Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
عەبدولئیلا محێدین.. جیهانێك لە داهێنان و تەمەنێك لە مۆسیقا

عەبدولئیلا محێدین.. جیهانێك لە داهێنان و تەمەنێك لە مۆسیقا

Closed
by June 5, 2008 گشتی

  دیمانە: سەردار زەنگنە……….

 هونەرمەند عەبدولئیلا محێدین، هونەرمەندێكی هەست ناسكی شاری كەركووكە، هونەرمەندێك كە دەیوست بە كەمانەكەی جیهانێك بخوڵقێنی، عەبدولئیلا محێدین لە بنەماڵەیەك خوڵقابوو، باوكی مەلای مزگەوت بوو، بۆیە هونەر و مۆسیقا تا ڕادەیەك شوورەیی بوو، ناوبراو شانبەشانی مۆسیقاش جاروبار خولیای شانۆیی هەبووە، لە سەرەتای حەفتاكاندا لە كەركووك لە چەند شانۆگەرییەك پشكداری كردووە، لەوانە (ئەحمەد بەگی كۆماسی).
 هونەرمەند لێرەوە عەشقی بۆ مۆسیقا گەشە دەكات، زۆرجاریش لە بۆ پڕۆڤەكردن و فێربوونی مۆسیقا لەلای مامۆستاكەی كە ناوی (ودمەن)ە، لە قوتابخانەی خۆی دەدزێتەوە و لەگەڵ دەرچوونی قوتابییان لە قوتابخانە، خۆی دەكات بە ماڵەوە، هێدی هێدی خەونەكانی گەورە دەبن و كاتێكیش ناوی بۆ سەربازی دێت، دەچێتە جۆق و مۆسیقای سەربازی و لەگەڵ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (شەوكەت ڕەشید) دا پێكەوە كار دەكەن و هەر لەوێدا بە نۆتەی جیهانی ئاشنا دەبێت، لە هەمبەر پشكداری كردن لە دامەزراندنی یەكەم تیپی مۆسیقا لە كەركووك پێی ڕاگەیاندین، كە هەر پاش تەواو كردنی خزمەتی سەربازی لە كۆتایی ساڵی 1967 لەگەڵ چەند گەنجێكی خوێن گەرمدا، تیپێكی مۆسیقای خنجیلانە بە ناوی تیپی مۆسیقای (بێكەس)وە دادەمەزرێنن، كە پێكهاتبوون لە (ڕەمەزان زامدار) بە كلارنێت و (سەلاح عەباس) بە ئۆكریۆن و خودی خۆم بە كەمان، توانیمان لەو سەردەمەدا لە چەند بۆنە و ئاهەنگێكدا پشكداری بكەین و دواتر چەند هونەرمەندێكی تری خاوەن بەهرە ڕوویان كردە تیپەكەمان و ناوی تیپەكەمان گۆڕی بۆ تیپی مۆسیقای (سۆلاڤ)، لەوانە خوالێخۆشبووان (شەوكەت ڕەشید) بە ئامێری كلارنێت و (محەمەد ڕەزا) بە كەمان و (عەلی عەزیز) بە ئیقاع و مامۆستا (قادر مەردان) بە كەمان و توانیمان لە ماوەیەكی كورتدا چەندین سردوودی نیشتمانی تۆمار بكەین و چەندین كۆنسێرتمان سازدا. ساڵی 1970 لە هۆڵی (خولد) لە زانكۆی (مستەنسرییە) لە بەغدا بە بۆنەی جەژنی نەورۆز ئاهەنگێكمان سازدا. لە پرسیاری ئەوەی چ ساڵێك بوو لە تیپی ڕەشید لە بەغدا كارت كردووە، گوتی: لە ساڵی 1970 لە تیپی ڕەشید لە بەغدا وەرگیرام و ساڵی 1973 گواسترامەوە بۆ تەلەفزیۆنی بەغدا و ساڵی 1980 لەسەر داوای خۆم گوێزرامەوە بۆ تەلەفزبۆنی كەركووك و پاشان كرام بە سەرۆكی بەشی مۆسیقا لە تەلەفزیۆنی كەركووك. حاڵی حازر خانەنیشنم و ئەندامی ناوەندی كەركووكی ڕێكخراوی هونەرمەندانی كوردستان و ئەندامی كۆمەڵەی هونەر و وێژەی كوردی لقی كەركووكم و تا دوا هەناسەم لە خزمەت كردنی میللەتەكەمدا دەبم.
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.