Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
ئۆکشن لە جیاتی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت

ئۆکشن لە جیاتی دانوستاندن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت

Closed
by February 2, 2014 گشتی

 

 

 

 

ماوەیەكی زۆر تێپەرێوە بەسەر دوایین هەلبژاردنی هەرێمی کوردستان کەچی تاکو ئێستا حکومەت پێکنەهێنراوە.  ئەوەی ڕاگەینراوە،  گرفتی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەگەرێتەوە بۆ نەگەیشتن بە گونجان لەسەر  دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی هەرێم بە جۆرێك هەموان پێی رازیبن.  ئەگەر لە لایەك ئەم کێشەیە هەر بەردەوام بێت و لە لایەکی تریش هەموان سووربن لەسەر بریاری پێکهێنانی حکومەتی بنکەفرەوان  و رازی نەبوون بە پاشەکشکردن لێی، ئەوا من چارەیەكی زانستی دەخەمەروو بۆ چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت لە رێگای  فرۆشتن بە موزایەدە (بە ئینگلیزی،ئۆکشن (Auction) ).  

ئۆکشن شێوازی جۆراوجۆری هەیە و بۆ مەبەستی جۆراوجۆریش بەکاردێت. ئۆکشن دەکرێ لەسەروەوە بۆ خوارەوە بێت.  لەم جۆرەدا، فرۆشیار یان ئەو کەسەی لەجیاتی فرۆشیار کار دەکات، لە سەرەتادا  نرخێكی بەرز بۆ کالاکەی داوا دەکات، دواتر کەم کەم دایدەبەزێنیت تاکو ئەو کاتەی کڕیارێك بە نرخەکە رازی دەبێت و کالاکە بەم جۆرە دەفرۆشێت.

 جۆرێکی تر ئۆکشن  لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە. بە پێچەوانەی جۆری یەکەم، لەسەرەتادا فرۆشیار نرخێکی کەم دادەنێت، هێدی هێدی کڕیاران نرخ زیاد دەکەن و کالاکە بەو کەسە دەدرێت کە بەرزترین نرخ دەدات بە کالاکە. 

جۆری سێیەمی ئۆکشەن  وەك جۆری دوومە بەلام  لە جیاتی کاڵاکە بدەن بەو کەسی زۆرترین نرخ دەدات، کالاکە دەدەن بەو کەسەی دووەم زۆرترین نرخ دەدات.  دیارە جۆری تری ئۆکشنیش هەیە، بەلام ئەم سێ جۆر بەسە بۆ ئاشناکردنی خوێنەر بە فرۆشتن بە ئۆکشن بۆ  مەبەستی ئەم ووتارە. 

 ئۆکشن بۆ مەبەستی جۆراوجۆریش بەکاردێت، لەوانەش بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لە پەرلەمانی ئەوروپا پیشنیار کراوە. هەروەها بۆ هەموو جۆرە کڕین و فرۆشتنێكی ئاسایی، کڕین و فرۆشتن  لەسەر ئەنتەرنێت،  گفتوگۆی (Negotiation) نیوان سۆفتۆر ئەیجەنت (software agent)،  هەر کارێکی تر کە  گفتوگۆ و دانوستاندنی پێویست بێت. ئێمەش پێشنیار دەکەین ئۆکشن لە جیاتی دانوستاندن لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەکاربێت. 

بۆ پێكهێنانی حکومەت لە رێگەی ئۆکشن،  پێویستە دوو شت بەبیر بێنینەوە: یەکەم، بە پێی یاسا  هەر حیزبێکی هەرێمی کوردستان دەتوانێ تەواوی دەسەلاتی جێبەجێکردن و یاسادانانی لە دەستی بێت ئەگەر بێتو  لە (%٥٠) +١ دەنگی خەلکی بە دەست بێنێت ( لە هەڵومەرجی کوردستان، ٥٦ کورسی پەرلەمان  بە دەست بێنێت).  دووەم، بۆ جێبەجێکردنی ئۆکشن، پێویستمان بە دۆزینەوەی هاوکێشەی توانای کرێن حیزبەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەگەر رازیبین  لەسەر ئەوەی  توانای هەر حیزبێکی هەرێمی کوردستان، ژمارەی دەنگەکانێتی یان کورسیەکانیتی ، ئەوا دەتوانین بە پشت بەستن بە خالی یەکەم ، (%٥٠  +١ )،  کە لەسەرەوە باسمانکرد توانای کڕینی هەر حیزبێک لە ئۆکشن بەم شێوەیەی خوارەوە دیاربکەین.  

توانای کرێن = ( ژمارەی کورسی بەدەستهاتوو/ ژمارەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت)  * 1000. بۆ نموونە،  توانای کرینی پارتی بریتیە لە   ٣٨ / ٥٦ * ١٠٠٠ =  ٦٧٨  خاڵ.  

ئەگەر سەرەنجی هاوکێشەی توانای کرینی  بدەی  دەبینی ئێمە بری ( ژمارەی کورسی بەدەستهاتوو/ ژمارەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت)   جارانی هەزار کردووە. ئەم جارانە بۆ ئەوەیە  ووردبین بین لە ئەژمارکردنی توانای کرینی حیزبەکان و  هەروەها کرین بە ژمارەی تەواو خۆشتر و ساناترە لە ژمارەی بچووك و کەرتەکانی.  بەلام، ئەم ژمارەیە دەکرێت بگۆرێت بە پێی پێویست. هەرەوەها، ئێمە لە هاوکێشەی دۆزینەوەی توانای کرین، ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانمان کردووە بە پێوەر.  خشتەی خوارە توانای کرینی حیزبەکان بە پێی ئەم هاوکێشەی سەرەوە  نێشان دەدات. 

حیزب          توانای کرێن 

پارتی           678

گۆڕان           428

321               یەکێتی             

یەکگرتوو       178

107             کۆمەڵ

ئەوانی تر( ٢ کورسی)       35

ئەوانی تر ( ١ کورسی)      18

با ئەوەش روون بەکەمەوە، ئەگەر ژمارەی کورسیەکان نەکرێتە پێوەری توانای کڕین. هێشتا ئۆکشن دەتوانرێ بەکاربێت لە جیاتی دانووستاندن.  بۆ نموونە، ئەگەر پارتی بە هۆی هاوپەیمانی ستراتیجی نیوانیان لەگەل پارتی  ئامادە بێت ٢ یان ٣ کورسی خۆی بخاتە سەر ژمارەی کورسیەکانی یەکێتی، ئەو کات هاوکێشەی توانای کرین دووبارە دادەرێژرێتەوە  کە رەنگدانەوەی ئەم ئالوگۆرە بێت.   واتەی توانای کرینی پارتی دەبیت ٣٦ / ٥٦ * ١٠٠٠ و هی یەکێتیش ٢٠/٥٦ * ١٠٠٠. بەم جۆرە  ژمارەی نێو خشتەی یەکەم جیاواز دەبێت، بەلام پرۆسەی ئۆکشنەکە هیچی بەسەردا نایەت. 

گریمان ئۆکشن دەستی پێکرد، با بزانین بە پێی توانای کرێن  کێ دەتوانێ چی بکرێت. 

پارتی هەر پۆستێکی بووێت دەتوانێ بیکرێت. ئەمەش لەبەرئەوەی پارتی دەتوانی پارە لەسەر هەموان زیاد بکات بۆ یەکەم پۆست کە ئارەزووی لێیە.  بۆ نموونە، ئەگەر پارتی بیەوێت پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە دەست بێت، دەبێت تا رادەی  ٤٢٩ خاڵ سەرف بکات. ئەگەر نا، گۆڕان دەتوانی بە   ٤٢٨ ئەو پۆستە بکرێت.  بەلام سەرەنج بدە، رەنگە گۆران نەیەوێت ئەم کارە بکە، چونکی  لە ئەگەرێکی ئاوەها، گۆرانی هیچ پۆستی تری نابێت. 

پارتی دەتوانێ تەنها یەك  یەکەمی پۆزیشنەکان بە دەست بێنێت،  بۆ نموونە سەرۆکی حکوومەت یان سەرۆکی پەرلەمان،  بەلام ناتوانێ هەردووکی لەبەر دەست بێت.  ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەو برە پارەیەی پارتی  بۆی ماوەتەوە دوایی کرینی پۆستی یەکەم کە ئارەزووی لێیە، بەشی ئەوە ناکات پۆستی دوومەیش بکرێت. گۆران دەتوان ٤٢٨ خاڵەکەی خۆ بەکاربێنی بۆ کرینی دووەم پۆست.  ئەوەی پارتی بۆی ماوەتەوە ( ٦٧٨ – ٤٢٩  = ٢٤٩ ) کەمترە لە ٤٢٨. 

گۆڕان دەتوانێ دووەم پۆزیشنن بە ٣٢٢ دولار بکرێت.  واتە، یەك خاڵ زیاتر لە هەموو توانای کرێنی یەکێتی.  

 سەرەنج بدە،  پارتی ناتوانی سییەمی پۆزیشنەکانیشی هەبیت هەروەها گۆرانیش.  چونکی لە لایەك  یەکێتی ئەم ٣٢١ خاڵەی هەیەتی زیاترە لە ٢٤٩ پارتی. هەرەوها،   یەکێتی دەتوانی ٣٢٢ خاڵ بە گۆڕان سەرف بکات بۆ ئەوەی یەکەمی پۆزیشنی خۆیان و دوومەی هەموو پۆزیشنەکان بکرێت.  دوای  ئەوەی گۆران یەکەم پۆزیشنی خۆی دەکرێت  تەنها ١٠٦ خاڵی بۆ ماوەتەوە  (٤٢٨- ٣٢٢ ) . هەر بۆیە یەکێتی دەتوانی بە خاڵێك زیاتر لەو پارەی ئیستا لەبەر دەست پارتی ماوەتەوە، واتە بە ٢٥٠،  پۆزییشنی یەکەمی خۆی و سێیەمی هەموو پۆزیشنەکان بکرێت.   

دوای ئەوەی هەر یەك لە پارتی و گۆران و یەکێتی یەکەم پۆزیشن دەکرن،  یەکێك لە ئەگەرەکانی توانای کرینیان هەر سێکێان یەك بەدوای یەك برێتیە لە (٢٥٠، ١٠٦، ٧١).   ئەگەر ئەم دەرئەنجامە بەراورد بکەی لەگەل خشتەکەی سەرەوە  رێزبەندی توانی کرینەکان بەم شێوەی خوارەوەی  لێ دێت. 

 حیزب            توانای کرێن 

پارتی             250

178                 یەکگرتوو

کۆمەڵ             107

گۆڕان            106

71                   یەکێتی  

ئەوانی تر( ٢ کورسی)        35

ئەوانی تر ( ١ کورسی)      18 

 

لە خشتەی دوومەدا دەردەکەوێت، ئەمجارە کۆمەڵ و یەکگرتووش توانای کرین پەیدا دەکەن.  بەپێ ئەم خشتە نوێیە، پۆستی چوارەمیش بۆ پارتی دەبیت، پۆستی پێنجەم بۆ یەکگرتوو، شەشەمیش بۆ کۆمەل.  دوای ئەم سوورەی ئۆکشنیش ئەنجامەکان دەشێ بەم شێوەی خوارەوە دەبێت. 

 

 

حیزب         توانای کرێن 

72                  پارتی

71              یەکگرتوو  

34                گۆڕان   

ئەوانی تر( ٢ کورسی)        35

ئەوانی تر ( ١ کورسی)      18

17               یەکێتی

1                کۆمەل

 

ئەم ئۆکشنە بەردەوام دەبێت تاکو هەموو پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

شایانی باسکردنە کەوا ژمارەی خشتەکان تەنها یەکێکە لە ئەگەرکان، ئەویش خراپترینی ئەگەرەکانە ( Worst case scenario) و دەیان ئەگەری تریش هەن.  بۆ نموونە،  ئەگەر بێتو یەکێتی رەکابەری هەتاسەری گۆران  نەکات  لەسەر پۆستی دووەم  ، ئەو کاتە گۆران پێویست ناکات ٣٢٢ خاڵ  بەکاربێنێت بۆ پۆستی دووەم بەلکۆ هەرزانتر دەیکرێت.  نرخی پۆستی دووەم  دادەبەزێت بۆ ١٧٩ تاکو ٢٥١ خاڵ،  ئەمەش لە کاتێکدا یەکگرتوو و پارتی مەبەستیان بێت پۆستی دووەم بەدەست بێنن.

یەکێتی، پارتی ، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەل بە ئەگەری زۆر شەری هەتاسەری یەکتر ناکەن، لە ترسی ئەوەی لە نیوەی رێگا جێیان بێلن و پۆستیکیان بە نرخێک  بەسەردا ساغ بێتەوە کە زەرەرمەند بن تیایدا.  هەر بۆیە ئەم ژمارەی لە خشتەکان نیشاندراوە تەنها خراپترینی ئەگەرەکانە و بواری  دەیان ئەگەر تریش هەیە. 

تایبەتمەندی پێکهێنانی حکومەت لە رێگەی ئۆکشن ئەوەیە، هەر کەسێك پۆستێکی لا گرنگ بێت،  دەبێت ئامادەیی تێدا بێت پارەی زیاتری پێبدات، ئەمەش مانای  وایە دەست لە کڕینی پۆستی تر هەلگرێت. هەرەوەها، چونکی ئۆکشن  وا لە حیزبەکان دەکات بیربکەنەوە لەوەی چیان دەویت،  پێکهێنانی حکومەت لە رێگای ئۆکشن کورترین رێگایە. ئەمە جگەلەوەی سەرکەوتوترین ڕێگای گفتوگۆیە. دوای دیارکردنی ڕیساکان، کە ئاسنترین و چاکترینیان پشت بەستنە  بە ژمارەی دەنگی حیزبەکان،   ئۆکشن باشترین چارەسەرە بۆ پێکهێنانی  ئەم کابینەو کابینەکانی تری داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.  

بە کورتی بە پێی ئەم پێشنیارە، هەر حیزبێك مشتێك خاڵی لە دەستدا دەبێت کە رەنگدانەوەی ژمارەی دەنگەکانی یان کورسیەکانیەتی لە پەرلەمان.  هەر حێزبێك بەشداری ئەم ئۆکشنە دەکات بە مەبەستی کرینی ژمارەیەك لە پۆست کە ئازەزووی لێیەتی.  پۆستەکان ئۆکشن دەکرێن و حیزبەکان نرخی پۆستەکان لەسەر یەکتر زیاد دەکەن تا ئەو کاتەی پۆستەکە دەفرۆشرێت یان دەدرێت بە لایەنەك. لە کۆتایشدا هەر حیزبەو پشکی خۆی دەبات بە پێی تواناکانی.

لە هەمووشی گرنگتر، بەکار‌هێنانی ئۆکشن لە جیاتی دانووستاند لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت یان هەر جۆر هاوپەیمانیەك ئەوەیە کە ئۆکشن پالەپەستۆ دەخاتە سەر هەر حیزبێك بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە خۆی چی دەویت نەك چی بۆ پێشنیار دەکرێت لە لایەن تەرفی تر.  هەر بۆیەش من پێم وایە ئۆکشن دەتوانی چارەی بنبەستی دانووستاندنەکانی ئێستای  پێکهێنانی حکومەت بکات. 

 

 

دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.