ئازادى خوازى ئێستا، دیكتاتۆى سبەینێ
شاخەوان عومەر سلێمان ……..
لە هەركوێیەك دەنگ و داواى ناڕەزایى ترس و لەرزى خستبێتە دڵ و دارودەستەى دەسەڵات، رێبەرانێك هەڵكەوتوونە بەگوتار و كۆكردنەوە و گۆبەندنانەوە و دانانى كاریگەرى لەسەر سۆز و عاتیفەى خەڵكى توڕە كەسیەتى فریودەرى خۆیان سەلماندوە و لە پاشەرۆژدا بەوهۆیەوە جڵەوى دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست، بەڵام رەنگە لە كۆتایدا هەموومان پێمان وابێت (( * كەس نوێنەرایەتى كەس ناكات هەركەسێك نوێنەرى تەنیا خۆیەتى)) گەر بە وێستگەكانى تەمەنى زۆربەى پێشەوایانى ئەمڕۆى دنیادا بچینەوە، پێمان دەڵێت فیدڵ كاسترۆ و موعەمەر قەزافى یان (( رۆبسپێرى)) تاكە رێبەرى بىَ هاوتاى دیموكرات خواز، ئنجا داواكار بەشكاندنى شۆكى لویسى شازدەهەم، ملهوڕترین تاك ڕەو و دیكتاتۆرى دنیاى لێدەرچوو، جودا لە زەمەن و رۆژگارى قەزافى و كاسترۆ كە هەر یەكەیان بۆخۆیان كەم زوڵمیان نەكردووە، ( * بەتەنیا لەكاتى دەسەڵاتداریەتى رۆبسپێر لە فەرەنسا ملى 18 هەزار لە خەڵكانى بێتاوان بە مەقسەڵەكەى لویسى شازدەهەم قرتێندران، لە یەكێك لە گێڕانەوەكانى ساتەكانى ئەورۆژگارەدا هاتووە، تەنیا لەبەر ئەوەى كەنیشكێك لە نۆرەى كڕینى نان گوتبوى لە سەردەمى لویس ئاسایش و ئارمى بەرقەرارتربوو خۆى و هەموو بنەماڵەكەى نزیكى 70 دەبوون بەبەرچاوى حەشاماتى خەڵكى پێشوترى ئازادیخواز و شكێنەرى بووتى لویس دانە دانە سەریان پەڕێندار.
لە ئیسلامیش هەندێك خەڵك سەرەتا بەنهێنىَ، پاشان بەئاشكرا پەیامى ئاشتەوایى و مرۆدۆستى یان بڵاوكردەوە، دواتر كە كەسانێك لەناویدا تەماحى دنیا بوغراى كردن بە ناوى ئیسلام و دەوڵەتەوە گەورەترین كارەساتى مرۆیى بەكوشت و كوشتار نایەوە، * بەر لەوەى فتوحات بگاتە ئەندەلوس لەشكرو سوپاى خەلافەت بەتەنیا بۆ بەهانەوەچوونى ئافرەتێكى مووسڵمان گەورەترین وەیشومەى لەو وڵاتە دروستكرد .
دەگوترىَ دیكتاتۆرى گەورە دیكتاتۆرى بچووك دروستى دەكات، یان گەلى كپ و خامۆش و قایل بەهەموو حاڵێكى باش و خراپ دیكتاتۆر دروستدەكەن، هاوكات شۆڕشگێڕانى دوێنىَ بكوژانى دیموكراتیەتى ئەمڕۆن، خۆ خەڵكى وڵاتانى عەرەبى شۆڕش لەدواى شۆڕشیان بۆ وەدەرنانى داگیركەران بەرپادەكرد، چ ئەحمەد عورابى، یان عومەر موختار، یاخوت كەریم قاسم، لە پێناوى گەڕاندنەوەى خۆرى ئاوابووى ئازادى تێكۆشان و لە ژیان و خۆشیەكانى یاخى بوون، كەچى عومەر موختار قەزافیەكى جێهێشت و عورابیش حسنى موبارەكێك و كەریم قاسمێكیش سەدامێكى كەلەشەق، كەواتە دروشمى ئازادى لە كۆن و نوێدا قابیلى رەخنەلێگرتنى وردو هەستیارە جا هەر كەسێك بەرزى بكاتەوە، ئەگەری زۆریش هەی بەخۆیدا قڵببێتەوەو عەكسى ماناى خۆى بگەێنێت.
* وتەى فەیەلەسوفێكى ئەوروپیە.
* لە كتێبى شۆڕشى فەڕەنسا، ئا – هەورمان وریا قانیع وەرگیراوە.
* كۆمەڵگا لە سایەى خەلافەتدا، ئا- فوئادى مەجید میسڕى وەرگیراوە.
shakawan77@yahoo.com