عەدنان كەریم و بەهجەت یەحیا بۆ خۆیان لە رۆژنامەنوسان دەشارنەوە
سۆران عهزیز……..
"برگسۆن" دەیگوت بەرهەمى هونەرى میوەى تاقیكردنەوە زاتییەكانى هونەرمەندە. ئەم دیدە بۆ زۆرێك لە هونەرمەندانى كورد پارادۆكس دەكەوێتەوە، چونكە ئەوان بەدەر لەوەى كە هەندێكیان هونەرێكى چێژداریان بەخشیوەتە مرۆڤەكانى چواردەوریان كە ئەمەش جێگەى رێزە، هاوكات فەزایەكیشیان خولقاندووە بۆ بەرهەمهێنانى بێدەنگى و خۆشاردنەوە لە چێژخواز و گوێگرە راستەقینەكان، بەڵام بەدەر لەوەش، ئەوان راستگۆنین لەگەڵ كایەیەكى گرنگ و زیندووى وڵاتەكەیان كە ئەویش رۆژنامەوانییە و پەیوەستە بە گەیاندنى دەنگ و شێوازى راستەقینەى ئەوان و خستنەرووى تێڕوانینەكانیان سەبارەت بە پێكهاتەى هونەر. ئێمە مافى خۆمانە بپرسین: ئەرىَ بۆچى هونەرمەندان (بەهجەت یەحیا و عەدنان كەریم) خۆیان لە رۆژنامەنوسان دەدزنەوە و بە هیچ جۆرێك خۆیان لە قەرەى رۆژنامەنووسان نادەن؟ دەبێت ئەوە نەزانن، ئەگەر میدیاى (تى ڤى) شوێنگەى یەكەمى ئەوان بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە میدیاى سەر كاخەز (رۆژنامە) دووەمین شوێنگەیانە. ئایا ئەوان گومانیان لە گواستنەوەى قسەكانیان هەیە بە ئەمانەتەوە، یان ئەوان هەر لە ئەساسەوە بڕوایان بە كارى رۆژنامەوانیى لەسەر ئەم ئەستێرەیە نییە؟ من بە هۆى دووریى ئەوان لە رۆژنامەنووسان و شەفاف نەبوونیان و نائامادەییان لە بڵاوكراوەكاندا نازانم هۆكارەكەى چییە كەوا ئەم بێدەنگییە بێبنەمایەیان لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە، بەڵام هەر هۆكارێك بۆ ئەم خۆشاردنەوەیە بدۆزنەوە ئەوە لە ئەنجامدا ئەوان غەدر لە كایەیەكى زیندووى پرخزمەتى وڵاتەكەیان دەكەن، ئەویش رۆژنامەوانیە، چونكە ئەوان دەبێت بزانن ئەوە رۆژنامەنووسانن بەرگرى تەنانەت لە بەرهەمەكانى ئەوانیش دەكەن و بە جۆرێك لە جۆرەكانیش نارەزاییە دروستەكانیان دەگوازنەوە بۆ لاى ئەوانەى كە بەرپرسیاریى ئەم كایەیەیان كەوتووەتە ئەستۆ، دواتر ئەوان ئەگەر لە رێگەى گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكانەوە نەبێت چۆن و بە چ جۆرێك پەیامى خۆیان بە گوێگرانیان دەگەیەنن، ئەو پەیامەى ئەگەر ئاوەها بە مەلوولیى بمێنێتەوە، رەنگە لە دواجاردا چەند لایەكى بۆگەن بكات، یانیش ئەى ئەگەر ئەوان بەردەوام لە خۆشاردنەوە دابن لە رۆژنامەنووسان، چۆن دەكرێت بزانین ئاستى رۆشنبیرى و غەم و حەز و خولیاكانیان چییە و كام پێوەر دەگرنەخۆ؟ ئەى ئەوان چۆن لە هونەر تێگەیشتوون و تێگەیشتنەكانیان هەڵگرى كام لە میتۆدە هونەرى/ زانستییەكانە، هاوكات ئەم بەربڵاویى و فرەستایلە بیر لىَ نەكراوانە، كەنگىَ و چۆن خزمەت بە پرۆسەى هێنانە كایەى گۆڕانكاریى پڕ بەخشش و كۆمەككارى خولقاندنى گۆرانیى واتە هەڵگر دەبن؟ چونكە ئەگەر بڕیارە تۆ هونەرمەندێكى راستەقینە بیت، هاوكات قورسایییەك لە خۆتدا بەدى دەكەیت و هەمیشە لە پاڵ خەمە هونەرى و پێكهاتەكەییت، مومكین نییە بەو جۆرە لەگەڵ خودى دونیاكەت و دەوروبەرەكەت هەڵسوكەوت بكەیت. هەموو ئەو بوونەوەرانەى كەوا باس لە بوون و كێشە گەورەكانى مرۆڤایەتى دەكەن، دەبێت هەڵگرى خەمێك بن، هاوكات تێگەیشتنى جوانیان بۆ هونەر هەبێت و لەنێو فەزایەكى داخراودا نەخولێنەوە. تۆ ئەگەر هونەرمەندێكى بە دواى داهێناندا وێڵیت و ئیبداعكارانە خۆت دەنوێنیت، سەرەتا دەبێت لە گفتوگۆ و مشتومڕە هونەرییەكان بۆچوونى فرەرەهەند و كاریگەر و پشت ئەستوورت هەبێت بە رێبازەكانى هونەر، مادام لایەنێكى گەلەك بە بایەخ و سەرسامكارى هونەریش (چێژى هونەر)ییە، كەواتە گەرەكە لە ئێستادا سەبارەت بەم زاراوەیە سەرنجیان دەرببڕن، كەچى لە جێى هەموو ئەوانە بێت خۆتان لە رۆژنامەنووسان بشارنەوە، ئەمە پرسیارێكى گەورەیە و هەڵگرى جۆرەها تێڕوانینە، هاوكات بەشێك لە بێوەڵامیشتان بێمەعریفییە لە بەرانبەر ئەم پرسیارانە و داخستنى دەمیى (هونەر)، لە بەردەم رۆژنامەنووس!!