕۆشران یان واژۆی ئه‌و به سه‌ر نیگارێكه‌وه بوایه ئه‌وا له‌گه‌وره‌یی ئه‌م كاره‌ی ئه‌و ده‌گه‌یشتن ، بۆیه له نێو خودی شیعره‌كانیش ، وشه‌ی ناسك و جوان و وێنه‌ی شیعری له نێو كۆپله‌كانی ده‌دۆزییه‌وه ،چونكه ئه‌و به چاوی هونه‌ره‌وه ده‌یڕوانی ونیگاری له وشه‌و دێره‌كان دروستده‌كرد.له كوردیشدا (خه‌سره‌وجاف)شاعیر‌و نیگاركێش و په‌یكه‌رتاش، نمونه‌یه‌كی دیاره له نێو شیعر‌و رۆمانه‌كانیدا وێنه‌ی هونه‌ری جوانمان به‌رچاوده‌كه‌ون ،چونكه ئه‌و شاره‌زایه و ده‌توانێ چۆن ئیستاتیكاو به‌های هونه‌ری خۆی له نووسینه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات . “فراوله هه‌ردووله‌پی له‌ژێر گه‌رماییی دوو مه‌مكیدا شاردبووه‌وه‌و ئارام به زه‌ویدا ده‌ینواڕی زوڵفی به دوو لای گه‌ردنیه‌وه وه‌ك دوو تاڤگه‌ی زێڕین به سه‌ر مه‌مكه تۆپه‌ڵه‌كانیدا شۆر بووبوونه‌وه2”. ناوهێنانی (سوهراب و خه‌سره‌و جاف) وه‌ك نموونه‌یه‌ك كه قه‌ڵه‌مه‌كانیان وه‌ك فڵچه و زوومی كامێرا وێنه‌ی دانسقه‌ونه‌بینراومان ده‌خه‌نه به‌ردیده.ئورهان پامووكیش رۆماننووسی گه‌وره‌ی تورك و هه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبل نیگاركێشێكی باشه‌وله نێو رۆمانه‌كانیدا ئه‌م جۆره وێنانه ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه .كه‌سانی تریش زۆرن ، هونه‌رمه‌ندن و شیعر ده‌نووسن و ده‌توانن ئه‌م دووبواره زۆر به سه‌ركه‌وتوی ئاوێزانی یه‌كتر بكه‌ن.له‌لایه‌كی تر زۆر له شاعیران هونه‌رمه‌ند نین ، به‌ڵام به (كار‌و خه‌یاڵ) ، نووسینه‌كانیان به سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری و پڕتام و چێژدێنه به‌رهه‌م . له شاعیره كلاسیكیه‌كان شیعری جوان له نێو دێره‌كانی ( نالی ومه‌حوی) ده‌بینین.
گۆرانی شاعیریش ، به وشه جوانه‌كانی ، تابلۆی جوانی سروشتمان پێشكه‌ش ده‌كات و له به‌رزایی ئاسمان بۆمان ده‌نه‌خشێنێت :
په‌لكه زێرینه‌ی پاش بارانی زۆر،
چه‌ماوه‌ته‌وه به‌رامبه‌ر به خۆر3
(دڵزار)یش تاڤگه‌یه‌كمان به تابلۆ بۆده‌خاته روو ، كه سپی و سه‌ره‌نجڕاكێشه:
چه‌ن جوانه ، چ شیرینه ، چه‌ند دڵگیره
ئه‌و تاڤگه پاكه‌ی كه ده‌ڵی چۆڕه‌ی شیره4
(ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی)شاعیری نوێخوازیش، به‌تاكه دێرێك یا رسته‌یه‌كی جوان ، وێنه‌ی جوانی پڕمانامان ده‌خاته پێش چاو واده‌كات مرۆڤ ڕابمینێ وهزروخه‌یاڵی له به‌رده‌م وێنه‌كه دێته جووڵه‌و ڕامانی قووڵ دروست ده‌كات .
“ماین بارانی ناو پێڵاوان ده‌خۆنه‌وه”5
” ژنه‌كه‌م له نێو ئاگری دارجغاران”6
له نێو رۆمان و چیرۆكیشدا ، ئه‌وا وێنه‌ی جوانمان به‌رچاو ده‌كه‌ون به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن باگراوه‌ندێكی رۆشنبیری وهونه‌ری و مه‌عریفی قووڵیان هه‌یه ، ده‌زانن چۆن كه‌رسته‌كانی زمان به‌كاردێنن وكاری باش له خه‌یاڵی بینه‌ر و وه‌رگڕ دروست بكه‌ن.
له رۆمانی كوردیش ، ئه‌م وێنه هونه‌ریانه به‌دێده‌كرێت ، هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن ئه‌زموون ده‌توانێ له نێو رۆمان وێنه‌ی جوان بدۆزێته‌وه بیكاته تابلۆ، بگره به‌شی ئه‌وش ده‌كات پیشانگایه‌كی پێ بكاته‌وه .
له رۆمانیش ته‌نها نمونه‌یه‌ك كه وێنه‌یه‌كی جوانی فۆڵكلۆری كورده‌واری له نێو یه‌كێك له رۆمانه‌كانی (عه‌تا نه‌هایی) به‌رجه‌سته دكه‌ین و بۆخوێنه‌ری ده‌خه‌ینه روو ،كه چۆن وه‌سفی ئه‌م شوێنه‌مان بۆده‌كات.
” دارتوویه‌ك له ناوه‌ڕاستی حه‌وشه‌كه‌دابوو . جووتێ كه‌و له قه‌فه‌سدا به په‌لێكه‌وه‌و مه‌شكۆله دۆیه‌ك به په‌لێكی تریه‌وه . حه‌وزێك له بنیداو به‌رده نوێژێك له‌م لایه‌وه7.
شێرزاد حه‌سه‌ن له رۆمانی (ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند8) به خه‌یاڵه فراوانه‌كه‌ی و وه‌سفه جوانه‌كانی كه وه‌ك كامێرایه‌كی فۆتۆگرافی ، شاره‌زاو لێزانانه چه‌ند دیمه‌نێكمان بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات ، وێنه‌ی هونه‌ری له ئامێزی په‌یڤ و رسته‌كانی ده‌دۆزینه‌وه . ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌هۆی وشه‌وه وێنه‌ی جوانی كچ و ئیرۆتیكمان بۆده‌نه‌خشێنێ وه‌ك له‌م نمونه‌نانه‌ی خواره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت .
*” زۆرگ و گرد و دۆله‌كان سینه‌و مه‌مكی ڕووتی چه‌ند ژنێكی ڕاكێشراون ” ل8.
* “كچان سینه‌و به‌رۆك له‌و كێله ڕه‌قه هه‌ڵده‌سوون”ل36.
* “به‌رملی سپی و سافی وه‌ك به‌رمڵی كۆتره باریكه‌یه‌ك ده‌دره‌وشایه‌وه”ل62.
هه‌ر به‌هۆی رسته هونه‌ریه‌كانی ، سه‌رده‌می منداڵی به‌رائه‌تی ئه‌و كوڕ‌و كچه‌ی كه هۆگری یه‌كن بۆمان ده‌گێرێته‌وه، له كاتی یاری و یارمه‌تیدان و سه‌رماو سۆڵ چ وێنه‌یه‌كی جوانمان بۆده‌نه‌خشێنی ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار ته‌زوێكی سارد به‌له‌شمان دادێ و ده‌سته‌كانمان وه‌كو ئه‌و منداڵه سڕده‌بن :
*”هه‌موومان به یه‌كه‌وه قوش كاغه‌زه‌كانمان بۆ حه‌وا هه‌ڵده‌دا”ل12.
*”به‌هه‌ردوو ده‌ست گۆلێك ئاوم بۆ ڕاده‌گرت”ل22.
*”هه‌ردووكمان له ناو به‌فر ده‌چه‌قین و پێڵاوه‌كانمان پڕده‌بوون له ئاو”ل62.
*”هه‌ردوو ده‌سته سڕبووه‌كانیم ده‌خستنه هه‌ردوو بن هه‌نگڵی خۆم”ل62.
له رێگای وێنه‌ی هونه‌ری زه‌نگێگ بۆ مرۆڤایه‌تی لێده‌دات په‌یامێكی ژیاندۆستی و ژینگه‌پارێزیمان پێراده‌گه‌یه‌نێت له كاره‌سات و مه‌رگمان ئاگادار ده‌كاته‌وه ، قڕكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ونه‌مانی ژینگه چ زیانێك به ئێمه ده‌گه‌نێت .
*”ده‌یه‌ها ڕه‌وه ئه‌سپم ده‌بینی كه چۆن به یه‌كه‌وه چوار په‌لیان ده‌شكێ و سه‌ر سم ده‌ده‌ن و لمووزیان له خۆڵ و به‌رده‌ڵان ده‌چه‌قی”ل11.
*”ئه‌و هه‌موو مه‌له مردووانه‌ی كه مێش و مه‌گه‌ز و مێرووله تێ‌یان وڕوكابوون”ل155.
وێنه‌ی جوڵاو ده‌بینین هه‌ست ده‌كه‌یت له دیار گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی وه‌ستاویت ، خودی وێنه‌كه به‌رده‌وامه( كه‌وتنی دڵۆپه‌و سووتانی مۆم) چ جوانییه‌كی له راده‌به‌ری تیدایه ،چ كه‌ش و هه‌وایه‌كی رۆمانسی دروستده‌كات.مرۆڤ له‌ڕامانی ئه‌م دیمه‌نه هه‌ست بزوێنه‌ره ، ده‌بێ چ تام و چێژێك وه‌ربگرێت . له‌وانه‌یه مرۆڤ عاشق بێته‌وه و خه‌یاڵی بفڕێت یاخود له دیار ئه‌م دوو وێنه‌یه به بێده‌نگی دابنیشێت و سه‌یری بكات تا دڵۆپه‌كه ده‌وه‌ستێت و مۆمه‌كه‌ش ده‌كوژێته‌وه!.
*”له ته‌كما له سه‌ر به‌ردێك داده‌نیشت و له دڵۆپه تكاوه‌كانی زاركی ئه‌شكه‌وته‌كه ڕاده‌ما”ل23.
*”سێ مۆم كز ده‌سووتان و ته‌نها بنكیان مابوون”ل33.
وێنه‌ی جوانتر ، له ژیانی كورده‌واری وژنه ماستفرۆشه‌كان و ده‌رگه‌ی نه‌خشه‌داروكه‌ری باركراو له نێو دێره‌كان ده‌بینین ، ئه‌مه‌ش زیاتر له وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی ده‌چێت كه وێنه‌یه‌كی راسته‌قیه‌نی ژیان و گوزه‌رانی كورده‌واری و سه‌ختی ژیان وكارو پیشه‌ی مرۆڤ ده‌خاته روو،هه‌م پیشه‌كه و هه‌م ده‌رخستنی وێنه‌كه كارێكی جوان وپڕو ورده‌كاری هونه‌رییه.
*”ژنه ڕه‌وه‌نده ماست فرۆشانه‌ی به‌رده‌می چایخانه”ل118.
*”كه‌ری باركراو به چرووی بڕاوی ناوشاخان”ل118.
*”شاتووه‌كه‌ی به‌رده‌می ماڵی شیرین
ده‌رگای نه‌خشه‌دار به دوو تاوسی ره‌نگین”ل24.
له‌نێو رۆمانه‌كه وێنه‌ی زیاتری تیدایه ،خوێنه‌ری زیندوو وچاوكراوه ،هه‌ستی پێده‌كات و رۆماننووس له گه‌مه‌یه‌كی هونه‌ریانه‌ی وشه‌دا ، ده‌مانباته گه‌له‌ری هونه‌ر و به دیار وێنه‌كان بووه‌ستین ، تێرابمینێین و پرسیار بكه‌ین وناورۆكی وێنه‌كانیش شرۆڤه بكه‌ین وئه‌وه هه‌ڵده‌گرێت ته‌می سه‌ر وێنه‌كان لابه‌رین و وێنه‌ی تریفه و ئه‌ستێره له ئاسمانی وێنه هونه‌ریه‌كان به جوانی ببینین .
یاسین برایم
سه‌رچاوه‌كان:
1. ئه‌حمه‌د هه‌ردی ، رازی ته‌نیایی ، فاتمه ، چاپی دووه‌م ، 1984 ،ل68.
2. خه‌سره‌و جاف ، رۆمانی (راز) ،ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ،هه‌ولێر ، چاپی دووه‌م ، 2011، ل138
3. محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم ، سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی گۆران ، ئافره‌ت و جوانی ، به‌رگی یه‌كه‌م ، 1980،ل9)
4. (دیوانی دڵزار، هه‌ولێر ، چاپی دووه‌م ، ل102.
5 . ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی ، جل‌و به‌رگ و جمكه‌كان ، به‌غداد ، 1990 ،ل10.
6. سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل 29.
7 . عه‌تا نه‌هایی ، سه‌رجه‌م رۆمانه‌كان ، رۆمانی (گۆڵی شۆڕان )،هه‌ولێر ، 2006. ل8.
8. شێرزاد حه‌سه‌ن ، رۆمانی (ته‌می سه‌رخه‌ره‌ند). ،ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ،هه‌ولێر، چاپی یه‌كه‌م ، 2003.