بەختیار على.. پیاوى خوێنەرە جیاوازەكان
توانا ئەمین
ئەزموونى زیاتر لە پانزە ساڵى دەسەڵاتى سیاسى لەكوردستاندا، كۆمەڵێك چەمكى هێناوەتەكایە یان چەمكگەلێكى ترى پێناس كردووە، كەسەرلەنوىَ داڕشتنەوەو تێگەیشتنیانى كردۆتە كارە نەكردە.. یەك لەوچەمكانەى دونیاى گفتوگۆو نوسین (جیاوازى)یە .
ئەم جیاوازییەى لەم پانزەساڵەى رابردودا بەرى كەوتوین خودى(جیاوازى) خۆى نییە! واتە جیاوازییەكى لۆژیكى نییە لەسەر ئاستو پلەبەندییەكى دروست، جیاوازییەك نییە كە بتوانێت جیاوازى داڕێژێت.. واتە كاتێك دووشت، دوو نوسین، دوو نوسەرمان پىَ لەیەك جیاوازە، لەوەوە نەهاتووە كەیەكێك لەم دوانە خاوەن بوونێكى زیاتر، خوێندوەیەكى فراوانتر، دیدێكى روونترە.. لەباشترین حاڵەتدا لەوەدا كورتبۆتەوە كە ئێمە جیاوازین تەنیا بۆ ئەوەى لەیەك نەچین!! ئێستا وەختە چەمكەكە رەنگوبۆیەكى سایكۆلۆژى بگرىَ، واتە جیاوازییەكانى ئێمە لەیەكتر جیاوازییە لەقیندا!.
لەم مێژووە نوێیەى دونیاى روناكبیرى كوردیدا، كەس هێندەى بەختیارعلى قسەى (جیاواز!)ى لەسەر نەكراوە، بەجۆرێك ئەو نوسینە (جیاوازانە) لەرووى قەبارەوە لەكۆى كارەكانى ئەم نوسەرە زیاترن. پرسیارى زیندوو ئەوەیە؛ ئەمانە چییان وت؟ چییان خستە سەر دونیابینىو ئەبستمى بەختیارو خوێنەرەكانیشى؟!.
هەڵبەتە روونە كەقسە كردن لەبارەى ئەم پیاوەوە سەختەو مرۆڤ دەخاتە ناوتوناوتونو رێگومكەیەكى كوێرەوە، جارێك لەبەرئەوەى بوارى كارى نوسەرەكە زیاتر لەكاییەكەو جارێكیش لەبەر ئەوەى قورسایى ئەم كارانە رێنادات وابەسانایى هەموو خوێنەرێك لەسەر خۆى بێنێتە قسە.
لەڕاستیدا دەمێكە من لەبیرى ئەوەدام وتارێك لەمەڕ ئەم باسە بنوسم، لەسەر تێگەیشتنو ناسكردنى بەختیار على وەك خۆىو بەختیار على وەك ئەوەى هەیە.
بەبڕواى من ئەم نوسەرەى دونیاى ئەدەبى ئێمە خاوەنى سىَ جۆر خوێنەرە.. خوێنەرانێك كەناتونن هەزمى بكەنو لەكورتبینییانەوە بىَ شرۆڤەو لێكۆڵینەوە، راستو چەپى بەسەردا دێننو لەوێب سایتە شەرمەزاروخۆخەجڵەكانەوە ئەوەندە دەڕشێنەوە كەبڕست لەخوێنەرە بەستەزمانەكانى خۆشیان دەبڕن، ئەم خوێنەرە ئەم پیاوەى پێ قوتناچێتو لێرەوە قسەى بڕیوەتەوە كەهەرچییەكى نوسیوەو(هەرچیەكیش لەئایندەدا دەنوسێت!) هى خۆى نییەو دزیوێتى.. جێى داخە ئەم ستێپە لەخوێنەر دیدیان وەك جیكڵانەیان هێندبچوكە كە فرسەتى قبوڵكردنى دەقى گەورەى كوردى لەدەست داوە. دیسان جێى سەرنجو تێبینییە كە بەشێكى ئەم خوێنەرانە لەناو نەوەى دەییەى شەستو هەفتاكاننو لێرەو لەوێش گەراپیسو شڵەقاوەكانین لەگۆمەزارى نەوەى نوێدا چاودەكرێت.
لەسەر ئەم ئەستێرەیە هەرپارتو ئایدیایەك پێویستى بەگەلەككارىو خەڵك لەخۆكۆكردنەوە هەبێت، ئەدەب وەك كایەیەكى خەیاڵكاریى-مەعریفى پێویستى پێى نییە. چونكە ئەدەب ناكۆتا درێژدەبێتەوە، رەنگە تێكستێكى ئێستا لەسەدساڵى داهاتوودا ژیانى خۆى دەسپێبكات. هەموو كێشەى نێوان ئایدۆلۆژیاو ئەدەب نەمرییە.. هەردوكیان هەڵوەداى ئەوەیانە نەمرن.. كەچى هەمیشە ئەدەب یارییەكەى بردۆتەوە.
رەنگە هەر نوسەرێكى دونیا بگریت پێیخۆشبێت ژمارەیەك بچێتە سەر خوێنەرەكانىو كتێبێكى زێدەتر بفرۆشرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە نوسەرەكە بۆخوێنەرەكانى نەیەتە خوارو ئەوان رابێنێت بۆ لاى خۆى سەركەون.
بەشێكى ترى خوێنەرەكانى بەختیار على كەزۆرینەن ئەوانەن كە ئەم پیاوەیان خۆشدەوێت، خۆیان لێدەبێتە پاڵەوانى رۆمانەكانى، دەگوڕێن بە فەرەیدونى مەلەكو سەریاسو جەلادەتو دڵشوشەو ماجەلان.. ئەم جۆرەى خوێنەر وەك عاتیفە دواى بەرهەمى ئەم نوسەرە كەوتوونو زۆرجاران بێئەوەى خوێندبێتیانەوە لەسەرى هەڵدەدەنىَ.. دەیكەنە هەرا.. تا ئاستێك بەختیار علی یان كردۆتە تەوتەمێكى روناكبیرىو هەرئەمانیشن فارس وتەنى هیزمكشى جەنگى نێوان جۆرى یەكەمو نوسەرن.
بەبڕواى ئێمە ئەم خوێنەرە خوێنەرێكى كوشندەیەو خزمەت بەنوسەرو پەیامەكەشى ناكات، ئەمان خوێنەرانێكى مەزاجىو جحێڵن، نەقوڵ دەفكرنو نە قوڵ دەئـاخفن، ئەم نەوەنوێیەى خوێنەرى بەختیار على پشكێكى لەوڕەنگ كوێرییەى جۆرى یەكەمى پێبڕاوەو ناتوانێت لەڕەشو سپى بەولاوە رەنگێكى تر نازبكات.
جۆرى سێیەمى خوێنەرەكانى ئەم پیاوە لەرووى ژمارەوە كەمترینى خوێنەرەكانین، بەڵام دەكارن ئەم پیاوە وەك خۆى بخوێننەوەو لەجێگاو شوێنى خۆشى قسەیان لەهەندێك شوێنى بەختیار على هەبێتو بتوانن ئەوەندە لەگەڵ كارەكانیدا بژین كەهەست بە بچوكترین گۆڕان(نەك گۆڕانى رایكاڵ) لەفكرى نوسەردا بۆنمونە لە چەمكەكانى(نەمرى، عەشق، مەرگ، عەدالەت) لەمەرگى تاقانەوە تا موسیقارە سپییەكانو غەزەلنوس بكەن.
ئەمانە كورتەى جۆرى خوێنەرەكانى ئەم نوسەرەن، بەوهیوایەى لەجێگایەكى تردا بتوانین قسەیان لەبارەوە بكەینو ئەم ستونەش ئێمە نەخاتە هیچ بەرەیەك نە لەدۆستە مەزاجىو نە لەدوژمنە سەرپێییەكانى بەختیار على یەوە.