Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دیسانەوە ستراتیژى بامێ…… مەجید ساڵح

دیسانەوە ستراتیژى بامێ…… مەجید ساڵح

Closed
by June 5, 2008 گشتی

  ساڵى دووهەزاربوو بابەتێكم بە هەمان ناونیشان نووسیی، تێدا باسى ئەوەم كردبوو كەوا جوتیارى كورد تەنها "ستراتیژی بامێی" هەیە. ئەو زەویە جوان ونازدارەى بە بامێ دەچێنێ، چونكە بامێ زوو پێدەگات و زووش دەفرۆشێت. بیر لەوە ناكاتەوە لەو زەویەدا باخێكى میوەجات بچێنێ و خوى ومنداڵ ونەوەكانیشى سودى لێ ببینن. برادەرێكم كە هەم سیاسیەتەمدارێكى ناودارو هەم وەزیرێكى سەركەوتووە، لەو كاتەدا دەستى لە هەردوو پۆستەكەى كێشابووە، دەستخۆشى زۆرى لێكردم. چونكە خۆى گەڕابووەوە بۆ گوندەكەى و باخێكى لە دڵى گەرمیانى وشكوبرنگدا دروستكردبوو. هیچ كام لە برادەرانمان بە تەماى ئەوە نەبوون رۆژێك بێت لە سێبەرى ئەو دارانەدا دانیشین وچاییەك بخۆین. یەك دوو ساڵى نەبرد، نەك چا، بەڵكو بەرى دارەكانیشمان خوارد، جگە لەوەش جارجارە بە سەوقاتى سەروعەلاگە قەیسى وهەنار وقۆخمان بۆ دەهات. لە پاڵ دارەكانیشدا هەم بامێ و هەمیش پاقلەى رواندبوو، كورد واتەنى بە تیرێك دوو جۆر نیشانەى شكاندبوو. پێم وانەبوو ئەو بەرێزە  پێویستى بە فرۆشتنى چەند كیلۆیەك میوە بێت بۆ ئەوەى داهاتەكەى زیاد كات، بەڵكو بۆ ئەوەى بوو بیسەلمێنێت مرۆڤ گەر ئیرادەى هەبێت دەتوانێت لە گەرمیانیشدا باخ بڕوێنێ. ئەو زەویانەى ناوەڕاست و باشورى عێراق چییان لە زەوییەكانى كوردستان زیاترە، بەوروبارانەى كە لە كوردستانەوە دەچن بۆ ئەوێ و لێرە كەس سود لە دڵۆپێك ئاوەكەى وەرناگرێت بە هەزاران باخیان دروستكردوە. حكومەتى عێراق بەم حاڵەشیەوە كارئاسانى زۆر بۆ جوتیاران دەكات، لە پێش هەموو شتێكیشدا دەركردنى بیرى "ستراتیژى بامێیە" لە مێشكیاندا. جگە لەوەش گوشاردەخاتە سەر حكومەتەكەى خۆمان و داوا دەكات ئاوى سەدەكانى دوكان ودەربەندیخان بەردەینەوە. بەڵام حكومەتەكەى لاى ئێمە بە هەزاران دۆنم زەوى بە ناوى دروستكردنى باخەوە داوەتە بەرپرسەكان، كەچى دەنكە بامێیەكیشیان تێدا نەڕواندوە. حكومەتێك خۆى ستراتیژى بامێی هەبێت چۆن دەتوانێت دار بڕوێنێ.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.