Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
لە پەراوێزی بوونی یەكێتی بە ئەندامی SI

لە پەراوێزی بوونی یەكێتی بە ئەندامی SI

Closed
by July 16, 2008 گشتی

                                                                                    
 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 سەرەتای ئەم مانگە ڕێكخراوی سۆسیال ئەنتەرناسیونالی جیهانی 23 هەمین كۆنگرەی خۆی سازدا، لەم كۆنگرەیەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ئەندام و سكرتێرەكەیشی جەلال تالەبانی بە جێگری سەرۆكی ڕێكخراوەكە هەڵبژێردران. ئەمەش كاردانەوەو بەدواداچوونی جۆراوجۆری لێكەوتەوە.
 بەجیا لەوەی كە ئێستا ڕێكخراوەی سوسیال ئەنتەرناسیونال لە چ جێگایەك بەهرەمەندەو هەڵگری چ پەیام و ئەداتێكی سیاسییە. جێگای خۆیەتی هەڵوێستەیەكی كورت لە بوونی یەكێتی بە ئەندامی ئەو ڕێكخراوەیە بكەین.
 زیدەرۆیی نییە ئەگەر بڵێن لەدنیادا هیچ حزب و ڕێكخراوێك بە ئەندازەی یەكیتی نیشتمانی و ڕابەرایەتیەكەی بانگەشەی دیموكراسی و فرەیی، بانگەشەی پاراستنی مافەكانی مرۆف و ڕێزگرتن لە ئازادی وبیروراو چاپەمەنی، یەكسانی ژن و پیاو، عەدالەتی كۆمەڵایەتی… كردبێت.
 كەم ڕێكخراو حزبیش هەن هێندەی یەكێتی نیشتمانی لە ئۆپۆزیسۆن و دەسەڵاتدا، پێچەوانەی بانگەشەكانیان ڕەفتاریان كردبێت.
 ئەمەش ڕوداوێكی لەخۆوە یان لاوازیەكی زگماكی یەكێتی نییە، هێندەی ڕەنگدانەوەی ماهیەتی چینایەتی یەكێتی یە.
 یەكێتی هێزێكی قەومپەرست و هەڵگری فەرهەنگی شاخ و دیهاتە لەبەرامبەر فەرهەنگ و كەلتوری شاری وسەردەمی.
 بۆیە بانگەشەكانی لە پەیوەند بە مافی مرۆف دیموكراسی و فرەیی، بانگەشەی پاراستنی مافەكانی مرۆف و ڕێزگرتن لە ئازادی وبیروراو چاپەمەنی، یەكسانی ژن و پیاو، عەدالەتی كۆمەڵایەتی، لە دنیای ناسیونالیزمی ئەم سەردەمەو دنیای دیهات و فەرهەنگی خێڵ و عەشیرەتیدا، ناتوانرێ مانای واقعیان هەبێت. پێچەوانەی ئەمە واقعیەتەكەیە. و یەكێتیش بەشێكە لەو واقعیەتە مەلموسە.
 یەكێتی نەهەرگیز توانیویەتی دەنگی "نا" و ئۆپۆزیسۆن لەناوخۆو دەرەوەیەدا قبوڵبكات و نە حەوسەلەشی بووە دەست بۆ توندوتیژی و چەك نەبات لە بەرامبەریدا.
 یەكێتی چونكە ئەم فەرهەنگی خێل و عەشیرەتە بنەمای سیاسەت و ڕەوتاریەتی، نەك هەرگیز یەكسانی ژن و پیاوی پێهەزم نەكراوە،بەڵكو وەكو مەلاكان پاساوی بۆچەند ژنە قبوڵكردووەو هێناوەتەوە.
  یەكێتی نەك نەیتوانیووە جیای دین لە یاساو ڕێسا، لەخوێندن وپەروەردە، لە دەسەڵات جیابكاتەوە و كاری بۆبكات، بەڵكو خۆی وەكو دەسەلات وەزارەتی ئەوقافی قوتكردۆتەوەو پارەی خەیاڵی لەداهاتی خەڵك ئەكەن بەگەروی ئەم وەزارەتە دژی شارستانیەدا، یەكێتی نەك بیروباوەری مخالیف بەخۆی قبوڵ نەكردووە بەڵكە لەناوڕیزەكانی خۆیشیدا كارنامەیەكی گەورەی لەسەركوت نانبرین و ڕاوەدونان زیندانی و كوشتار هەیە. یەكێتی هەرگیز مافی مرۆفی نەك پێنەپارێزراوە، هێندەی مافەكانی مرۆف لەژێرسایەی دەسەڵاتەكەدا پێشێلكراوە، باسی زیندانی سەركوتی چەپ و كۆمۆنیست و نووسەران و ئازادیخوازیش  پێویستی بە ئەژماركردن نییە.
 باسی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، هەر هیچ و ئەمرۆ هەموو داهات و ئیمكانیەتی ئەم كۆمەڵگایەی ژێردەسەڵاتی خۆی قۆرغ كردووە، جگە لەخۆی وەكو حزب و وەكو بەرپرسان و ئەحبابی بەرپرسان هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە حەرەمی بازاری ئازاد!!یان ببەزێنێ.
 با زۆر نەڕۆین، ئەو بنەمایانەی كە مەرجی ئەندامەتی هەرهێزكن بۆ ئەندامەتی لە ڕێكخراوی جیهانی سوسیال ئەنتەرناسیونال، لەسەریان حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان لەلایەن یەكیتی یەوە بەچەك و زۆری چەك لێیدراو بارەگاكانی داخران و بەڕۆژی ڕووناك ژمارەیەك كادرو ئەندامی قەسابی كران و دیل كوژیان كرد. وەكو هەمان ڕەفتاری بەعسیش لەگەڵ خێزان و كەس وكارەكەیان مامەڵەیان كرد، ڕێگەی پرسەیان لێگرتن و خۆشیان دوو لەچاوی كەسوكارو ئازیزانیان بەشەو تەرمەكانیان ژێرخاك خستن.
 بۆیە ڕێكخراوی سوسیال دیموكرات بە قبوڵكردنی یەكێتی لەو ڕێكخراوە، بەرلەهەموو شت ماهیەتی خۆی نیشانی دنیا، بەتایبەتی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستاندا كە چەندە ڕێكخراوەیەكی بودەڵەی لێدەرهاتووە.
  یەكێتی كە ئێستا بۆتە ئەندامی ئەو ڕێكخراوە، بەر لە ئەندام بوونیشی لەو ڕێكخراوەدا، هەمان ئەو بانگەشانەی بووە كە سوسیال دیموكراسی بوویەتی، كەچی لەسەر بەرگری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان لە یەكسانی ژن و پیاو، ریفراندۆم و بەرگری لە ئازادی سیاسی و وبیرورا،…. لەو حزبەیان داو بارەگاكانیان داخست و ڕێگەی هەڵسورانی یاساییان لەم حزبە گرت.  
 بۆیە بوونی یەكێتی بە ئەندام لەو ڕێكخراوەدا ناتوانی یەكێتی بگۆرێت و بیكات بەهیزێك كە كەمترین پرانسیبەكانی ڕێكخراوی سوسیال ئەنتەرناسیونال و حزبە سوسیال دیموكراتەكان لە خۆیدا بەرجەستە بكاتەوە، ئەوانەی كە لایان وایە یەكێتی دەتوانێ ئاڵوگۆر لە سیاسیەت و پراكیتیدا بكات، بە دنیای واقعی سیاسیەت و حزبایەتی و بزوتنەوەكان نامۆن.
 سوسیال دیموكراسی دەمێكە بزوتنەوەیەكی سیاسی و كومەڵایەتییە، ناسیونالیزمیش بەهەمان شێوە بزوتنەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتیە، ناكرێت پرانیسیەكانی ڕێكخراوەیەكی سۆسیال ئەنتەرناسیونالست لە حزب و بزوتنەوەكی قەوپەرستدا، جێبكەیتەوە.
 تائەوكاتەی یەكێتی نیشتمانی حزبێكی قەومپەرست و ناشارییە، ناتوانێ مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ئازادی و پرانیسبەكانی مافی مرۆف، لەگەڵ مافەكانی ژنان و مافە فەردی و مەدەنیەكان، لەگەڵ بازارو پرانسبەكانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، لەگەڵ دیموكراسی بەمانا باوەكەی بكات.
 یەكێتی تائێستا بە كردەوە لەسەر بنەمای دژایەتی ئەم پرانسیبانەی سوسیال دیموكراسی، توانیویەتی خۆی ڕابگرێت وبمێنێتەوە، هێندەی بانگەشەكانی ڕوو بەدنیای دەرەوەو كراوەتە خۆراكێكی سیاسی و فریوكاری بۆ جێگا پەیداكردن لە ناو مەرجەعە نێودەوڵەتیەكاندا، نیوئەوەندە نەبۆتە هۆی ئەوەی كە ئەم هێزە بەچاوێكی كراوەوە بڕوانێتە مێژوی خۆی، كارنامەی خۆی، ناسنامەی پێكهاتن و مانەوەی خۆی.
 یەكێتی بەم حاڵەی ئێستایەوە، بەو پێكهاتە چینایەتیەوە، بەو ناوەرۆكە قەوپەرستیەوە، ناتوانێ ئاڵوگۆڕ بەسەرخۆیدا بهێنێت و خەڵكیش بانگەشەكانی بە هەند ناگرن.
    
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.