ئەم دوو چڵ ڕێحانەی ژیان ە ، تا كەنگێ بۆنیان دێت ؟!
بەرزان هەستیار…….
لە هەر جێیەك هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵ ڕوخان " مەحوی "
ئەگەر عەقڵی ببێ ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چبكا ؟!
" مەحوی "
لە ناكاو ، خۆم ئەدەم بە شووشەی باڵەخانەكەی مردنا و
ئەو درزێكیش ناكەوێتە نێوچەوانی و
من وەك بێچووە كەنارییەكی ماندوو….
بە باڵی شكاوەوە بەرئەبمەوە سەر زەوی ،
فوو ئەكەم لە كڵپەی وەحشەت و
ئەو ، مێشێك نابێتە میوانی و
من ، زیاتر ، بڵێسەی تەنیایی
تاریكییم تیا هەڵئەكات ،
لەگەڵ گۆڕ لە یەكدی ورد ئەبینەوە و
من هیچی لێ حاسڵ ناكەم و
ئەو ، لە خۆم بەڵەدتر ،
پیاسە بە كووچەكانی خەیاڵما ئەكات ؛
بە خۆم ئەڵێم ، با هەموو شتێك وەلا نێین
خۆمان تەیار كەین و
گالیسكەیەكیش ئامادە ،
دەرفەت بە ساتەكان نەدەین ….
بە پێ دزكێ و بەبێ شەكرەبەفری ڕامووسان ،….
بە بەر چاومانا ڕەت بن و
پاشانیش پێمان بڵێن خۆتان گەمژە بوون
وەرە ، بەیانیان ژێر سەرینی ئەو شۆڕەژنانە بگەڕێین
كە " ستیان " ، پڕی كردوون لە بۆنی مێخەكی مەمك
نوێنەكانیشیان ، كانیی بخووردی ئاهە شێدارەكانی شەو ؛
وەختێتی ، ئێمەش ژێر بالیفەكانمان خاڵیی كەین لە چەقۆ….
تا شەیتان بە كەیفی خۆی زەفەرمان پێ بەرێت
چەند خۆشن ،…
ئەو شەڕە ساردانەی شەیتان ، بۆ گەرمبوونەوە ،
چەند بەدبەختە ،…
ئەوەی " ئاشتیی "یەكی مۆن نەگۆأێتەوە …..
بە شەأێكی دەستەویەخەی لێو زێأین
******
شەپۆل لە كوێوە سنگ دەرپەڕێنێت
بە سوپایەكی سەرچڵی پڕ تفاقەوە پێشی لێ ئەگرم و
شەیپووری جەنگ ،…..
ئەبێت لەسەر خاكی نیشتیمانەكەی منەوە بەرز بێتەوە ؛
سەرشۆڕییە ، سەراپات لە شەڕێكا سوور نەبێت
كە" غەدر " سەنگەری تیا لە " بەرائەت " گرتبێت ،
شەرمەزارییە ، بەردەوام ئەسپێكی شەل بم و
سوارەكەم لە پێشبڕكێدا نائومێد كەم
چەند شوورەییە بارانێكی لووت بەرز بم و
دوعای بیابانێك ئاوێنەی غرورم نەڕووشێنێت
درەختێكی قەرسیلیی بم و
لە ئێوارەیەكی هەڵلەرزیوا ….
خۆم لە بێ داڵدەیی باڵندەكان نەبان كەم
*******
ئەم دوو بست تەمەنە بەشی چی تر ئەكات ، تیا شین بێت ّ!؟
ئەم دوو چڵ ڕێحانەی " ژیان " بەرگەی چی تر ئەگرن ّ!؟
چیم ماوە ، ئەیبەخشم بە عیشقێك ،….
كوێرانە خۆی بكات بە كۆشی ژنێكی تەنیادا و
مەستانە ، قردێلەی ….
پێشانگەی سەمایەكی باڵگرتووی بۆ بقرتێنێت ؛
خۆی بكات بە ژووری نسرمی كچێكی قەیرەدا و
یەك پارچە ماڵەكەی بۆ پأ كات لە گوڵ ئەستێرەی قسەی خۆش ،
پەرداخی شەرابی ….
بە وردە سەهۆڵی ماچێكی حەرامی ڕاونراو بۆ سارد كات
ئەم دوو بست تەمەنە بەشی چی تیا ماوە ّ!
ئەم دوو چڵ ڕێحانەی " ژیان " ە
بۆنیان تا كوێ ئەڕوات ّ!
تا كەنگێ بۆنیان دێت !؟؟
شوبات و مارت ومایسی 2008
ئەڵمانیا/ كۆلن
bhastiar@yahoo.de