Skip to Content

Monday, December 9th, 2024
خۆونكردن و بەكۆیلەبوون

خۆونكردن و بەكۆیلەبوون

Closed
by July 20, 2008 گشتی

  
 "مرۆڤ لە میانى خودئاگایى و هێزى بیركردنەوەیدا دەتوانىَ وەك بوونێكى جیاواز لە مرۆڤەكانى دى، خۆى جیا بكاتەوە – ئەریك فڕۆم"
 (1)
 لێكۆڵینەوە سایكۆ – سۆسیۆلۆژییەكان دەریانخستووە، كە ژینگە و هەلومەرجى كۆمەڵایەتى و كولتور، رەنگدانەوەى راستەوخۆى ئەرێنى و نەرێنیان بەسەر سروشت و پێكهاتەى كەسێتى تاكەوە هەیە، ئەمەشە هۆكارى ئەوەى، كە مەرج نییە كۆى رەفتار و هەڵسوكەوتەكانى كەسێك، بەشێك بن لە سروشتى نەگۆڕ و بایۆلۆژى كەسەكە، چونكە كەسەكە لە میانى پڕۆسەى كۆمەڵایەتییەوە ئەو خەسڵەتانە وەردەگرىَ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ویست و ئیرادەى كەسەكە رۆڵێكى گرنگ لە پێكهێنانى كەسێتییەكەیدا دەبینىَ.
 (2)
 لەو گۆشەنیگایەوە، كەسێك با هەموو زەمینەیەكى كۆمەڵایەتى و كولتورى تەندروست و هەلومەرجەكانى ئازادى بۆ رەخسابن، ئەگەر نەیەوىَ خۆى لە تەلیسمى ئەوانیتر دەرباز بكات و ئیرادە و خودئاگاییەكى نەبىَ بۆ خۆوننەكردن، بەمانایەكى دى، ویستى دەرچوون لە تارمایى بەرامبەرەكانى نەبێت و بوون و مانەوەى خۆى لە بچوككردنەوەى خۆیدا بدۆزێتەوە و خوى بەوە گرتبىَ سێبەرى ئەوانیتر بێت، ئاسان نییە ئەو كەسە بێتەوە دۆخى سروشتى و نۆرماڵى مرۆڤبوونى خۆى، بەو پێیەى (لابۆتى) گوتەنى "خوو، یەكەمین هۆكارى خۆبەكۆیلەكردنى مرۆڤە".
 (3)
 ئەو پەیبردنە بە جیاوازبوون لەوانى دیكە و ویستى مرۆڤ بۆ ئازادى و گەڕانەوە بۆ سروشت و بوونى جیا لەوان، هەرگیز بە ماناى دژایەتى ئەو سروشتە ئاكارییەى مرۆڤ نایەتەوە، كە حەز بە ژیان لەتەك ئەوانى دى و هاوكاریان دەكات، لەبەرئەوەى ژیان بە جیاوازى و گیانى هاوكارى لەگەڵ بەرامبەرەكاندا، زۆر جیاوازترە لە ژیان بۆ بەرامبەر و خۆگونجاندن لەگەڵ ویستى ئەوان و لە پێناو دەستگرتن بە رەزامەندیان، ئەمەش ئەو پەتایەیە كە كۆمەڵگەكەمانى تەنیوەتەوە، بەجۆرێك بە دەگمەن تاكە كەس هەیە وەك خۆى و بۆ خۆى بژیێت، بەقەد ئەوەى لە هەوڵى بەردەوام دایە وەك ئەوانى دیكە و لە پێناو رەزامەندیاندا بژیێت.
 (4)
 كار لەوە دەرچووە تاكى كورد تەنها گیرۆدەى لاساییكردنەوە و وەك ئەوان پۆشین و نۆشین و خواردن و هەڵسوكەوت بووبىَ، ئێستا كەسێك تەنها بۆ ئەوەى مووچەكەى نەدۆڕێنىَ، لاى ئاساییە رەزاى قوڕسى بەرپرسێك بە خوێنشیرینى بە دەوروبەرەكەى بفرۆشێتەوە، كەسێكى نەخوێندەوار بۆ مانەوەى لە دەزگایەك، بەردەوام سەرى ئەشهەدوبیللا بۆ بەرپرسەكەى بلەقێنىَ و….هتد. ئەم رەوشە ناتەندروست و پەیوەندییە بەرژەوەندخوازى و مامەڵە سەقەتە، فاكتەرێكى گرنگى بەردەوامیدانە بە دیاردەى گەندەڵى و مانەوەى كەسى نەشیاو لە شوێنى هەستیار و لە بەها كەمكردنەوەى پڕۆسەى سیاسى و تەنانەت كارى رۆشنبیرى و هونەرى و راگەیاندنیش لە كوردستاندا.
 (5)
 بەو پێیە گرنگترین شتێك بۆ مرۆڤ ئەوەیە، لە ناوەوەى خۆیدا بەدواى خۆیدا بگەڕىَ، نەك لە خەیاڵى ئەوەدابىَ لە سێبەرى ئەوانى دى خۆى شوناس بكات، واتە بۆ مرۆڤ گرنگە بەردەوام خودى خۆى بێت، نەك كۆپى و شوێنكەوتەى ئەوانیتر، چونكە كەسێك ئیرادەى خودشوناسكردن و خۆدۆزینەوەى نەبىَ و چاوەڕێى ئەوەبىَ ئەوانى دى پێناسەى بكەن و لە سێبەرى رەحمەتى چڵێسانەى ئەوان كاوێژ بكات، خودێكى سواڵكەر و كەسێكى كۆیلەى لىَ بەرهەم دىَ، " بەدبەختى گەورەش ئەوەیە مرۆڤ هیچ شتێكى خۆى نەبێت و وەك _گەنە_ بە ئەوى دیكەوە نووسابێت – لابۆتى"، وەكوتریش ئەو بەرامبەرەى كە دەیەوىَ بچووكى خۆى لەچاوى ئەوانى دیكەى خۆ بەكۆیلەكردوودا گەورە بكات و لە سێبەرى ستایشى ریاكارانە و گەمژەیى سواڵكەرانەیاندا كاوێژ بكات و لەسەر حیسابى زەلیلكردنى ئەوانى دى بەردەوامى بە مشەخۆرى بدات، دووجار كۆیلەیە!
 

Previous
Next