Skip to Content

Monday, September 16th, 2024
لەزیندانەكانى كوردستانەوە

لەزیندانەكانى كوردستانەوە

Closed
by July 26, 2008 گشتی

  
 لەهەموو ئەو وڵاتانەى كەوا سیستمى دەسەڵاتیان دیكتاتۆرییە جۆرێك لە توندوتیژى و هەڵوێستى نامرۆڤانە لە زیندانەكانیاندا دەبینرێت ,زیندان لەهەناوى خۆیدا كەسانى تاوانبار و لادەر لەیاسا لە خۆ دەگرێت , ئەشێ بۆ هەندێ وڵات بەپێچەوانەوە بێت ئەوەى لەتەك بەرژەوەندییان هاوتا نەبێت لێپرسینەوە و ئەشكەنجە بدرێت , مێژووى زیندان دەگەڕێتەوە بۆسەرەتاى ئیمپراتۆرەكان ,بەپێ ى گۆڕان و پێشكەوتنى ژیان زیندانەكانیش گۆرانكاریان تێدا كراوە,لەدەسەڵاتێكەوە بۆ دەسەلاتێكى دى  جۆرى سزاى زیندانەكان دیارى كراوە,هەنووكە بۆنى ئازارى زۆربەى ئەو زیندانانەمان لێدێت كە بەعسیزم وەك دۆزەخێك بۆى هەڵگیرساندبووین,لەوەش ئازاراویتر كاریگەرى نێگەتیڤى كردووەتە سەر سایكۆلۆژیاى تاكى كورد بەتایبەت ئەوانەى كە لەلایەن رژێمى بەعسیزمەوە بە شێوازى دڕندانە لە مردن رزگاریان بووە,لەوەش كارەساتتر كاریگەرى كردووەتە سەر ئەوانەى كەوا زیندانەكانى كوردستان بەرێوە دەبەن ئەو ئازارەى كە دراوە زۆجار بەو ئەندازە كەسانى تاوانبارى ئازار داوە یان بەمانایەكى دى ئەو شێوازە دڕندەییەى كە بەچاوى خۆى بینیویەتى هەمان شێوازى سزا بووەتە بەشێك لەهەڵس و كەوتى رۆژانەى لە زیندانەكان.
 دواین ئامار و راپۆرتەكانى رێكخراوە سەربەخۆكان بەگشتى و (هیومان رایتس وۆچ ) بەتایبەتى لەهەمبەر رەوشی زیندانەكانى كوردستان  ئەوەمان پێدەڵێت ژیانى  زیندانەكان لە ئاستێكى زۆر كارەساتاوییدایە , بەدەر لەوەش چەندین جار لە مێدیا ئەورپی و ئەمریكییەكانەوە ئەو راستییەیان سەلماندووە كەوا سیستمى بەرێوە بردنى زیندانەكانى هەرێمى كوردستان لە ئاستێكى زۆر لاوازدایە ,هەر وڵاتێك سیستمى دیموكراتیانە بەكار بهێنیت كۆمەڵێك مەرجى سەرەكى هەیە بۆ هەموو بوارەكانى ژیان لە ئازادى  ئایینەوە تا دەگاتە  ئازادى بیر و را ,چ جاى ئەوەى كە زیندانەكانى ئەو وڵاتانەى كە وا رێز لەمافى مرۆڤ دەگرن ئومێد و هەستى زیندانییەكان دەپارێزن .
 ناكرێت ئەوە لەیاد بكەین كەوا زیندانە تاریكەكانى بەعسیزم ئەگەر ئازارێكى گەورەى بەخشی بێت بە تاكى كوردیى لەهەمان كاتدا شوێنى ئارامگرتن لە دانپیاننان و  سازشنەكردن بووە بەرابەر بە رژێمى بەعس , لە سەختترین ئازارى جەستەیى و رۆحى ,هەنووكە لە هەرێمى كوردستانیش لەوەش كارەساتتر رێزنەگرتن و بەدەنگەوە نەهاتنى زیندانە سیاسیەكانى كورد و بێبەش كردنیان لە خزمەتگوزارى و پاداشتى رۆژانى زیندانیان كە لە پێناوى هەستى كوردایەتیدا بووە , بوونى زیندانى دۆزەخى یان بەشێوەیەكى دى بوونى زیندانێك كەبەشێوازى نامرۆڤانە بەرێوە بچێت لەوە نزیكمان دەكاتەوە كەوا شتێك نییە لە كوردستاندا بەنێوى  پاراستنى مافى مرۆڤ.
 ئەگەر چى هەرێمى كوردستان بەچەند قۆناغێكى ترسناكدا راگوزەر بووە لەشەرى ناوخۆ تا دەگاتە پەیدابوونى چەند حیزبیكى بەناو ئیسلامى (جوند و ئەنسار) بەنموونە  كە دژى سیستمى دەسەڵاتى كوردى چەكیان هەڵگرتووە , خۆشبەختانە هەنووكە بوونى ئەو چەكدارە توندڕەوانە نەماون جگە لەهەڕەشەو تارماییەكانیان ,هەروەها لەدەیەى نەوەدەكانى سەدەى رابوردوودا بوونى دوو حكومەتى چكۆلانە چەندین زیندانى لەخۆگرتبوو كە زیندانەكانى شەرى ناوخۆ تا هەنووكەش زۆر لە ئەندامى حیزبەكانى بێسەر و شوێن كردووە لە ژوورە سارد و تاریكەكانى زیندانەكانى ئەم دوو حیزبەدا كە خاوەنى قوربانییەكان هەمیشە چاوەروانى ئەوە دەكەن لە مان و نەمانى زیندانەكاینان ئاگاداربن.
 كاتى ئەوە هاتووە لەتەك ئەوەى كەوا دەسەڵاتى كوردى جاڕى دیموكراسی ومافى مرۆڤ دەكات زیندانە ترسناكەكانى كوردستانیش لە یاد نەكات , هەمیشە بوونى زیندانى ترسناك و رێزنەگرتن لە مافى زیندانییەكان نزیكمان دەكاتەوە لە سیستمى تۆتالیتارییەت,مەرج نییە لەدەروەى زیندان باس لەئازادییەكانى تاك بكرێت , زیندانیش هەروەك چۆن مرۆڤى تێدا دەژێت بەهەمان ئەندازە مافى خودى زیندانییەكانە داواى ئەو مافانە بكەن كە لەهەر زیندانێكى ئاسایدا هەیە .
 هەرگیزاو هەرگیز نابێت ئەو لەیاد بكەین كەوا زیندان بۆ ئەوە درووست نەكراوە تۆڵەى مرۆڤەكانى دى لەكەسی تاوانبار بكەیتەوە ,وەلێ  بە پێچەوانەوە ببێتە قوتابخانەیەكى تایبەت بەگەڕانەوەى رێز و لێبووردەى بۆ كەسی تاوانبار بۆ ئاسوودە كردن و ئاشتكردنەوەى لەتەك ژیان و دووبارە نەكردنەوەى كارەكانى,هەرچەندە لە هەرێمى كوردستاندا قوتابخانەو زۆرینەى دامەزراوەكان وەك زیندانێك ژیانى تێدا دەگوزەرێت.
 
  omerjelal@yahoo.com
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.