لە هەڕەتى شیعرا … نەوزاد بەندى
با لە کورتى بیڕینەوە ئەم پەیوەندییە ..
با درێژەى نەدەینێ ..
وەخت نییە ، تکایە ئاگادار بە ..
* * *
کە شەڕە تۆپەڵمان کرد ،
تۆپەڵەکانى تۆ بەردیان تیا بوو ،
ئەوانەى من شیعر ..
کە دۆعامان کرد ،
ئەوانەى من پڕبوون لە بەزەیى ،
ئەوانەى تۆ لێوان لێو بوون لە کفر..
* * *
ئێستا لەوە زیاتر کاتم بە دەستەوە نییە ،
ئەزانم دڵت بە من ئەکرێتەوە ،
دەرگاى مەدخەلەکە داناخەم ..
کە هاتیتە ژوورەوە ،
با ڕەشەبا و بەفر لەگەڵتا نەیەن ..
ئێستا ئەزانم کاتت بە دەستەوە نییە ،
بە تەلەفۆنێک تێم گەیەنە ،
سەعات چەند بڕۆین بۆ بازاڕ ..
سەعات چەند بگەڕێینەوە ؟
چى لەو پارانە بکەین کە کۆى ئەکەینەوە ؟
ئەى کوێ بۆ ئەو ڕۆژانە بگەڕێین ،
کە وونمان کردن ؟
ئێستا لەوە زیاتر کاتم بە دەستەوە نییە ،
ئەزانم لە دەست سیلاح بەشانەکان ڕاتکردووەتە کادانى شیعرێکم ،
ئەم زستانە لەوێ بنوو ..
بەڵێن بێ شیعر نەنووسم ..
ئێستا ئەزانم کاتت بە دەستەوە نییە ،
با لەوە زیاتر گاڵتە بە خۆمان نەکەین ،
بڕۆ حونجە فێرى مناڵەکانت بکە و
منیش ئەگەڕێمەوە بۆ کێشى پەنجەى
ش ی ع ر ە ک ا ن م