Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
ڕکابەرییە ناوچەیەکانی ئیران و سعوودیە و هاوسەنگی کردنی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ڕکابەرییە ناوچەیەکانی ئیران و سعوودیە و هاوسەنگی کردنی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

Closed
by January 14, 2008 گشتی

پارێزەر/  هەڵکەوت حیکمەت مەلاعەلی…..

پێشەکی:
لە بەراییکدا دەخوازم ئەوە بڵیم لە نووسینی ئەم بابەتەدا مەبەست ئەوە نیە کە لایەنگیری یەکیک لەو دوو دەوڵەتە بکەم کە ناوەروکی بابەتەکە پێکدەهێنن بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوەیە کە واقعیەتی سیاسەتی ناوچەکە بە گشتی و ڕکابەری و کێشمەکێشی هەر دوو دەوڵەتی ئێران و سعوودیە بخەینەڕوو.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژایی مێژووی کۆن و تازەی خۆی هەمیشە ناوچەیەکی پەڕ لە کێشمەکێش و نا ئارام بووە وە زور جار بووەتە ناوچەیەک بۆ پیشان دانی هەژموون و نفوزی هەندێک لە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی بە گشتی و چەند ووڵاتیکی ناوچەکە بە تایبەتی.
لە ڕوانگەی مێژوویی تازەوە پەیوەندیەکانی هەر یەک لە ئیران و سعوودیە پاش شوڕشی کۆماری ئیسلامی هەندێ هاوکاری بە خووە بینی بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا بەڵام لە هەمان کاتدا کێبەڕکێەکی بەرفراوان لە نیوانیاندا هەبوو وە ئەم دوو ووڵاتە بە گرنگترین و کاریگەرترین ئەکتەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژمێردرێن هەر بوویە بە بڕوای هەندێ لە لێکۆڵەرەوەکانی بواری ستراتیژیی و ئاسایشی ئیران بە هێزیکی ناوچەیی دەژمێردرێت وە لە لایەکی دیکەوە ووڵاتی سعوودیە لە هەوڵی ئەوەدایە کە بە  بەرفراوان کردنی هەژموونی خۆی ڕووبەڕِووی دەسەڵاتی ئیران ببێتەوە وە لەم ئاراستەیەدا وویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری و هاوکاری سعوودیە دەکات.
لە سەرەتای سەدەی بیست ویەکەم هەندێ گۆڕانکاری گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا بەدیهاتن ئەم گۆڕانکاریانەش زەمیینەسازیکی زۆری کرد بۆ بەرەودان بە هێزو دەسەڵاتی ناوچەی ئیران و شیعەکان، ئەم گۆڕانکاریانە بوونە هۆی دڵگرانی بۆ دەسەلاتدارانی ریاز وە لەئەنجامشدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە وا سعوودیەکان کاردانەوەیان هەبێت.
لەم لێکۆڵینەوەدا هەوڵ دەدرێت باس لە کێ بەڕکێەکانی نێوان هەر یەک لە سعوودیەو و ئیران کە لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریەانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویان داوە بکەین وە هەروەها باس لەو چوارچێوە شیتەڵکاریە بکەین کە چۆنیەتی پەیوەندیەکانی ئەم دوو ووڵاتە دیاری دەکات.

چوارچێوەوە و شێوازی پەیوەندیەکان:

ڕێژەیەکی زۆری تۆێژەرانی ئاستی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان پەیوەندیەکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر بنەمای ریالیستی شیتەڵ دەکەن بۆ نموونە جوزیف نای کە ماموستایە لە زانکۆی هاروارد بڕوای وایە کە پەیوەندی نێوان ووڵاتانی جیهان تەنها لە سەر یەک فۆڕمی تایبەت بنیاد نانرێت، ئەو بۆچوونی وایە کە پەیوەندیەکانی زۆر لە ووڵاتانی  ڕۆژئاوا وەک ئەمریکا و کەنەدا و ئەلمانیا و فەرەنسا لە فۆڕمی لیبرالیستی نزیکترە ئەمە لە کاتێکدا کە پەیوەندیەکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر ئاستی ئالگوی ریالیستی واتە هاوسەنگ بوونی هێزەکان نزیکترە، ئەستیون ئەشپیگل تەکید لەوە دەکات کە پەیوەندیەکانی ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆڕمی ریالیستی زاڵە بە سەریدا ئەو سیاسەتەکانی جەمال عەبدولناسر بە نموونە دەهێنێتەوە کە هەوڵی داوە هێز و نفوزی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا بە هێز بکات ئەمەش لە رێگەی ئەوەی کە هەر یەک لە ووڵاتانی سوریا و ئەردەن بێ هێز بکات بۆ ئەوەی خۆیان تاکە هێزو دەسەڵاتی عەرەبی بن لە ناوچەکەدا.

 ئیران و سعوودیە دوو ووڵاتی گرنگن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراِستدا ئەم دوو ووڵاتە پێشبڕکێەیەکی زۆر و بەرفراوانیان لە سەر ئاستی ناوچەکەدا لە نێواندایە هەیە کە دەتوانرێت لە دوو جەمسەردا کۆی بکەینەوە، یەکێک لەوانە ستراتیژیەتی بەرجەستە کردنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو دوو ووڵاتەدا، ئیران لەم سونگەیەوە واتە لە سەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا پێوایە کە ئەو ستراتیژیەتی پشت بەستن و باوەڕ بە خۆ بوون پیادە دەکات و وە ڕێز لە لە پڕینسیپەکانی ووڵاتانی ناوچەکە دەگرێت ئەمە لە کاتێکدا کە ووڵاتی سعوودیە بە درێژایی مێژووی خۆی جگە لە ماوەیەکی زۆر کورت نەبێت پەیوەندی زۆر نزیکی لە تەک ووڵاتانی ڕۆژئاوایی بە تایبەتی وە لە سەری هەموویانەوە بەریتانیا وە پاشان ئەمریکا هەبووە وە یان بە شێوەیەکی ڕوونتر بڵین سیاسەتی دەرەوەی ئەو ووڵاتە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کردن لە تەک ووڵاتانی ڕۆژئاوادا بنیادنراوە، ڕووی دووەمی ئەم جەمسەرە هەوڵدانی ئەم دوو ووڵاتەیە بۆ ئەوەی خۆیان وەک دایکی ووڵاتانی ئیسلام نیشان بدەن.

لەم پێناوەدا هەر یەک لە تاران و ریاز هاوکاری ماددی و پشتگیری  زۆر نەتەوەو بزوتنەوەو  دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن لە بەرژەوەندی خۆیان وە لە پرۆسەی لێکۆلینەوەی پەیوەندی نێوان ووڵاتانی ناوچەکە بە گشتی و ئێران و سعوودیە بە تایبەتی دەبێت ئاماژە بە پێگەی ئایدولۆژیای مەزهەبی ئەم دوو ووڵاتە بکرێت کە هەر یەکەیان لە سەر ئایدیەیەکی مەزهەبی جیاواز بۆنیاد نراوە، دەوڵەت یان حکوومەتی ئێران لە سەر بنەمای نەزەریەی ولایەتی فەقیە و نەزەریەی کۆماری ئیسلامی بۆنیادنراوە بەڵام  دەوڵەت و حکوومەتی سعوودیە لە سەر بنەمای هاوپەیمانی مەحەمەدی کوڕی سعوود و مەحەمەدی کوڕی عەبدوالوهاب کە دامەزرێنەری وەهابیەتە بونیادنراوە.

ئێران و بەرفراوان بوونی دەسەڵاتی ناوچەیی:

هێرش کردنی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان لە سالی 2001 دا وە عێراق لە 2003 دا وە ڕووخاندنی  هەر یەک لە حکوومەتی تالیبان و ڕژێمی بەعس بە دوو قۆناغی گرنگ و ستراتیژ دەژمێردرێت لە زەمینە ساز کردن بۆ  بەرفراوان بوونی دەسەڵات و نفوزی  ستراتیژی ئێران لەئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، رزگار کردنی ئەفعانستان و ڕووخان و نەمانی دەسەڵاتی تالیبان شکستێکی گەوەرە بوو بۆ سیاسەتی ناوچەی ریاز وە هەروەها لە ڕووی داراییشەوە زیانێکی گەورە بوو چونکە سعوودیە بە بێ ئەندازە هاوکاری دارایی حکوومەتی تالیبانی دەکرد ئەمە جگە لەوەی کە هەر یەک لە وولاتانی ئیمارات و پاکستان پشتگیری و هاوکاری بزۆتنەوەی تالیبانیان دەکرد، سعوودیە جگە لەوەی کە هاوکاری دارایی تالیبانی دەکرد بەوەی کە بتوانن هێزەکانی خۆیان پێ بەڕیوەبەرن  لە هەمان کاتدا ڕوڵی کاریگەریان هەبوو لە دابین کردنی مسروفاتی جەنگ و کڕٍینی چەک و تەقەمەنی بۆ تالیبان وە لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە ریاز پشتگیری سیاسی لە تالیبان دەکرد وە لە سالی 1997 دا  سعوودیە بە ڕەسمی دەسەڵات و حکوومەتی تالیبانی بە دەوڵەت و حکوومەتێکی یاسای ناساند، وە ئامانجی پشتگیری کردنی سعوودیە لە تالیبان دەتوانین ئاماژە بە دوو فاکتەر بکەین، یەکەم سعوودیە خۆی بە خاوەنی هەموو جیهانی ئیسلامی دەزانێت وە هاوکاری کردنی موسولمانان بە جورێک لە ئەرکی خۆی دەبینێت ئەمەش بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە ریاز لە هەگبەیدایە، دووەم ڕووبەڕووبونەوەی نفوز و دەسەڵاتی ناوچەی ئێران لە ئەفغانستاندا.

لە ئەنجامی بەردەوەام بوونی  ئەو گرژیە ئایدولۆژیە مەزهەبییەی کە لە نێوان هەر یەک لە ئێران و سعوودیەدا هەیە و نیگەرانی ریاز  لە بەرفراوان  بوونی هزر یان ئەندێشەی شوڕشگیری ئایدولۆژی شیعی لەو ناوچانەی باشووری خلیجی فارسی سعوودیە
بە درێژایی جەنگی داسەپاوی هەشت سالە هەمیشە هاوکاری ڕژێمی بەعسی دەکرد و وە داهاتێکی خەیالی دارایی بەرفراوانی لە بەردەم سەرانی ڕژێمی بەعسدا هەڵڕشتبوو چونکە لە دیدی ریاز سەددام حوسێن  کەسێک بوو کە دەیتوانی ڕووبەڕووی  بەرفراوان بوونی ئایدولۆژیاو دەسەڵاتی ئێران ببێتەوە.

عێراق تا پێش رزگار بوون دوژمنی ئایدولۆژی ئێران بوو لە بەر ئەوەی کە بە حساب ڕژێمی بەعس ئایدیایەکی سکۆلاری واتە علمانی هەبوو وە ئەمەش لە تەک هزری کۆماری ئیسلامیدا پێک نەدەهات، لە ڕوانگەی ریازەوە دەوڵەتی ئێراق  خاوەن بە هێزترین سووپای عەرەبی بوو وە دەیتوانی بە حسابی ئەوان بەربەست بێت لە بڵاوبوونەوەی ئایدوڵۆژیەتی شوڕشگیری شیعی لە ناوچەکەدا هەر بوویە ڕووخان و نەمانی حکوومەتی تالیبان لە ئەفغانستان و ڕژێمی بەعس لە ئێراقدا بە مانای لەنێو بردنی دوو دوژمنی ستراتیژی و ئایدوڵۆژی بوو بۆ ئێران لە سەر نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا، کە بووە هۆکاری کەم بوونەوەی نیگەرانیەکانی ئێران و وە بە پێچەوانەوە بوو هۆی زیاتر بوونی نیگەرانی بۆ سعوودیە بەوەی کە دەیویست ڕوڵی برا گەورەی هەبێت وە یان ببینێت  لە  نێو
ووڵاتانی ئیسلامیدا.
 
ڕزگار کردنی ئێراق لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆمەڵەی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ناوچەکەدا بەدیهێنا کە سەرئەنجام ئەم گۆڕانکاریانە بوونە هۆکاری هەر چی زیاتر بەرفراوان بوون و بە هێز کردنی دەسەڵات و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا وە ئەمەش ڕۆژ دوای ڕۆژ بووە هۆی زیاتر نیگەران بوونی ریاز، پێش یان دەتوانین بڵین پاش رزگار کردنی ئێراق وویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا خاوەن پڵانێکی تایبەت بوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەو پڵانەدا ئەمریکا دەیویست نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت وە ئەم پڵانە کە بە پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە  ناسراوە، ئەم پرۆژەیە خاوەنی سێ ئەولەویەت بوو: بەرفراوان بوونی دیموکراسی و بوون یان پشتگیری کردنی حکوومەتگەلێک کە رێز لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادیەکان بگرێت وە دروست کردن یان بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی فرەیی کە ڕەنگدانەوەی هەموو توێژەکانی نێو کۆمەلگا بێت وە پاشان گەشەسەند ن و پەرەپێدانی ئابووری.

لە سەر ئەولەویەتی یەکەم زۆر لە دەوڵەتانی سوونی خاوەن هێز ناچار بوون کە مەل بدەن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازاد کە تێدا هەموو جۆرە گروپێک بتوانێت بەشداری بکات نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن، لەم سوونگەیەوە ئەو دەوڵەتە سوونیانەی کە ڕێژەیەکی زۆر شیعەیان تیدایە بتوانن ڕێژەیەکی باش لە دەنگەکان بە دەست بهێنن  وە ئەم پرۆسە دیموکراسیە نیگەرانیەکانی سعوودیەی زیاتر کرد چونکە ریاز وای دەبینێت کە ئەم پرۆسە دیموکراسیە کە رووی لە هەندێ دەوڵەتانی خلیجی عەرەبی کردەوە فاکتەرێکی ترە بۆ بەرفراوان بوونی هێزو دەسەڵاتی ئێران لەناوچەکەدا، باشترین نموونە کە شیعەکان توانیان سەرکەووتنێکی باش لە هەڵبژاردنەکانی ووڵاتی بەحرین دا لە سالی 25 ی نۆڤەمبەری 2006 دا بە دەست بهێنن کاتیک پارتی ئیسلامگرایی شیعی الوفاق توانی حەڤدە کورسی لە کۆی چل کۆرسی بە دەست بهێنێت، ئەمە جگە لەوەی کە لە ئێراقدا شیعەکان توانیان  لە کۆی 257 کۆرسی پەرلەمانی 128  کۆرسی  مسۆگەر بگەن وە دەبێت ئەوەش بزانرێت کە لە دوای ئێران ئێراق دووەم ووڵاتە کە شیعەکان ڕێژەی زۆرینەن دانیشتوانی پێکدەهێنن وە ئەم زۆرینەیەش لە نێو حکوومەتدا زۆر بە ڕووشنی دیارەو دەبێنرێت.
هەوڵدانێکی لەم جۆرەی ئەمریکا بۆ بەرەودان و بەرفراوان بوونی دیموکراسی لە ناوچەکەدا چانسێکی گەورەی بە شیعەکان دا تا وەکو بتوانن زیاتر بینە نێو گۆڕەپانی سیاسی، باشترین نموونە کە دەتوانین لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین لە ناکۆکی نێوان هەر یەک لە ئێران و سعوودیە لە سەر هاوسەنگی دەسەڵات و نفوزیان لە ناوچەکەدا لە کاتی جەنگی ئیسرائیل و حیزبۆلللای لۆبنانیدا بوو لە هاوینی 2006 دا، ئەو شەڕە تەنها لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا نەبوو بەڵکو شەڕێکی ناوچەیی بوو کە تێدا ڕکابەری نفوز و دەسەڵاتی هەر یەک لە ئێران و سعوودیە بە ڕوونی هەستی پێ دەکرا، ریاز ئەم شەڕەی بە چانسێک دەبینی بەوەی کە بتوانرێت هەژموون یان بە مانایەکی تر لە هیلالی شیعی کەم بکاتەوە،

هەندێ لە ووڵاتانی عەرەبی لە نموونەیان سعوودیە، میسر، ئەردەن و قەتەر لەم شەڕەدا پشتگیریان لە ئیسرائیل دەکردو وە هێرشەکانی ئیسرائیلیان بە یاسایی و ڕەوا پێناسە دەکرد وە هەر لەم بارەیەوە موفتی گەورەی سعوودیە هەر جۆرە سەرکەووتنێکی  حیزبۆللای شیعەی بە حەرام پێناسە کرد، ئەمە لە کاتێکدا کە زۆربەی دەوڵەتانی عەرەبی دەوڵەتی ئیسرائیل بە زایونیزم و داگیرکەرو و دوژمنی خۆیان دەزانن وە ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە دەوڵەتانی عەرەبی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و وە بۆ هاوسەنگی کردنی دەسەڵات و نفوزیان لە ناوچەکەدا ئامادەن بۆ هەر جۆرە هاوپەیمانیک تەنانەت  ئەگەرلە گەڵ نەیارەکانیاندا بێت.
لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا بە گشتی وە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بە تایبەتی بەدیهات دەتوانین بڵین ووڵاتی ئێران سوودمەندی یەکەم وە یان ڕوونتر براوە بوو چونکە دوو حکوومەت یان دەسەڵات کە نەیاری سەرسەختی ئیران بوون لە نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا نەمان، وە دەوڵەتی دووەم کە سوودمەند بوو لە ڕووخان و نەمانی  ڕژێمی بەعس و سەددام حووسین ئیسرائیل بوو چونکە سەددام حووسین و ڕژێمەکەی هەمیشە هەڕەشە بوون بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتی ئیسرائیل.
بەڵام دەوڵەتی سعوودیە لەم گۆڕانکاریانەدا پشکی دووڕاوی بەرکەوت چونکە ریاز بە بەردەوامی پالپشتی و پشتگیری لە هەر دوو دەسەڵاتی ڕووخاو دەکرد و وە بە دوو فاکتەری بەربەست دەیبینین یان بە کاری دەهێنان لە کەم کردنەوە یان هێچ نەبێت لە ڕاگرتن و بەرفراوان بوونی نفوز و هێزی ئێران لە ناوچەکەدا.

لەم سونگەیەوە دەتوانین ووڵاتی لوبنان بە باشترین نموونە بهێنینەوە لەو کێشبڕکێە  نێودەوڵەتی و ناوچەیانەی کە هەیە لەنێوان ئێران و سعوودیە لە لایەک وە ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە لایەکی تر چونکە لوبنان ووڵاتێکە بەر لەوەی کاریگەری لە سەر دەرەوەی خۆی هەبێت بەڵکو بە پێچەوانەوە حالەتیک و پێکهاتەیەکی وەها هەیە کە  کاریگەری لە سەر دەکریت و وە تەنانەت زۆر بە ئاسانی ئەوکاریگەریانە وەردەگریت وە لە ئەنجامی ئەو قەیرانە سیاسیانەی کە ڕووبەڕووی ئەم ووڵاتە بووەتەوە وە بەردەوام دەبێت وای کردەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە ناوەندیک بۆ پێشاندانی هێزو دەسەڵاتی دەوڵەتە نێودەوڵەتی و ناوچەیەکان.

کاردانەوەی دەوڵەتی سعوودیە بەرامبەر بە زیاد بوون و بەرفراوان بوونی هێزو دەسەڵاتی ناوچەیی دەوڵەتی ئێران،
بەر لەوەی  باس لە کاردانەوەکانی ووڵاتی سعوودیە بکەین بە پێویستی دەزانریت ئاماژە بە خاڵیک بکریت ئەویش ئەوەیە کە ئورگانی سیاسەتی دەرەوەی ووڵاتی سعوودیە سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە یان تەعامول کردن بەرامبەر بە هەڕەشەی بە هێز بوونی ئێران، دووچاری هەندێ گۆڕانکاری بوویەوە لەوەانە لە کاردانی تورکی فەیسەل باڵیۆزی پێشووی سعوودیە لە واشنگتوون کە لە بری ئەو دا عادل جەبریان وەک باڵیۆزی نوێ سعوودیە دەستنیشان کرد، لادانی تورکی فەیسەل لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیانە بوو کە لە نێوان فەیسەل و شازادە بندەری کۆڕی سوڵتان کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سعوودیە بوو ڕووی دا. لێرەدا   دەتوانریت خۆیندنەوەیەک یان لێکۆڵینەوەیەک بۆ  کاردانەوەکانی سعوودیە و چوارچێوەی دەستێوەردانەکانی ئەو ووڵاتە لەو قەیرانانەی کە لە ناوچەکەدا هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی  نفوزو هێزی ئێران بکرێت:
ئێراق:
  بێگۆمان پاش ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس قۆناغ و حالەتێکی سیاسی نوێ هاتە ئاراوە ئەم قۆناغە نوێیەش کۆتایی بە فەرمانڕەوایی کردنی چەندان ساڵەی تاک لایەنەی دەسەڵاتی سوونە هێنا وە لە بەرامبەردا شیعەکان کە زۆرینەی پێکهاتەی دانیشتوانی عیراق پێکدەهێنن توانیان پاش چەندان ساڵ پەراوێز کردن لە دەسەڵات بۆ یەکەم جار بگەنە لۆتکەی دەسەڵاتەکان ئەمەش وای لە ڕیاز کرد هێچ جۆرە پێشوازیەکی بۆ ئەو سەردەمە تازەیەی کە لە ئێراقدا هاتە کایەوە نەبێت وە بگرە لە بەرامبەریشدا ئامادە نەبوو بە جۆرێک لە جۆرەکان قەرز یان هاوکاری دەوڵەتی نوێ ئێراق بکات وە ئەم هەڵویست و ڕەفتارانەی ڕیاز هەر لە سەرەتای دەست بە کار بوونی ئیبراهیم جعفری وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئێراقی شیعی بە ڕٍوونی دەرکەوت، سعوودیە بۆ ئەوەی ڕوڵ و کاریگەری هەبێت لە نێو گۆڕانکاریەکانی ئێراقدا وە یان بە حسابی خۆیان لە نفۆزی ناوچەی ئێران کەم بکەنەوە پەنایان برد بۆ پاڵپشت  و پشتگیری کردنی گروپە سوونیەکان کە دەژی پرۆسیسی سیاسی نوێ ئێراق بوون بۆ نموونە دەوڵەتی سعوودیە لە ئۆکتۆبەری 2006 دا بە گەرمی پێشوازیان لە حارس زاری  سەرۆکی لێژنەی موسۆلمانانی عێراق کە لە سوونەی عەرەبی ئێراق پێکدین وە دەستی هەیە و تێکەلە لە گەڵ گرۆپە تیرۆریستیە سوونیەکان کرد وە ئەمەش زەنگێک بوو بۆ ئێران بەوەی کە پشتگیری لە شیعەکانی عێراق دەکات  وە ئەوانیش لە بەرامبەردا پالپشتی ئەو گرۆپانە دەکەن کەوا دەژی حکوومەتی ئیستای ئێراقن.

لە ڕٍاپۆرتەکەی گروپی بیکەر هاملتۆن دا ڕەخنە لە سعوودیەو و هەندیًَ ووڵاتانی عەرەبی دەگرێت لەوەی کە لە ڕیگەگرتن لە تیرۆریزم کەم تەرخەمی دەکەن وە هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە لایەک کەسانی تایبەت لە سعوودیە و هەندیً دەوڵەتی عەرەبی ناوچەکە هاوکاری دارایی گرووپە سوونیە بە ناو موقاومەچیەکان دەکەن وە لە لایەکی تر دەوڵەتی سعوودیە ئاسانکاری وەک بنکەی سەربازی، مافی هەڵسان و فڕینی فڕۆکە بۆ هێزەکانی ئەمریکا دابین دەکات وە هەروەها هاوکاری و ئاڵوگۆری زانیاری هەواڵگری و ئاسایشان لە کەڵ ئەمریکادا هەیە.
فراوان بوونی دەسەڵات و هێزی شیعەکان لە ئێراقدا رەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە شیعەکانی نێو سعوودیەش داوای مافی بەشداری بوون لە لە دەسەڵاتی سیاسی ئەو ووڵاتدا بکەن وە ئەمەش بە ڕەهایی ئەمڕۆکە لە لایەن ئال سعوودەوە ڕەتدەکریتەوە.

لۆبنان:
لە قەیرانی سیاسی لۆبناندا دەوڵەتی سعوودیە پشتگیری لە حکوومەتەکەی فوئاد سنیوورە دەکات بە بەردەوام هەر لەمبارەیەوە سعوودیەو ئەمریکا و فەرەنسا هاوکاریەکی دارایی بە بڕی 6/7 ملیارد دۆلاریان پێشکەش بە  فوئاد سنیۆرە کرد وە ئامانجیش پاراستن و مانەوەی دەوڵەتی سوونی لۆبنانە لە بەرامبەر گرووپە شیعیەکان بە تایبەتی حیزبۆڵا و سەرۆکەکەی حەسەن نەسروڵا.
لەم ئاراستەیەدا کاتێک عەلی لاریجانی سەرۆکی شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە سەفەرەکەیدا بۆ سعوودیە داوای لە کاربەدەستانی ئەو ووڵاتە کرد کە داوا لە وویڵایەتەیەکگرتوەکان بکەن کە قەبارەی هەرٍِەشەکانیان بۆ سەر ئێران کەم بکەنەوە وە لە بەرامبەردا کاربەدەستانی سعوودیە داوایان کرد کە دەوڵەتی ئێران  فشار بخاتە سەر هاوپەیمانەکانی خۆی لە لۆبناندا بەوەی کە پشتگیری لەو حکوومەتە بکەن کە ئەمریکا و ئەوان پشتگیری لێ دەکەن وە دەست لە هاوکاری کردنی گرووپە شیعیەکانی ئێراق هەڵگرێت.

لە میانەی قەیرانی سیاسی لۆبناندا مەلێک عەبدوڵا گشتیکی بۆ ووڵاتی لۆبنان کرد و لە گەڵ فوئاد سنیوورە سەرۆک وەزیرانی ئەو ووڵاتە چاوپێکەوتنێکی ئەنجام دا وە لە کاتی گەرانەوەیدا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی خۆی شازادە بندەر بن سووڵتانی ڕەوانەی تاران کرد شازادە بندەر هەڵگری پەیامێک بوو کە تایبەت بوو بە قەیرانی سیاسی لۆبنان و ناوچەکە، ناوەروکی ئەو نامەیە بریتی بوو لەوەی ئەگەر هەوڵی هێورکردنەوەی ئەو بارودۆخە نەدریت کە لە لۆبناندا هەیە ئەوا ئیحتمالی هەڵگیرساندنی شەڕێکی ناوچەی لە جیهانی عەرەب و جیهانی ئیسلامدا هەیە، وە هەر هەوڵدانێکی حیزبۆڵا بۆ بەرفراوان بوون و کۆنترولکردنی بیروت و بارودۆخەکە  بە گشتی وەک ئەوە وایە هێرش بۆ پایتەختی سعوودیە بکرێت ئەم پەیامە یان نامەیە لە لایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێرانەوە بە ئیعتبار وەرگیرا چونکە ئەگەر چی هەر دوو ووڵات ڕکابەری نفوزو دەسەڵاتیان هەیە بەڵام ناخوازن قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەر دەستی ئەو دوو ووڵاتە زیاد ببێت.
 
ڕووانگەیەکی دیکەی کاردانەوەکانی دەوڵەتی سعوودیە بەرامبەر بە بەرفراوان بوونی هەژموونی ناوچەیی دەوڵەتی ئێران هەوڵدانیەتی بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراقدا چونکە ریاز پێ وایە دەرچوونی هێزەکانی وویلایەتەیەکگرتووەکان واتە زیاتر زەمینە سازکردن بۆ نفوز و  دەسەڵاتی ئێران لە ئێراقدا، سعوودیە لەم ئاراستەیەدا بۆ خۆیان شتێکی ئەوتۆیان پێ ناکرێت هەر بوویە هەوڵ دەدات بە سوود وەرگرتن لە ئەمریکا نفوزی ئێرانی لە ئێراقدا سنووردار بکات.

یەکێکی تر لەو کارانەی کە سعوودیە بۆ ڕووبەڕووبۆنەوەی هێز و نفوزی ناوچەیی ئێران ئەنجامی دا بەشداری کردنی ئەو ووڵاتە بوو لەو هاوپەیمانیەی کە لە نێوان ئەمریکا، ئەردەن، میسر و ئیسرائیل پێکهات، ئەو هاوپەیمانیە پێک هات بۆ ڕووبەڕووبۆنەوەی هەر هەڕەشەیەکی دەوڵەتی ئێران لە ناوچەکەدا، برنارد گورتزمن کە لە ئەنجوومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەمریکایە دەڵیت هاوپەیمانی نافەڕمی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و عەرەبە سوونیەکان تەنها سیاسەت نیە بەڵکو ستراتیژیەتە،
لێرەشدا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە هەندێ لە دەوڵەتانی عەرەبی سوونە ئامادەن بۆ پێکهێنانی هەر جۆرێک هاوپەیمانێک لە تەک دەوڵەتی ئیسرائیل دا بەرامبەر بە کەمکردنەوەی هەژموونی ناوچەیی ئێران، ئەگەر چی جیهانی عەرەبی چ لە ڕابردوو وە چ لە ئیستاشدا دەوڵەتی ئیسرائیلیان بە دوژمن و هەڕەشەی مەزن زانیووە بەڵام لێرەدا ئەو پەندە کوردیە جارێکی تر زیندوو دەبێتەوە کە دەڵیت (( دوژمنی دوژمنەکەم دۆستمە)).

دەرئەنجام و کۆتایی:

ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە سەرەتای دەسپێکی سەدەی بیست ویەکەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کەم تا زۆر هۆکارگەلێک بوون بۆ بە هێز بوون و بەرفراوان بوونی دەسەڵاتی ناوچەیی دەوڵەتی ئێران وە بە پێچەوانەشەوە بوونە هۆکاری دڵ تەنگی و نیگەرانی بۆ دەوڵەتی سعوودیە، دەسەڵاتدارانی ریاز تێ دەکۆشن لە ڕێگەی بەشداری کردن لە چارەسەر کردنی قەیرانەکان و ئەو بابەتانەی کە تایبەتەن بە ناوچەکە وە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی
سیاسی و ستراتیژیەکان لە دەژی ئێران پێگەی خۆی بە هێز بکات وە لە دەسەڵاتی ناوچەی ئێران کەم بکاتەوە.

سوید.ستۆکهۆڵم

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.