پیاسه‌یه‌ک له هامبۆرگ……. سه‌ردار عه‌زیز
که گه‌شتم، ئه‌و کچه روسهی که له گه‌ڵ مندا ئۆفیسه‌که به‌ش ئه‌کات له‌وێ نه‌بوو. ئه‌و هه‌میشه پاش نیوه‌رۆ دێت. له نهۆمی سێ، له باڵه‌خانه‌که‌ی گیگا؛ ناوه‌ندی ئه‌ڵمانی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی گلۆباڵ, من مێزو کورسی و کۆمپیوته‌ری خۆم هه‌یه. به‌یانیان که شوقه‌که‌مان له ئهڵتۆنا به جێده‌هێڵم بۆ ئه‌وه‌ی بێم بۆ GIGA بۆ لێکۆڵینه‌وه وا هه‌ست ئه‌که‌م به قه‌راخ خه‌ونه‌کانما پیاسهئهکهم. له کوینگشتراسه سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئهندرگراواندunderground ئه‌بم پاش چوار وه‌ستان له ناوه‌ندی شاری هامبۆرگ دائه‌به‌زم. ئه‌م به‌یانیه تی شێرتێ ره‌نگ سپی مارکه‌ی لهکۆستا و پانتۆڵێ ره‌نگ کرێمی لیڤایسم له به‌ردایه. له گه‌ڵ خۆیشمدا لاپتۆپێکمlap top هه‌ڵگرتوه که پره له پرۆژه و خه‌ونی نیمچه چه‌که‌ره کردوو.
ئه‌مرۆ پرۆفیسۆر فیورتگ Henner Feurtige له‌وێ نیه. هه‌ر پاش ساتێ ژنی سکرتێره‌که هات بۆئه‌وه‌ی به‌یانی باشم لێبکات. چه‌ند رۆژێ لهمهوپێش کاتی گه‌شتنم پرۆفیسۆر فیورتگ منی به‌ئه‌وانی تر ناساند، ئه‌و خانمه پڕ له رێزه له هه‌موان گه‌رم و گورتربوو. به‌ڵام ئێره له ده‌ره‌وه، یان سه‌ر شه‌قامه‌کان ناچێت. هه‌موو که‌س به‌یه‌کتری ده‌ڵێن هه‌له‌و. هه‌موو که‌سێک لیره‌یه بۆ لێکۆڵینه‌وه. ئێره خانه‌ی بیره think tank. ئه‌و جێگایه‌ی که بیر تیا به‌رهه‌م دێت و له گه‌ڵ بیره‌کانی تردا به‌ریه‌ک ده‌که‌وێت.
من هه‌ر زوو، پاش ته‌ماشاکردنێکی ده‌ره‌وه، له په‌نجه‌ره گه‌وره‌که‌وه، که ده‌ریاچه بچکۆله‌که‌ی ئهڵتۆنا و شه‌مه‌نده‌فه‌ره چوسته‌کان و پرده پیره‌کانم لیوه بێنی، ده‌ستم بهکارکردنکرد. له‌و بێده‌نگی و پانتاییه فراوانه‌دا، له میانه‌ی بیرکردنه‌وه‌دا، هه‌ستت ده‌کرد ده‌فڕی. فرین چه‌مکێکه دۆلۆز به‌کاریده‌بات بۆ ساته‌وه‌ختی پچران له گه‌ڵ هێڵه درێژبووه‌کانی ژیاندا. له ساڵی 1948 هه‌ر چه‌ند ساڵێ که‌م پاش کۆتایی هاتنی جه‌نگه کوشنده‌که‌ی جیهانی دووه‌م، ئه‌م باڵه‌خانه‌یه که ئێستا بوه‌ته ماڵی گیگا، بۆ مه‌به‌ستی کۆمپانیای نه‌وت بونیادنرا. بۆیه ژوره‌کانی فراوان و پان و پۆرن، به جۆرێک کچه روسهکه که خه‌ریکی کارکردن بوو له سه‌ر رۆڵی ئیلیت elite له ووڵاتانی ئاسیای ناوه‌ند وه‌های هه‌ست ئه‌کرد له باڵه‌خانه‌یه‌کی چۆڵ و هۆڵ دایه. سه‌رباری ئه‌ندازه تایبه‌ته‌که‌ی کاری بیرکردنه‌وه هه‌میشه کارێکی ته‌نها و گۆشه‌گیر و سه‌رقاڵبوونه له گه‌ڵ خوددا.
ده‌بوو زوو بچم بۆ کتێبخانه له نهۆمی چوار. له‌وێ به‌شی تایبه‌ت به رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست هه‌یه. په‌رتۆکه‌کان به زمانی جیاوازن به‌ڵام ژماره‌یان که‌مه. هێشتا هیچ په‌رتۆکێکی به زمانی کوردی لێ نیه. ئاماده‌نه‌بوونی کورد وه‌ک بابه‌ت، وه‌ک دید، وه‌ک کێشه، وه‌ک قه‌یران، که‌لێنێکی گه‌وره‌یه له به‌شی رۆژهه‌ڵاتناسی خوێندندا. (ناوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست نزیکه‌ی هه‌شتا هه‌زار کتێب و گۆڤاریان هه‌یه، به‌ڵام له به‌ر هه‌ندێ کێشه‌ی خاوه‌ندارێتی مافی لێکۆڵینه‌وه، له به‌رلین ده‌ستی به‌سه‌راگیراوه). (پرۆفیسۆر پاتریک، که لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ئاسیای دووره ئه‌مه‌ی پێی ووتم). هێندێک له کتێبه‌کانی کتێبخانه‌که به که‌ڵکی من دێن چونکه له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابوردوودا له چاپدراون و ئێستا به ده‌گمه‌ن ده‌ستده‌که‌ون.
له‌وێ له کتێبخانه ساتێکم به سه‌ربرد. بۆ من کتێبخانه ئاشناترین جێگایه له دونیادا. هه‌میشه قسه‌که‌ی بۆرخسم له بیره که ده‌ڵێت؛ ئه‌گه‌ر به‌هه‌شت هه‌بێت له شێوه‌ی کتێبخانهدایه. دهمهونیوهرۆ که برسێتی هاڵاوی بۆ هێنام، به خێرایی به قادرمه‌که‌دا هاتمه خوارێ. ده‌سته‌کانم خستهگیرفانمهوه و به‌بێده‌نگی به قه‌راخ ئاوه‌که‌دا به‌ره‌و ناوه‌ندی شار به‌رێکه‌وتم. چی بخۆم، ماسی و په‌تاته‌و زه‌ڵاته خۆشه‌که‌ی رۆژی پێشوو، که ته‌باخێ ئیتالی و کرێکارێ روس له چێشتخانه‌یه بچکۆله له ژێر زه‌مینێکدا له جاده‌ی کۆڵۆنادهن چاکیان ئه‌کرد. جاده‌ی کۆلۆنادهن جاده‌یه‌کی قه‌شه‌نگ و پڕ له کافێ و کۆگای گرانبه‌ها و کتێبخانه‌یه پر له په‌رتۆکی هه‌رزان و چاکه،
یان برۆم له کافێیه دانیشم، له ئه‌ندازیاری باڵه‌خانه‌کان و روومه‌تی مهردمهکان بنوارم. ئه‌مرۆ به ئه‌نقه‌ست هیچم له گه‌ڵ خۆمدا نه‌هێنا بۆ خوێندنه‌وه. ده‌مه‌وێت پر به پر رۆژه‌که بژیم. ده‌مه‌وێ ببینم، بنوارم، تێرامێنم. له جۆره ژیارێکی تر، شارێکی تر، سیسته‌مێکی تری پێکه‌وه‌بوون. لێره له هامبۆرگ که به شه‌قامه‌کاندا ده‌رۆی، زمانی تورکی هه‌میشه به‌رگوێت ئه‌که‌وێت و رێکپۆشی خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رنجی چاوت بۆلای خۆی رائه‌کێشێ. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه هه‌رده‌م شاره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان زیاتر مایه‌ی راکێشانی بیانیه‌کانن. ئه‌وانه‌ی دێن بۆئه‌وه‌ی له ته‌نیشت پیاوه ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانه‌وه خه‌ونه‌کانی خۆیان بلاوێننه‌وه.
من که گه‌شتمه ناوه‌ندی شار بریارمدا، ئه‌م نیوه‌رۆیه وه‌ها به‌سه‌ربه‌رم وه‌ک ئه‌وه‌ی پاڵه‌وانی رۆمانێکی نهنوسراوبم. به له‌سه‌رخۆ برۆم و هه‌نگاوبنێم، به قوڵی له هه‌موو شتێ بنوارم، هه‌وڵبده‌م مانایه‌ک بۆئه‌م پێکه‌وه‌بوونه بدۆزمه‌وه, که لهـ شاره‌دا ده‌گوزه‌رێ. جارجارێک بوه‌ستم، ئێستێک بکه‌م، یان ئه‌گه‌ر ئاره‌زووم هه‌بوو وێنه‌یه بگرم. بۆئه‌وه‌ی ئه‌م خه‌ونه فه‌راهه‌م که‌م، وه‌ک پیاوێکی غه‌ریب. سه‌ره‌تا چووم له قاوه‌خانه‌یه togo وه‌ک ئه‌وه‌ی لیره له هامبۆرگ پێی ده‌ڵێن، که به ئینگلیزی پێی ده‌ڵێنtake away کاپۆچینۆیه cappuccino و پارچه‌یه کۆراسانم کری و بریارمدا ئه‌م ژه‌می نیوه‌رۆیه به‌ده‌م رێکردنه‌وه بخۆم. سه‌ره‌تا بیرم له هه‌ردوو چه‌مکه‌که کرده‌وه. هه‌ردووکیان ووشه‌ی ئینگلیزین، یه‌که‌میان یانی بۆئه‌وه‌ی برۆی، دووه‌میان یانی له‌گه‌ڵ خۆتدا بیبه‌ی. هه‌ردوو به ههمانمانادێن به‌ڵام کارکردنی زمان له ناوه‌نده جیاوازه‌کاندا جودایه. به‌ده‌ستێکم کاپۆچینۆ گهرمهکهو به ده‌سته‌که‌ی ترم کوراسانهکهم، ده‌رۆشتم و ساتێ له باڵه‌خانه‌کان و ساتێ تر له کۆگاکان و جارجارێک له روومه‌تی جوانی ئافره‌ته‌کانم ئه‌نواری. هه‌نگاوم ئه‌ناو بیرم ئه‌کرده‌وه. کۆراسان جۆره کولیچه‌یه‌کی به ره‌گه‌ز فه‌ره‌نسیه. ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌فسانه‌یه‌ک هه‌یه. ئه‌فسانه‌که له رووی مێژووییه‌وه بێ بنه‌مایه. به‌ڵام هه‌بوونی مایه‌ی سه‌رنجه به تایبه‌ت که په‌یوه‌ستداره به یه‌کێک له کێشه هه‌ره گه‌رمه‌کانی ئه‌م رۆژگاره‌وه. کێشه‌ی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا! ئه‌فسانه‌که ده‌ڵێت. کاتێک تورکه عوسمانیه‌کان گه‌مارۆی شاری ڤیهننایاندا له ساته‌وه‌ختی شکانیاندا، نانه‌واخانه‌کانی ڤیه‌نا بۆ ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتن ئه‌م جۆره کولیچه‌یه دروستئه‌که‌ن که له شێوه‌ی مانگی یه‌ک شه‌وه‌یه و هێمای موسوڵمانانه. به خواردنی ئاماژه به له ناوبردنی تورکه عوسمانیه‌کان ئه‌که‌ن.
ده‌رۆشتم و بیرم له خۆم ئه‌کرده‌وه، منی مناڵێ لادێی، مناڵێ خه‌ڵكی گه‌رمیان, چی ئه‌که‌م لێره. ئه‌مه خه‌ونه یان حه‌قیقه‌ت. ئه‌مه منم لێره‌م بۆئه‌وه‌ی بیرکه‌مه‌وه، بۆئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی رووداوه‌کان، کێشه‌کان، تراژیدیا‌کانی سه‌رزه‌مینه دوور و گرگرتوهکان چه‌مک به‌رهه‌م بێنم. ئه‌م بیره‌ی کێیه‌تی من، هه‌رده‌م ئاماده‌یه، هه‌روه‌ها کاریگه‌ری زۆری هه‌یه له سه‌ر شێوازی ئاماده‌یی من لێره. من که ناتوانم سه‌د ده‌ر سه‌د لێره‌بم. بۆیه هه‌میشه بینینه‌کانم بینینێکی بێلایه‌ن نین، به‌ڵكو له راستیا بینێنێکی بهراوردکارانهن. من هه‌میشه له نێو دوو دونیادا به‌راورد ئه‌که‌م. که ئاماده‌بوونم له هیچ کامیانا پڕاو پڕ نیه. ئه‌م نائاماده‌بوونه منی غوربه‌ت، یان منی ناوه‌ند، وه‌ک هۆمی بابا ده‌ڵێ، به‌رهه‌م دێنێ.
بیرکردنه‌وه کارێکی پڕ له مه‌ترسیه. بیرکردنه‌وه هه‌میشه جێهێشتنه، جێهێشتنی متبووهکان، رامبوهکان، نوستوه‌کان. جیهێشتنێکه که گه‌یشتن تیایا نه‌زانراوه. له میانه‌ی بیرکردنه‌وه‌دا هه‌میشه ئه‌و پرسیاره له گۆرێیه؛ ئه‌رێ گه‌یشتن له‌کوێیه. ده‌کرێت مرۆڤ له دایک بێت و بژێت و بمرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی بیریکردبێته‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و وێرانه‌ی تیا زابێت هه‌تا بزانێت، سوپێره-ئودا، بوێره بزانه، وه‌ک کانت زاراوه لاتینیه‌که‌ی به‌کاردێنێت له ووتاری چیه‌تی رۆشنگه‌ریدا، وه ئه‌یکاته کرۆکی چیه‌تی رۆشنگهربوون.
هامبۆرگ شارێکی ناسکه. یه‌كیکه له شاره جوانه‌کانی ئه‌م گۆی زه‌ویه. من هه‌رگیز وه‌ها وێنام نه‌کردبوو. ناوی ته‌وای ئه‌م شاره به ئینگلیزی.
Freie und Hansestadt Hamburg به ئه‌ڵمانی. Free and Hanseatic City of Hamburg
که به مانای شاری هامبۆرگی ئازادی کۆمه‌ڵه‌ی هانس دێت. هانس کۆمه‌ڵه‌یه‌کی بازرگانی ناسراوی سه‌رده‌می سه‌ده ناوه‌ندیه‌کانه. که ئه‌مه بۆخۆی گه‌واهی ئه‌وه‌یه که ئه‌م شاره له تاریکترین قۆناغه‌کانی مێژووی ئه‌م کیشوه‌ره‌دا، جێگایه‌کی تایبه‌تی هه‌بووه. بۆ من ئه‌ڵمان توخمه مرۆڤێکن که به‌تاڵن له جوانی. سارد و سرن. روومه‌تیان هه‌میشه مۆنه. وه‌ک رۆبۆت ده‌چن بۆ کار و ده‌گه‌رێنه‌وه بۆ ماڵه‌کانیان. له رومهتیانا هیچ شێوازێک له په‌یوه‌ندیکردن نابینرێت. به‌ڵام ئه‌و دیده‌ی من دیدێکی روکه‌شه. له هه‌مانکاتدا به‌تاڵ نیه له راستی.
شه‌قامه‌کانی ناوه‌ندی شاری هامبۆرگ، پان و به‌رین و پاکن. به ئاسانی بوار به ئه‌و جۆره پیاسه‌یه ئه‌ده‌ن که شاعیری فه‌ره‌نسی بۆدڵیر پێی ده‌وت فلۆنێغ. فلۆنێغ یانی رێکردن و نوقمبوون له ئاپۆره‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی به ئاگابیت له ئه‌وانی تر.
ئه‌و قاوه‌خانه‌یه‌ی خواردنی نیوه‌رۆم لێکری ناوی قاوه‌خانه‌ی به‌لزاک بوو. رۆماننوسی ناسراوی فه‌ره‌نسی. رۆژی پێشوو یه‌کێک له پرۆفیسۆره شاره‌زاکانی لاڤانت، که ناوی فه‌ره‌نسیه بۆ شام و ئیسرائیل، کاتێک پێکه‌وه چووین بۆ نانی نیوه‌رۆ، پێی ووتم له‌وێ قاوه‌ی باش هه‌یه. قاوه دۆستێکی وه‌فاداره. هه‌میشه هه‌وڵئه‌دات به ئاگا بتهێڵیتهوه.
که پاره‌م دا ئافره‌ته‌که وه‌ک ئه‌وه‌ی بزانێت که من نیازمه رۆژێکی خۆش به سه‌ر به‌رم به ئه‌ڵمانی پێی ووتم شونه تاگ، که یانی رۆژێکی خۆش. (له راستیا ئه‌وه نه‌رێتێکی بازرگانیه) پاشان له ترافیکه‌که وه‌ستام هه‌تا گڵۆپی پیاوه سه‌وزه‌که هه‌ڵبێت. پیاوه سهوزکه؛ وه‌ک هه‌موو سیمبوله‌کانی تری ناوه‌نده گشتیه‌کان نێرانه‌یه. پیاو له ده‌ره‌وه‌یه، پیاو له جاده ده‌په‌رێته‌وه. لێره له ئه‌ڵمانیا یاسا وه‌ک ئاین په‌یره‌و ده‌کرێت. ده‌سه‌لاتی یاسا ژیانی دامه‌زراندوه به‌ڵام تا راده‌یه‌کی زۆریش بێماناو بێتامی کردوه. به جۆرێک هه‌رشتێک یاسایی بێت ره‌وایه و هه‌رشتێکیش نایاسایی بێت ناره‌وایه. پاشان به قه‌راخ کۆگاکانی ئایسکرێمدا تێپه‌ریم، خه‌ڵک له‌به‌ر خۆری لاوازی هاویندا دانیشتبوون. به‌شی زۆریان پیره‌ژن و پیره‌مێردن. ئه‌ڵمانیا وه‌ک زۆربه‌ی ووڵاتانی تری ئه‌وروپا هه‌تا بێت رێژه‌ی مرۆڤی پیری زیادئه‌کات. خه‌ڵک زۆرئهژین و زۆر که‌م منالێان ئه‌بێت. به‌جۆرێک له سه‌ره‌تایی ئه‌مساڵدا حکومه‌تی ئه‌ڵمانی یارمه‌تیه‌کی زۆری بۆ ئه‌وانه ته‌رخانکردوه که مناڵ دیننه دونیاوه.
له پرده‌که پهرێمهوه، زه‌نگی کلێساکه ده‌ستی کرد به لێدان، زه‌نگی کلێسا ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وانی تر به‌هایه‌کی ئاینی هه‌یه بۆ من زیاتر سات ئامێزه. ئه‌و زه‌نگه ئاگادارم ئه‌کاته‌وه که ساتێ تر له ته‌مه‌نم کورتبوهوه. کڵێسا‌کان لێره ژماره‌یان زۆره. بێده‌نگ بێده‌نگ حیکایه‌تی شه‌ره خوێناویه درێژه‌کانی رابوردوو ده‌گێرنه‌وه و هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که به‌رگێكی نوێ له‌به‌رکه‌ن. بۆنی خوێن؛ خوێنی عیسا به خاچه‌وه، خوێنی شه‌ره نه‌براوه‌کان، له گه‌ڵ بێده‌نگی-دا، یاری سه‌ره‌تاتکێ ئه‌که‌ن له نێوان دیار و نادیاردا.
زۆربه‌ی کلێساکانی ئێره پرۆتستانتن. له په‌یره‌وانی ئه‌و پیاوه‌ی که ناوی لوپهره. لوپهر که هه‌ستی کرد من بیر له ئه‌و ئه‌که‌مه‌وه، هه‌ر پاش په‌رینه‌وه‌م له پرده‌که، به پیریمه‌وه هات. پێکه‌وه به شه‌قامه‌که‌دا ده‌ستمان به رۆشتن کرد. من له دوا پاروی کوراسانهکهم گازم ئه‌گرت و کاپۆچینۆکهم خه‌ریک بوو سارد ئه‌بوه‌وه. له لوپهرم پرسی، من خه‌ڵكی ئیره نیم. ئه‌م رۆژانه له وڵاتی من، هێشتا ئاین، وه‌ک رۆژانی ئه‌وروپای پێش تۆ وه‌هایه. هێشتا که‌مینه‌یه‌ک خۆیان به خاوه‌ن ئاین و نوێنه‌ری خوا ئه‌زانن. هێشتا زۆرینه نازانن چی له کتێبه پیرۆزهکانیانا نوسراوه. هێشتا که‌س ناوێرێ به ئازادانه بیر له ئاین بکاته‌وه، قسه ده‌رباره‌ی ئاین بکات، ئاین هێنده تینوی ده‌سه‌ڵاته نیو هێنده خه‌می ژیان و ئازادی و یه‌کسانی و خوا په‌رستی نیه.
لوپهر سه‌ری بۆ ئهلهقاندم. ئێنجا لێم پرسی تۆ چیت کرد. شۆرشی تۆ چی بوو. له وه‌ڵاما ووتی شۆرشی من له دیدێکی روون و ساده‌وه بوو. ئه‌وه‌ی من ویستم ئه‌وه بوو. که ئاین ببێته به‌شێ له ژیانی هه‌موان، به زمانی خه‌ڵکی ساده، نه‌ک زمانی لاتینی قه‌شه‌کان، به‌یان بکرێت. که لوپهر ئه‌یویست زیاتر قسه‌م بۆ بکات، من خۆم به ته‌ماشاکردنی ئه‌و قهرهقۆزهوه خه‌ریک کرد که له هه‌وادا سه‌مای ئه‌کرد. حه‌زم ئه‌کرد لوپهرم له کۆڵ بێته‌وه. که به قه‌راخ ئهڵستهردا هاتمه‌خوارێ کچێ سه‌ر داپۆشراوی تورکم بینی خۆی به هاورێکه‌یه‌وه نوساندبوو، توند توند یه‌کتریان ئه‌گوشی. لاوه ئه‌وروپیه موسوڵمانه‌کان شه‌رم ناکه‌ن له ناوه‌نده گشتیه‌کاندا سۆز و خۆشه‌ویستیان بۆ یه‌کتر پێشانده‌ن. بۆ من دیمه‌نێکی سه‌یربوو. له کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌کانا عیشق، نهێنیه، شه‌رمه، مایه‌ی ئابروچونه، شهر و خوێنی لێ ئه‌بێته‌وه.
حه‌زم کرد پێش ئه‌وه‌ی پیاسه‌که‌م ته‌واوکه‌م و بگه‌رێمه‌وه بۆ ئیش، دوا به‌شی له‌گه‌ڵ هاینهدا به‌سه‌ربه‌رم. هاینه ناسکترین و غه‌ریبترین شاعیری ئه‌ڵمانه. رۆژانێک له هامبۆرگ ژیا بوو. ساڵانێ زۆر له غوربه‌ت. وه‌ک زۆر له‌و غه‌ریبه کوردانه‌ی ئه‌مرۆی ئه‌وروپا، به دڵێکی ناسک و به توانجی ته‌نز ئامێز هه‌میشه له په‌یوه‌ندیدا بوو له گه‌ڵ ووڵاتهکهیا. هاینه هاورێیه‌کی نزیکی مارکس بوو. شیعری جوانی بۆ هه‌ژاران نوسیوه. که به پرده‌که‌دا په‌ریمه‌وه پروشکه ئاوی فواره‌که‌ی ناو ئه‌لسته‌ر دای له گۆنام. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد جارێ تر خۆم له گیگا بینیه‌وه.