یاسا….سمکۆ عهبدولکهریم
یاسا
سمكۆ عەبدولكەریم
ئەوكاتە زیاتر بایەخ و گرنگى یاسات بۆ دەردەكەوێت كە بۆ یەكلایى كردنەوەى كێشەكەت بەناچارى پەنا دەبەیتە بەر یاسا .
مەبەستیشم ئەو یاسایە نییە كە دادپەروەرى تێدا نییە و لە ئاستیدا كەسانێك ملكەچن و كەسانێكیش یاسا لەبەردەمیاندا ملكەچە ، ئەگەر یاسا بۆ هەمووان وەك یەك بىَ ، هەموومان دەبىَ بۆى ملكەچ بین .
بۆ ئەوەى یاسا سەروەر بىَ و هەموو كەسێكیش فێر بىَ بۆ بێدەنگ نەبوون و بەدەنگەوەهاتن لەئاست مافەكانیدا پەنا بەرێتە بەر دادگا ، پێویستە لێرەوە بڕوانێنە یاسا كە ئەوە خودى یاساكەو دەسەڵاتى سیاسى ولاتەكەیە دەریدەخا كە یاساكە چەند دادپەروەرى تێدایە .
نەبوونى یاسایەكى تایبەت بە رێكخستنى كارى رۆژنامەگەرى یەكێكە لە گرفتە هەرەگەورەكانى بەردەم كارى رۆژنامەگەرى لە هەرێمى كوردستان ، پێم وایە پێداگرى هەرچى زیاترى رۆژنامەنووسان بۆ دەستەبەركردنى ئازادى زیاترو فراوانكردنى سەرچاوەكانى زانیارى و لەبەرچاوگرتنى مافەكانیان ئەرك و داوایەكى رەوایە ، بەڵام رووبەڕووبونەوەى یاساو گەلەكۆمەكردن لێى رەوا نییە و مەسەلەیەكە پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بكرىَ ، لە كاتێكدا رۆژنامەنووس و رۆشنبیران لە هەموو روویەكەوە هەوڵى تێكشكاندنى پیرۆزییەكان دەدەن ، كەچى لە لایەكى ترەوە لە هەوڵى ئەوەدان و دەیانەوىَ خۆیان پیرۆز بكەن ، بەتایبەتى ئێستا بە شێوەیەك دیاردەى تانەو تەشەر لە لایەن بەشێك لە رۆژنامەنووسان تەشەنەى كردوە ، كە گرتنەبەرى رێگەى یاسایى باشترین وەڵامدانەوەیە بەو كەسانەى لە ئەخلاقى رۆژنامەگەرى لادەدەن .
زۆر سەیرم بەو بۆچوونە دێت كەسانێك لە رێگەى بڵاوكردنەوەى زانیارى ناڕاست سووكایەتى دونیات پێدەكەن و داواشت لێدەكەن بە نووسین وەڵامیان بدەیتەوە ، بردارەێك قسەیەكى جوانى كرد: ( ئەو هاتوە پێت دەڵىَ تۆ پیاوێكى دووڕوو و بەعسى و جاسوس و گەوادى ، من وەڵامى چى بدەمەوە بڵێم بە خوداى وانییە ) .
بۆیە كاتى ئەوە هاتوە لە رێگەى یاساوە رووبەڕووى ئەو دیاردەیە ببینەوە ، ناشكرىَ گرتنەبەرى رێگەى یاسایى بە بەرتەسككردنەوەى ئازادییەكان لێكبدرێتەوە ، بەڵكو پێویستە بە بەرتەسككردنەوەى ئەو دیاردەیەو بچووككردنەوەى زیاترى پیاوە بچووكەكان دابندرىَ ،چونكە هەر خوا دەزانىَ ئەوان لەبەردەم دادگا چەند بچووك و بەستەزمان دێنە بەرچاو 0
بەزەیم بەو قەڵەمە نووك شكاو و نەخۆشانە دێتەوە كاتێك دەبینم بە ناوى خوازراوەوە ، بەڵام ناسراو لە هەندىَ لە سایتەكان بەسەر جوانییەكاندا دەڕشێنەوە ، تەنیا بۆ ئەوەى كاتە بەتاڵەكانى خۆیان بەسەر بەرن ، ئەگەرنا پیاو دەبىَ كەیفى چى بەو نووسینانە بێت بەقەد داوەموویەك نەك هەر گاریگەرى نییە ، بەڵكو كاتێك خۆشى دەیخوێنێتەوە پێكەنینى بە ئەقلى خۆى دىَ .