Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
14 / 7  هەنگاوێك پاشـــەكشـــە , دەرســــــێك بۆ پێـشـــــڕەوی !!

14 / 7 هەنگاوێك پاشـــەكشـــە , دەرســــــێك بۆ پێـشـــــڕەوی !!

Closed
by July 16, 2008 گشتی

  tahirhassan1@yahoo.com

 هەشت ساڵ بەر لەئێستا چەكدارەكانی (ی , ن , ك), گەمارۆی بارەكاگانی كۆمیتەی ڕابەری ڕێكخراوی كوردستان و كۆمیتەی سلێمانی و بارەگای ڕادیۆی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراقیان لەشاری سلێمانی دا. لەسەرەتاوە ئاوو كارەبای بارەگاكانیان بڕی!. پاشان كەوتنە دەستگیركردنی هەموو ئەو كەس و میوانانەی بۆ بارەگاكان دەچوون، تەنانەت منداڵیشیان لێ دەرنەكرد!.
 بەهانەی سەرەكی و ڕاگەیەنراوی بەخەتی ڕەش لەسەر سپی نووسراوی یەكێتی بە ئیمزای (نەزەر عەلی ئەكبەر)، كەئێستا وێنەی لای دادگای سلێمانی و ئێمەش دەست دەكەوێت. ئەوەبوو كە: (حزبی ئێمە بۆسەربەخۆیی كوردستان تێدەكۆشێت و بەمەبەستی جیاكردنەوەی كوردستان و پێكهێنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لەكوردستان، ئیمزای پشتیوانی لەخەڵك كۆدەكاتەوە. ئەمەش یەكپارچەیی خاكی عێراق دەخاتە مەترسی!. حزبی ئێمە پڕۆژەی قانوونی یەكسانی تەواوی ژن و پیاوی وەك بەدیلێك بۆ قانوونی ئەحوالی شەخسی ڕژێمی بەعس بڵاوكردۆتەوە. ئەمەش دژی دەستووری عێراقیە, و دین و عادات و تەقالیدی كۆمەڵگەی كوردی دەخاتە مەترسیەوە!. بۆیە دەبێت دادگا بڕیاری قەدەغەكردنی هەڵسوڕانی حزبی ناوبراو بدات!).
 بەڵام یەكێتی نیشتیمانی نەك هەر لە ڕێگەی دادگاوە نەیتوانی هەڵسوڕانی حزبی ئێمە قەدەغە بكات و گوێگرێكی پەیدا نەكرد، بەڵكو پشتیوانی هێزێكی فراوانی ئەدیبان و ڕۆشنبیران و ئینسانە ئازادیخوازەكانی دەرەوەو ناوەوەی كوردستان لە كەمپەینی ڕاگەیەنراوی ئەوكاتی حزب، پاشەكشەیەكی سیاسی سەختی بەسەر یەكێتیدا داسەپاندو لەجێگای خۆی داینایەوە. بۆیە ئینجا خاوەنی ئێستای ( كۆمپانیای ووشە)، كە ئەوكاتی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو, ڕێگای ( گوللە) ی هەڵبژارد. لەماوەیەكی كەمدا تەواوی كوچەوكۆڵان و سەربانی ماڵەكان و جادەكانی دەوروبەری بارەگاكانیان بەسەدان چەكدار گەمارۆدا, تا لە 14/7 داولەناو جەرگەی شاری سلێمانیداو بەڕۆژی ڕووناك و بەپێش چاوی خەڵكەوە پێنج هاوڕێ ی ئێمە، كە لە نێو سەیارەیەكی لاندكرۆزەردا بوون و لە بازاڕ دەگەڕانەوە خەڵتانی خوێن كرد!. یەكێتی نەك هەر تەرمی هاوڕێیانی ئێمەیان وەك عورف وعادەتێكی نزیك لە ئینسانیەت نەدایەوە بە ئێمە وكەسوكاریان، بەڵكو هەر ئەو شەوەو لە ژێرچاودێری هێزێكی گەورەی چەكداردا تەرمەكانیان كردن بە ژێر گڵەوە!!. تەنانەت سەردانی گۆڕەكانی هاوڕیانیشیان لە كەسوكارو هاوڕێكانیان قەدەغە كرد!.
 بەمەشەوە نەوەستان. پاشان هێرشیان كردە سەر بارەگای ڕێكخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنان و وێڕای تاڵانكردنی بارەگاكە، تەواوی ئەو ژنانەی كەلە ترسی قەتڵی نامووسی پەنایان بۆ سەنتەر بردبوو و لەوێدا پارێزراوبوون، دەست بەسەر كرد. كە بەداخەوە چەند ڕۆژ دوای ئەو ڕووداوە ( نەسرین ) ناوێكیان لەلایەن كەسوكاریەوە گوللە باران كرا !. پاشان چوونە سەر سەنتەری پارێزگاری منداڵانی بێ سەرپەناو وێڕای تاڵانكردنی سەنتەرەكە، تەواوی منداڵەكانیان فڕێدایە سەر جادە!!.
 ئەو كردەوەیەی سەركردایەتی یەكێتی، ئەوەندە قێزەوون و دژی ئینسانی بوو، كە سەختە وێنەی لە كارنامەی ئەحزابی سیاسی لە ناوچەكەدا پەیدا بكەیت, هەر بۆیە دەیان ئەدیب و شاعیرو ئینسانی ئازادیخواز و ناسراوی كوردستان، كە ڕەنگە خۆشیان بەشەریكی بیركردنەوەو ئامانجی حزبی ئێمە نەزانیبێ، ئەو كارەساتەیان پێ تەحەمول نەكراو چ بەشێوەی تاكە كەسی و چ بە كۆمەڵ بەدەركردنی بەیاننامەی ناڕەزایەتی ئەو كردەوەیەی یەكێتیان مەحكوم و شەرمەزار كرد.
 تا ئێرە بیرخستنەوەیەكی خێرای كارەساتی 14/7/2000 بوو، كە ڕەنگە بۆجیلێك لە لاوان كە لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا نەژیاون، یان دووراودوور و دەم بەدەم لێرەو لەوێ بیستوویانە بێ كەڵك نەبێت.
  ئامانجی سەرەكی من لە كردنەوەی دووبارەی ئەم مەلەفە، تەنیا یادكردنەوەو وەفاداری و ڕێزگرتن لە گیان و خەبات و تێكۆشانی ئەو پێنج ئینسانە عەزیم وخۆشەویستە نییە. ئەوان بەشێكی بەرچاویان لە مێژووی ژیانی سیاسی و شەخسی ئێمەدا داگیركردوەوهەمیشە لەگەڵمان دەژین و یادیان بەرز و بەڕێزە.
 لە تەواوی كۆمەڵگەكانی ڕۆژهەڵاتدا، هەمیشە سووننەت وهەڵسوكەوت وقانوون و فەرهەنگی باوی ئەحزابی بۆرژوایی دەسەڵاتدار، ڕاستەوخۆ شكڵدەدات بە فەرهەنگ و هەڵسوكەوتی ئەحزابی ڕاستی ئۆپۆزسیۆنی خۆی، كە ئەمەش دەوروی كاریگەر دەگێڕێ لە شكڵدان و جێخستنی فەرهەنگێكی سیاسی كۆنەپەرستانە لە كۆمەڵگەدا. كە خۆی شۆڕ دەكاتەوە بۆ تەواوی مەیدانەكانی ژیانی خەڵك، لەهونەرو ئەدەب وشانۆوە بگرە، هەتا شیعرو گۆرانی و موزیك.
 تەنیا نیگایەك لەدەسەڵات و شێوەی هەڵسوكەوتی حكومەتەكانی ناوچەكە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەكانی خۆیان، ڕەنگە بەس بێت. تا ئینسان لە فەرهەنگی سیاسی باوی وڵاتانی ئەو ناوچەیە تێبگات.
 دەسەڵاتداریەتی وڕەفتارو هەڵسوكەوتی زیاتر لە 30ساڵی ڕژێمی دڕندەی بەعس، ڕەنگ و بۆی خۆی بەسەر تەواوی هەڵسوكەوت و فەرهەنگی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستی خۆیەوە بەجێهێشتووە. نموونەی ئەحزابی قەومی كورد تەماشاكەن. ڕەفتاریان بەرامبەر بەخەڵك، ڕەفتاریان تەنانەت بەرامبەر ئەحزابی ڕاستی هاوشێوەی خۆیان، هەمان ڕەفتارێكە كە ڕژێم بەرامبەر بەخەڵك و خۆیان كردوویەتی. سەیر كەن ناتوانن تەنانەت تەحەموولی كەمترین مخالەفەتی نێو ڕیزەكانی خۆیان بكەن، چ جای مخالەفەتی خەڵكی دەرەوەی خۆیان!. لە هەڵبژاردنی تەنانەت نێو ڕیزەكانی حزبەكەی خۆشیاندا چەك لەیەكتری ڕادەكێشن و نارنجۆك فڕێ دەدەنە ماڵی یەكترەوە، شەخسیەتی یەكتری دەشكێنن و یەكتری ئەتك دەكەن، لەبەرامبەر ئەحزابی ڕاستی هاوشێوەی خۆیاندا، سەدان ئەسیری یەكتر بە دەستی بەستراوەوە گووللەباران دەكەن !. جا ئەگەر بێیتە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكومەت، ئەویش ئەگەر هەبوو، ئەوە هەر بە مەسخەرەی مێژوو دەگەیت!!. ڕەفتارو هەڵسوكەوت و سووننەت و فەرهەنگی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتانە، ڕیشەی لە پایەی چینایەتی وناسازگاری ئەو دەسەڵات و حزبانەدایە لەگەڵ ئینسان و ئینسانیەت و ئازادی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی. ئەگەر لە كۆمەڵگەیەكدا لەپاڵ فەرهەنگی كۆنەپەرستانەو دژی ئینسانی دەسەڵاتی بۆرژوایی و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی خۆیدا، فەرهەنگێكی سیاسی مۆدێرن و ئینسانی بەدیكرا، تەنیا و بەتەنیا دەلیلی لەئارادابوونی ڕەوتێكی پێچەوانەو جیاوازی كۆمۆنیستی و سۆسیالیستی كرێكاریە لە نێو باڵانسی كێشمەكێشی سیاسی دەسەڵاتدا. نەك هیچ شتێكی تر.  
 لەڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991دا، ئەو هێزە عەزیمە لە كرێكاران و زەحمەتكێشان و لاوان و ژنان و بەرەی ڕادیكاڵ و چەپ و كۆمۆنیست كە خرۆشان و ڕژێمی بەعسیان لە ماوەیەكی كورتدا لەشارەكان وەدەرنا, وویستیان لە ڕێگەی شورای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ئازادانەی نێو كۆبوونەوە گشتیەكانی خۆیانەوە, كۆمەڵگە بەڕێوەبەرن. چارەنووسی خۆیان و منداڵەكانیان بەدەستی خۆیان دیاری بكەن، قانوون دابنێن و قانوون بەڕێوەبەرن. سەرئەنجام لە ڕێگەی شوراكانیانەوە ئیرادەیان لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەو چارەنووسی خۆیاندا هەبێت. هێزێك خەریك بوو پێی دەنایە مەیدان كە ڕەوتێكی چینایەتی بە تەواوی جیا بوو، ڕەوتێك كە بەرژەوەندی سیاسی و چینایەتی خۆی لە ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسیدا دەبینی، لەیەكسانی ژن و پیاودا دەبینی، لە بەشداریكردنی هەمووان لەبەرێوەبردنی گەڕەك وكارگا و دامەزراوە و حكومەت و دادگادا دەبینی. ئەم ڕەوتە خەریك بوولە گەڵ خۆیدا فەرهەنگێكی سیاسی تر، كە تا ئەوكات كۆمەڵگە بە خۆیەوە نەبینیبوو دەهێنا. یەكەمین كاردانەوەی ئەحزابی كوردایەتی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ بەرامبەر بە دەسەڵاتی شوراكانی خەڵك، بەكاربردنی هەمان دەستەواژەیەك بوو كە ڕژێمی بەعس دەمێك بە خۆیانی دەووت.( شوراكان مەشكوكن وئامرازی دەستی ڕژێمن!!). تا بتوانن لە ڕێگەیەوە فتوای داخستن و سەركوتی بەزۆری هەر جۆرە جوڵانەوەیەكی ئازادیخوازانەو پێشڕەوانەی كرێكاران و دەستەنگانی كۆمەڵگە بدەن. ئەوان دەیانزانی و دەزانن كە بەهێزبوونی شوراكانی خەڵك و جێگاو ڕێگای كرێكاران و زەحمەتكێشان لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەو سیاسەتدا، زمانی كرێكاران وزەحمەتكێشان ولاوان وژنان لەبەرامبەر بۆرژوازی كورددا دەكاتەوە وهەلومەرجی سیاسی كوردستان بۆ بزوتنەوەی كوردایەتی و مانۆڕی سەرانی ئەو بزووتنەوەیە تەنگ دەبێت. بۆیە شتێكی سەیر نەبوو كە بە تابووری پێنجەم و شەیتان و مەشكوك و داردەستی ئەموئەو ناومان بەرن. دەبوو هەر ئەوكات و پاشان لە درێژەی ڕەوتی هەڵسوڕانی دواترماندا ئەو هەڕەشەیەی بزووتنەوەی كوردایەتیمان بۆ سەر چەپ و كۆمۆنیزم و دەسەڵاتدارەتی و ئیرادەنواندنی خەڵك جدی بگرتایە. كە بەداخەوە بەكردەوە جدی نەمان گرت.
 هێرشی 14/7 و گوللە بارانكردنی دواتری خۆپیشاندانەكانی قوتابیانی زانكۆكانی هەولێروسلێمانی و خۆپیشاندانەكانی هەڵەبجەو كەلارو كفری و دەربەندیخان و ڕانیەو قەڵادزێ لە دژی گەندەڵی و ڕاوڕووتی دەسەڵاتداران، گۆشەگۆشەی یەك سیناریۆن.
 هێرشی یەكێتی بۆ سەر ئێمە, تەنیا گۆشەیەك بوو لە هێرشێك بۆ سەر خەڵك و بەرەی ئازادیخوازی كۆمەڵگە. ئەمەش وەك ووتم لە كوردستان مێژوویەكی هەیەو لە 14/7 ەوە دەست پێناكات. ڕاگرتنی چارەنووسی ئێستای كوردستان بەدیار جەنگی تیرۆریستەكانەوە، غەرقبوونی كۆمەڵگە لەنێوزەلكاوی فەسادی ئیداری و گەندەڵی و دزی وتاڵان و بڕۆیی دەسەڵاتداراندا، نەبوونی هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەك و بێ ئاووی و بێكارەبایی16ساڵە، كوشتن و قەتڵی نامووسی هەموو ڕۆژەی ژنان و…….., هەموو ئەوانە تەنیاو بەتەنیا ئاكامی لە پەراوێزی سیاسەت ودەسەڵاتدا ڕاگرتنی خەڵكە، ئاكامی ڕێكخراونەبوونی ڕیزەكانی كرێكاران و لاوان و ژنان وبەشەكانی تری كۆمەڵگەیە. هێرشی دەسەڵاتدارانی ئێستای كوردستان، چ بۆ سەر شوراكان و چ لە 14/7 دا بۆ سەر ئێمە تەنیا ئەو ئامانجەی بە شوێنەوە بوو، كە خەڵك لە حزبی پێشڕەوی خۆیان بێبەش كەن و ڕێگا لە بەرامبەر داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆیاندا بكەنەوە. بەبڕوای من تێگەیشتن لە پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان هێرشی چەكدارانەی یەكێتی نیشتیمانی وچارەنووسی ئێستاوئایندەی سیاسی كۆمەڵگەی كوردستان، چ بۆ ئێمەو چ بۆ خەڵك، بۆ گرتنە بەری سیاسەتی دروست و هەڵبژاردنی ڕێگاچارەی ئینسانی بۆ دیاریكردنی ئایندەیەكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان, چارەنووسسازە.
 كۆتاییهێنان بە هەلومەرجی دژواری ئێستا، تەنیا لەگرەوی جیاكردنەوەی ڕیزەكانی كرێكاران و لاوان و خوێندكاران لە ڕیزەكانی ئەحزابی بۆرژوازی كوردو هاتنەمەیدانیان بەڕیزی سەربەخۆو ڕێكخراوی خۆیاندایە. لەو ڕێگەیەدا دەتوانن حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان وەك ئامرازی خەباتكارانەی خۆیان بەدەستەوە بگرن.
 
 بەرز وبەڕێز بێت یادی هاوڕێیانی گیان بەختكردووی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم.
 
 
 

Previous
Next