Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
داهێنەر.. جارێك وەك مامانو جارێك وەك خالیق

داهێنەر.. جارێك وەك مامانو جارێك وەك خالیق

Closed
by June 3, 2008 گشتی

 تونا ئەمین……

 ئایا جوانى لەخودى شتەكاندا بوونى هەیە؟ یان وەكو كانت دەڵێت هارمۆنیەتە لەنێوان شتى شتەكانداو هەستێكى خۆشو چێژە؟ یان نـــا.. خودى جوانى لەچاوماندایەو بۆ ئەوەى قسە لەجوانى بكەین لەبەرەوە دەبێت قسە لەبوونى چاو بكەین؟ هێشتا بۆخۆشم لەپەرسڤى وەها پرسیارێكدا ساغ نەبومەتەوە، مەگەر تەنیا (جوانیناسى) وەك بەشێكى فەلسەفە بكارێت وەڵامى لۆژیكىو بارگاوى بەئارگۆمێنت بەم پرسیارانە بداتەوە. كەچى یەقینم هەیە كەشتێك هەیە جوانە، ئەو جوانیەش شتێك لەناومندا دەخاتە هەلەكە سەما.
 ئێمە چۆن جوانیەكان دەدۆزینەوە؟ ئایا كەشفى جوانى لەشتێكدا دەكەین؟ یان لەپرۆسیسى ناولێنانداجوانى دەناسێنین؟یان ئێمە جوانى دروستدەكەین؟ ئەگەر وەڵامەكە یەكەمیانە، بۆ هەموومان وەكو یەكو بەیەك رادە چێژ لەجوانى هەمووشتەكان ناكەین. ئەگەریش دروستى دەكەین، چۆن دەكرێت لەكاتێكدا لەسەر جوانییەك نزیك بەشەش ملیارمرۆڤ كۆكبین؟ بۆنمونە جوانى یەكەم هەڵڕوانینى ساوایەك بەدەوروبەرى خۆیدا یان جوانى دیمەنى خۆرئاوابوونێك.
 فەلسەفەى كلاسیكو بەتایبەتیش سوكرات، بوونى هەرشتێكى نوىَ وەك دۆزینەوەو دەرهێنان سەیردەكات، نەك وەك هاتنە بوونێكى نوىَ كەتا پێش ئەم چركەیە نەبووە. تێزى مامانكارى لاى وایە؛ هەمووشتەكان خۆیان لەخۆیاندا هەن، كارى فەلسەفە دەرهێنانو دۆزینەوەى ئەوشتانەیە لەڕێگەى پرسیارو گومانو دیالۆگەوە.
 لەحاڵێكى وادا بونیام تیادەمێنێت، گۆران.. لەرزینى زیخى ژێر كانیەكى بەرمانگە شەوى دۆزیەوە؟ یان دروستى كرد؟(دروستكردن لێرەدا بەومانایەى كەرەنگە تا پێش نوسینى ئەم شیعرە زیخ لەژێر ئاودا نەلەرزیبێت، كەبیركردنەوە لەشتێكى وەها سەردەرهێنانێكى لۆژیكى بەدواوە نابێت!).
 یان لەتابلۆیەكى رۆستەم ئاغالەدا كەلیپاولیپ گوڵولالەزارەو كارێكە لەسروشتدا، لەخاڵێكى نزیك بەچەقى تابلۆكە وەك فیگەرێكى فەرعى، گوێدرێژێك تەستەقول دەكات. لەجیاتى ئەو تەستەقولەى ئێمە چاومان پێى راهاتووە گوێدرێژەكەى ئاغالە گوڵ دادەنێتو گوڵ دەكاتە خوارىَ.. سەیركردنى ئەم تابلۆیە دیسانەوە دەمانخاتەوە بەردەم پرسیارى كەئایا لەراستیدا گوێدرێژ هەوا دەهەڕىَو ئێمە نەمانزانیوەو ئێستا رۆستەم ئەم جوانیەى نیشانداین، یان…!
 فریوى ئەوچاوانە لەچیرۆكێكى كاروان كاكە سور داو لەزارى كاراكتەرێكەوە قوتابخانەت لێدەكات بە تەڵەى مشك! ئەم فۆتۆیەى قوتابخانە لەزومى كاروانەوە (لەكاتێكدا ئەگەر لەیادمان بێت لەڕووى فۆرمەوە نەخشەسازى بیناى قوتابخانەكانى ئەم وڵاتە هەمیشە نزموئاسۆیىو پەنجەرەكانیشیان ئاسنو كەتیبە بەندن) تەواو مرۆڤ دەخاتە گومانەوە كە ئەمە وێنەى راستەفینەى قوتابخانەیە نەك ئەوەى لەسەر جادەو كۆڵانەكانەوە ئێمە دەیبینین!(بەو تێبینییەى من نامەوێت لێرەدا قسە لەهیچ مەدلولو كۆدێكى ئەودیو ئەم دالو سیمبولەى چیرۆكەكە بكەمو تەنها مەبەستمە لەستاتیكاو پرۆسیسى جیاواز روانینو جوانى لەچاوى ئەم چیرۆكنوسەوە سەرنجبدەم) من بۆخۆم تا ماوەیەكى زۆر سەیرى بیناى هەرقوتابخانەیەكم دەكرد وەك تەڵەى مشك دەهاتە بەرچاوم! من لەنێوان وێنە واقیعێكە(ئەو وێنەیەى رۆژانە بەرى دەكەوین)و وێنە راستەقینەكە(ئەو وێنەیەى كەلەئەسڵدا هەیە)وئەو وێنەیەى كەخۆم لەژێر كاریگەرى چیرۆكەكەى كارواندا بۆم دروست ببوو، سەرم لێتێكچووبوو.
 هەر ئەم منە خراپەى خۆم لە هیوا قادرەوە هەستم بەتامى شیویتو فێنكى قاژە شووتى عەسران كرووە. جارێكیشیان لەشیعرێكى دلاوەر قەرەداغى یەوە بەتەواوى فێربووم چێژ لەخواردنەوەى پەرداخێك ئاو وەربگرم. پێشتر من سەدانجار ئاو و شووتىو شیویتم خواردبوو بەڵام…!
 بێحیكمەت نیە شاعیرێكى جوانى ناسى وەك سهراب سپهرى دەڵێت: دەبێت چاوانمان بشوینو بەجۆرێكى كە دونیا ببینین. ئەم شیعرە جەغدێكى ترە لەوەى كەجوانیەكان لەخۆیاندا هەنو ئامادەن بەڵام چاوێكیان لازمە بیانبینێت، ئەوا ئێستا لەسەر وەزنى شیعرێكى گۆران وەختە بڵێم: (دە.. خودایە چاوێكى وا).
 
 
 

Previous
Next