هەبوونى یاسا هەموو كاتێك مافەكان ناپارێزىَ
محەمەدى مشیر….
لەم ماوەیەى دواییدا پەلەرمانى كوردستان خەریكە لە رێگەى هەموواركردنى یاسا كۆنەكان و دەركردنى یاساى تازەوە كۆمەڵێك بوارى گرنگى ژیانى كۆمەڵگەى كوردستان رێك و بەرزەفت دەكاتەوە، رێكخستنەوەى پەیوەندى نێوان چین و توێژە جیاجیاكانى كۆمەڵگە و پاراستنى بەرژەوەندەكانیان بەهۆى قانوونەوە هەنگاوێكى گرنگە لە پێناو داڕشتنەوەى شێوازى پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانى نێوان خودى هاووڵاتیان و پارسەنگ راگرتنى ئەو پەیوەندییانە، لەهەمانكاتیشدا هۆكارێكى پڕبایەخە بۆ داڕشنەوەى شێوازى پەیوەندى نێوان دەسەڵات و هاووڵاتى بەمەرجێك یاساكان تابكرىَ پێشكەوتووخوازانە و سەردەمیانە بن، بەڵام قانوونناسان لەو باوەڕەدان كە یاساكان بەتەنها ناتوانن داكۆكى لەمافەكان بكەن ئەگەر دەسەڵاتى جێبەجێكردن رێوشوێن و میكانیزمى پێویست بۆ پڕاكتیزەكردنى یاساكان دانەڕێژىَ و بەبىَ جیاكارى رێگە لە پێشێلكارییەكان نەگرىَ. كەواتە ئەو كاتە یاسا كاریگەرى بەسەر رێكخستنەوەى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەكانى نێو كۆمەڵگەدا دەبىَ كە دەسەڵاتى جێبەجێكردن(حكومەت) یاساكان كارا بكات و لەدەقى نووسراوى مردووەوە بیانكاتە كردارو پڕاكتیك. ئەمەش تەنها لەو كاتەدا دەبىَ كە ئەو حكومەتە بەبىَ جیاكارى یاساكان بەسەر تەواوى هاووڵاتیاندا بسەپێنىَ و یاسا تەنها بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە لە چین و توێژەكانى خوارەوەى كۆمەڵگەن و ئەوانەى سەرەوەش وەك بەرزەكى بانان بۆى دەرچن.ئەگەر وابىَ یاساكان بىَ گیان دەمێننەوە و مافەكانیش هەمیشە بە ئاسانى پێشێلدەكرێن، بەشێكى زۆرى پێشێلكارییەكانیش كاردانەوەیەكى راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆى ئەو جیاكارییەن كە وەك پەرچەكردارێكى ئەنقەسد زۆر جاران لە لایەن هاووڵاتیانى چینەكانى ناوەند و خوارەوەى كۆمەڵگە ئەنجامدەدرێن. كەواتە جیاكارى لە سەپاندنى یاسا و پشتیوانى نەكردنى یاساكان بەهەمان ئەندازە یاساكان دەكەنە ناوێكى بىَ ناوەڕۆك. بە قسەیەكى دیكە ئەگەر یاساكان تەنها بۆ ئەوەبن كە ئازادى چەوساندنەوە بۆ چینە باڵادەستەكانى كۆمەڵگە بەرفراوان ودابین بكەن و لە بەرامبەریشدا ئازادى هەڵبژاردنى ئارەزوومەندانەى بەكۆیلەبوون و گوێڕایەڵى كوێرانە بۆ چینەكانى خوارەوە بخوازن، ئەوا نەبوونى ئەو جۆرە یاسایانە بەلاى خەڵكانێكى زۆرەوە زۆر باشترە لە نەبوونیان ئەگەرچى هەندىَ یاساناسیش لەو باوەڕەدابن كە بۆ رێگرتن لە بەڕەڵڵایى و پاشاگەردانى هەبوونى یاسایەكى ستەمكار باشترە لە بىَ یاسایى، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا مافى سەرجەم چین وتوێژەكانى خواروو پێشێلدەكرێ و یاساش ئەو هێزە بەرزەفتكارە نابىَ تا مافى تاكەكانى كۆمەڵگە مسۆگەر بكاو متمانەى پێبكەن.