Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
تراژیدیاى كوردە عەلەوییەكانى توركیا

تراژیدیاى كوردە عەلەوییەكانى توركیا

Closed
by July 14, 2008 گشتی

نووسینى: یوسف عیزەدین
 

 *بەرایى

  ( *شێوەزارى دملى(زازایى)و(گۆرانى)یش هەروەك شێوەزارى هەورامى و لەكى، بەبنەچە دەچنەوە سەر شێوەزمانى پەهلەوانى كەزمانێكى كۆنى كوردییەو هەزار ساڵێك لەمەو پێش و بگرە زۆر لەوە لەمێژ تریش دەقە ئەدەبییەكانى ئەو دەمەى كوردى پێنووسراوە.
 *بەڵام هێشتاكە وەك ناوەتۆرەیەك و بۆ كەمكردنەوەى ئاست و رێزى دملییەكان، كرمانجەكان لەناو هێنانیاندا( زازا) لەجێى(دملى) بەكاردەهێنن.."میهرداد.ر.ئیزەدى-كوردەكان-"..).
 كوردە عەلەوییەكان یان ئەو كوردانەى بەشێوەزارى دملى دەدوێن، نەك هەر لەئێستادا بەڵكو بەدرێژایى مێژوو رووبەڕووى فراوانترین هێرش و پەلامار و توندترین گوشارى سیاسى و سەربازى بوونەتەوە، دەرسیم وەك شارێكى كوردە عەلەوییەكان دەیان جار نغرۆى خوێن كراوەو باشترین هەنجەتیش لەلایەن دەسەڵاتدارانى كۆن و نوێى توركەوە بۆ لێدانى ئەوان، پابەندنەبوون و باوەڕنەبوونیان بووە بەئیسلام و هەر ئەوەش وایكردووە كەتورك لێزانانە زۆرێك لەكوردە شافیعییەكانیش بەگژ ئەواندا بكات و جگە لەبەكارهێنانیان لەڕووى سەربازییەوە توانیویەتى ململانآ و ناكۆكى لەنێوانیاندا چآ بكات، كەلەسەرجەم بوارەكانى كاركردن و گوزەرانیشیاندا ببینرێتەوە، هەروەك چۆن لەژێر پەردەى ئیسلامەوە كوردە شافیعییەكان دەكرێن بەگژ ئێزیدى و كاكەییەكاندا و لەهەمووشى سەیرتر بانگەشەى بەڕێز( شێخ عەبدولڕەحمان نەقشبەندی)یە بۆ دامەزراندنى حیزبێكى هەورامى، كەبەپێى راوبۆچوونى ئەو هەورامى كورد نییەو داواكارە وەك توركمان و كلدان و ئاشوورى بەكەمە نەتەوە تێیان بڕوانرێت، لەكاتێكدا لەڕووى ئایینییەوە موسڵمان و هاومەزهەبى كوردە شافیعییەكانن و وەك لەئاماژە پێدانەكەى (میهرداد.ئیزەدى)یشدا وەدەردەكەوێت، شێوەزارى هەورامى كۆنترین شێوەزمانیچكى كوردییە، كەلەسەرەتاى كورتە باسەكەماندا بەنموونە هێناومانەتەوە.
 ( میهرداد) دەڵێت:( كرمانجەكانى باكوورى كوردستان لەبەر ئەوەى دملییەكان پیتى "ز" لەئاخافتندا زۆر بەكاردەهێنن، ناویان لێناون"زازا"، هەروەك چۆن سۆرانییەكان بەشێوەزارى هەورامى دەڵێن"ماچۆ ماچۆ"…تاد).
  بەڕاستى ئەمە تابلۆیەكى سەیر و ناشرینەو مایەى شەرمەزارییە كەكورد خۆى گاڵتە بەشێوەزار یان كەسایەتى و كولتوورى هاوڕەگەزەكانى خۆى بكات، لەجێى ئەوەى كولتوور و زمان و ئایین و مێژووى دوژمنانى خۆى پآ نەیار و جودا بێت، بەپێچەوانەوە هەموو ئەوەى كەهیى خۆى نییە دەیگرێتە خۆى و هەر چییەك هى خۆیەتى فڕێیدەداتە دەرەوەى خۆى و ئەگەر كەسانێكیش مابێتن وەك ئێزیدى و كاكەیى و عەلەوی و هەورامى كەهەڵگرى راستەقینەى بوونى كولتوورى و مێژووى ئەون، ئەوە لەجێى بەپیرەوەچوونیان دەچێتە پالأ دوژمنەكانیان، لەكاتێكدا هەر خودى ئەو دوژمنە لەكاتى لەناوبردنى كورددا، موسڵمان و غەیرە موسڵمانى كوردیان بەیەك چاو سەیر كردووە، كیمیابارانكردنى هەڵەبجەو ئەنفال و لەناوبردنى هەزاران بارزانى نموونەیەكى بەرچاون.
 ئەمە وێڕاى كەدوژمنانى كورد ممەگەر مەبەستیان بووبێت ئەگینا هیچ كاتێك عەلەوى و ئێزیدى و كاكەیى و هەورامیان بەغەیرە كورد نەزانیووەو بەیەك چاو سەیریان تێیان روانیووە.
 ئەمڕۆ سەیر و سەمەرەییەك لەمەسەلەكاندا هەیە، ئەگینا بۆ دەبێت ئەو سەردەمەى كەلەشكرى ئیسلام هاتووەتە كوردستانەوە، هەموو ئەو خەڵكەى كەلەو كاتەدا بەشێوەزارى گۆرانى و دملى و هەورامى وەك شێوەزارێكى سەرەكى ئاخافتنیان كردووە، بەخۆیان گوتبێت كورد و بەشێوەزارەكەشیان كوردى، هەر ئەم تێڕوانینەى كوردیش بووە لەبارەى كوردبوونییەوە، كەواى لەگەڕیدەیەكى وەك"ئیبن بەتووتە" كردووە كەهەر شوێنیك چ نزیك شەنگال بێت یان كرمانشان و هەموو ئەو شوێنانەى دیكەش كەكوردیان تێدا دەژى، بەشوێنى كوردان ناوببات. تەنانەت ناوبراو زۆر بەڕێز و پێزانینەوە باسى میواندارێتى شێخێكى كوردى ناوچەى شەنگال دەكات كەخوڵقى ئەوى كردووەو لاى ماوەتەوە، بەڵام تەنها بەكورد ناوى دەبات و ناڵێت ئێزیدى یان موسڵمان، لەكاتێكدا لەباسى شوێنەكانى تردا ئایین دەخاتە پێش ناسنامەى نەتەوەییەوە، هەر خودى سەلاحەدینى ئەیوبى كەلەبەر چاوى موسڵماناندا قارەمانى ئیسلامە، بەڵام سەبارەت بەئێزیدییەكان مەسەلەى نەتەوەیى پێش خستووەو بەتەواوى رێى پێداون نەك هەر دەسەڵاتى ناوچەیى بگرنە دەست بەڵكو زۆرێك لەكوردە موسڵمان و مەسیحییەكانیش بكەنەوە بەئێزیدى.
 * پەرستگە یان ماڵى جەمى عەلەوییەكان
 بۆ خۆم چەند جارێك لەسەر داواى كوردە عەلەوییەكان وەك میوانێك چوومەتە ماڵى جەم- یان و بەچاوى خۆم ئەو كەشە ئایینییە سیحراوییەى ئەوانم بنیووە، كەدەبێت لەوێدا بۆ ماوەى چەند سەعاتێك لەشێوە دانیشتنێكى سەختدا بمێنیتەوەو بڕوانیتە هەموو ئەو كەشەى كەساز دەكرێت.
 جیاواز لەزۆرێك لەئایینەكان بەتێكەڵیى ژن و پیاو و گەورەو بچووك بەبآ جودایى لەوێدا ئامادەدەبن.
 تەنانەت سەماكردنى تێكەڵى نێرینەو مێینەشیان، لەڕووى گوێنەدان و تێكەڵبوونیان لەڕەشبەڵەكى سەرجەم كورد دەچێت كەسەربارى گوشارى ئایینى و باوەڕهێنانى زۆرێك لەكورد بەئایینى ئیسلام، هێشتاكە كورد دەستبەردارى رەشبەڵەك نەبووەو تەنانەت لەو كاتانەدا ئاگاى لەخودى حەڵالأ و حەرامەكانى ئیسلام نامێنێت و وەك نەستێكى دەستەجەمعى پابەندى هەموو ئەو شتانە دەبێت كەلەپێش ئیسلامدا پەیڕەوى لێكردووەو تاتەوابوونى ئەو كەشەى كەدیارە پێشتر ماهییەتێكى ترى هەبووە، گوآ لەدەنگ و سەداى حەرام و حەڵالأ ناگرێت، ئەگینا لەڕوانگەى ئیسلامەوە رەشبەڵەك گەورەترین گوناهو تاوانە، كەچى هیچ پیاویچكى ئایینى و مەلاو كۆلكە مەلامان نییە بەشداریى رەشبەڵەكى نەكردبێت، ئەمە وەك نموونەیەكى لێكچوونى سەماكردنى تێكەڵى كوردە عەلەوییەكان و رەشبەڵەك، شایانى باسیشە لەهەردووكیاندا میویزك ئامادەگى هەیە، گەرچى لەسەماى عەلەوییەكاندا تەنیا سازەو زیاتریش رۆحییە.
 لەكەشى ئایینى كوردە عەلەوییەكاندا پاش ئەوەى كەسێكى پلەبەرزى ئایینى كەپێی دەگوترێت "پیر" دەچێتە سەرووى مەجلیسى ئامادەبووەكانەوەو لەنێوەڕاستى سازژەن و كەسێكى یاوەریدا دادەنیشێت، پاش وەعزێكى ئایینى شیعر ئامێز لەلایەن پیرەوە كەتەواو تەسەوفیى و میستیكییە، دەستدەكرێت بەگوتنى گۆرانى لەلایەن كەسانى تایبەتەوەو دواتر نمایشێكى شانۆیى پێشكەش دەكرێت كەخودى پیر و ئامادەبووان تێیدا بەشدارن و زۆرێك لەپرسیارەكان لەدیدگەى ئایینییەوە وەڵام دەدرێنەوەو موریدە نوێیەكان دەستنیشاندەكرێن، هەر هەموو ئەوەى كەلەپێشچاوتدا روودەدات بەڕادەیەكى زۆر كارت تێدەكات و ناكرێت نكووڵى لەجدییەتى كەشە ئایینییەكەیان بكەیت، رەنگە هەر ئەوەش بێت كەتا ئێستا ئەوانى وەك باوەڕدارانى ئایینێك سەربارى ئەو هەموو گوشارە هێشتبێتەوە.
 ئاشكرایە كەڕەگ و ریشەى عەلەوییەت وەك ئایینێك هەروەك ئێزیدییەت و یەریسانییەت دەچێتەوە سەر یەزدانییەت، كەكۆنترین ئایینى زانراوى كوردەو لەسەردەمى مادەكاندا پەیڕەوى لێكراوە.
 "پیر" ى عەلەوییەكان و دەیان پیرى وەك "پیر شالیار" و"پیر مەنسوور" و ئەوانەى ترمان بیردەخاتەوە، كەلەسەردەمانێكدا لەكوردستاندا مەرجەعى ئایینى بوون.
 شایانى باسە بەدرێژایى مێژوو گەورەترین پڕوپاگەندە لەلایەن نەیارانیانەوە دەرحەق بەوان كراوە، بەتایبەتیش پڕوپاگەندەى توركە حەنەفییەكان كەگوایە ئەو تێكەڵبوونەى نێرینەو مێینەى ماڵى جەم- یان بەمەبەستى سێكسكردن و رابواردنە، تەنانەت چەند جار لەمێژووى ئەو هەشتا ساڵەى حكومەتى توركیادا ئەگەر عەلەوییەكان بەنهێنیشەوە لەشوێنێكدا كەشێكى ئایینییان ساز دابێت و پێزانرابێت، ئەوە توركەكان خەڵكانێكى ئیسلامیان هانداوە تاهێرشبكەنە سەریان كەدیارە زۆرتریش بەگڕتێبەردانى ماڵى جەم-  یان لەلایەن ئیسلامییەكانەو تەواو بووە، ئەمە جگە لەدەستدرێژییە سەر مێینەكانیان و زەوت كردنى مالأ و موڵكیان.
 جێگەى سەرسامییە گەر بڵێین، لەكاتێكدا كوردە عەلەوییەكان نەك هەر توركە حەنەفییەكان بەڵكو ژمارەیەكى زۆرى كوردە شافیعییەكانیش دژیانن و تاپێیانكرابێت زیانیان پێگەیاندوون و بەچاوى سوكایەتى و وەك كافر تێیان روانیوون، لەگەلأ ئەوەشدا كوردە عەلەوییەكان هیچ كاتێك حاسایان لەكورد بوونى خۆیان نەكردووەو بەڵكو بەپێچەوانەشەوە بوونەتە پێشەنگ و رابەرى خەباتى سیاسى و چەكدارى كوردەكانى توركیا، سەربارى كەمیى ژمارەیان لەچاو كوردە شافیعییەكانى توركیادا، بەڵام زۆرترین ژمارەى بەشداربووانى خەبات و بەرخۆدان لەوان پێكهاتووەو پێكدادانى سوپاى توركیا لەگەلأ كوردەكاندا، كەزیاتر لەدەوروبەر و نێو جەرگەى ناوچە عەلەوى نشینەكاندا روودەدات، بەتایبەتیش دەرسیم گەواهى ئەو راستییە دەدەن.
 * كوردە عەلەوییەكان و گەمەى سیاسى هەشتا ساڵەى تورك
 كرێس كۆچێرا دەڵێت:( بەم جۆرە شێخ سەعید بێئەوەى سڵبكاتەوەو یان گومانێكى لێبكرآ لەسەرانسەرى ناوچەكەدا كەوتە بانگەشە، هەموو ئەو گوندانەى پێیاندا رەت دەبوو، وەدووى خۆى دەخستن و داواى لەجوتیار و وەرزێرانى كورد دەكرد كەیەكبگرن و بەشداریى جیهاد كەن دژى كافرانى ئەنقەرەو دڵنیاى دەكردن كەچ زەرەرێكیان پآ ناگات ).
 گەرچى ناكرێت بەتەواوى ئەوە ساغبكرێتەوە كەئاخۆ شۆڕشى شێخ سەعید وەك باسى لێوە دەكرێت شۆڕشێكى مەزهەبى و ئایینى بووە دژ بەحكومەتى ئەنقەرەو وەك لەسەرچاوە توركییەكاندا هاتووە مەبەست زیندووكردنەوەى خەلافەتى عوسمانى بووە، یاخود شۆڕشێكى نەتەوەیى بووە بەمەبەستى یەكخستنى ریزەكانى كورد لەپێناو بەدەستهێنانى ئازادیدا، دیارە ناشكرێت پشت بەبڵاوە توركییەكانى ئەو سەردەمە ببەستین كەئاماژەیان بەمەزهەبیبوونى ئەو شۆرشە كردووە، ئەمە جگە لەو باس و خواسانەى كەگوایە شێخ سەعید دژایەتى كوردە عەلەوییەكانى كردووەو ژمارەیەكى زۆریشى لێ كوشتوون و دەستى بەسەر مالأ و موڵكیاندا گرتووە.
 كرێس كۆچێرا دەڵێت:( نەهیچ رۆژنامەنووس یان دیپلۆماسێكى ئەوروپى نەلەكاتى شۆرشى شێخ سەعیدداو نەتاسآ سالأ لەوەو دواتریش دەتوانآ بچێتە كوردستان تاتاقیبى حەقیقەتى رووداوەكان بكات، بۆیە مرۆڤ ناچارە سەبارەت بەو هەواڵە یەكلایەنانەى كەلەچاپەمەنیى توركید بڵاوبوونەتەوە پەناوەبەر مەزەندەو گومانان بەرآ ).
 بەهەرحالأ بەبآ ئەوەى تەواو دڵنیابین كە شێخ سەعید بەگژ كوردە عەلەوییەكاندا چۆتەوە یان نا، بەڵام تورك تائێستاش لەباسكردنى لایەنێكى ئەو شۆرشەدا وەك وەك دژایەتییكردن و كوشتنى كوردە عەلەوییەكان دەیناسێنێت، جێگەى پرسیاریشە كەبۆ دەبێت ئەتاتوورك توانیبێتى ژمارەیەك لەكوردە عەلەوییەكان دژ بەشۆرشى شێخ سەعید خڕبكاتەوە و بەلاى خۆیاندا رایانبكێشێت، تۆ بڵێى بەبێئەوەى شێخ سەعید هیچ دەستدرێژییەكى كردبێتە سەر كوردە عەلەوییەكان و ئەوان لەئەنجامى كۆمەڵێك تەكتیك و پڕوپاگەندەى توركەوە ئەو هەڵوێستەیان وەرگرتبێت!؟.
 لەكاتێكدا لەمڕۆدا كوردە عەلەوییەكان رۆڵێكى بەرچاویان لەپێشڕەوایەتى خۆپیشاندان و رێپێوان و خەباتى سیاسى و چەكدارى كوردەكانى توركیادا هەیەو سەرسەخترین نەیارەكانى دەسەلاتە شۆڤێنییەكانى توركن، شایانى باسیشە لەكاتێكدا كوردە عەلەوییەكان دەنگ بۆ كاندیدكراوە كوردەكان دەدەن و پارتە كوردییەكان دەدەن، زۆرترین ژمارەى كوردە شافیعییەكان دەنگ بۆ پارتە ئیسلامییە حەنەفییەكان دەدەن و لەناوچەكانى ئەوانیشدا(A.K.P) زۆرترین دەنگى بەدەست هێنا، بەڵام لەدیاربەكر كەزۆرینەى عەلەوییە و لەدەرسیم و ئەلاز و ئەو شوێنانەى كەناوچەى سەرەكى كوردە عەلەوییەكانە، پارتە كوردى و غەیەر ئیسلامییەكان زۆربەى دەنگەكانیان بەدەست هێنا.
 تەنانەت لەهەڵبژاردنەكانى یەكەمینجارى(A.K.P)دا لەگەلأ ئەوەى زۆربەى دەنگەكانى بەدەست هێنا، ئەردۆوان بەپێى ئەو تۆمەتانەى كەڕووبەڕووى كرابوونەوە لەلایەن دادگاى توركییەوە نەیدەتوانى بچێتە پەرلەمانەوەو مافى پۆست وەرگرتنى نەبوو، بۆیە دەبوو لەیەكێك لەشارەكانى توركیادا لەسەر ئاستى تاكەكەسى خۆى هەڵبژێرێت و زۆرینەى دەنگەكان بەدەست بهێنێت، تابتوانێت لەحكومەتەكەى(A.K.P) بەشدار بێت، جا سەیریش لەوەدایە لەكاتێكدا كەواچاوەڕوان دەكرا ئەردۆوان لەشار و زێدى خۆى"ریزە"ى كەنار دەریاى رەش دەنگى بۆ بدرێت، كەچى ناوبراو لەبەر دڵنیانەبوونى لەوەى كەخەڵكى ناوچەكەى خۆى زۆرینەى دەنگەكانى پێبدەن، زێدى ژنەكەى هەڵبژارد كەبەڕەگەز كوردەو خەڵكى شارى"سیرت"ە، سەربارى رۆڵى پارتە ئیسلامییەكان لەو ناوچە سونییەداو ئەو بەخشش و پارەو بەرتیلەى دایە دەنگدەران، توانى زۆرینەى دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بەداخیشەوە زۆرینەى كوردى ئەو ناوچەیە بەدەنگدانیان بۆ ئەردۆوان، گەورەترین خیانەتیان لەبوونى خۆیان كردو سەلماندیان كەهەردەم بەئاسانى دەسەڵاتدارانى دژە كورد تواناى بەكارهێنانى كوردیان هەیە، بەتایبەت لەكاتێكدا ئەردۆوان تەنها چانسێكى بەدەستهێنانى زۆرینەى دەنگى خەڵكى ئەو شارە بوو.
 *وانەى ئایین و قوتابخانەكانى توركیا
 لەكاتێكدا كەدەبوو توركیا بەوپێیەى ساڵانێكە ئیدیعاى سكوێلاریزم دەكات، وانەى ئایین لەقۆناغەكانى خوێندندا نەبووایە، بەڵام لەقۆناغى سەرەتاییەوە تائاستێكى دیاریكراوى خوێندن دەخوێندرێت و لەدیدگەیەكى سوونى حەنەفییەوە كتێبى ئایین داڕێژراوە و تایبەتە بەو مەزهەبە، لەكاتێكدا لەتوركیادا ژمارەیەكى بەرچاو یەهودى و مەسیحى و جەعفەرى و عەلەوى و ئێزیدى و یەریسانى هەن و منداڵەكانیان ناچارن لەقوتابخانەكاندا قێرە ئایینێكى تر بن و بیخوێنن.
 جا ئەمە چەندین جار لەلایەن رۆشنبیر و رووناكبیرى ئەو مەزهەب و ئایینانەوە، بەتایبەتیش لەلایەن عەلەوییەكانەوە بۆتە جێگەى مشتومڕ و دەیان یاداشتنامەو سكاڵانامەیان بۆ یەكێتى ئەوروپا بەرز كردۆتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە كەتوركە حەنەفییەكان لەلایەن دەوڵەتەوە بەتەواویى پشتگیریان لێدەكرێت و بەهرەمەندن لەهەموو ئەو كۆڵەكانەى كەدەتوانن ئایینەكەى خۆیانى پآ بپارێزن، بەپشتگیرى ئەوقافى دەوڵەت و هەموو دام و دەزگاكانى بەڕێوەچوونى كاروبارى ئایینى و میدیاو قوتابخانە ئایینییەكان، هەروەك ئەوەى لەوڵاتە ئیسلامییەكاندا هەیە، ئەمە لەكاتێكدا كوردە عەلەوییەكان رووبەڕووى سەخترین دژایەتى و سوكایەتى پێكردنى ئایینى دەبنەوەو نەك هەر هیچ دەزگاو سەنتەرێكى ئایینى تایبەتیان نییە، بەڵكو دەوڵەتى توركى حەنەفى مەزهەب دان بەوەشدا نانێت كەعەلەوییەت ئایینە یان مەزهەبێكە و بەكەسانى ئاتێیست لەقەڵەم دەدرێن. وەك نمونەیەك لەڕەمەزاناندا لەهەموو ئەو شوێنى كارانەى كەخاوەنەكانیان ئیسلامن، ئەو عەلەوییانەى لەو شوێنانەدا كار دەكەن رووبەڕووى گەورەترین دژایەتى دەبنەوەو تا بەربانگ بەبآ پشوو و مۆڵەتى نانخواردن دەبێت وەك هەموو ئەو موسڵمانانەى كەبەڕۆژوون ئەوانیش بەبرسێتى بمێننەوە، رەنگە ئەمە لەزۆر شوێنى ترى وڵاتە ئیسلامیەكانیشدا هاوشێوەى نەبێت.
 پاش ئەو هەموو گوشارەى ئەوروپا هێشتاكە رآ بەمەسیحییەكان نەدراوە قوتابخانە لاهوتییەكانى خۆیان بكەنەوە، بەمەبەستى پەروەردەكردنى پیاوانى ئایینى و قەشەكانیان.
 نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كەسەنتەرى ئایینى و رۆشنبیرى جولەكانى توركیا لەئیستانبول( نەوا شالووم) لەسەردەمى باڵادەستى(A.K.P)و لەساڵى 2004-دا لەلایەن ئیسلامییەكانەوە تەقێنرایەوە، كەیەكێك لەپلان داڕێژەرانى كارە تیرۆریستیەكە كوردى توركیا بوو كەناوى "ئازاد ئیكینجى" بوو، ناوبراو كەسێكى ناسراوى نێو گروپە ئایینییەكان بوو، نزیكایەتیشى لەگەڵ"A.K.P" هەبوو، چونكە هەر ئەوەندەى گوشارى نێودەوڵەتى خرایە سەر توركیا بۆ دۆزینەوەى بكەرانى كارەكە یەكسەر ناوى"ئازاد ئیكینجى"دا و دواتریش زۆر زیرەكانەو بۆ ئەوەى دەستگیرنەكرێت ئەو و چەند تیرۆریستێكى دیكەى تر رەوانەى عێراق كران و پاش كوژرانى "ئازاد ئیكینجى"یش لەعێراقدا وێنەى بەمردووێتى لەسەرجەم كەناڵە توركییەكاندا بلاوكرایەوەو بەو شێوەیە بكەرانى ئەو كارە كەلەیەك رۆژداو لەكاتێكى نزیك لەیەكدا چوار شوێنى زۆر گرنگیان تەقاندەوە، دوانیان شوێنى تایبەت بەجولەكەكان بوون و دوانەكەى تریشیان دوو بانكى نێو دەوڵەتى بەریتانى بوو، هەموو ئەمەش لەكاتێكدا كرا كەئەوروپا بەتەواوى دەركەى چوونە ناوەوەى توركیاى بۆ نێو یەكێتى ئەوروپا داخستبوو، هەر پاش تەقینەوەكەش یەكسەر گفتوگۆ لەگەل توركیا دەستى پێكردەوەو لەترسى روودانى كارى لەو جۆرە دەستیان كرد بەنواندنى نەرم و نیانى لەگەڵیدا و هەركەسێكیش كەمێك ئەقڵى بەگەمە سیاسییەكان بشكێت لەم مەسەلەیە تێدەگات و دەزانێت چۆن چۆنى ئەنجامدەرانى ئەو كارە كەشف بوون و دواتریش چۆن چۆنى رەوانەى عێراق كران و بۆ پاش ماوەیەكیش بەكوژراوى وێنەكانیان بڵاوكرایەوەو ئیدى كۆتایى بەمەسەلەكە هات!؟.
 ئەمە لەكاتێكدا دەزگا ئیستیخباراتییە بەریتانى و ئیسرائیلییەكان"ئازاد ئیكینجى"یان بەزیندوویەتى دەویست تاسەرە هەودایەكى كارە تیرۆریستییەكە بدۆزنەوە، بەڵام روونەدانى ئەمە و دەرچوونى لەدەستیان و دواتر كوژرانى رێكەوت نییە و زۆر بەوردى كارى بۆكراوە.
 لەبرى كۆتایى
 تراژیدیاى كوردە عەلەوییەكان زۆر لەوە زیاتر و قووڵترە كەلەم كورتە باسەماندا بتوانین هەموو لایەنەكانى بخەینە روو، چ لەرووى سیاسى و چ لەرووى كۆمەڵایەتییەوە، هەر لەزەواجنەكردنى كوردە موسڵمانەكان لەگەڵیان، چ كچیان نادەنآ و چ كچیشیان لىَ ناخوازن، نەك هەر لەبەر ئەوەى بەتێڕوانینى ئەوان غەیرە دینن، بەڵكو لەبەر ئەوەى كچانى عەلەوى وەك كچانى موسڵمان خەتەنە ناكرێن و ئەمە جگە لەوەى كەپێیان وایە پێش شووكردنیان سێكس دەكەن، لەكاتێكدا بنەماو پرەنسیپى سەرەكى عەلەوییەكان بریتییە لە:
 1- پاراستنى شەرەف و نامووس
 2- گرتنى زمان لەڕووى گوتنى شتى دزێو
 هەر بۆیە دەڵێن:( خاوەنى زمان و دەست و نێوقەدت بە).
 وێڕاى ئەوەى ئەوان زەحمەتتر لەچاو موسڵمانەكاندا كاریان چنگ دەكەوێت و ئاستەمە بگەنە پلە باڵاكانى كاروبارى دەوڵەتى و هەمیشە دژایەتى بەرچاو و نهێنییان دەرحەق دەكرێت، لەزۆر گەڕەك و ئاپارتمانى موسڵمان نشیندا بەئاسانى جێیان ناكرێتەوەو خانوویان بەكرآ نادرێتآ، یان ئەگەر لەشوێنێكى موسڵمان نشیندا نیشتەجآ بن لەلایەن دەرو دراوسێوە هامووشۆ ناكرێن، خواردنى ئەوان بەپیس دەزانرێت و…تاد.
 كەدیارە هەموو ئەمانەو زۆر شتى تریش لەگەلأ ئەو هەموو خۆ نمایشكردنە مەدەنییەى توركیا ناگونجێت و بەپێى ئیدیعاى یەكێتى ئەوروپاش یەكێك لەمەسەلە رێگرەكانى چوونە ناوەوەى توركیا بۆ نێو یەكێتییەكەیان، ئازاد نەبوونى عەلەوى و یەریسانى و ئێزیدى و ئەوانەى ترە لەرووى هەڵسووڕانى ئایینى و رادەربڕین و بەشداریكردن لەسەرجەم بوارە جۆراو جۆرەكانى نێو دامودەزگا و فەرمانگە رەسمییەكانى توركیا بەبآ جیاوازى.
 Yousifazaddin@yahoo.com
 

Previous
Next