Skip to Content

Wednesday, April 17th, 2024
کوردستانی ڕۆژئاواو ڕیفراندۆم بۆ پێک هێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ!

کوردستانی ڕۆژئاواو ڕیفراندۆم بۆ پێک هێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ!

Closed
by January 31, 2014 گشتی

 

 

 

دوا جار سێیه‌م ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ عه‌فرینیش دامه‌زرا  پاش د‌امه‌زرا‌ندنی دوو ئیداره‌ی سه‌ر‌به‌خۆی تر له‌ جه‌زیره‌ و کوبانی . هه‌ریه‌ک له‌م ئیدارانه‌ ناوی سه‌رۆک وه‌زیرو وه‌زیره‌کانی  خۆی ڕاگه‌یاند. ئه‌مه‌ش پشتیوانی 13 حیزبی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی له‌ کوردستانی باشوردا به‌ دوای خۆیدا هێناو بێ ئه‌وه‌ی یه‌کێتی و پارتی تێدا بێ . به‌ڵام هه‌ڵویسته‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش پێشتر به‌ جیا ڕاگه‌یه‌نراوه‌ که‌ پشتیوانی ده‌کا له‌م جۆره‌ ئیدارانه‌ و پارتیش له‌ دژی ئه‌م ئیدارانه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها هه‌ردوو حیزبی په‌که‌که‌ و به‌ده‌په‌ له‌ کوردستانی باکوریش پشتیوانی ده‌که‌ن له‌م ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆانه‌.

ئه‌وه‌ی دیار نیه‌ هه‌ڵویستی کۆمۆنیسته‌کان و حیزبه‌ کانیه‌تی ، چ له‌ به‌شه‌کانی کوردستان و چ له‌ ئاستی ناوچه‌که‌ چه‌ندین حیزب و رێکخراو هه‌ن که‌به‌  ناوی شوعی و کۆمۆنیستی کرێکاری له‌ مه‌یداندان به‌ڵام بی ده‌نگیان نیشان داوه‌  که‌ هیوادرام له‌ زووترین کاتدا ئه‌وانیش بێنه‌ ده‌نگ ودیواری بێده‌نگی بشکێنن . چونکه‌ کۆمۆنیسته‌کان هه‌میشه‌ ده‌بێ پێشره‌وی بکه‌ن له‌ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگادا وه‌ ڕێگا چاره‌ی ئینسانی پیشان بده‌ن و کاری له‌ سه‌ر بکه‌ن به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ کۆمۆنیسته‌کان له‌م بواره‌شداکه‌مترخه‌م و که‌مکار بوون.

ئه‌وه‌ نزیکه‌ی 3 ساڵه‌ سوریا بووته‌ جێگای ململانێی خوێنڕیژترین و دڕنده‌ترینی هێزه‌ قه‌ومی و دینی و تایفه‌یه‌کان که‌ بوونه‌ته‌ هۆی کوشتنی چاره‌که‌ ملیۆنی له‌ خه‌ڵكی ئه‌م‌ ووڵاته‌ و ئاواره‌ بوونی ملیۆنه‌ها که‌سی تر. ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس وبه‌شار ئه‌سه‌د فاشیست بوونی خۆیان نیشان داوه‌ له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ئۆپۆزسیۆنیش  که‌ زیاتر گروپ و تاقمه‌ ئیسلامییه‌کان دڕه‌نده‌‌‌یی خۆیان به‌را‌نبه‌ر به‌ خه‌ڵكی ئه‌م ووڵاته‌ نیشانداوه‌. هیچکام له‌مانه‌ درێغیان نه‌کردوه‌ له‌ کوشتنی منداڵی ساواو خه‌ڵکی سیڤیل و له‌ کاولکاری وماڵوێرانی. به‌ کورتی ده‌توانم بڵیم سیناریۆیه‌کی ڕه‌ش له‌ م چوارچێوه‌جوگرافیه‌دا هه‌یه‌ و بنی دیار نیه‌ هیچ ئاسۆیه‌ک دیار نیه‌ بۆ کۆتایی پێ ‌‌هێنانی ، نه‌ کۆنگره‌ی جنێف 1 نه‌ کۆنگره‌ی جنێف 2 رێگایه‌کیان پێ نیه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌م بارۆدۆخه‌ .

له‌ هه‌لومه‌رجێکی ئاوه‌هادا ئه‌م‌ به‌شه‌ی کوردستان له‌ سوریا ئارامیه‌ک به‌ خۆیه‌وه‌‌ ده‌بینێ  تاڕاده‌یه‌ک جیاوازتره‌ له‌ ناوچه‌کانی تری سوریا، ئه‌م سیناریۆ ڕه‌شه‌ کاریگه‌ریه‌کی که‌متری له‌ سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها خه‌ڵکی کورد له‌م ناوچه‌یه‌ بێبه‌شن له‌ مافی میللی خۆیان وه‌ک به‌کارهێنانی سامانی ئه‌م ووڵاته‌ بۆ خۆشگوزه‌ر‌انی خه‌ڵکه‌که‌ی و بێ به‌ش بوون له‌ به‌ کار هێنانی زمانی خۆیان له‌ خوێندن و ئیداره‌کاندا. ئه‌م بارودۆخه‌ ده‌کرێ کۆتایی بێت خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ دوور بخرێنه‌وه‌ له‌ کاریگه‌ریه‌کانی سیناریۆی ڕه‌ش و گه‌یشتن به‌ مافه‌ مرۆیه‌کانی خۆیان .

به‌ڵام ئه‌م ڕێگایه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ پێک هێنانی چه‌ندین ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ لایه‌ن ناسیونالیزمی کورده‌وه‌ ناتوانێ کۆتایی بێنێ به‌م بارودۆخه‌ له‌وانه‌یه‌ بۆ ده‌وره‌یه‌کی کاتی کاریگه‌ری هه‌بێ به‌ڵام  خه‌ڵکی  له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه‌دا ناتوانێ  به‌ ئازادی و به‌ یه‌کسانی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بگات و  ژیان بکات. ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی قه‌ڵه‌شتی ئینسانه‌کان زیاتر ده‌کا و ڕق وقینه‌ی قه‌ومی و تایفی به‌رهه‌م دێنێ. جگه‌ له‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی ده‌سه‌ڵاتی بورژوازیه‌ و ناتوانێ له‌ به‌رژوه‌‌ندی زۆربه‌ی خه‌ڵک بێت یا بڵێن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان وخه‌ڵکی هه‌ژارو برسیدا بێ ، ئێمه‌ 23 ساڵه‌ ئه‌م ته‌جروبه‌یه‌مان دیوه‌ له‌ کوردستانی باشورداکه‌ هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یاندا چ به‌ڵایه‌که‌یان به‌ سه‌ر خه‌ڵکه‌که‌یدا هێناوه‌ هه‌ر له‌ ده‌ست گرتن به‌ سه‌ر سامان و سه‌روه‌تی گشتیدا تا پێشیل کردنی مافه‌ سه‌ره‌تایه‌کانی خه‌ڵک و تیرۆر وکوشتنی موخالیفانی سیاسی و ڕۆژنامه‌ نوسان. ده‌بێ ئه‌م ته‌جروبه‌ تاڵه‌ نه‌هێڵرێ له‌ کوردستانی ڕۆژئاوادا دووباره‌ بێته‌وه‌.

له‌م پارچه‌ی کوردستاندا ڕێگا چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ داوا بکرێ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان زه‌میه‌نه‌یه‌ک بڕه‌خسێنێ وه‌ ئارامیه‌ک بۆ ئه‌م خه‌ڵکه‌ بسازێنی له‌ که‌ش و هه‌وایه‌کی ئارامدا ریفراندۆمیک ئه‌نجام بدرێ و ڕای خه‌ڵک وه‌ر بگیرێ بۆ جیا بوونه‌وه‌و پێک هێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ یا مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سوریادا. من بۆ خۆم له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بارودۆخه‌ی سه‌ره‌وه‌ ناوم برد خه‌ڵکی سوریا ده‌نگ بده‌ن به‌ جیابوونه‌وه‌و پێک هێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان،پاشان خه‌ڵک ده‌نگدانێکی تر بکه‌ن که‌ کێ ده‌سه‌ڵات به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێ دیاره‌ مه‌به‌ستم پێک هێنانی ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی خه‌ڵکه‌ نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزاب و په‌رله‌مان . ده‌سه‌ڵاتی نوێنه‌رانی خه‌لک باشترین ده‌سه‌ڵاتی یاسا دانان و به‌ریوه‌بردنیش ده‌بێ. هه‌رکات ئه‌م نوێنه‌رانه‌ به‌ قازانجی خه‌ڵک کار نه‌که‌ن لا ده‌برێن خه‌ڵکی تر له‌ جێگایان دائه‌نرێن.

له‌ پێناو به‌ دی هێنانی ئه‌م خواسته‌دا هاتنه‌ مه‌یدانی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و هێزه‌ چه‌پ و پێشکه‌وتووخوازه‌کان پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نوسی خه‌ڵکی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان وه‌ک لای خۆمانی لێ نه‌یه‌ت .

 

 

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌ 

30/1/2014

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.