نوسه‌رو مه‌نفا
ئه‌گه‌ر ونبون بهشيێكى گه‌وره‌ى هه‌موو سه‌فه‌رێك بێت، نوسه‌ر جودا له‌خه‌ڵكى تر چه‌ندێكى له‌و پشكه به‌رده‌كه‌وێت؟ بهمانايهكى تر مه‌نفا بۆ نوسه‌ره‌كان چه‌ندێک شوێنى خۆدۆزينهوهو چهندێكيش جێگاى وونبوونه ؟
ئا: توانا ئةمين……
جه‌مال غه‌مبار : بۆ ئه‌وه‌ی وردتر قسه بکه‌ین ، با چه‌مکی سه‌فه‌ر و ونبوون به‌و شمولیهته وه‌رنه‌گرین ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه با وشه‌ی (هه‌موو) لێره‌دا لابه‌رین . چونکه مه‌رج نییه هه‌موو سه‌فه‌رێک ونبوونی لێبکه‌وێته‌وه .. لێره‌وه ئه‌کرێت پرسیاره‌که وا لێبکه‌ین و بپرسین ؛ ئه‌وه کام سه‌فه‌ر و سه‌رهه‌ڵگرتنه که ونبووون بۆ هه‌ندێک که‌س به‌رهه‌م دێنێت و هاوزه‌مان بهرههڵڵابوون و خۆدۆزینه‌وه‌ی زیاتر و داهێنان له لای هه‌ندێکی تر به‌ر پائهکات ؟ به بۆچوونی من ئه‌وه سه‌فه‌رێکه ناچێته خانه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌وه که هیجره‌تی سروشتیی ئه‌یخوڵقێنێت و ساڵانه به ملیۆنان ئینسانی سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه به ئیختیاری خۆیان و به پلانی دیاریکراو ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن .. ته‌نانه‌ت زۆر جار نوسه‌ره گه‌وره‌کان به ئیختیاری خۆیان هیجره‌ت ئه‌که‌ن .. بۆیه پێموایه مه‌فهومی سه‌فه‌ر و جێهێشتن له ناوه‌رۆکی ئه‌م پرسیاره‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێزدا ، ئه‌ڵبه‌ت سه‌فه‌رێکه که له ئه‌نجامی نامۆیی و ناته‌بایی و نه‌بوونی ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تیی و لێکهه‌ڵوه‌شانی ڕایه‌ڵه‌کانی مانه‌وه و ئینتیما بۆ ستایڵی ژیان له شوێنێکی دیاریکراودا دێته ئاراوه .. که‌واته ئه‌کرێ لێره‌دا ئێمه قسه له باره‌ی نوسه‌رێکه‌وه بکه‌ین که بۆ خۆی کائینێکه نه‌ک هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی نیشتمان ، به‌ڵکو له ناو جه‌رگه‌ی نیشتمانیشدا و زۆربه‌ی جاران ئه‌و هه‌ر نامۆ و ناته‌بایه به شته باوه‌کان .. مه‌نفای نوسه‌ر له مه‌فهومه فیکرییه‌که‌یه‌وه مه‌رج نییه له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی نیشتمانه‌وه ده‌ست پێ‌بکات .. زۆر جاران نیشتمانیش بۆ خۆی ئه‌بێته مه‌نفا بۆ نوسه‌ر .. که‌واته ئه‌وه ناته‌بایی و به‌ریه‌ککه‌وتنه‌کانی دنیای نوسه‌ره به دیواره‌کانی دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی وا ئه‌که‌ن که نوسه‌ر بکه‌وێته ڕووبه‌ری مه‌نفاوه و دواتریش ده‌ق بخوڵقێنێ و به‌وه‌ش هه‌وڵه جددیه‌کانی خۆی بۆ جوانکردنه‌وه‌ی دنیایه‌ک بدات که ناشیرین کراوه … به‌ڵام جیاوازیی نێوان مه‌نفای نیشتمان و مه‌نفای ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان له دوو شتی سه‌ره‌کییدایه: یه‌که‌مینی ئه‌و جیاوازییانه ؛ مه‌نفای ده‌ره‌وه ئیتر ئه‌و دنیایه نییه که نووسه‌ر به ته‌نیشت یان له‌ناو جه‌رگه‌ی جیۆگرافیای منداڵیی و یاده‌وه‌رییه‌کانیدا بژی و دواتریش ئه‌و موفرهداتهی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ئه‌کات هه‌مان ئه‌و موفرهداتهی مه‌نفای ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان نین .. هه‌ر به نموونه له مه‌نفای نیشتماندا مه‌سه‌له‌ی نۆستالژیا (مه‌به‌ستم حاڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه و سۆزی به‌رده‌وامه بۆ ڕابوردوو ) که‌متر ڕووبه‌ڕووی نوسه‌ر ئه‌بێته‌وه یان هه‌ر تووشی نابێت .. نموونه‌یه‌کی تر ئه‌وه‌یه له مه‌نفای نیشتماندا نوسه‌ر به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ وه‌رگر و خوێنه‌ره‌کانی خۆیدا هه‌یه که دیاره هه‌دوو نوسه‌ر و خوێنه‌ر دوو جه‌مسه‌ری ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ن که یه‌کتری ته‌واو ئه‌که‌ن .. خۆ ئه‌وه‌ش ڕاسته که ئه‌مڕۆ له ڕێگه‌ی دنیای هه‌ره پێشکه‌وتووی تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندیی وه‌ک نێت و ئه‌و شتانه‌وه دنیا بچووک بۆته‌وه و پهیوهندییگرتن و دروستکردنی ڕایه‌ڵه‌کانی نێوان نووسه‌ر و وه‌رگر کارێکی هێنده قورس نییه ، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی ، هیچی ناگاته مامه‌ڵه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ وه‌رگردا . من نموونه‌یه‌کتان بۆ باس ئه‌که‌م : له کۆڕێکی شیعر خوێندنه‌وه‌دا که کۆمه‌ڵه‌ی نوسه‌رانی فره‌که‌ڵچه‌ری باشووری ئوسترالیا بۆ ژماره‌یه‌ک نوسه‌ر و شاعیرانی نه‌ته‌وه‌و ئیتنیکه جیاوازه‌کانی ئه‌م ویلایه‌ته‌ی منی لێئهژیم، سازکردبوو ، له کاتی خوێندنه‌وه‌ی قه‌سیده‌که‌م ( باخی بێده‌نگیی ) ، من گریام .. دیاره ناڵێم ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون دووربوون له ئیحساساتی ئێمه‌وه ، به‌ڵام زۆربه‌یان له نهێنیی ئه‌و گریانه‌ی من نه‌ئه‌گه‌یشتن .. که‌چی ئه‌و گریانه لای وه‌رگری خۆت و له مه‌نفای نیشتماندا ئه‌بێته به‌شێک له ته‌قسی یان ته‌داره‌کی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌که !
پاشان حاڵه‌تێکی تری ناو مه‌نفای نیشتمان بریتییه له تێداژیانی (موعایه‌شه‌ی ) ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی که ئه‌بنه به‌شێکی گرنگ له پێکهاته‌ی ژیان و نوسینی ده‌ق .. بۆ نموونه ، دیارده‌ی ژنکوشتن له هه‌موو دنیادا ، له دارفوری سودان ، له ئه‌فغانستان و له لای ئێمه‌ش هه‌ڵگری یه‌ک مانا و چه‌مکه ، به‌ڵام من که دێم له ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵدا ئه‌که‌م ، ڕه‌نگه مامه‌ڵه‌کردنه‌که هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی ده‌ق بێت ، واتا ده‌قێک بنوسم و بڵاوی بکه‌مه‌وه و ئیتر ته‌واو .. به‌ڵام ئه‌رکی منی نوسه‌ر هه‌ر ئه‌وه نییه له ده‌قێکدا مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵدا بکه‌م ، به‌ڵکو سه‌ره‌ڕاش ، ئه‌رکی منی نوسه‌ره که له‌سه‌ر ئاستی مه‌یدانیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌م، به‌شداریی کارام هه‌بێت له جووڵاندنی مه‌ده‌نییانه‌ی خه‌ڵک ، له خوڵقاندنی ڕای گشتی ، له هاندانی ده‌زگاکانی پارله‌مان و قه‌زا و حکومه‌ت بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی جددیی و هه‌روه‌ها زۆر شتی تریش …
له مه‌نفای ده‌ره‌وه‌ی نیشتماندا ، ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه بوونیان نییه .. ئه‌وه‌ی هه‌یه و لای زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه هه‌ر وه‌به‌رهێنانی هه‌مان ئه‌و موفرهداتهیه که هیی ناو نیشتمانه . له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کانیشدا نوسه‌ر له ڕێگه‌ی زاکیره‌وه ئیشیان له‌سه‌ر ئه‌کات … دیاره نۆستالژیا ڕووبه‌رێکی گه‌وره له ژیانی نوسه‌ر داگیر ئه‌کات و ئه‌وه‌ش بۆ خۆی پێموایه نه‌ک هه‌ر لای که‌سی نوسه‌ر ، به‌ڵکو لای فهردێکیش که په‌یوه‌ندیی به دنیای نوسینه‌وه نییه ، هه‌مان پرۆسه هه‌یه .. به‌ڵام جیاوازییه‌که ئه‌وه‌یه نۆستالژیای نوسه‌ر ئه‌بێته مایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌ق و زۆر جار ده‌قی گه‌وره و داهێنه‌رانه .
ئینجا با لێره‌وه له‌سه‌ر گه‌وهه‌ری پرسیاره‌که‌ت بوه‌ستین ؛ مه‌نفا بۆ نوسه‌ره‌كان چه‌ندێک شوێنى خۆدۆزينهوهو چهندێكيش جێگاى وونبوونه ؟
به بۆچوونی ئێمه کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر له پشت ئه‌و بارودۆخهوهن ، هه‌ندێکیان به کورتی ئه‌مانه‌ن :
– که‌سی نوسه‌ر هه‌تا چه‌ندێ له خه‌می داهێناندایه . واتا هه‌تا کوێ ئاماده‌یی تێدایه ئه‌زموونی خۆی بخاته به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌و چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دنیایه ئه‌کات که مه‌نفای دوای سه‌فه‌ر و جێهێشتن بۆی ئه‌خوڵقێنێت ..چونکه دنیای دوای سه‌فه‌ر و جێهێشتن ، که‌ڵچه‌ر و فه‌رهه‌نگ و زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شته‌کان ئیتر هه‌مان ئه‌وانه نین که نوسه‌ر له‌ناوه‌وه‌ی نیشتمان تیایاندا ژیاوه و ، ئیتر لێره‌وه نوسه‌ر ئه‌که‌وێته ململانێ له‌گه‌ل دنیا تازه‌که‌دا و هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌دات چۆن کۆنترۆڵی شته‌کان هه‌تا ئه‌و ئاسته بکات که له‌خزمه‌ت داهێنانه‌که‌یدا بن .. دیاره ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی هه‌موو نوسه‌رێکدا نیه که هه‌ژموونی مه‌نفا به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ئیحتیوا بکات که به‌ردوامیی بدات به داهێنان .. دیاره بۆ ئێمه‌ی کورد نوسه‌ری داهێنه‌رمان له مه‌نفا هه‌ن ، به‌ڵام له باشترین حاڵه‌تدا ئه‌م داهێنانه هێشتا هه‌ر له سنووری موخاته‌به‌کردنی وه‌رگر یان خوێنه‌ری کورددایه و نه‌بۆته خیتابێکی دامه‌زراو بۆ موخاتهبهکــردنی خوێنـــــهری
( خه‌ڵکی ) ئه‌و وڵاته‌ی نوسه‌ره‌که‌ی لێئهژی ، که ئه‌مه‌شیان بۆ خۆی ئیشکالیه‌تێکی تر ئه‌هێنێته کایه‌وه و ڕه‌نگه ته‌وه‌رێکی تر بێت بۆ قسه‌کردن .. که ئه‌مه ئه‌ڵێم ، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم داهێنان لای نوسه‌رێکی کوردی مهنفانشین به ته‌نها بریتییه له موخاته‌به‌ی خوێنه‌ری ئه‌و وڵاته‌ی نوسه‌ره‌که‌ی لێئهژی. نه‌خێر .. به‌ڵام ئه‌وه‌ش بۆ خۆی زۆر گرنگه که نوسه‌رێکی کوردی مه‌نفا نشین ، سه‌ره‌ڕای زمانه‌که‌ی خۆی ، بشتوانێت له ڕێگه‌ی زمانێکی تره‌وه موعاناتیی ئینسانیی کورد به دنیا بگه‌یه‌نێت ، وه‌ک له خاڵی دوای ئێره‌دا زیاتر ڕوونی ئه‌که‌مه‌وه.
– گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی نوسه‌رێک که له مه‌نفا ئه‌ژی له ئاستی خوڵقاندنی ده‌ق له ڕووبه‌ره‌کانی زمانی خۆیه‌وه بۆ ڕووبه‌ره‌کانی زمانی وڵاتی مه‌نفا ، ئه‌که‌وێته سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سی نوسه‌ر هه‌تا چه‌ندێ توانای تێکه‌ڵبوونی به که‌ڵچه‌ر و ئه‌تمۆسفیری فه‌رهه‌نگیی وڵاتی مه‌نفا هه‌یه ، که ئه‌مه‌یان ڕه‌نگه ماوه‌یه‌کی زۆری بوێت و به‌ر له هه‌ر شتێک کۆنترۆڵکردنی زمان وه‌ک کلیلێکی زێڕین زۆربه‌ی ده‌رگاکان ئه‌خاته سه‌رپشت و بواری زیاتر ئه‌ڕه‌خسێنێت بۆ به‌رپاکردنی داهێنان .
– سروشتی ژیان و گوزه‌ران و ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاوی حاڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی و توانای گونجاندن له نێوان زه‌مه‌نی کارکردن بۆ بژێویی ژیان له‌لایه‌ک و زه‌مه‌نی خوێندنه‌وه و تێفکرین و نوسین له لایه‌کی تره‌وه ، هه‌موو ئه‌مانه ده‌رور و کاریگه‌ریی خۆیان له پرۆسه‌ی به‌رده‌وامبوونی داهێناندا هه‌یه .. چونکه بیرمان نه‌چێت سروشتی ژیان و سیستمی کارکردن له‌م وڵاتانه‌ی ئێمه‌ومانانی لێئهژین له زۆر ڕووه‌وه جیاوازیی زۆری هه‌یه له‌وه‌ی له وڵاتی خۆمان هه‌یه .
– زۆر جار لای هه‌ندێک نوسه‌ر ته‌نیایی به هه‌موو ڕووه سایکۆلۆژیی و جه‌سته‌یی و فیکرییه‌کانییه‌وه ئه‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بۆ ئیش‌کردن له بواری داهێناندا، که‌چی بۆ هه‌ندێک نوسه‌ری تر ئه‌م ته‌نیاییه ئه‌بێته ڕه‌شه‌با و مۆمی داهێنان ئه‌کوژێنێته‌وه . دیاره بۆ ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیی ، زۆربه‌مان له ته‌نیایی ئه‌ترسین ، ناتوانین به ته‌نیا بژین .. دیاره ئه‌وه‌ش هه‌ر له منداڵییه‌وه تیاماندا ئه‌چێنرێت ، بۆ نمونه زۆربه‌ی خێزانی کوردی هه‌مووی له یه‌ک ژووردا ئه‌خه‌وێت ، له یه‌ک ژووردا دائه‌نیشێت .. منداڵ ژووری نوستنی تایبه‌ت به خۆی نییه .. ئیتر ئه‌و حاڵه‌تی کۆبوونه ( به جهماعییبوونه ) تیاماندا گه‌وره ئه‌بێت و به‌رده‌وام ئه‌ژی ، دیاره ئێره جێگه‌ی ئه‌وه نییه بڵێم ئه‌و حاڵه‌ته چه‌ندێک باشه و چه‌ندێک خراپه ..
به هه‌ر حاڵ ئه‌وه‌ی باسمکرد ، کورته‌ی وه‌ڵامی منه بۆ پرسیاره‌که‌تان ..به هیوام له داهاتوودا قسه و باسی زیاتر له‌و باره‌یه‌وه بکه‌ین .. سوپاستان ئه‌که‌م .