دوا ململانێی ئولریکا…… سه‌مه‌دی مه‌لا ئه‌حمه‌د
" ده‌چمه ته‌والێتی ئه‌و ماڵه‌ی تێیدا ده‌ژیاین، نازانم ئه‌و کات چه‌ند ساڵان بووم. به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی دایک و باوکم جیابوونه‌وه من ته‌مه‌نم حه‌وت ساڵان بوو، دواتر ماڵمان له‌وێ گواسته‌وه، به‌هه‌ر حاڵ یه‌که‌م جار که دایکم بۆ کێشه‌ی زێدانم بنزگم بردمی بۆ لای دکتۆر بلومگرێن من چوارساڵ بووم. ئه‌مه مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه. نازانم چه‌ند ساڵ بووم که رویدا، ئه‌وه‌ی من به کێشه‌ی ده‌زانم، به‌ڵام، من ده‌چمه ته‌والێته‌که‌وه و پانتۆڵه‌که و ده‌رپێکه‌م داده‌که‌نم و له‌سه‌ر کورسی ته‌والێته‌که داده‌نیشم و میزدهکهم. ئه‌وسا ئه‌و دێت، ئه‌و ساتانه‌م زۆر باش له‌بیره، به‌تایبه‌تی ئه‌و وێنه‌یه له مێشکمدا چه‌سپیوه: چۆن ئه‌و دێته ژووره‌وه کاتێک من له‌سه‌ر کورسی ته‌والێته‌که دانیشتووم، کورسێکه هێند به‌رزه قاچه‌کانم ناگه‌نه سه‌ر زه‌ویه‌که، هه‌ر چوارده‌وری خۆم به ڕوونی ده‌بینم، ساف و بێگه‌رد ته‌نها ئه‌و نه‌بێت.
ئه‌و ته‌نها ته‌مێکی خۆڵه‌مێشییه، نزیکتر و نزیکتر ده‌بێته‌وه. من هه‌وڵده‌ده‌م هه‌ڵبستم و ده‌رپێ و پانتۆڵه‌که‌م ههڵکێشمهوه ئه‌گه‌رچی میزهکهشم به‌ته‌واویش نه‌کردووه، به‌ڵام ئه‌و به‌رله‌من فریاده‌که‌وێت. پاشان، ده‌یه‌وێت، ئه‌وه‌ی گه‌رکیه‌تی بیبات به‌بێ ئه‌وه‌ی من بتوانم به‌رگرییه‌ک له‌خۆم بکه‌م. ئه‌وه بڕیاری هه‌موو شتێک ده‌دات و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا هه‌یه، به‌منه‌وه. ئه‌و باوکمه. هه‌رچی بوێت له‌مندا ده‌یبات، ئه‌وه‌ی پێویستێتی ده‌یبات به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێبداته من و من چۆن هه‌ستده‌که‌م، چ ده‌ره‌نجامێکی ده‌بێت بۆ. هه‌موو شته‌کان ده‌بات. جا من نامه‌وێت، یان ئه‌مه کارێکی هه‌ڵه و قه‌ده‌غه‌یه، له‌شم ده‌سوێت، ده‌شکێت، درزدهبات، خوێنی لێدێت و سه‌قه‌ت ده‌بێت کاتێک ئه‌و کێری ده‌کات به‌مندا، ده‌یهێنێ و ده‌یبات تا ره‌حه‌ت ده‌بێت. ئه‌و گوێناداته من ئه‌گه‌ر به‌رگه بگرم یان بمرم، ته‌نها ئه‌وه‌ی مه‌بستێتی له‌منی ده‌بات.
بۆ به‌یانی له‌سه‌ر مێزی نانخواردنه‌که وه‌ک ئه‌وه‌ی که هیچ ڕووینه‌دابێت وه‌ک خێزانێکی ئاسایی داده‌نیشین.
ئه‌وه منم که به‌رپرسیارم له سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌بێت وه‌ک خێزانێکی ڕاسته‌قینه و ئاسایی بمێنینه‌وه، وه من به‌رپرسیارم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رواش به‌رده‌وامبین. ئه‌وه منم ده‌بێت بێده‌نگ بم و هیچ نه‌درکێنم، به‌ڵکو ده‌بێت وا بنوێنم به‌گاڵته که هه‌موو شت ئاساییه، به‌شێوه‌یه‌ک خۆشم ده‌بێت باوه‌ربکه‌م. له‌سه‌رمن وه‌ستاوه، که نابێت ئه‌و بڵقه‌که بته‌قێت و حه‌قیقه‌تی تاوانه زه‌به‌لاحه‌که، ده‌رکه‌وێت.
ئه‌وه منم ده‌بێت خۆم بکه‌مه دوو که‌رته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی ئه‌مه بێم، خۆم بکه‌مه دوان، ئه‌و ئولریکا بچووکه‌ی ئازایه و ره‌قه و گوێ ناداته هیچ شتێک و قه‌ت هه‌ست به هیچ ناکات. هه‌ردووکمان پێکه‌وه ده‌ژین (لێره‌دا مه‌به‌ست هه‌ردوو ئولریکاکهیه)، زیندومانه، یه‌كێکمان هێدی هێدی ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ده‌یداتێ و له‌گه‌ڵی ده‌یکات، گه‌وره‌که‌ی تریشیان له‌شوێنێکی مندا له سوچێکدا خۆی ده‌شارێته‌وه، له شوێنێک له‌ناوی ناوه‌وه‌ی مندا.
به‌ڵام له‌سه‌ر زه‌وی ته‌والێته‌که، له‌وشوێنه‌وه‌ی که ده‌ستیپێکرد، که من وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بیرم ده‌که‌وێته‌وه، هه‌موو شته‌کانی ده‌وروپشتم به‌ڕێکو ڕه‌وانی ده‌بینم: ده‌ستشۆره‌که له‌لای چه‌په‌وه، مه‌کینه‌یه‌کی جلشتن. پاشان دۆڵابه‌که‌ی له‌ژێر جێگای جلی چڵکنه‌کان دانرابوو له‌و ماڵه‌ی تێیدا ده‌ژیاین، باوکم و دایکم و فرێدریک و ریکارد و من. قاچه‌کانی ئه‌و دۆڵابه. ئه‌و زه‌ویه سارد و ره‌قه‌ی ژێر ئه‌ژنۆ و پێیه‌کانم و له‌پی ده‌ستم. ئه‌و ئازار و ته‌زووه‌ی پیامدا ده‌هات وایلێمدهکرد خه‌ریکبوو ببورێمه‌وه. قاچه‌کانی دۆڵابه‌که، چۆن چۆنی بوون، کورسی توالێته‌که، کاشییه سپییه‌که، بۆریه ئه‌ستوره چه‌ماوه‌کانی ژێر ده‌ستشۆره‌که‌ی ئاویان پیادهروات، چۆن؟ چۆن له‌وێدا وه‌ستابووم، وه‌ک ئاژه‌ڵێک. گۆپکه‌کانی دۆڵابه‌که. چۆن ده‌رگای ته‌والێته‌که کرایه‌وه، جارێکی دی داخرایه‌وه. چه‌کمه‌جه‌کانی دۆڵابه‌که، روبه‌ره‌کانی، چ ساختارێکی هه‌بوو.
که‌واته شتێک له‌ویادا ڕوویدا، هه‌ر ته‌واو له‌و شوێنه‌دا. ئێشێکی له ڕاده‌به‌ده‌ری ده‌هات. کاتێکیش ده‌رگاکه داده‌خرایه‌وه، ده‌بوو من هیچ شتێک لای هیچ که‌سێک نه‌ڵێم.
شتێکم به‌سه‌ردا هات و شتێکیش مرد. ئه‌و ئولریکایهشی که ملی دا بۆ ئه‌م کاره به‌زیندوێتی تا هه‌تایه مایه‌وه. ئه‌وێک که ده‌یتوانی خۆی بگۆڕێت بۆ هه‌ر شتێک که بیه‌وێت: کردنی درۆیه‌ک به حه‌قیقه‌ت، لاقه‌کردنێک به‌شتێک که هه‌رگیز ڕووینه‌داوه. جیقوفلیق هاتنه‌وه به ئه‌وپه‌ڕی ده‌سته‌ڵات. ئه‌وێک که خۆی شه‌ڕه، ئه‌و کارایه‌و ئیشی خۆی ده‌زانێت. منیش ناتوانم هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م کارانه ڕقم لێیبێت. ئه‌و به‌کاربوو له ئیشی خۆیدا، ئه‌و بۆ یه‌که‌مجار هه‌ر له زه‌وی ته‌والێته‌که‌وه ژیانی منی ڕزگارکرد بۆ ئه‌وه‌ی من له‌وێ به‌رێ و بهێڵێت بمرم و ئه‌و خۆی جێگای من بگڕێته‌وه. ئیدی ئه‌و بۆ ماوه‌ی سی ساڵ له‌و کاره‌ی به‌رده‌وامبوو. تا کاتی ئه‌و ته‌واوبوو. ئه‌وه‌ش ڕێک له‌کاتی سکبوونمدا بوو به یوئێلهوه. ئه‌وه که‌وته کار، هه‌ر له زه‌وی ته‌والێته‌که‌وه بۆ یه‌که‌م جار کردی و ژیانی منی رزگارکرد به‌وه‌ی من له‌وێ به‌رێت. رێگام بات بمرم، و جێگاکه‌م بگرێت. به‌م ره‌وته‌ش بۆ ماوه‌ی سی ساڵ به‌رده‌وامبوو. هه‌تا کاته‌که‌ی ته‌واوبوو. ئاواش بوو، به مسۆگه‌ری، له ماوه‌ی زگپریم به یوئێل."
ئه‌م چه‌ند دێڕه نووسینی ئولریکا ئولسۆنه له کتێبه‌که‌یدا به‌ناوی (دوا ململانێی ئولریکا). ره‌نگه خوێنه‌ر ئه‌مه به شتێکی فهنتازیاکراو له قهلهمبدات، وه‌ک روداوێکی ئه‌فسانه ئامێز.
به‌ڵام من بۆ خۆم، ئێواره‌یه‌ک له ماڵه‌وه دانیشتبووم و سه‌یری ته‌له‌فیزیۆنم ده‌کرد. له که‌ناڵی یه‌ک یان دووی ته‌له‌فیزۆنی سویدیدا به‌رنامه‌یه‌ک ده‌ستیپێکرد، ساڤای کچم یه‌کسه‌ر بهرنامهپێشکهش که‌ره‌که‌ی ناسیه‌وه و گوتی: بابه ئه‌و ژنه جاران به‌رنامه‌ی منداڵانی پێشکه‌ش ده‌کرد، به‌ڵام ده‌مێکه له‌وێ نه‌ماوه.
کات له هه‌شتی ئێواره تێپه‌ری بوو بۆیه ساڤا شه‌وباشی کرد ونۆره‌ی دایکی بوو بچێت بیخه‌وێنێت، منیش به‌دیار به‌رنامه‌که‌وه دانیشتم.
به‌رنامه پێشکهرهکه، ده‌ستیکرد به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند دێرێک له‌و به‌شه‌ی سه‌ره‌وه له کتێبێک‌دا، نه‌یتوانی خۆی بگرێت و دڵی پربوو. پاش ئه‌وه‌ی زۆری له‌خۆی کرد خوێندنه‌وه‌که ته‌واوبکات، گوتی به‌خێربێیت (ئولریکا) نووسه‌ری ئه‌م کتێبه.
به‌ڵێ ئولریکا بۆ خۆی دانیشتبوو، که‌وته وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان.
ژنێکی سیوههشت ساڵانه، زۆر له‌سه‌رخۆ و به ته‌واوی بروابوون به‌خۆ، هێدی هێدی وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه.
پرسیاره‌کان زۆر راسته‌وخۆ و هه‌ست له ئامێزبوون. باسی ئاوهه‌وا نه‌بوو، باسی سیاسه‌ت نه‌بوو به‌ڵکو له ساڵانێک ده‌دوا ئولریکا جه‌سته و گیانی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک تیایاندا له‌ده‌ست دابوو. ساڵانێک هێنده سه‌خت بوون ئولریکایان کردبووه دوو که‌سایه‌تی. که‌سایه‌تیه‌ک ئه‌و ئولریکایهبوو وای ده‌زانی ژیان بریتیه له لاقه‌کردنێکی به‌رده‌وام. واتێدهگهیشت له‌شی ژن هه‌ر بۆ ئه‌وه‌کراوه ویست و ئاره‌زووه سێکسیه‌کانی پیاوی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک تیا بره‌وێنێته‌وه. له‌ولاشه‌وه ئولریکایهک به‌هه‌موو تهقهلایهکیهوه ده‌یویست به‌ره‌نگاری ئه‌م باره ناهه‌مواره ببێته‌وه و خۆی بخاته‌وه سه‌ر رێگا ئاساییه‌که‌ی ژیانی. له ته‌رازوی ئه‌م ململانێیه‌دا ژیانی ئه‌م ئینسانه ئاخۆ چۆن بوبێت.
کاتێک ئولریکا هێمنانه و زۆر له‌سه‌رخۆ ئه‌و ژیانه یان بابڵێین ئه‌و دۆزه‌خه‌ی له چوارچێوه‌ی ته‌له‌فیزۆنه‌که‌وه بۆ منی بینه‌ری ده‌گێڕایه‌وه، هه‌موو له‌شمی سڕدهکرد و واقورماو گوێم بۆ باسه دڵته‌زێنه‌کانی هه‌ڵده‌خست. هه‌ر بۆ به‌یانی خێرا خۆم گه‌یانده کتێبخانه‌ی گه‌ره‌که‌که‌مان و خۆم له نۆره‌ی قه‌رزکردنی کتێبه‌که‌یدا ناونووسکرد.
ئولریکا کاتێک ته‌مه‌نی سێ چوار ساڵائهبوو، دایک و باوکی به‌هۆی کێشه‌ی خێزانی جیابوونه‌ته‌وه و دایکی له‌ته‌ک دوو براکه‌ی ئه‌مدا گواستویهتێوه ماڵێکی دی و پاش ماوه‌یه‌ک هاوسه‌رێکی! بۆخۆی دۆزیه‌وه. به‌ڵام ده‌بوایه ئه‌م، ئولریکا، هه‌موو پشووی هه‌فته‌یه‌ک بچوایه بۆلای باوکی و له‌وێ بمایه‌ته‌وه. وه‌ک خۆی ده‌ڵێت حه‌زی به‌هاتنی پشوی هه‌فته نه‌ده‌کرد و ده‌یگوت چوونم بۆ ئه‌وێ وه‌ک چوونم بۆ جه‌هه‌ننه‌م بێت، هه‌نگاوه‌کانم خاوده‌بوونه‌وه و قاچه‌کانم له‌شمی هه‌ڵنه‌ده‌گرت. ده‌یزانی چ ئاکامێک چاوه‌روانی ده‌کات، ده‌بێت به پارچهکۆشتێک و ده‌که‌وێته به‌رده‌م ئاژه‌ڵێکی دهرنده و ونجر ونجری ده‌کات و ناشبێت هاواربکات و ده‌نگی لێوه‌بێت.
هه‌فته له‌دوای هه‌فته، مانگ له‌وای مانگ و ساڵانیشی گرته کۆڵ و ئه‌م نهێنیه تاڵه پر ئازاره‌ی له گیان و ده‌رونیدا له‌ته‌ک هه‌ڵچوونی ته‌مه‌نیدا هه‌ڵگرتووه و پاراستوویه‌تی. تاکه‌ی؟ ئه‌ی چۆن ئه‌م له‌ش و گیانه به‌رگه بگرێت؟
ئولرکای بچوک هه‌موو شه‌وێکی پشوو ئه‌می به‌کێش ده‌کرده ده‌ره‌وه و له‌م رێستوران بۆ ئه‌و بار و له‌م ئاهه‌نگ بۆ ئه‌و دانیشتن و کۆڕی خۆمه‌ستکردن. ده‌رئه‌نجامیش هه‌رکه‌سێک بیبردایه‌ته‌وه، کێ راپێچی ماڵی خۆی بکردایه، ئه‌وه بۆ ئه‌م، بۆ ئولریکای بچوک بریتی بوو له هێورکردنه‌وه و دامرکاندنه‌وه‌ی گڕ و گه‌رمی به جۆشی ناوه‌وه‌ی ئه‌م. به‌مه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، ئولریکای بچوک، پاش خواردنه‌وه‌ی ئه‌لکحول که‌وته تاقیکردنه‌وه‌ی جۆره‌کانی کێشان، له جگه‌ره‌وه بۆ حه‌شیشه و تلیاک. ئیدی له‌م بواره‌دا هه‌تا ده‌هات ده‌پوکایه‌وه، ده‌بووه په‌ڕۆیه‌کی بێ‌نوێژ له‌به‌رده‌می پیاوه‌کاندا.
ئولریکا وه‌ک خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، ئه‌و رۆژانه‌ی له‌لای باوکیبوو ته‌نانه‌ت حه‌زی نه‌ده‌کرد میزبکات، رقی له میزکردن بوو له‌ترسی لاقه‌کردنی باوکی. هه‌ربۆیه وه‌ک ده‌رئه‌نجامێکی قورس، توشی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن بوو. نه‌خۆشی ئۆرگانی میزکردن. که دکتۆره‌کان ده‌یگێرنه‌وه بۆ ئاکامی لاقه‌کردن و قه‌تیسمانی میز بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ له له‌شیدا.
له‌پاش پتر له سی ساڵ، ئولریکا به‌رده‌وام سه‌ردانی دکتۆردهکات بۆ چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن.
له ته‌مه‌نێکی زۆر زوودا ئولریکا چه‌ندین جار دایکی ئاگادارکردۆته‌وه که ئازاری هه‌یه. ئازاری ئۆرگانی میزکردن و ناو له‌شی. سه‌یر له‌وه‌دایه نه دایکی و نه دکتۆره‌کان درکیان به هۆکاری ئازاره‌کانی ئه‌م نه‌کردووه. ده‌کرێت کێشه‌که‌یان به‌هه‌ند نه‌زانیبێت و پشتگوێ‌یان خستبێت.
ئه‌م درهندییهی باوکی به‌رده‌وامبوو، ئه‌گه‌رچی باوکی هاوسه‌رێکی نوێی بۆ خۆی دۆزیبووه‌وه به‌ڵام له لاقه‌کردنی ئولریکا نه‌که‌وتووه. به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌لی قۆستۆته‌وه کاتێک هاوسه‌ره‌که‌ی نووستووه، ئینجا هاتۆته گیانی ئه‌م. پاش ئه‌وه‌ی حه‌ز و چێژه‌کانی خۆی پێدامرکاندۆتهوه، ئینجا به‌وردی چه‌رچه‌ف و سه‌رجێگا خوێناوی و پیسه‌کانی شاردۆته‌وه و نه‌یهێشتووه هاوسه‌ره‌که‌ی هه‌ست به هیچ بکات.
ئولریکا له لاپه‌ره 135 وادهنوسێت
"ئه‌وه ئێستا ئه‌و له‌به‌رده‌مما ده‌بینم: ئه‌و له‌شه زله له‌به‌رده‌مما ده‌بینم، هه‌ست به قورسیه‌که‌ی ده‌که‌م به‌سه‌رمه‌وه. ئه‌و له‌شه قورسه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م بچوکه‌ی منه‌وه. به زه‌حمه‌ت ده‌توانم هه‌ناسه‌بده‌م کاتێک خۆی ده‌دا به‌سه‌رمدا. ئه‌و زۆر قورسه. من زۆر بچوکم له به‌راورد به‌ودا. هه‌ست به خۆپیاکێشانیدهکهم به سکم و قه‌فه‌زه‌ی سکمدا و هه‌ست به بۆنی کحولی هه‌ناسه‌ی ده‌که‌م که ده‌یدا به ڕوومدا. کێری که ده‌یگێڕا بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌که‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، هه‌ڵساو و ره‌ق، هه‌ر زۆر گه‌وره، ده‌مزانی چ ئازارێکم ده‌دات، ده‌مزانی به‌شێنه‌یی شوێنی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، ئه‌و کونه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت و تێیدهخات به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێبداته ئه‌وه‌ی به‌و کاره‌ی چۆن له‌شم هه‌ڵده‌وه‌شێنێت. بێگوێدانه ئه‌وه‌ی من چه‌ند خوێنم لێدێت.
چاوی ده‌بینم، بیلبیله ره‌شه‌کانی، ده‌بینم چۆن سه‌یرم ده‌کات، واهه‌ستده‌که‌م من ونبم. ناتوانم له چاوه‌کانی قوتاربم. ده‌سه‌ڵاتی چاوی. واملێده‌که‌ن بتوێمه‌وه. ونبم. ببمه شتێکی دی وه‌ک له‌وه‌ی هه‌م. ببمه هیچ. یان ببمه هی ئه‌و. هه‌ستێکی وا هه‌بوو که من هی ئه‌و بم، موڵکی ئه‌و.
جارێکی دی، ئه‌و ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر مندا ده‌شکێت. کاتێک که ئیدی ئولریکای پچووک توانای هیچ شتێکی نه‌ماوه. له‌وکاته‌دا که ده تا یانزه هه‌فته‌ی سکپڕبوونی ماوه وه‌ک چۆن فلمێک ده‌ستپێده‌کات و به‌ره‌و کۆتایی ده‌ڕوات.
هه‌موو ژان و خه‌وه‌کان ده‌خاته ژێر سێبه‌ری خۆی. چونکه خودی مه‌سه‌له‌که له‌وه‌دابوو. هه‌ر هه‌مووی. ژان و باره نائاسییه‌که‌ی له‌ش و هه‌ستم له خهوهبێدهسهڵاتهکانمدا. ئه‌وه‌ی چۆن باوکم جار له‌دوای جار لاقه‌م ده‌کات. ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌مندا که‌ی ویستی ده‌یبات به‌بێ ئه‌وه‌ی من هیچ مافێکم هه‌بێت ، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک جگه له موڵکه‌که‌ی ئه‌و نه‌بێت. دیاره ئه‌مه ئاوایه‌و ڕوونه. وا هه‌ستده‌کرێت که پاڵ به‌سه‌رته‌وه نراوه بۆ ناو ئاوێک و نا‌توانیت هه‌ناسه بده‌یت. وه‌ک به‌وه‌ی یه‌کێک ده‌ستی له‌سه‌ر سه‌رت بێت و نه‌هێڵێت به‌رزی که‌یته‌وه. ناشتوانیت به‌بێ هه‌وا بژیت. به‌ڵام هه‌رده‌بێت وابکه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ی که سه‌رم به‌ره‌و خواردهبات و ناهێڵێت ههڵیبڕم، من ده‌بێت نه‌هێڵم وا‌بکات، ئه‌گه‌رچی ناشبێت"
ئای که سه‌خته منداڵێک ناچاربکرێت به ئازارێکی نهێنی ئامیز، ئازاریکی بێ نمونه بژی. بی پاڵپشت و په‌نا.
ئاخۆ ئه‌و هه‌موو ئیش و دلهراوکێیه چۆن له‌و مێشکه بچوکه‌دا هه‌ڵبگرێت؟ چۆن بیربکاته‌وه؟ ترسیش، ترسی باوکی وه‌ک مۆته‌که به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه. شه‌وانه و له‌جێگادا، چۆن تلبات و ئه‌مدیو و ئه‌ودیو بکات. گینگڵدانه، گینگڵدان.
وای له‌و ساته ناهه‌موارانه‌ی ئولریکا، لێره‌دا پرسیار له تۆ و له‌خۆم ده‌که‌م: داخۆ چه‌ند ده‌سته خوشکت هه‌بێت له‌م دونیایه، هاو خه‌م و هاو ئازارتبن؟
به‌ڵام کامیان هێنده‌ی تۆ ئازان و په‌چه‌ی سه‌ر رووی ئازاره‌کان هه‌ڵده‌ماڵن و ده‌روونی ئێمه‌ی گه‌وره‌ی پێ راده‌چڵه‌کێنن؟
ئولریکایهک، به لاپه‌ره‌کانی نێو دوو کتێب ویژدانه‌کان، ئه‌گه‌ر بۆ ساتێکیش بێت، ده‌جوڵێنێت.
ئولریکا به‌ر له کتێبی (دوا ململانێی ئولریکا) کتێبێکی به‌ناوی (هه‌زارویه‌ک جاره)ی خسته به‌رده‌م خوێنه‌ران و بۆ یه‌که‌مجار خه‌ڵکی به نهێنیه پرئازارهکانی ئاگادارکرد.
ئه‌گه‌ر له‌لایه‌که‌وه ئولریکا به ئاشکراکردنی ئازاره‌کانی ئێمه‌ی راچڵهکاندبێت و به ئاگای هێنابینهوه. نیشانی دابین ئه‌م کۆمه‌ڵه له ناخیدا زۆری نهێنی له‌م جۆره له ئامێزی گرتووه. له‌ولاشه‌وه، وه‌ک خۆی ئاماژه‌ی پێده‌کات، به‌م کاره‌ی توانیویه‌تی یارمه‌تیه‌کی زۆری خۆی بدات تا هێدی هێدی بکه‌وێته‌وه سه‌ر پێی خۆی و رێره‌وی ژیانێکی ئاسایی، سه‌ره‌تایه‌کی تازه بۆ ژیانێکی تازه دروستبکات. نووسینه‌وه‌ی هه‌سته‌کان، خه‌مه‌کان و ئازارهنووستووهکانی ناودهروونی، بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی درزێک بکاته ئه‌و ده‌رگایه‌ی به روویدا داخرابوو نه‌یده‌هێشت بای ئازادی خه‌مه‌کانی برهوهێنێتهوه. نووسینه‌وه بۆخۆی ره‌وینه‌وه‌ی هه‌سته قهتیسماوهکانه، گوڵبێنهیه و دوکه‌ڵی په‌نگخواردووی خه‌مه هه‌ڵقرچاوه‌کانی لێوه ده‌رده‌چێت.
ئولریکا، پاش ئه‌وه‌ی له یوناس دوو منداڵ (ئێمیل و ئه‌ماندا) دروست ده‌کات، له‌سه‌ر شێوه ژیانه ناساناکهی به‌رده‌وام ده‌بێت. یوناس چه‌ندین جار له نیوه‌شه‌ودا به ته‌له‌فون به‌ئاگا هێنراوه‌ته‌وه و ئه‌م گه‌ره‌ک و ئه‌و گه‌ره‌ک گه‌ڕاوه به‌دوای ئولریکایهکی له‌هۆش که‌وتوو و لێبۆوه و به‌کێشی کردۆته‌وه بۆ ماڵه‌وه.
پاش جیابوونه‌وه، ئه‌م هه‌ر له‌سه‌ر به‌زمی خۆی ده‌بێت. وه‌ک خۆی ده‌ڵێت، ده‌یزانی که‌ی ده‌چێته ده‌ره‌وه به‌ڵام هیچ جارێک نه‌یزانیوه له‌کوێ ده‌گیرسێته‌وه.
شه‌وێک لهوشهوانه، به‌رێکه‌وت له بارێک، (لوکاس)ی کارگێری بانکێک سه‌رنجی بۆ لای ئولریکا ده‌چێت و ده‌چێته دڵیه‌وه. بۆیه له‌ته‌ک خۆیدا ده‌یباته‌وه بۆماڵه‌وه. ئیدی ئه‌م بردنه‌وه‌یه رێچکه‌ی ژیانی ئولریکا ده‌گۆرێت و به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی روون ده‌یبات.
پله‌ی عه‌شقی لوکاس ده‌گاته ئاسمان، به‌وره‌یی، له‌سه‌رخۆیی، هێمنی و نه‌فه‌س درێژی ئه‌م ئینسانه وایکرد کۆڵنه‌دات و له‌ته‌ک ئولریکادا بروات. بهکێشیکرد به‌ره‌و سه‌فه‌رێکی تازه. سه‌فه‌رێک به زگپری ده‌ستیپێکرد. دروستبوون و هاتنهژیانی (یۆئل) ململانێیه‌ک بوو مردنی تارمایی ترس و درنده‌یی چه‌ند ساڵه‌ی باوکی تیامرد.
له‌سه‌رتای کتێبه‌که‌دا ئولریکا ده‌ڵێت
"یه‌ک شت روونه له‌لام، ئه‌ویش ئاره‌زووم بۆ ژیان هه‌موو کات له هه‌موو شت به‌هێزتربوو. بێگومان من هه‌رده‌م ئه‌و پرسیاره‌م له‌خۆم کردووه که بۆچی من ده‌بێ توشی ئه‌و سه‌ره‌تا تاڵه ببم. به‌ڵام ره‌نگیشه وابێت که من ده‌بوایه ئه‌و ئینسانه بم له راستیدا بتوانێت به‌رده‌وامبێت له ژیان به‌بێ هیچ وه‌ڵامێکی ئه‌و پرسیاره. ئێستا، له ته‌مه‌نی 38ساڵیدام، ناتوانم وه‌ک 38 ساڵێک هه‌ست به‌هه‌موو شته ڕه‌چاوکراوه‌کان بکه‌م.
ده‌مه‌وێت له‌رێگای ئه‌م کتێبه‌وه ئاگادارتان بکه‌م که ئینسان ده‌توانێت به ناو سهخرترین باردا بروات و له کۆتاییدا به باشی بژی بێ گوێدانه ناوه‌خنی کۆڵه پشته‌که‌ی. به‌ڵام به‌پێی ئه‌زمونه‌کانم هیچ قه‌دبڕێک نییه بۆ چاکبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی.
ئه‌گه‌رچی دیدی گشتی بۆ دووگیانی، ئه‌رینیی (پۆسه‌تیڤ) و دره‌وشاوه‌یه به‌ڵام من و هه‌ندێک له‌ته‌کمدا جۆرێکی دی له ئه‌زمونمان هه‌یه. بوون به دووگیان ره‌نگه کارێکی دژواربێت و مه‌ترسیداربێت بۆ که‌سێک لاقه‌کردنی به پاشهڵهوهبووبێت. تۆ که له‌م باره‌دا خۆت ده‌بینیته‌وه، روون به له‌ته‌ک خۆت و خه‌ڵکانی دی که چۆن هه‌ستده‌که‌یت، ئیدی هه‌رچۆنێک بێت. قسه له‌ته‌ک خه‌ڵکانی دی بکه. داوای یارمه‌تی له کاتی خۆیدا بکه. کاتێک من رسته‌کانم بۆ دووه‌م کتێبم ئاماده‌ده‌که‌م، چه‌ند ئینسانێک هه‌ن که به‌تایه‌به‌تی بیریان لێده‌که‌مه‌وه:
ده‌مه‌وێت به منداڵه‌کانم، ئێمیل، ئاماندا و یوئێل بڵێم که منداڵ دایک‌وباوکی هه‌ڵنابژێرێت، که‌ستان سه‌ره‌تایه‌کی ساناتان نه‌بوو. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، ئه‌وه بزانن که رابردوو، ئێستا و له داهاتووشدا ئه‌وه‌ی له‌تواناما بووبێت کردوومه و ده‌یکه‌م له پێناوی دڵخۆشی، دڵنیایی و پرهیوایی ئێوه‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی کاتێک که ئێوه گه‌وره‌ده‌بن، هه‌ستبکه‌ن که سه‌رده‌می منداڵی خۆتان ژیاون. بونی ئێوه له‌م کتێبه‌دا ته‌نها بۆ ئه‌وه نه‌هاتووه که مێژوو چاکبکه‌نه‌وه، به‌ڵکو له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵ ده‌بێت له کاری چاککردنه‌وه‌ی خێزانێکی تێکشکێنراودا بوونی هه‌بێت. من ئێوه‌م خۆشده‌وێت.
بۆ (لوکاس)، بیرکه‌وه چه‌ند که‌ممان له‌یه‌کدی ده‌ناسی کاتێک یه‌که‌م جار به‌ر له هه‌شت ساڵ یه‌کمان بینی. هاوسه‌رێتیمان له 4ی ئاوگۆستی 2007 مانیفێستی سهرکهوتنهکانمانبوو به‌سه‌ر گرفته‌کاندا، هیواکانمان بۆ دوارۆژ. له‌مه زیاتر پێویست ناکات بڵێم".
سوید
samadkader@hotmail.com