قه‌یرانی ئاواز‌و گۆرانی و شپرزه‌یی ڕه‌خنه‌کانمان…
دارا مه‌حمود
darachimen@hotmail.com
هونه‌ری گۆرانی و موزیک، له‌قه‌یراندا به‌سه‌رده‌بات، ئاوازی کوردی ته‌عریب ده‌کرێت و له ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی داده‌شۆرێت، قسهڕۆیشتوان و خاوه‌ن بڕیار و خاوه‌ن خه‌زێنه‌کان، ناشاره‌زاو دزو گه‌نده‌ڵکارن… ئه‌مانه‌و چه‌ندان ده‌سته‌واژه‌ی تری له‌م جۆره، په‌یتاپه‌یتا، بێ ڕاوه‌ستان و بڕانه‌وه، له‌ده‌یان بابه‌تی نووسراو له ڕۆژنامه‌و گۆڤار‌و سایت، یان به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنییه‌وه بڵاوکراونهوهو پێده‌چێ هه‌روا به‌رده‌وامیش بێت.
به‌پێی شاره‌زاییمان له بارودۆخی باشووری کوردستان، ده‌کرێ به‌ئاسانی باوه‌ڕ به‌و وه‌سفانه‌ی سه‌ره‌وه بکه‌ین. به‌ڵام به‌ڕاستی مه‌به‌ستی من له‌م بابه‌ته‌دا سه‌لماندنی ڕاستبوون یان ناڕاستبوونی ئه‌مانه نییه. به‌ڵکو مه‌به‌ستم شێوازی لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تیانه‌و چۆنیه‌تی لێدوان له‌دیارده‌و ڕووداو، یان کێشه‌و قه‌یرانه‌کانه.
ئه‌م بارودۆخه‌ی له‌بواری گۆرانی موزیک له‌باشووری کوردستاندا هاتۆته ئاراوه. به‌جیا له‌پرسی ئاست نزمی و ئاست به‌رزی. یان ڕه‌سه‌نایه‌تی و ناڕه‌سه‌نایه‌تی. بهدیوێکداململانێی نێوان به‌ره‌ی کۆن و نوێیه. ململانێیه‌ک که‌ده‌توانێ له‌ناو هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا، به‌تایبه‌تی دوابه‌دوای ڕووداو، قه‌یران، یان گۆڕانکارییه گه‌وره‌کان، به‌دی بێت.
به‌ره‌ی کۆن خاوه‌ن ئه‌زموون، هه‌ڵگری ئه‌نبارێکی گه‌وره‌و گرانبه‌ها له‌به‌رهه‌م و چالاکی و داهێنان. به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا، موحافه‌زه‌کار، نه‌ریتی و قاڵبگرتوو، و به‌ترس له له‌ده‌ستدانی ئه‌و پێگه‌و کورسییه‌ی که‌چه‌ندان ده‌هه‌یه له‌لوتکه‌ی هونه‌ردا له‌سه‌ری دانیشتوه.
له‌به‌رانبه‌ردا به‌ره‌ی نوێ، یاخی، گۆڕانکارییخواز، خاوه‌ن وزه‌و ته‌وژم. به‌ڵام له‌خۆبایی، ناشاره‌زا و که‌مئه‌زموون.
به‌ره‌ی نوێ وه‌ک شۆڕشیک چاو له‌هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک ده‌کات. و به‌ره‌ی کۆنیش وه‌ک کوده‌تا.
ئه‌م ململانێیه به‌شێکه له‌خه‌سڵه‌تی پێشکه‌وتن و سروشتی هه‌میشه‌یی گواستنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌قۆناغێکه‌وه بۆ قۆناغێکی تر. هه‌میشه هه‌بووه‌و هه‌ر به‌رده‌وامیش ده‌بێت. به‌ڵام شێوازی ئه‌م ململانێیه‌ش په‌یوه‌سته‌ی ئاستی پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتن و پسپۆڕیی ههرلایهکه له‌بواره‌که‌ی خۆیدا. تا ئه‌م ئاستانه له‌سه‌رتر بێت، شێوازی ململانێیه‌که‌ش زانستیانه‌تر، و لۆژیکمهندانهتر ده‌بێت.
به‌ڵام ئه‌م ململانێ و ده‌ست لهیهخهگیرکردنهی یه‌کتری ئه‌مڕۆی ناو ئێمه، نهزانستییهو نه پشتبهستووشه به‌زانیاری و لۆژیکی ململانێ.
ته‌واوی ئه‌م باسانه‌ی له‌م بواره‌دا ده‌کرێن له‌سێ گروپدا دابه‌شده‌بن:1- خه‌مخۆری. 2- لاساییکردنه‌وه. 3- ئیره‌یی پێ‌بردن. به‌ڵام هه‌رسێ گروپ له‌یه‌ک شت‌دا یه‌کده‌گرنه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که نازانستی و بێ به‌ڵگه‌و بنه‌ماو له‌ناو ته‌مومژدا خۆده‌شارنه‌وه.
بۆ نموونه له‌ته‌واوی گشت ئه‌و باسانهداو پێشتریش ئه‌و هه‌مووه باس له گۆرانی و ئاوازی کوردی و پرسی ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌که‌ی ده‌کرێته‌وه. که‌چی هیچکات ئه‌وه یه‌کلا نه‌کراوه‌ته‌وه که گۆرانی کوردی خه‌سڵه‌ته‌کانی کامانه‌ن. به چ شێوازێکی زانستیی گۆرانی و ئاوازی کوردی له‌هی بێگانه جیاده‌که‌ینه‌وه..! ده‌پرسم ئه‌گه‌ر بێت و هونه‌رمه‌ندێکی بێگانه له هونه‌رمه‌ندێکی کورد بپرسێت خه‌سڵه‌تی گۆرانی کوردی چییه، چی وه‌ڵام ده‌داته‌وه..!؟ ئایا ئه‌وه‌نده به‌سه که گۆرانییه‌ک یان چه‌ند گۆرانی کوردی بۆ لێبدات تا گوێی لێبێت..؟ و ئایا ئه‌وه شێوازێکی هونه‌رمه‌ندانه‌و زانستییانه‌یه..؟
کاتێک ئێمه گۆرانییه‌کی عه‌ره‌بی به‌ئاسانی له یه‌کێکی کوردی جیاده‌که‌ینه‌وه له‌به‌رئه‌وه نییه که خه‌سڵه‌ته هونه‌رییه‌کانی ئه‌م دووانه ده‌زانین. به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که هونه‌رمه‌نده‌کان ده‌ناسین و ده‌زانین خه‌ڵکی چ وڵاتێکن و سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌کن. که بۆ ناسینه‌وه‌ی ئه‌مه هه‌ر پێویست نییه مرۆڤ هونه‌رمه‌ندیش بێت. به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر من سبه‌ینێ چووم چه‌ند ئاوازی بۆ نموونه ئه‌لبانی، یان هی قه‌ره‌جه‌کانی مه‌جارستان و یان بۆسنه‌و ههرزهگۆڤینم دزی و گوتم ئه‌مانه کوردین و ئاوازی خۆمن چۆن ڕاستییه‌که‌ی ئاشکرا ده‌بێت..؟ دڵنیام که هیچکات، یان له‌باشترین حاڵه‌تدا یه‌کێک به‌ڕێکه‌وت ده‌یبینێته‌وه..! چونکه بنه‌مایه‌کی زانستیمان بۆ ناسینه‌وه‌ی نییه. پێشم وانییه ئه‌مه بۆ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌کادیمی کارێکی مه‌حاڵ و ته‌نانه‌ت زه‌حمه‌تیش بێت. به‌ڵام توێژینه‌وه‌و لێکۆڵینه‌وه‌و ڕێکه‌وتنی پێویسته و ئه‌رکێکی دهستهجهمعیشه نه‌ک تاکه‌که‌سی.
که‌واته به‌ر له‌هه‌ر شت ده‌بێ هونه‌ر له‌حاڵه‌تی ئیرتیجالی ده‌ربهێنین و ڕوویه‌کی ئاکادیمیانه‌ی پێ ببه‌خشین.
ئه‌مه وه‌ک ئه‌وه وایه ئه‌گه‌ر مرۆڤێکی دووره‌په‌رێزی ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی که هیچکات میوه‌ی هه‌ناری نه‌دیوه‌و نه‌خواردووه، له‌و باره‌یه‌وه پرسیارمان لێ بکات، چۆن وه‌سفی هه‌ناری بۆ ده‌که‌ین..؟ به‌دوو شێواز ده‌توانین ئه‌و کاره بکه‌ین که‌هه‌ریه‌که‌یان په‌یوه‌سته‌ی خواستی ئه‌و مرۆڤه هه‌نار نهدیتهیه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌نیا مه‌به‌ستی خۆشی و ناخۆشی و تام‌و چێژی خواردن بێت. بهوهکۆتایی دێت کهههنارێکی بده‌ینێ و بیخوات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ناسینی هه‌نار له‌ڕووی دیرۆکی و ئه‌رزشی خۆراکییه‌وه بێت. ئه‌وه حه‌تمه‌ن پێویسته باس له‌وه بکه‌ین کهههنار له بناغه‌دا میوه‌یه‌کی ئێرانییه‌و له‌و گۆڕانه‌شدا که له‌میسر ههڵکهندراونهوه وێنه‌ی هه‌نار هه‌یه که دیرۆکی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ 2500 سال پێش زایینی عیسا. و هه‌روا هه‌نار ڤیتامین C ی و ئاسن و ماده‌ی پۆتاسیۆمی تێدایه‌و خاسیه‌تی دژهئۆکسیدێنتی هه‌یه‌و … هتد
هونه‌ری ئاواز‌و گۆرانیش هه‌روایه. ئه‌گه‌ر که‌سێک ته‌نیا به‌دوای چێژێکی کاتییه‌وه بێت، ئه‌وه بۆی گرنگ نییه داخوا ئه‌و گۆرانییه‌ی گوێی لێیه‌تی ڕه‌سه‌نه یان نا، کوردییه یان نا. و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکیش له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا به‌م مه‌به‌سته گوێ له گۆرانی و مۆسیقا ڕاده‌گرن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌دوای لێکۆڵینه‌وه‌و پۆلبه‌ندی و خهسڵهتبهندییهوه بێت ده‌بێت له‌ڕیشه زانستییه‌که‌ی بگات.
جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ، له‌بواری هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقا، له‌باشووری کوردستاندا به‌قه‌یران ناوده‌برێت، له‌گۆشه‌نیگایه‌کی بچوک و ڕواڵهتبینانهوه ههڵدهسهنگێنریت. و واقیعه‌که هێنده بچوکده‌کرێته‌وه تا له‌تاکی مرۆڤێکدا خڕی ده‌که‌نه‌وه. له‌حاڵێکدا ئه‌وه‌ی له‌باشووری کوردستاندا له‌سه‌ر ئاستی هونه‌ری گۆرانی و موزیک ڕووده‌دات، به‌شێکی دانه‌بڕاو له‌و قه‌یران و بارودۆخه شپرزه‌یه که له‌ڕووی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ئه‌و هه‌رێمه‌ی تێکه‌وتووه. گه‌رچی پێویست نییه بۆ ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێک کێشه‌یه‌کی هونه‌ری چاره‌سه‌ر بکات بواری کار‌و شاره‌زایی خۆی به‌جێ بهێڵێت و ڕوو له‌سیاسه‌ت بکات، به‌ڵام بوار‌و ئاسته جۆربه‌جۆره‌کان په‌یوه‌سته‌ی یه‌کترن و به‌بێ تێگه‌یشتنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه نه‌کێشه‌کان به‌باشی هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن و نه له‌ده‌ستنیشانکردنی چاره‌سه‌رییه‌کان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێت.
پاشاگه‌ردانی و دزی و گه‌نده‌ڵی و ساخته‌بازی ههرلههونهردا نییه. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی هونه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌و کاریگه‌ریی بواره‌کانی تری له‌خۆی گه‌وره‌تره. هه‌ربۆیه‌ش کاتێک بۆچاره‌سه‌ریی ده‌گه‌ڕێین ده‌بێ له‌بواره فراوانتره‌کانه‌وه (واتا سیاسی- کۆمه‌ڵایه‌تی) ده‌ست پێبکه‌ین. ده‌نا به‌لابردنی که‌سێک و دانانی یه‌کێکی تر به‌قه‌ده‌ر تاڵه‌موویه‌ک له‌واقیعه‌که ناگۆڕێت. و ڕێچکه‌ی قه‌یراناوی هونه‌ر گۆڕانێکی به‌سه‌ردا نایه‌ت و لهوڕهوتهی له‌سه‌ریه‌تی ڕوو وه‌رناگێڕێت.
ئه‌م بارودۆخه شپرزه‌و نائاسایی و ئاست نزمییه، زانست و ئه‌ده‌ب و ڕاگه‌یاندنیش ده‌گرێته‌وه.
له زانستگاکان‌دا، بڕوانامه‌ی ماسته‌رو دکتۆرا هه‌روا به‌پای پیلان وه‌ک مێوژو گوێز ده‌کرێنه دیاری و دابه‌ش ده‌کرێن. یان به‌ناو پسپۆرێکی ئاکادیمی گومان له بڕوانامه‌که‌یدا ده‌کرێت که‌چی ده‌بێته ڕاگری کۆلێژ..!
یان له‌بواری ڕاگه‌یاندندا، ولهکهناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانییه‌وه که بۆسهرتاسهری جیهان په‌خش ده‌بێته‌وه، که‌سێک وه‌ک شاعیر ده‌بێته میوانی به‌رنامه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی. که‌چی هه‌رزوو ده‌رده‌که‌وێت که نه میوان شاعیره‌و. نه ئاماده‌کارو پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه‌که‌ش فڕیان به‌سه‌ر شیعر‌و ئه‌ده‌بیاته‌وه هه‌یه.
یان هه‌ندێک له‌وانه‌ی ده‌نگوباس پێشکه‌ش ده‌که‌ن، بۆخۆیان بێ ئاگا له‌سیاسه‌ت و دهنگوباسن و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی ده‌یخوێننه‌وه نازانن واتاکه‌ی چییه. و هه‌ربۆیه‌ش کاتێک له‌کاتی خوێندنه‌وه‌دا توشی تێکستێک ده‌بن که به‌هه‌ڵه نووسراوه‌ته‌وه پێیان ڕاست نابێته‌وه‌و هه‌روا به هه‌ڵه ده‌ربازی ده‌که‌ن. یان له‌کاتی خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگوباسدا کاتێک وا پلان کراوه که په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی هه‌بێت و له‌ناوه‌ڕاستی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا هێڵی په‌یوه‌ندی ده‌پچڕێت بێژه‌ر شپرزه‌و دهستهپاچهدهبێت و نازانێ چی بکات.
ئه‌مانه‌و گه‌لێکی تر، نیشانه‌و سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن که ئه‌وه‌ی له‌باشوری کوردستاندا له‌سه‌ر کاره سیسته‌مێکه له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیمای حیزبایه‌تی به‌دی و پێکهاتووه. نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای شاره‌زایی و لێهاتوویی. و هه‌ربۆیه‌ش ئاسته‌کانی داهێنان و خوڵقاندن و دروستکردن له قوڵایی بنهوهدایه.
لایه‌نێکی تر که کاره‌که ئاڵۆزتر‌و بارودۆخه‌که قه‌یراناوی تر ده‌کات ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی ڕه‌خنه‌گران، زۆرجار نازانین چیمان ده‌ویت، و باسی چی ده‌که‌ین.
باسه‌که‌ی ئێمه له‌سه‌ر هونه‌ره‌و با هه‌ر له‌سه‌ر هونه‌ر چه‌ند نموونه بهێنینه‌وه:
هونه‌رمه‌ندێک له به‌رنامه‌یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی به درێژایی پتر له‌سه‌عاتێک باس لهڕهسهنایهتی گۆرانی و ئاوازی کوردی ده‌کات، و پێداده‌گرێت که وه‌رگرتنی دهقاودوقی ئاوازی بێگانه زیان به چلۆنایه‌تی و ناسنامه‌ی هونه‌ری موزیکی کوردی ده‌گه‌یه‌نێت و چه‌ندان که‌س و لایه‌ن به ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک تۆمه‌تبارده‌کات. که‌چی له ئاکامدا بۆخۆی به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌که به پێشکه‌شکردنی گۆرانییه‌ک که ئاوازه‌که‌ی ئازه‌رییه کۆتایی ده‌هێنێت. ئه‌مه چی ده‌گه‌یه‌نێت..؟ ئایا لهمهزیاتره که هه‌ر له بناغه‌وه له‌و قسانه نه‌گه‌یشتووه که له‌مڕووه‌وه ده‌یانکات و یانیش باوه‌ڕی پێێان نییه‌و یانیش هه‌ر به‌گشتی نازنێ چی به چییه‌و لاساییه‌که ده‌یکاته‌وه..؟
یان مامۆستای هێژا کاکه ناسری ڕه‌زازی خۆشه‌ویست، ده‌مێکه له‌م به‌ره‌یه‌دا کارده‌کات و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌چێته خانه‌ی خه‌مخۆره دڵسۆزه‌کانه‌وه. به‌ڵام دێت و گۆرانییه‌کی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر عه‌لی مه‌ردان (مامه) ده‌ڵێته‌وه. که ئاوازی ئه‌م گۆرانییه‌ش ده‌سته‌خوشکی گۆرانی (سلمه یا سلامه) ی خانمه گۆرانیبێژی کۆچکردووی عیراقی (زهوره حوسێن)ه. ئه‌مجاریش بۆ ئه‌وه‌ی نوێکارییه‌کی تێدا کردبێت، پێشه‌کییه‌کی نوێی بۆداده‌نێت که له گۆرانییه‌کی (نهجواکهرهم) داهه‌یه. و ئه‌و گۆرانییه‌ی نه‌جوا که‌ره‌میش له بناغه‌دا تورکییه… و کاکه ناسرو زۆربه‌شمان واده‌زانین به‌رهه‌مێکی ڕه‌سه‌ن و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای کوردییه..!!
ئه‌مانه نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که‌ته‌واوی ئه‌و شێوازی ململانێ و کێشمه کێشه، ئامانج نادیاره‌و به‌شێوازێکی هه‌ڵه به‌ڕێوه ده‌چێت. زۆربه‌ی جاره‌کانیش بێ بیرکرنه‌وه‌ی قوڵ و به‌هه‌وای شان باسه‌که درێژه پێده‌ده‌ین.
ئه‌م ململانێ هه‌ڵه‌یه له‌ناو ئێمه‌دا نوێ نییه‌و چه‌ندان ده‌هه پێش ئێستاش تیپی مۆسیقای سلێمانی ئاماده‌نه‌بوون موزیک بۆ گۆرانییه‌کانی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم محه‌ممه‌د خه‌یات لێبده‌ن. ده‌یانگوت ئاوازه‌کانی کوردی نین. که‌چی ئه‌مڕۆ دوای کۆچکردنی هه‌رئه‌و به‌ڕێزانه به‌هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن قوتابخانه‌و لێهاتوو… هتد ناوی ده‌به‌ن.
ئه‌وه‌ی که له‌م کێشمه‌کێشه‌دا خوێنه‌رو بیسه‌ر به‌ده‌ستی ده‌خات، ئه‌مه نییه که بارودۆخه‌که به‌ره‌و ڕێچکه‌یه‌کی باشتر ببرێت. و ئه‌وه‌نییه که هه‌لومه‌رجێکی شایسته‌تری هونه‌ریی بێته ئاراوه. به‌ڵکو ئه‌وه‌یه فڵانه که‌سه له‌سه‌ر کار لاببرێت و ڕێگا له فیساره گروپ و تاقمه‌و ئه‌نجومه‌ن و لیژنه‌یه… بگیرێ. که ئه‌مه‌ش نوکته‌یه‌کی وه‌بیر هێنامه‌وه که‌ده‌ڵێت:
له گوندێکدا دوو پیاو با بڵێین به ناوه‌کانی ڕۆسته‌م و کاکل له هاوسێیه‌تی یه‌کتردا ده‌ژیان. ڕۆسته‌م بزنێکی هه‌بوو. و کاکل هیچی نه‌بوو. هه‌ربۆیه کاکل به‌درێژایی ژیانی ئیره‌یی به ڕۆسته‌م ده‌هات و ڕووی له ئاسمان ده‌کردو ده‌یگووت: ئاخ خوایه ڕۆسته‌م چه‌نده به‌خته‌وه‌ره.! ئاخر چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر منیش وه‌کو ئه‌و بزنێکم هه‌بووایه. ڕۆژێک خوا فریشته‌یه‌کی ڕاسپارد بۆ لای کاکل و پێێ گووت: کاکل! تۆ پیاوێکی باش و بێ زیانی. هه‌مووان خۆشیان ده‌وێیت و له ژیانتدا زۆر له‌به‌ر خوا پاڕاوییهوه. ئێستا خوا منی ڕاسپاردووه که تۆ ئاره‌زوویه‌ک بکه‌یت. ته‌نیا یه‌ک ئاره‌زووی بچوک یان گه‌وره، و ئیتر ئه‌وه‌ی که دڵت دهیخازێت و منیش بۆت جێبه‌جێ بکه‌م. کاکل له‌خۆشیان قه‌ڵه‌مبازێک ده‌دات و بێ دوودڵی و بیرکردنه‌وه یه‌کسه‌ر ده‌ڵێت: بزنه‌که‌ی ڕۆسته‌م بمرێت..!
نوکته‌که ته‌واوبوو، و ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له ناو ئێمه‌دا له بواره جۆربه‌جۆره‌کاندا بههونهریشهوه ڕووده‌دات وه‌ک ئه‌و ڕووداوه خه‌یاڵیه‌یه. ئه‌وه‌تا ته‌واوی گرفته گه‌وره‌و بچووکه‌کان، و هۆکاره‌کانی قه‌یرانی هه‌رشت و هی هونه‌ر له‌بیرده‌که‌ین و له‌که‌سایه‌تی هه‌ڵکه‌وت زاهیردا خڕی ده‌که‌ینه‌وه. که‌م به‌م کاره نه‌ک هیچ قه‌یرانێک چاره‌سه‌ر ناکه‌ین به‌ڵکو قه‌یرانی تری لاوه‌کیش دروست ده‌که‌ین.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا پێویست نییه زۆر خۆ بۆ هونه‌ر سه‌خڵه‌ت که‌ین. ههرگۆڕانکارییهکی گه‌وره ئه‌م جۆره قۆناغانه‌ی هونه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت.
جه‌نگه‌کانی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی سه‌بکه‌کانی وه‌ک پووچگه‌رایی، و سوریالیزمیان له‌ڕۆژئاوا له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنا.
ئه‌ندرێ بریتۆنی پێشه‌وای سۆریالیستهکان ده‌یگووت: ناونیشانی ڕیکلامه جۆربه‌جۆره‌کانی ناو ڕۆژنامه‌کان به مقه‌ست ببڕن و پاشان له‌ته‌نیشت یه‌که‌وه دایبنێن شیعرێکی سوریالیستی لێ دروست ده‌بێت. و له‌بواری شێوه‌کاریی و مۆسیقا‌و شانۆشه‌وه بنه‌ماو ده‌ستووری سه‌یرو نوێ هاتنه کایه‌وه. که‌چی جیهان خراپ نه‌بوو. به‌پێچه‌وانه‌وه هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبی زۆر مه‌زن به‌خودی ئه‌ندرێ برۆتۆنیشهوه به‌دیارکه‌وتن و هێشتاش کاریگه‌ریی سوریالیزم و سه‌بکه‌کانی تر له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و هونه‌ری جیهانی هه‌ر ماوه.
ئه‌وگۆڕانکاریانه‌ی له ناوئێمهشدا به‌دی هاتوون که‌م نین. به‌ر له بیست ساڵ کورد هیچی نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مڕۆ خاوه‌نی هه‌رێمێکی فیدرالی دانپێدانراوی ده‌ستوورییه. و ئه‌مڕۆ ئیتر ڕژێمه‌که‌ی سه‌دام ڕوخاوه‌و له‌و ئاکامه‌وه هه‌موو شت تێکه‌ڵ و سه‌ره‌و بن بووه. کاتێکی زۆر ده‌خوازێت تا هه‌ر یه‌ک له‌و شتانه بچنه‌وه خانه‌ی خۆیان.
بۆیه ئاڵۆزی و تێکه‌ڵ پێکه‌ڵی، شپرزه‌یی، و پاشاگه‌ردانی… له‌هونه‌ردا ئه‌نجامێکی سروشتی و چاوه‌ڕوانکراوی ههلومهرجهگشتییهکهیه.
له‌مانه‌ش بترازێ هه‌میشه وا بووه‌و هه‌رواش ده‌بێت که له‌هه‌ر بوارێکی داهێناندا بیگری ده‌یان و سه‌دان و بگره هه‌زاران که‌س دێنه گۆڕه‌پانی پێشبڕکێ و ململانێ. به‌ڵام ته‌نیا چه‌ند دانه ده‌گه‌نه لوتکه‌و. ئه‌وانی تر یان بۆخۆیان له‌نیوه‌ی ڕێگادا په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و ده‌ستهه‌ڵده‌گرن. و یانیش هه‌رگیز ناگه‌نه لوتکه‌و به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و دامێن دێنه‌وه خوارو کاریگه‌ریی له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و بزرده‌بن و له‌بیرده‌چنه‌وه.
ئه‌مڕۆش هه‌روایه‌و نیگه‌رانی ناوێت. به‌ڵام له‌هه‌مان کاتدا پێشموایه گۆڕانکاریی باش، گۆڕانکاریی خواز‌و داهێنه‌رو خوڵقێنه‌ری ده‌وێت. و کرۆکی هونه‌ریش بریتییه له‌داهێنان و خوڵقاندن و نوێکاریی. و پێداگرتنمان له‌سه‌ر فۆلکۆر نابێ بۆ ئه‌وه‌بێت که ئیتر هه‌تا هه‌تایه هه‌ر ئه‌و ئاوازه کۆنانه بڵێینه‌وه. به‌ڵکو پێویسته بۆ ئه‌وه بێت تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ره‌که‌مان له‌وێدا ببینینه‌وه. و ئیتر بابه‌س بێت ئه‌م هه‌موو لاساییکردنهوانهو تکایه گۆرانی کوردیمان له پێش چاومهخهن…!
10/8/2008