دەستێوەردان و تۆپبارانی كوردستان، لە لایەن ئێرانەوە بۆچی؟
abdulla.mahmud@gmail.com
لەماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا و بە دیاریكراوی لەو كاتەوەی كە كوردستانی عێراق لە عێَراق دابڕێنراو پاراستنی سپێردرایە هێزە هاوپەیمانەكان و un، كوردستانی عێراق دەرگای واڵاكرا بۆ دەستێوەردانی هەمەجۆری وڵاتانی كۆنەپەرستی ناوچەكە، كە جگە لە دەیان بنكەوبارەگای جاسوسی ڕژێمی توركیاو ئێران، كە بەئاشكرا یان لەژێرناوی خزمەتگوزاریدا كرانەوە، بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەیان جار لەشكركیشیان كردە ناو كوردستان و بەسەدان و هەزاران جاریش توپبارانی ناوچە سنوریەكانیان كردو خەڵكیان توشی زەرەرو زیانی گیانی و مادی كرد.
بەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسیشدا ئەم سنوربەزاندن و توپباران و دەستێوەردانە هەردرێژەی پەیداكردووە، ئێستاش ماوەی نزیكەی پێنج مانگە جمهوری ئیسلامی ناوە ناوە و ئەم ماوەیەش ڕۆژانە خەرێكی توپبارانی ناوچە سنوریەكانی قەڵادزی و حاجی ئۆمەران و دیانەو…تاد.
لەو نێوەدا ئەوەی جێگەی سەرنجە بێدەنگی ڕاشكاوانەی یەكێتی و پارتی و حكومەتی مەكەزی عێراقە.
ڕۆژانە خەڵك ئاوارە دەبن لە شوێنی كارو ژیانیان، زەرەروزیانی زۆر بە خەڵكی ناوچە سنوریەكان دەگات، ترس و دڵەراوكێ زیاد دەكات، كەچی یەكێتی و پارتی و حكومەتی مەركەزی مێش میوانیان نییە، وسەرو بنی زمانیشیان سەروەری نیشتمانی و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییە!.
بێگومان بێدەنگی ئەوان و لەوەش واوەتر هەمیشە پیاهەڵدان بەسەر ڕژێمی ئێران و بەدۆست و هاوكار نیشاندانی گەلانی عێراق، لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی عێراق لەوانە تاڵەبانی و یەكێتی و پارتیەوە، ڕادەگەیەنرێت. لەوە ئەچێت مەبنای پەیوەندی حكومەتی مەركەزی عێراق و یەكێتی و پارتی لەگەڵ ئێران، دەستێوەردان و توپبارانكردنی بەردەوامی خەڵكی كوردستان بێت! ئەگەر نا هیچ لۆژیكێك نییە دۆست و هاوپەیمان ئاوا بەسەر خەڵكی دۆست و هاوپەیمانی خۆی بهێنێت.
ئامانجی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی لە دەستێوەردان و توپبارانكردنی كوردستانی عێراق، بەشێكە لەوهەوڵانەی كە دەیەوێ لە ڕێگایەوە نفوز ونەخشی خۆی لە كوردستاندا لەهەرچی زیاتر بباتە بەرەوە، لەلایەكەوە بە پشتیوانیكردنی ئەنسار و ئیسلام و ڕەوتە دینیەكانی سەربەخۆیی و لە لایەكی تریشەوە بە ملهوری نواندن و نیشاندانی ئەوەی كە جمهوری ئیسلامی زامنی ئارامی یان پێچەوانەكەیەتی و ئەبێت حساباتی جدی تری بۆ بكرێت.
لەهەمانكاتدا بێدەنگی و تەنانەت هاوكاری ئەمنی ئەمریكا بە ڕژێمی توركیا لە ژێرناوی لێدان لە پەكەكە و بەرگرتن بە تیرۆر یەكێكی ترە لەو هۆكارانەی كە دەستی جمهوری ئیسلامی ئاوەڵاتر كردووە،تا ئەویش لەژێرناوی پاراستنی سنورەكانی و بەرگرتن بە چالاكی هێزەكانی ئۆپۆزیسۆن، هێرشی هەموو رۆژەی خۆی بۆسەر كوردستان بكات.
جمهوری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای ئەم دەستێوەرانەوە، هەوڵی بۆ ئەوەیە كە دەخالەتگەری خۆی بكاتە كارتێكی گوشاری تر لە كێشمەكێشی خۆی لەگەڵ ئەمریكا، و ئەمەش بەدەستەوەبگرێت لەو سازان و كێشمەكێشەی كە ئێستا لە ئارادایە. هاوكات بۆ ئێران مەلەفی چونەدەرەوەی ئەمریكا لە عێراق پەروەندەیەكی ترە كە ئێران دەیەوێت لەحالەتی پاشەكشەی ئەمریكا شوێن پێیەكی زیاتر و وەزنەیەكی سیاسی تر لەبەرامبەر بە توركیادا لە عێراق و بەتایبەتی لە كوردستان زامن بكات.
ئەگەر ئەمانە هۆكاری دەستێوەردانی ئێران و بوردومانی بەردەوامی ئێرانن لە كوردستانی عێراق لە پاڵ توركیادا، ئەوا بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی و بۆ خەڵكی ناوچە سنوریەكان بەمانای كوێرەوەری و ئاوارەیی و ماڵوێرانی و لەدەستدانی كارو كاسبی و ژیانكردنە.
خەڵكی كوردستان و هەرهێز وحزبێكی جدی كە بانگەشەی بەرگری لە خەڵكی كوردستان بەرزكردۆتەوە، پێویستە بەكردەوە لە بەرامبەر ئەم ملهوری نواندنەدا بێنە مەیدان كە توركیاو جمهوری ئیسلامی گرتویانەتە بەر. خەڵكی شارەكانی كوردستان ئەبێ هاوكاری هەمەلایەنەی خەڵكی ئاوارەی سنورەكان بن، پێوستە بڕژێنە سەرجادەوشەقامەكان و بە خۆپیشاندانی ملیۆنیەوە دەنگی ڕەسای "نا" ووتن بەدژی لەشكركێشی و دەستێوەردان و تۆپبارانكردنی وڵاتانی ناوچەكەدا بەرزبكەنەوە، یەكێتی و پارتیش ناچار بەدەستهەڵگرتن بە سازش لەگەڵ ئەم دەوڵەت كۆنەپەرستانە بكات و لانی كەم ڕێگەی ئەم دەستێوەردانە نەدەن. دیارە ئەگەر یەكێتی و پارتی بانگەشەی حكومەتكردن ئەكەن بەر لەهەموو شتێك بۆ ئەوەی خەلك ئەم بانگەشەیان جدی لێوەربگرێت دەبێ ڕێگە نەدەن خەڵكی كوردستان ببێتە ئامانجی تۆپباران و سیاسەتی پشتی ئەم تۆپباران و دەستێوەردانە هەمەلایەنەی وڵاتەكانی ناوچەكە.
ئۆپۆزیسۆنی وڵاتانی ناوچەكە، و پەنابەرانیان ئەبێ لە كوردستاندا ئازادی بێقەیدو شەرتی سیاسی هەڵسوڕان و چالاكیان و بۆ زامن بكرێ و پارێزراوبن و كەس بۆی نییە، ئەم مافە سەرەتاییە لەوان زەوت بكات. هەرچەشنە زۆر بۆهێنان و گوشارێك بۆسەر ئۆپۆزیسۆنی وڵاتانی ئێران و توركیاو سوریا…تاد، لە ژێر هەربیانویەكدا دەبێ بكەوێتە بەردەم نەفرەتی جەماوەری ئازادیخوازی كوردستان و دنیای شارستانی سەردەم.
15-7-2008