
دیمانه له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ عادل باخه‌وان……
عادل باخەوان: له کوردستانی ئێمه‌دا، هه‌ر ورده ڕۆشنبیرێك خۆی لێده‌بێت به‌و خوایه‌ی که نابێت شه‌ریکی هه‌بێت و هه‌موو شته‌کان ده‌زانێت……
به‌ڵام له کوردستانی ئێمه‌دا، هه‌ر ورده ڕۆشنبیرێك خۆی لێده‌بێت به‌و خوایه‌ی که نابێت شه‌ریکی هه‌بێت و هه‌موو شته‌کان ده‌زانێت.
نووسەر و سۆسیۆلۆژیست عادل باخەوان لەدیدارێكی ڕۆژنامەی ئاسۆدا نیگەرانى خۆى لەوە نیشاندەدات كەوا زۆربەى نووسەرانى كورد بەشێوەیەكى سەرپێى حوكم لەسەر شتەكان دەدەن و ناتوانن بەشێوەیەكى زانستى شتەكان هەڵبسەنگێنن و دەڵێت" کێڵگه‌ی زانستی کوردی چه‌ند گوناهه که ڕێگا ده‌دات به بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که به‌ناوی زانسته‌وه له‌سه‌ر فینۆمێنه‌کانی ئێمه ده‌نوسرێن. ئێمه چه‌ند گوناهین کاتێك شاعێرێك یان ڕۆماننوسێك دێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی 6 مانگ له ته‌مه‌نی ته‌رخانکردبێت بۆ توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی و کۆکردنه‌وه‌ی داتا و چاوپێکه‌وتن و …پاشان لێکدانه‌وه‌و ڕاڤه‌کردنی فینۆمێنێکی وه‌ك ئه‌نفال ، دێت و ڕێگا به‌خۆی ده‌دات تێۆری بۆ ئه‌نفال دابمه‌زرێنێت".
عادل باخەوان لە وەڵامى چەند پرسیارێكى ئاسۆدا لەمەڕ پرسى ئەنفال دنیاى رۆشنبیرى كوردى بە دنیایەكى هەژار و تاڕادەیەكیش نا ئەكادیمى ناودەبات.
خەڵەف غەفور………
xalafgafur@yahoo.com
ئایینی بەرپرسیار
ئاسۆ: ڕیشە مێژووییەكەى ئەنفال لەكوێدایە، ئایا ئەنفال بە تەنها پەیوەست ئەكرێت بەوەى ناوى یەكێك لە سورەتەكانى قورئانە یان مێژووى قڕكردن لەوە كۆنترە و كارەساتەكەش بەرەنجامى بیرى پان عەرەبیزمە؟
عادل باخەوان: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت فینۆمێنی "ئه‌نفال" بکه‌ین به که‌ره‌سی جه‌نگی ئایدۆلۆژی نێوان ئه‌کته‌ره‌کانی کێڵگه‌ی سیاسی کوردی، ئه‌وا له ئێستا و ئێره‌دا ده‌بێت "ئیمان" به‌وه بهێنین که ئه‌و فینۆمێنه په‌یوه‌ندی به قورئانی موسوڵمانه‌کانه‌وه هه‌یه و ئاینی ئیسلام به‌رپرسیاره له ئه‌نفالی کورد. ئه‌م خوێندنه‌وه سه‌رپێییه ده‌کرێت خزمه‌ت به گروپێك له ئه‌کته‌ره سیاسیه کورده‌کان بکات و به‌کاری بهێنن دژ به گروپی به‌رامبه‌ر که خۆیان وه‌ك ئیسلامیست ده‌خه‌نه سه‌ر شانۆ. واته له ئێستا و ئێره‌دا، به‌شێك له‌و ئه‌کته‌ره سیاسییانه‌ی که خۆیان به هه‌ڵگری شووناسی لایك-عه‌لمانی داده‌نێن ئه‌نفال وه‌ك چه‌کی ململانێی سیاسی دژ به به‌رامبه‌ره‌کانیان به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام ئایا ئه‌کته‌ره‌کانی کێڵگه‌ی زانست ده‌کرێت خۆیان بده‌ن به‌ده‌ست ئه‌م فێڵکردنه له ئه‌نفال و ئه‌م به‌کارهێنانه سیاسییه‌ی ئه‌نفال و ئه‌م لێکدانه‌وه پراگماتیستیه‌ی ئه‌نفال و ئه‌م ساده‌کردنه‌وه‌یه‌ی ئه‌نفال که ئالۆزترین چرکه‌ی مێژووی کورده؟ بێگومان نه‌خێر.
زانای کێڵگه‌ی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئه‌و که‌سه‌یه که به‌رده‌وام مه‌ودا له‌نێوان خۆی و "مانای هاوبه‌ش"دا دروستده‌کات و له‌سه‌ر ئاستی "ڕێفلێکسیڤیتێ" فاکته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌پشکنێت و دواتر لێکدانه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه له‌سه‌ریان به‌رهه‌مده‌هێنێت.
لێره‌وه هیچ زانایه‌ك ناتوانێت و ڕێگا به‌خۆی نادات له چاوپێکه‌وتنێکی ئاوادا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه، چونکه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه، پێویستی به توێژینه‌وه‌و گه‌ڕان و چاوپێکه‌وتن و کۆکردنه‌وه‌ی داتا‌کان و ڕاڤه‌کردن و لێکدانه‌وه‌یان هه‌یه. هه‌موو ئه‌وه‌ی که زانایه‌ك ده‌توانێت بیکات ته‌نها پێشنیارکردنی چه‌ند گریمانه‌یه‌که که به‌بێ فه‌حسکردن و تاقیکردنه‌وه‌یان هیچ مانایه‌کیان نیه. بۆ نموونه: ئێمه پێمانوایه که فینۆمێنی ئه‌نفال په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به چه‌مکی "داروینیسمی کۆمه‌ڵایه‌تی" و "جمهوریه‌تی جاکۆبین" و "ڕژێمی تۆتالیتاریسم"ه‌وه هه‌یه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه هیچ نین ته‌نها چه‌ند "گریمانه‌یه‌ك/ هیپۆتێزێك" نه‌بێت و پێوسیته له ڕێگای توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه "ئیمتیاحنیان" بکه‌ین.
چه‌ند به‌زه‌یم به‌و ورده ڕۆشنبیر و قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌دا دێته‌وه که هه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کتێبێك و نووسینی چه‌ند مه‌قاله‌یه‌ك خۆیان لێده‌بێت به تایبه‌تمه‌ندی هه‌موو کێڵگه‌کانی توێژینه‌وه و ڕێگا به‌خۆیان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر هه‌موو شتێك هه‌موو شتێك بڵێن به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانن شتێکی بیناکراو له‌سه‌ر زانستمان پێبڵێن. کێڵگه‌ی زانستی کوردی چه‌ند گوناهه که ڕێگا ده‌دات به بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که به‌ناوی زانسته‌وه له‌سه‌ر فینۆمێنه‌کانی ئێمه ده‌نووسرێن. ئێمه چه‌ند گوناهین کاتێك شاعیرێك یان ڕۆماننووسێك دێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی 6 مانگ له ته‌مه‌نی ته‌رخانکردبێت بۆ توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی و کۆکردنه‌وه‌ی داتا و چاوپێکه‌وتن و… پاشان لێکدانه‌وه و ڕاڤه‌کردنی فینۆمێنێکی وه‌ك ئه‌نفال، دێت و ڕێگا به‌خۆی ده‌دات تیۆری بۆ ئه‌نفال دابمه‌زرێنێت. له‌یه‌کێك له چاوپێکه‌وتنه ته‌له‌فزیۆنه‌کانیدا، پیه‌ر بۆردیۆ، زانای گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی، پرسیاری لێده‌که‌ن له‌سه‌ر "به‌خته‌وه‌ری"، ئه‌و به ڕۆژنامه نووسه‌که ده‌ڵێت ناتوانم وه‌ڵامت بده‌مه‌وه، چونکه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامت بده‌مه‌وه پێویستم به‌وه هه‌یه که توێژینه‌وه‌یه‌کی مه‌یدانی له‌سه‌ر بکه‌م و پاش چه‌ند مانگێکی دیکه پێت بڵێم گه‌شتومه‌ته ئه‌و ده‌ره‌نجامه، به‌ڵام له کوردستانی ئێمه‌دا، هه‌ر ورده ڕۆشنبیرێك خۆی لێده‌بێت به‌و خوایه‌ی که نابێت شه‌ریکی هه‌بێت و هه‌موو شته‌کان ده‌زانێت.
بۆیه له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی جه‌نابتدا، من پێشنیارێکت بۆ ده‌که‌م. داوابکه له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سه‌نته‌رێکی توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ئه‌نفال دابمه‌زرێنێت و چه‌ند زانایه‌کی لۆکال و ئه‌نته‌رناسیۆنال مۆبیلیزه بکات تا ده‌ستبکه‌ن به توێژینه‌وه‌ی زانستی و دواتر پێمانبڵێن فینۆمێنی ئه‌نفال له‌نێو چ مێژوویه‌کی تاقانه و تایبه‌تدا دروستبووه.
کێڵگه‌ی ڕۆشنبیرییمان هەیە
ئاسۆ: بیست ساڵ بەسەر كارەساتى ئەنفالدا گوزەر دەكات بىَ ئەوەى كایەى ڕ‌ۆشنبیرى ئێمە وەك پرۆژەیەكى جدى قسەى لەسەر ئەم كارەساتە كردبێت، بەبۆچوونى تۆ بۆچى كایەى ڕ‌ۆشنبیرى و ڕ‌ۆشنبیرانى ئێمە نەیانتوانیوە ئەم كارە بكەن؟ دەكرێت بڕوا بەوە بكەین كایەى ڕۆشنبیریمان بەدۆخێكى سستدا گوزەر دەكات و تواناى ڕامانى قوڵ و جیهانبینى نوێى نییە؟
عادل باخەوان : ئه‌م پرسیاره ڕاسته‌وخۆ ده‌مانباته‌وه سه‌ر قسه‌کردن له‌وه‌ی به‌شێك له ڕۆشنبیره کورده‌کان پێی ده‌ڵێن "کایه‌ی ڕۆشنبیریی" و ئێمه پێمانباشه پێیبڵێین " کێڵگه‌ی ڕۆشنبیری"، چونکه پێمانوایه وشه‌ی "کایه" ناتوانێت گوزارشت له‌و مانایانه بکات که به‌و کۆنسێپته‌ی ده‌به‌خشین.
ئایا له کوردستان "کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی"مان هه‌یه؟ من، ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ڕه‌هاگه‌ره‌کانه‌وه که هه‌موو شتێك به‌ڕه‌هایی وه‌رده‌گرن یان ڕه‌فزده‌که‌ن، پێموایه له کوردستاندا کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی هه‌یه و له‌نێو مێژوویه‌کی به‌لای که‌مه‌وه یه‌ك سه‌ده‌ییدا دروستبووه و تائێستاش زیاتر له چه‌ند ژه‌نه‌راسیۆن- نه‌وه‌یه‌ك کاریان تیادا کردووه. گه‌ر له سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه وه‌ریبگرین ده‌توانین باس له نه‌وه‌ی پی‌ره‌مێرد و پاشان نه‌وه‌ی گۆران و دواتر نه‌وه‌ی ڕوانگه‌ییه‌کان و پاش ئه‌وانیش نه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندییه‌کان و ئێستاش نه‌وه‌ی پۆست ڕه‌هه‌ندییه‌کان بکه‌ین و هه‌ریه‌کێك له‌م نه‌وانه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌ت و پرۆژه و چۆنیه‌تی کارکردن و ئیشکالیه‌ت و میتۆدۆلۆژیای تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه.
ئه‌نفال په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به سێ نه‌وه‌ی ئه‌م کێڵگه‌یه‌وه هه‌یه: نه‌وه‌ی ڕوانگه‌ییه‌کان و نه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندییه‌کان و نه‌وه‌ی پۆست ڕه‌هه‌ندییه‌کان. نه‌وه‌ی ڕوانگه‌ییه‌کان زیاتر به‌شیعر و چیرۆك و ڕۆمان، واته به ئه‌ده‌ب له‌گه‌ڵ ئه‌نفالدا مامه‌ڵه‌یان کردووه. ئه‌مه ده‌کرێت وه‌ك ئه‌ده‌ب بنرخێنرێت و ڕێزی لێبگیرێت، به‌ڵام ئایا ڕێگامان پێده‌دات له فینۆمێنی ئه‌نفال تێبگه‌ین؟ بێگومان نه‌خێر. ئه‌و ده‌قانه ده‌توانن له‌گه‌ڵ جیهانی هه‌ستی ئێمه‌دا قسه‌بکه‌ن و بمانخه‌نه گریان و له‌هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا تووشی ڕامان و بیرکردنه‌وه‌مان بکه‌ن، به‌ڵام ئایا چوارچێوه‌یه‌کی زانستیمان ده‌ده‌نه ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌نفال چیه؟ بێگومان نه‌خێر. گرفتی فینۆمێنی ئه‌نفال له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ییه‌کاندا له‌وه‌دایه که ئه‌وان جگه له ئه‌ده‌ب هیچ شتێکی دیکه‌یان پێ نییه بۆ به‌رهه‌مهێنان.
ڕه‌هه‌ندییه‌کان، ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ڕوانگه‌ییه‌کانه‌وه، به که‌ره‌سه فیکری و تیۆرییه‌کانه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌نفالدا مامه‌ڵه‌یان کرد و له‌م بواره‌دا چه‌ند وتارێکی گرنگیان نووسی. واته هه‌نگاوێکی گرنگ نزیکیانکردینه‌وه له پرسیاری ئه‌نفال چییه، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌نفال تووشی قه‌یرانێکی دیکه ده‌بێت له‌گه‌ڵ ڕه‌هه‌ندییه‌کاندا. ئه‌و قه‌یرانه‌ش ده‌کرێت ناوی بنێین قه‌یرانی وتار. ڕاسته وتار ده‌توانێت له ڕۆژنامه‌یه‌کدا یان گۆڤارێک‌دا، چه‌ند تیشکێك بخاته‌سه‌ر فینۆمێنی ئه‌نفال، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که وتار ناتوانێت تیۆریزه‌ی فینۆمێنی ئه‌نفال وه‌ك ڕوداوێکی تاقانه له مێژووی کورددا بکات. تیۆری کاتێك دروستده‌کرێت که زه‌مه‌نێکی دیاریکراو ته‌رخانبکه‌یت بۆ توێژینه‌وه‌کردن له‌سه‌ر مه‌یدانێکی دیاریکراو، پاشان هه‌موو که‌ره‌سه میتۆدۆلۆژییه‌کانی وه‌ك چاوپێکه‌وتن و تێبینیکردن و پشکنینی ئه‌رشیف و ڕاپرسی و هتد. مۆبیلیزه بکه‌یت و دواتر له بنی بنه‌وه، واته له قوڵایی ڕاڤه‌کردنی داتا‌کان و ڤاریابله‌کانته‌وه بینای تیۆرییه‌ك له‌سه‌ر مه‌یدانی توێژینه‌وه له‌سه‌رکراو بکه‌یت. ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ڕه‌هه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌نفالیان نووسیوه و له ڕه‌هه‌نددا بڵاوکراوه‌ته‌وه هیچیان به‌م ئاقاره‌دا نه‌ڕۆشتوون و هیچیان به‌م شێوه‌یه کاریان نه‌کردوون. واته قسه‌ی ڕوتن و ئه‌رگیومۆنته‌کانیان بێ مه‌یدان و بێ داتا و بێ ڤاریابلن، به‌کورتی قسه‌کردنن له‌سه‌ر ئه‌نفال به‌بێ کارکردن له‌سه‌ر ئه‌نفال وه‌ك مه‌یدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی.
نه‌وه‌ی پۆست ڕه‌هه‌ند ده‌کرێت که‌ڵك له ئه‌زموونی گرنگی ڕه‌هه‌ندییه‌کان وه‌ربگرێت و به ئاراسته‌یه‌کی دیکه‌دا کاربکات. ته‌نانه‌ت به‌شێك له خودی ڕه‌هه‌ندییه‌کانیش ده‌توانن خۆیان به‌شداری زیندوو بکه‌ن له دروستکردنی گه‌ردوونی نه‌وه‌ی پۆست ڕه‌هه‌نددا. واته ده‌کرێت ئیتر له‌مه‌ودوا، قسه‌کردن له‌سه‌ر جیهانی کوردی و فینۆمێنه‌کانی، ته‌نها ئه‌و کاته مومکینبێت که زانستی بێت. ده‌کرێت پۆست ڕه‌هه‌ندییه‌کان کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی کوردی به‌ته‌واوی بگۆڕن و ڕه‌هه‌ندێکی زانستی ڕوتوقوتی پێببه‌خشن به‌ڕاده‌یه‌ك که هه‌رکه‌س چه‌ند مه‌قاله‌یه‌کی کرچ و کاڵی نووسی یان چه‌ند ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامه‌نووسی بڵاوکرده‌وه ئیتر خۆی لێنه‌بێت به ئه‌کته‌ری کارایی نێو کێڵگه‌ی ڕۆشنبیریی کوردی. به‌داخه‌وه، له ئێستادا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌م سیسته‌مه تازه‌یه خۆی نه‌گرتووه، هه‌رکه‌س له‌ته شیعرێکی بڵاوکرده‌وه، یان وتارێکی بێناوه‌ڕۆكی نووسی ئیتر خۆی لێده‌بێت به یه‌کێك له خواوه‌نده‌کانی کێڵگه. وه‌ك کاك ئیبراهیمی مه‌لازاده له‌یه‌کێك له وتاره‌کانیدا به درێژی باسی کردووه.
زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی کورد نایکه‌ن
ئاسۆ: ئایین چ ڕۆڵێكى هەبووە لە تیژكردن و دەمەزەردكردنى بیر فاشیستى و توندڕەوى وەك پرۆژەى قڕكردن و سڕینەوەى مۆركى نەتەوایەتى و بەهاى مرۆڤایەتى مرۆڤى كورد؟ پێتوایە بەعس ئایینى وا تەفسیر كردبێت كەوا ئەوەى لەبەرامبەر حاكمى وڵات‌دا (نا) بكات شایانى لەنێوبردن و زیندەبەچاڵكردنە؟ ئایا ئایینى ئیسلام جێگاى تەفسیرى واى تێدا دەبێتەوە؟
عادل باخەوان : بێگومان کاتێك باس له ئایین ده‌که‌یت مه‌به‌ستت له ئیسلامه. کاتێکیش باسی ئیسلام ده‌که‌یت مه‌به‌ستت له ده‌قه‌کانی قورئانه. ده‌قه‌کانی قورئان خۆیان له خۆیاندا به‌رپرسیار نین له هیچ، نه چاکه نه خراپه، نه به‌هه‌شت نه دۆزه‌خ، نه کوشتن نه برایه‌تی، نه یه‌کسانی نه نا-یه‌کسانی، نه عه‌ره‌ب نه کورد، هتد. ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ سۆسیۆلۆگێك ده‌قه‌کانی قورئان و نۆرمه ئایینییه‌کان نین، چونکه ئه‌وان خۆیان له خۆیاندا بێده‌سه‌ڵاتن و توانای دروستکردنی واقیعێکی کۆمه‌ڵایه‌تی دیاریکراویان نیه، ئه‌وه‌ی گرنگه چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌کردنی ئه‌کته‌ره کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابورییه‌کانه له‌گه‌ڵ خودی ئه‌و ده‌قانه‌دا. ئایین هیچ ڕۆڵێکی نه‌بووه له هیچ یه‌کێك له قۆناغه مێژووییه‌کانی مرۆڤایه‌تیدا، ئه‌وه‌ی ڕۆڵی هه‌بووه چۆنییه‌تی مۆبیلیزه‌کردنی ئایین بووه له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ره‌کانه‌وه. ئایا ئایین به‌رپرسیاره له قڕانی کورد؟ نه‌خێر. ئایا ئه‌کته‌ره‌کانی ناسیۆنالیسمی عه‌ره‌بی و ده‌وڵه‌تی جاکۆبینی عیراقی و داروینیسمی کۆمه‌ڵایه‌تی توانیویانه ده‌قه‌کانی قورئان مۆبیلیزه‌بکه‌ن بۆ به‌دیهێنانی پرۆژه‌کانی خۆیان؟ بێگومان به‌ڵێ، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها له عیراقی عه‌ره‌بیدا نه‌کراوه، به‌ڵکو له ئێرانی فارسی و تورکیای توکیشدا کراوه. تۆ ده‌فه‌رمویت ئایا ئیسلام جێگای لێکدانه‌وه‌ی وای تیادا ده‌بێته‌وه؟ بێگومان به‌ڵێ. ئیسلام ده‌کرێت به‌کاربهێنرێت بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی و عه‌لمانی و مافی مرۆڤ و دیموکراتخواز، هه‌روه‌ها ده‌کرێت به‌کاریش بهێنرێت بۆ دروستکردنی جینۆساید و کوشتن و قڕکردنی مرۆڤ و گروپ و چین و کۆمه‌ڵگه و گه‌لان.
ئێمه هه‌ڵه‌یه‌کی میتۆدۆلۆژی گه‌وره ده‌که‌ین گه‌ر بۆ تێگه‌شتن له ئه‌نفال بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ده‌قه قورئاینی و نۆرمه ئایینیه‌کان. به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ چۆنیه‌تی مۆبیلیزه‌کردنی قورئان له‌لایه‌ن داروینیسمی کۆمه‌ڵایه‌تی حزبی به‌عسه‌وه بۆ دروستکردنی فینۆمێنی ئه‌نفال. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که زۆرینه‌ی ڕۆشنبیرانی کورد نایکه‌ن.
پرۆفایل:
-عادل باخەوان یەكێكە لە نووسەر و سۆسیۆلۆژیستە جدییەكانى كورد.
– لیسانسى له سۆسیۆلۆژیا، لە زانکۆی لیۆن بەدەستهێناوە.
– ماسته‌رى له سۆسیۆلۆژیا، قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، پاریس بەدەستهَیناوە.
-خوێندکاری دوکتۆرایە له سۆسیۆلۆژیا، قوتابخانه‌ی خوێندنی باڵای زانسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان،لە پاریس.
كتێبە چاپكراوەكانى:
-عیراق له فه‌یسه‌ڵه‌وه تا تاڵه‌بانی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، سلێمانی، 2006.
-ئیسلام و ڕۆژئاوا، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، سلێمانی، 2006.
-تیرۆریسم وه‌ك بیناکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی، چاپخانه‌ی سه‌رده‌م، سلێمانی، 2007.