سۆران مامه حه‌مه ده‌نگێکی نه‌ترس،
سۆران مامه حه‌مه ده‌نگێکی نه‌ترس،
مافیاکانیش دێوه‌زمه‌یه‌کی زیڕه‌کردووی بێهه‌وسار!
فاتمه ئه‌حمه‌د
fatma964@yahoo.de
23.7.2008
سۆران مامه حه‌مه، شه‌وی 22.7 له‌به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی خۆی له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکی نه‌ناسراوه‌وه تیرۆر ده‌کرێت! ئه‌مه له گه‌ڕه‌کێکی ئارام و کوردنشینی شاری که‌رکوکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبه گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کورد، گه‌ڕه‌کی شۆرجه ڕووی داوه!
به‌ڕاستی ئه‌مه زه‌نگێکی ترسناکه و خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌یه له خنکاندنی ده‌نگه ئازاد و بوێره‌کاندا! زه‌نگێکه بۆ زیاترکردنی بێمافی و سه‌رکووت و ترس و تۆقاندن و ده‌نگی که‌له‌پچه و زڕه‌ی زنجیر! زه‌نگێکه بۆ نه‌مانی یه‌کجاری مانای ژیان! بۆیه ده‌بێ به فراوانترین و توندترین شێوه به‌رپه‌چ بدرێته‌وه و لێپێچینه‌وه‌ی ورد و خێرا بکرێ بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و به دادگاییگه‌یاندنیان، وه بۆ په‌رده‌لادان و ڕیسواکردنی ئه‌و لایه‌نه‌ی که له پشتی ئه‌م کاره دزێوه ڕاوه‌ستاوه.
پێم وانییه سۆران مامه حه‌مه یه‌که‌مین که‌س بێ و له‌وانه‌یه دوا که‌سیش نه‌بێت! من کاکه سۆرانم نه‌بینیوه و نایناسم، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌موو نووسینه‌ی له سایته‌کاندا ئه‌یبینم که له‌سه‌ری داگیراوه و به پێی کۆڕی پاڵتاکی شه‌وی 22.7 له کوردستان یونایتد که به‌و بۆنه‌یه‌وه گیرا، به‌پێی وته‌ی که‌سانێک که له نزیکه‌وه ده‌یناسن، دیاره و جێی گومان نییه که ئه‌م مرۆڤه چ که‌سێکی له خۆبوردووی چالاک و ئازا و دلێر و چاونه‌ترس بووه و وه‌ک مانگێکی دراوشاوه له ئاسمانێکی نووته‌که‌چاودا، قه‌ڵه‌مه‌که‌ی داگیرساندووه و ویستوویه‌تی ڕووی ڕه‌ش و نه‌گریسی دز و جه‌رده و پیاوکوژان و مافیاکانی وڵاته‌که‌ی وه‌ده‌رخات و دڕ به‌و شه‌وه‌زه‌نگی تاریکییه بدات که کوردستانی کردۆته دۆزه‌خستان!
ئه‌و مرۆڤه دڵ‌پڕ له هیوایه، تازه ده‌می بۆ ژیان ئه‌پشکووت. تازه وه‌ک باڵدارێکی شه‌یدای فڕین، خۆزگه‌ی گه‌ییشتن بوو به ئاسمانێکی ساماڵ و سه‌ربه‌ست. زۆر سه‌ره‌تای بوو، به‌ڵام زۆری له‌بار بوو، زۆر گه‌وره بوو! هه‌ر بۆیه دێوه‌زمه‌کان زاره‌تره‌ک بوون و لێی تۆقین! بۆیه پاڵه‌وانانی چه‌قۆکێش و چاوچنۆک و به‌د‌ڕه‌ووشت له تاریکیدا زه‌فه‌ریان پێ هێنا و به کوژاندنه‌وه‌ی مۆمی ته‌مه‌نی ئه‌م نه‌مامه تازه‌یه‌ی کوڕی ماڵه هه‌ژارێکی شاره‌که‌ی که‌رکوک، جارێكی تر ڕووڕه‌شی و تاوانێکی تریان خسته خانه‌ی سته‌مه ئه‌ستوور و له بننه‌هاتووه‌کانیان و قێزه‌وونترین کرده‌وه‌کانیان.
ئه‌م هێرشه، هێرش نییه بۆ سه‌ر ته‌نها ئینسانێک. کوشتن و "شه‌هید"کردنی تاکه که‌سێک نییه، خوێنڕشتنی مرۆڤێک و کۆستکه‌وتنی ته‌نها خێزانێک نییه… به‌ڵکوو ئه‌مه هێرشه بۆ سه‌ر هه‌ناسه‌ی ئا‌زادی، بۆ سه‌ر بیر و ڕای جیاواز، بۆ کوشتن و خه‌فه‌کردن و کپکردنه‌وه و خنکاندنی ته‌واوی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که ده‌ڵێن نا! که ده‌ڵێن ئێمه مرۆڤین و به‌سه چیدی "شه‌ره‌ف" و که‌رامه‌تمان مه‌ڕووشێنن! که ده‌ڵێن نان و کار و ئاو و کاره‌با و ئازادیمان ده‌وێ! که ده‌ڵێن به‌سه ئیتر! کوردستان بۆته دۆزه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی کوشتن وبڕین و سووتاندنی ژنان! منداڵان کاری قورسیان پێده‌کرێ و بێبه‌شن له مافی یاری و بچوکترین چێژ و تامی ژیان! که ده‌ڵێن ئێمه به جۆرێکی جیاواز له ئێوه بیر ده‌که‌ینه‌وه و بۆچوون و ڕوانگه‌یه‌کی ترمان بۆ ژیان، بۆ سرووشت، بۆ دیارده‌کانی ده‌وروپشتمان هه‌یه و ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان ده‌که‌ین! ئاخر بۆ ده‌بێ ئه‌مه گوناه بێت؟! بۆ ده‌بێ له خانه‌ی بێڕێزیدا بێت؟! بۆچی تاوان بێت؟! بۆ ده‌بێ ئینسان هه‌ر کڕنۆش به‌رێ و کۆیله بێت؟! بۆ ئینسان له‌سه‌ر ئا ئه‌مانه، ڕاو بنرێ؟! ڕاپێچی دادگا بکرێ؟! چاوی لێ سوور بکرێته‌وه و ته‌حقیق و سووکایه‌تی پێ بکرێ؟! ته‌نانه‌ت خوێنیشی حه‌ڵاڵ بکرێ؟!
به ڕای من ئه‌م په‌لاماره هه‌ر درێژه‌ی هێرشی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکی عێراقه بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان! وه هه‌ر درێژکراوه و هاوسانی ئه‌و هێرشه ترسناکه‌یه که ماوه‌یه‌ک به‌ر له ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌ستیان دایه، که له‌سه‌ر داوای ئیسلامی سیاسی و به ئیمزای 470 له "نوێنه‌رانی خوا" هێرش کرابووه سه‌ر پێنج نووسه‌ر و، به بیانووی ڕێزگرتن له موقه‌ده‌ساتی خه‌ڵکی کوردستان! ده‌ستیان کرد به قه‌ده‌غه‌کردن و کۆکردنه‌وه‌ی کتێبی "جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ" و گه‌ڕان به دوای نووسه‌ر "ئارام ڕه‌شید" دا بۆ دادگایی‌کردنی!
به‌ڕاستی دنیایه‌کی سه‌یره! کێ دادگایی کێ ده‌کات و کێ خانه خوێیه؟! کێ باس له موقه‌ده‌ساتی خه‌ڵکی کوردستان و بێڕێزیکردن به پیرۆزییه‌کان ده‌کات و کێ له ڕستییدا به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وپه‌ڕی بێڕێزی ده‌کات؟! نازانم ئه‌م دنیایه تا که‌ی وا ئا‌وه‌ژووه؟!
جا بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دی، هیچ ده‌سه‌ڵات و هیچ هێزێک، نه "کوردی" و نه "عاره‌بی"، به هیچ ڕه‌نگ و بۆن و ناوێکی تر، نه "زه‌مینی" و نه "ئاسمانی" بوی نه‌بێ و نه‌وێرێ به‌عس ئاسا په‌ل بکووتێ و بکوژێ و ببڕێ… تا هه‌ناسه‌ی ژیان ببڕێ و هه‌موو "میلله‌ت" بتاسێنێ، ده‌بێ خه‌ڵک وه‌ده‌نگ بێت! ده‌بێ گه‌وره‌ترین هێز بۆ به‌رگرتن به‌م خه‌ته‌ره و پوچکردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی ئاماده‌باش بێت! هه‌موو که‌س هه‌ڵوێستی هه‌بێ! خه‌ڵکی به‌شسمه‌ینه‌ت و سته‌م لێچوو چیتر ڕازی نه‌بن که ئاوا وڵات کاول و وێران بووه به‌سه‌ریاندا و بۆته مه‌یدانی که‌یف و سه‌فاش بۆ مافیاکانی ده‌سه‌ڵات! پێویسته زۆرترین ده‌نگ و ناڕه‌زایه‌تی بهێنرێته مه‌یدان! بۆ ئه‌مه‌ش نووسه‌ران، ئازادیخوازان، که‌سانی ڕووناکبیر و پێشکه‌وتنخواز گه‌وره‌ترین پشکیان به‌ر ئه‌که‌وێ و ئه‌رکیانه هه‌ڵوێستی خۆیان به ئاشکرا و به هه‌موو شێوازێک هه‌ر له نووسین و کۆڕوکۆمه‌ڵ و سێمیناره‌وه تا ده‌گات به خۆ پیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری بخه‌نه ڕوو، وه نیشانی بده‌ن که ئه‌وان چ هێزێکن! نیشانی بده‌ن که ئه‌مانیش هه‌ن! گه‌ر وانه‌بێ کار له کار ئه‌ترازێ و تاریکی و ڕۆژڕه‌شی زیاتریش له دواوه‌یه! مێژووش جارێکی تر دووباره نابێته‌وه…
ماوه‌ته‌وه بڵێم له قوڵایی ده‌روونمه‌وه، وێڕای دڵته‌نگی و هاوخه‌می و پرسه و سه‌ره‌خۆشیم له: که‌سوکار و خۆشه‌ویستان و هاوڕێیانی سۆرانی مامه حه‌مه! ڕۆژنامه‌نووسان! سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسان لقی که‌رکوک! له خۆم و هه‌موو ئینسانێکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز، زۆر به توندی ئیدانه‌ی ئه‌و کاره تیرۆریستییه ئه‌که‌م و ده‌ڵێم: نه‌فره‌ت له هه‌ر که‌س و لایه‌نێک که هه‌ڕه‌شه و گولله زمانی ئاخاوتنیانه!
بمرێ تیرۆر و تیرۆریستان!
ڕیسوایی و مه‌رگ و نه‌مان بۆ ده‌سه‌ڵاتی مافیایی و دز و جه‌رده و پیاوکوژان!
هه‌ر بژی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه ئازا و بوێره‌کان!
هه‌ر بژی سۆران و سۆرانه‌کانی تر!