Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
بەرنامە ناوەكیەكەى ئێران لەنێوان رێكارى سەربازى و دیالۆگدا !!

بەرنامە ناوەكیەكەى ئێران لەنێوان رێكارى سەربازى و دیالۆگدا !!

Closed
by July 24, 2008 گشتی

                                                                                                   
 
 ماوەیەكە بەرنامە ئەتۆمیەكەى ئێران و هێرشى ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا بۆسەر ئەو وڵاتە بۆتە باس و خواسى میدیاكانى جیهان و لەلایەن كەسایەتى و ناوەندە سیاسیەكانیشەوە شرۆڤەى جیا جیاى بۆ دەكرێت و هەر یەكەو بەبۆچوونى خۆى لێكدانەوەى بۆ دەكات بەتایبەتیش كەچەند رۆژێك لەمەوبەر هەواڵى مەشقى فڕۆكەكانى ئیسرائیل لەسەر خاكى عێراق بڵاو بۆتەوە هێندەى دیكە گەمەكەى خۆشتر كردووەو دەیان پرسیارى لاى خەڵكى دروست كردووە .
 ئایا ئیسرائیل لەژێر گلۆپى سەوزى ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر دامەزراوە ناوكیەكەى ئێران وەك ئەوەى لەهەشتاكانى سەدەى رابردوو كردیە سەر دامەزراوەكانى عێراق و لەماوەى رابردووشدا كردیە سەر سوریا؟ ئایا ئەمەریكا دەتوانىَ وەك كۆریاى باكور لەرێگاى فشارە سەربازیەكانى و سەپاندنى ئابلۆقەى زیاتر بەسەر ئەو وڵاتەدا چۆك بەئێرانیشدابدات و ناچارى بكات واز لەبەرنامە ناوەكیەكەى بێنێت؟ ئایا ئەمەریكا خۆى دەخاتە گێژاوى شەرێكى ترەوە كە تا ئێستا لەدوو جەنگى ئەقغانستان و عێراق نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەست بێنێت؟ هەموو ئەمانەو چەندانى تر پرسیار گەلێكن و پێویستیان بەوەڵام و راڤەكردنى سیاسیانە هەیە .
 من رەنگە پێچەوانەى هەندىَ لەنووسەران و رۆشنبیران رام جیاوازبێت لەگەڵ ئەوانەى كە دەڵێن بەم نزیكانە ئەمەریكا هێرش دەكاتە سەر ئێران و لەرێگاى سەربازییەوە بەرنامە ئەتۆمیەكەى تێكدەشكێنێت بەڵام دوور لەو رایە من پێم وایە ئێران ولاتێكە لە زۆر روەوە جیاوازى لە گەڵ كۆریاو عێراق و ئەفغانستان هەیە كۆریا ولاتێكى ئابوورى لاوازە و پشتگیرى كۆمۆنیستەكانیشى لە دەست داوە ئەمەش واى كرد نەتوانىَ بەرگەى ئەو گەمارۆ ئابوریە بگرێت كە لە لایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانى خرابوونە سەرى , بۆیە بە مەبەستى دەرباز بوون لەو قەیرانەى تێى كەوتبوو ئامادە بوو دەست بەردارى بەرنامە ناوەكیەكەى بێت لە بەرامبەر كرانەوەى بە رووى ئابوورى ئەمریكا و جیهانداو سوود وەرگرتن لە هاوكارى كۆمەكیەكانى ئەمریكا بەڵام بە پێچەوانەى ئەم بۆچوونانە ئێران ووڵاتێكى بە هێز و خاوەن ئابورییەكى گەورەیەو تارادەیەك زۆریش لەسەر پێى خۆى وەستاوە, بۆیە هاوشێوەى كۆریاى باكور ئابلوقەى ئەمریكاو هاوپەیمانەكانى كاریگەرى لە سەر ژێرخانى ئابوورى ئەم وڵاتە نابێت بەتایبەتى كە ئێران وڵاتێكى گەورەى بەرهەمهێنى نەوتە بۆیە پێم وانییە ئەزموونى كۆریاى باكور لەئێران دووبارە ببێتەوە.
 لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمریكا لەو قۆناغەى ئێستادا نایەوێت خۆى بخاتە گێژاوى شەرێكى دیكەوە كە نازانێت ئەنجامەكەى چى دەبێت ئەمە جگە لەوەى ئێران خاوەن سوپایەكى بەهێزو چەكى پێشكەوتووەو پشتگیرى زۆرێك لە وڵاتانیشى هەیە لە چارە سەركردنى كێشەكانى بە رێگاى دیبلۆماسى, بۆیە ئەمەریكا هەوڵدەدات لەرێگاى دانوسان و دیالۆگەوە بەرێگاى دیبلۆماسى كێشەكە چارەسەر بكات یاخود هەرنەبێت لەو قۆناغەى ئێستادا گرژییەكان بەرەو خاوبوونەوە ببات بەتایبەت كەئێستا ئێران تارادەیەكى باش نەرمى دەنوێنێت و ئامادەباشى خۆى بۆ گفت و گۆو دانوسان نیشان دەدات و ئەمەریكاش دەیەوێ درزێك بخانە ناو دونیاى سیاسەتى شیعى و لەرێگاى رێكەوتنى درێژخایەنى نێوان عێراق و وڵاتەكەى بتوانێت شیعەیەكى متفائل و متحالف دروست بكات كە ئەمەش كاریگەرى نەرێیانەى بۆ سەر دەسەڵاتدارانى شیعە مەزهەبى ئێران دەبێ و ئێرانیش لەنزیكەوە چاودێرى ئەو هەنگاوانەى ئەمەریكا دەكات بۆیە نایەوێت بەرژەوەندییەكانى بخاتە نێو گێژاوى ململانێكان لەگەڵ ئەمەریكاو دەیەوێت هەرچۆنێك بێت وا لەراى گشتى بكات كە باوەڕى پێبكەن بەرنامە ناوەكیەكەى بۆ كارى مرۆییە نەك سەربازى, لەلایەكى دیكەوە دانووسانى راستەوخۆى نێوان هەردوو وڵات ئاماژەیەكى دیكەیە بۆ هەوڵى بەردەوامى هەردوولا لەپێناو چارەسەركردنى كێشەكانى نێوانیان كە هەم ئەمەریكا لەرێگەى گەمەى سیاسیەوە دەیەوێت ئێران لەو سیاسەتە تونەدەى گرتوویەتیە بەر سارد بكاتەوەو هەمیش ئێران ئەمە بەسەركەوتنى سیاسەتى دیبلۆماسى خۆى دەزانێت و دەیەوێت بەراى گشتى بڵێت كە ئێمە ئامانجمان ئاشتى یە نەك شەڕ بۆیە دەكرىَ لەبەرامبەر زیاتر هاریكارى كردنى ئێران لەگەڵ ئاژانسى نێو دەوڵەتى وزەى ئەتۆم و لەبەرامبەریشدا ئەمەریكا كارەكانى ئەو رێكخراوە توندترو كاراتر بكات, بەمەش كێشەكە خاوبوونەوەیەكى باش بەخۆیەوە دەبینێت و هەردوو وڵاتیش زیاتر لەیەك نزیك دەبنەوە.
 
 Bahrawar_s@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.