تاپۆی عەقڵ لای پارتی كورد بۆ پراكتیزەكردنی دێمۆكراتیەت
كورد لە قۆناغەكانی مێژووی كۆمەڵایەتی خۆیدا نەیتوانیووە بوارێك لە مەرجی خواستەكان بۆ مافی نەتەوایەتی بترازێنێت و خۆی لە مەیدانی یەكێ لە چەمكەكانی ئایدۆلۆژیا تاقی بكاتەوە چەمكێ تەنھا بۆ مافی بە خۆبوون و خۆ پێناسكردنی ئەو مێژووە ھەرە كۆنەی كە وەك گروپێكی نەتەوەیی خستوویەتیەوە بە بێ مافی نەتەوایەتی ، چەمكی خۆناسین كورد بون و كوردستانێتی لە سنورێكدا نەھێشتۆتەوە بە دوور لە ھەموو چەمكە ئایدیاكانی دەرەوەی عەقڵێتی كورد ئەمەش بە درێژخایەنی وەخت بووەتە ھۆی نەبوونی پێناسەیەكی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و شكانی شانازی تاكەكان و كارنەكردنی كۆمەڵ لەو بوارەدا . ئێمە ناتوانین خۆمان لە گرفتێك بەین مێژووی نەتەوایەتیمان سەدانێكە پێوەی گرفتار بووبێ و لە ڕووی ئازاد بون و خۆناسینمانەوە عەقڵێتمانی گۆج كردبێ ، تا ئێستاش لە مانایەك ناگەین كە ھەرگیزاو ھەرگیز خۆمانمان تێدا تاو نەدابێت و وەك ھەموو نەتەوە جیھانیەكان كلتور و مێژوومان ڕێژەو ژمارەمان وەك بەربەستێك بۆ بە خۆبوونمان پاراستبێت ، ئەمە گوناھی كوردبوونی ئێمە نیە گوناھێكە لە ئەستۆی تاك و كۆمەڵی ئێمەدا ، تاك ھەمیشە خۆی گرفتار كردووە بە دەست كۆمەڵەوە و كۆمەڵیش خۆی خەمڵاندووە لە ژێر پاڵەپەستۆ و زۆرەملێی ئایدۆلۆژیادا ، ئایدۆلۆژیایەك لەدەرەوە ھاتۆتە ناومانەوە و سیستێمێكی بۆ داناوین دوور لە خواست و ویستی خۆمان ، بێ ئەوەی بماناسێت و لە چەمكەكانی نەتەوایەتیمان بگات ئایدیایەك ئەگەر لە عەقڵێتی كوردیەوە سەری ھەڵنەدابێت زۆر زوومێژووی بە كوردبوونمان ئەسڕێتەوە و ئەمانبەخشێ بە خواستەكانی خۆی ، ئایدیایەك لە دەرەوەی عەقڵ و خودی كوردەوە ھەر وەك سیستێمەكانی دونیا خودی خۆیانمان تێدا ئەبەن بەڕێوە و كاروبارمان ڕێكدەخەن و ئەمانكەنە وێنەیەكی ڕوت بێ وێنەی خۆمان . نەتەوەیە ناوی نەتەوەیە و بستێ خاك نیە شوناسی ئەو نەتەوەیە بێت و ھەڵگرێ مێژویەكی ھەرە كۆن و جوگرافیایەكی چڕو پڕ ئەرزێ پڕ لەتاكە ھۆشیارەكان و كلتورێكی دەوڵەمەند بۆ ڕێژەی كۆمەڵێكی گەورە لە خەڵك تا ئێستا بۆ مافی ئەم ھەبووانە درزێكمان لە جیھان نەكردووە و ناوی كوردستان نەناسراوترین ناوی جیھانە ، ئیتر ئێمە چۆن ئەتوانین لە چەمكێ بدوێین چەمكی بە دێمۆكراتی بوون و سیستێمێ لەو تێزەوە بێت و ئەوەش كە دوواھەمین قۆناغی نەتەوەیەكە ھەموو چەمكەكانی ئایدۆلۆژیای خۆی تێپەڕاندبێت و لەسەر پەڵەیە زەوی ھێڵی سنوری بۆ دەوڵەتێ كێشابێ و مێژوو لە دنیای نەتەوەكاندا بە نەتەوەیەكی سەربەخۆی ناساندبێتی . كورد لە مێژوویەكی كۆنەوە بووە و تا ئەم كاتەش بۆ خۆناسین بەردەوامە بەڵام مێژوویەك پڕ لە خۆكوشتن و خۆسڕینەوە ، لە ھەر سەردەمێكدا قۆناغێ ئێمەی ئامادەكردبێت بۆ سەقامگیری و خۆناسین و وێنە كێشانی ھێڵی كوردستان وەك دەوڵەتێ خۆمان گرفتێكمان لە ناو خۆماندا ھەڵتۆقاندووە و بۆ خۆ پلیشانەوە و داپڵۆسین بە ھێزی تاكتیك و پلانی ئەوانی دیكە ھێزێ لە دەرەوەی ئایدیای نەتەوایەتی ئێمە بووە و بۆ بەرژەوەندیەكانی ئێمەی بە كارھێناوە بە مەرجی خواستی بەكرێگرتن و خۆڕەھەنكردنمان خۆمان خۆمانمان كوشتووە و مافی نەتەوایەتیمان سڕیوەتەوە . مادەكان كە ئمپراتۆرێكی گەورەی دەسەڵاتی كورد بوون بە ھۆی كێشەیەكی خێزانیەوە و بە كرێگرتنی برایەكی داریوش لە لایەن بەرەكانی دەرەوەی ئەو دەسەڵاتە كۆتایی بەو مێژووە پڕ لە شوناس و بە خۆبوونە ھات ، لە مێژووی ئیسلامیشدا ئازادی برای سەلاحەدینی ئەیوبی كەسێ بوو خواستی كوردایەتی ھەبوو تەنانەت سەلاحەدین خۆشی نەیزانی نەتەوەی عەرەبی ئیسلامی چۆن ئازادیان ئەنفال كرد . ئەمە سەرەتایەكی كورت و زۆر سادەیە بۆ خوێندنەوەی خۆمان وەك پێناسینێك ، ئەوی كە مەبەستە و وا پێشبین ئەكرێت گەلی كورد دوای ھەزاران ساڵ جارێكی تر ھەنگاوێ لە شوناسی نەتەوایەتی نزیك بووەتەوە و جۆرێ لە تەوژمی ئازادبونی نەتەوە و كەمایەتیە جیھانیەكان گرتیەوە كە چەندین ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆریەت و بە سیستێمێكی تۆتالیتارانە ئەبرێن بەڕێوە ، لەم سەردەمەدا جۆرێ لە سیستێمی بەخودبونمان لە ناو كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستاندا بە دەنگ دێن و فەرمان ڕەوایی بۆ كۆمەڵی كورد ڕێكئەخەن بە فرمانێك لە دەنگی زۆرینەی خەڵكەوەیە و ئەمان وامان پێدەڵێن كە دەنگە ڕاستەقینەكەی گەلن و ڕێ بە فەرمان ڕەواكان نادەن لە سنوری خواستی گەلەوە بترازێن . ئەڵبەت بونی پەرلەمان و دەستور لە مانای ڕێكخستنە دەوڵەتیەكەیدا دەنگ و خواستی گەلە و بە گشتگیری و لە ئایدیای تاكە ھۆشیارەكانی ئەو گەلەوە بە بەرھەم دێت ئەوەش سیمایەكە لە بەڕێوە چوونی قۆناغەكانی دێمۆكراتیەت و بە دیمۆكراتیزە بونی تاكەكان و بەرجەستە كردنی خودی كۆمەڵ لە ئاستەكانیدا . دێمۆكراتیەت ئەزمونی ئەمڕۆ و دوێنێ نیە و ھەر لە كۆنەوە تا ئێستا لەگەڵ بونی كۆمەڵی مرۆڤایەتیدا درێژ بوەتەوە ، لە سیستێمی كۆنی ئەغریقدا دێمۆكراتیەت سەری ھەڵداو پارتێكی دەستەبەر كرد و فەرمانی گەلی پێسپێرا ئەو كاتە كۆمەڵەیەكیان دامەزراند نێوەندێك بێت لە دەنگی خەڵكەوە بۆ فەرمانڕەواكان . مێژوو پێمان ئەڵێ دێمۆكراتیەت لە شێوە سیستێماتیكەكەیدا و لە سەردەمی كۆندا لە ناو فەرمان ڕەوایی ڕۆمادا بەڕێكراوە ، ئیستا و لە زیندوترینی سەردەمدا لای سیستێمی ڕۆژھەڵاتی و ئیسلامیدا دێمۆكراتیەت بۆ ئارەزوەكانی دەسەڵات سەرئەبڕێت . دێمۆكراتیەت بە تەنھا ئایدۆلۆژیایەكی ڕامیاری نیە بەڵكو دێمۆكراتیەیەت زانستێكی كۆمەڵایەتیە و ھەمیشە لە ناو تاكدا شەڕێكی بەرپا بووە لە پێناو بەدەست ھێنانی ئازادیدا لە بەر ئەوە دێمۆكراتیەت وەك چرایەكە پڵیتەی ئاگرەكەی ئازادی بێ و بێ ئازادی و ئازادی تاك ئێمە ناتوانین لە چەمكەكانی دێمۆكراتیەت بدوێن ، دێمۆكراتیەت پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆی بە دەرونمانەوە ھەیە مامەڵەیەكە ڕۆژانە لەگەڵمان دێ و ئەچێ بەیەكمان ئەداو كۆمان ئەكاتەوە و فێری پێكەوە ژیان و یەك ویستنمان ئەكات ، لەبەر ئەوەی بە گشت نەبێ دێمۆكراتیەت نایەتە گۆ و یاساو دەستور و كۆمەڵی دەنگی گەل جوڵەیەكن بۆ دەستەبەركردنی چەمكەكانی دێمۆكراتیەت بە ھۆشیاربونەوەی گشت لە لایەن دەستەو بەرە و تاكی ڕۆشنبیرانەوە . ئێستا دەمەوێت لەو ئەزمونەوە بدوێم ئەزمونی پێگرتنی دێمۆكراتیەت لە كوردستاندا ، لەوەتەی دێمۆكراتیەت ھەیە زۆر بە سەقەتی و بێ دەست و قاچ و بێ دوان لای ئێمە كەوتۆتەوە و بووەتە پەرستگایەكی بێ مەرقەد خەونەكانمانی پێئەھۆنینەوە . گرفتەكە لەوەدایە كۆمەڵی ئێمە لە تاكی خۆی نەگەشتووە و نایەوێت تێیبگات كەچی كەوتۆتە شوێن دێمۆكراتیەت و لەگەڵی كێشمانكێشیەتی ، ھەرئەوەندەش ئەزانن كە دێمۆكراتیەت چەمكێكی ڕاستەوخۆی ڕامیاریەو پێویستە لە ڕامیارستەكانەوە گوێ ڕادێرین بۆ ئەو چەمكە واتە لە خواستی پارتەكانەوە ، بە پێناسەكردنی پارتەكانمان ئەتوانین لە دوو خاڵی مێژووییەوە ئایدیای پارت بۆبنەماكانی كۆمەڵ بخوێنینەوە . یەكەم پارت لە بنەمایەكی ھۆز بەندیەوە سەری ھەڵداوە و بە كۆتەڵكردنی سەرۆك و بنەماڵە یاسای ھۆزایەتی سەپاوە ، بێ دەنگكردن و سەركوتكردن و ملكەچكردنی بە دواوە بووە و ئیتر ئەم ھۆزانە سەریان بۆ ھۆزێكی گەورەو بە ھێز دانەواندوە و دەنگی گشتی خەڵكیان بە دواوە بووە ، یاسایان لە بنەماڵەوە گۆڕیوەتە سەر یاسای ھۆز و لەویشەوە بۆ دەستوری ھۆزایەتی ، دانانی پەیڕە و پرۆگرامی ھۆزایەتی بۆ گشت كە تا ئێستا لە ناو پارتەكانی كوردستاندا بەردەوامی ھەیە . دووەم سەرھەڵدانێك لە ناو جموجوڵەكانی كەمایەتی خەڵك بۆ دەرچوون لە ڕكێفی ھۆزبەندی و عەقڵی تاكێتی خێڵ ، ئەمەش دەركەوت لە كاتێكدا بە خۆھۆزكردنی ئەو گروپە لە ڕووی ئایدۆلۆژیایەكی تایبەتی و بێ خوێندنەوەی ئەو ئاستەنگیانەی لە نێوان ئەوان و گشتی ئەوان و پەیڕە و پرۆگرامی ئایدۆلۆژیاكەدا ھەبێت بە ناوی ھەندێ دروشمەوە بۆ پیادەكردنی چەمكەكانی ڕامیاری جارێكی تر پەنا دەبەنەوە بۆ یەكێ لە كۆتەڵەكانی ھۆز و لە شێوە نوێكەیدا بە گشتگیری ھۆز مەرقەدێكی دێمۆكراتیانەی بۆ دروست ئەكەنەوە . لەبەر ئەوەی ئێمە ھیچ ئەزمونێك لە پێناسەی نەتەوایەتیمان نیە و تا ئێستا لە سۆزمانەوە بۆ كڵێشەی كوردستان خۆمان توند ڕەو ئەكەین و خوێندنەوەیەكی زانستیانەمان نیە بە مانای ئایدیایەكی نەتەوەییانە بۆ خوێندنەوەی مێژوو ، لەو بڕوایەشدام چەمكی ھۆزبەندی دەنگێكی باڵاتر و ھێزێكی بە گوڕترە بۆ پارتایەتی و نوێنەرایەتی كۆمەڵ . ئەم جۆرە پارتانە نەك ھەر لە زمانی دێمۆكراتیەت ناگەن بەڵكو بۆ پەرستگای كۆتەڵەكەشیان ئەو ئایدیایە گوناھێكی گەورەیە و دەنگێكە زمانی ھۆزبەندیان لێ ئەشێوێنێ ، ئەمانە چۆن زمانێك بەرجەستە ئەكەن زمانی خەڵك بۆ خەلك بێ و یاسا و دەستور دەنگی گشت بێ و كۆتەڵی پارت لە ھەموو ماناكانی ھۆزایەتی بسڕێتەوە ، خۆھەڵبژاردن و دەنگی ئازاد و ئەزمونی كار لەو بوارەدا بەتایبەتی ژیربێژێتی بۆ ئایدیایەكی نوێ لە پرۆگرامەكانی پارتدا و یەكسانكردنی بە خوێندنەوەی باو ڕامیاری سەردەم بەڕاستی ئەمە ئازادبوون دەخوازێ ئازادی تاكەكانی ناو پارت ، پارتێ ھۆزایەتی جەستەی بێ و دێمۆكراتی تەنھا دروشمێ بێ بۆ فاڵگرتنەوەی پەیڕەوەكانی لە ناو چین و توێژەكاندا ، لەم جۆرە پارتانەدا ئەوە كارێكی مەحاڵە و دێمۆكراتیەت خۆی دەبێ بەرپابونێ بێ لە ناو پارتەكەدا بۆ ڕوخانی مەرقەدی پارت و نەمانی كۆتەڵی ھۆز لە پێناو ئازاد بوونی تاكی پارت و خۆھەڵوەشاندنەوە بۆ ڕێكخستنەوەیەكی نوێ . لە جۆری دووەمدا دێمۆكراتیەت ئەو دەست و باڵەیە بە ناوی دەنگی ئازادەوە ھۆزبەندیەكیان پێك ھێناوە و لەگەڵ ئەوەش ھەریەكە لە بنەماڵەو چین و توێژێكی ترن و بە ھۆی ئایدۆلۆژیایەكەوە یەكبەندیان گرتووە و بونەتە ھۆزێكی تر و دەنگ یەك دەنگە و لە ئەندامانی پارتەكەوە سەرجەم دەست بۆ ئەو دەنگە بەرز ئەكەنەوە بەرزكردنەوەیەك بۆ ئەو فیگۆرەی بەر لە گۆنگرە بۆیان دیاری كراوە ، لەم جۆرەی پارتدا بۆ خاتری پیرۆزایەتی دێمۆكراتیەت ھەڵبژاردنیش ھەیە و لە ھەمەلایەنەی ھۆزەكەوە ئایدیایەك دەنگیان پێئەدا و ئەو ئایدیایەی ساڵانێكە كەس لە ئەندامانی پارت بۆی نیە زیاد و كەمیكات لە دەمی ھۆزەوە نەبێت ، ئیتر ھەمان خواستی ئەندامان ئەو خواستەیە كە خاوەنی ئایدیاكە ھەیەتی ، ھەروەك لای ڕژێمی پێشوتر خیتابی سەرۆك ئایدیای بەعس بوو و سەرۆكیش تاك و ھەر خۆی دەنگی دەسەڵات بوو ، ئەمەیان ترسناكترین و دژوارترین سەرئەنجامە دژ بەخواستەكانی گەل و ھەمیشە خەڵك لە گێژاوی بیرۆكراتیەتی دێمۆكراتیەتدا گێلانەتر بەڕێوە دەچن . ئەم پارتەیان بە ناوی گەلەوە دێمۆكراتیەت لە ئایدیای پارتەكەی ھەڵەژەنێ و دوور لە خواستی خەڵك پرەنسیبەكانی خۆی بە ناوی دێمۆكراتیەتەوە لە ناو خەڵكدا بڵاو دەكاتەوە . زۆرینەی خەڵك خەڵكە ئارامەكان ھەمیشە بۆ خاتری بەرژەوەندیەكان بە دوای بانگەوازی پارتەكانەوەن لە بناماكان و چەمكی ئەو بانگەوازە ناكۆڵنەوە و چەند بتوانن سودمەند بن لە خواست و پەنای پارتەكان ئارامیان بۆ بپارێزرێت و بێ لە خواستی گشت بۆ دێمۆكراتیەت ئەوەندەش خوازیاری ئەو چەمكە بە شێوە زانستیەكەی نین . بەتایبەتی لە كوردستاندا و خەڵكی كورد بە ناوی نوێترین ئەزمون و دەسەڵاتی نیمچە سەربەخۆی گەلی كورد لە كوردستان و ھەبوونی پەرلەمان و وەزارەتی كوردی دەستیان لە گەلێ پرەنسیبی تر بۆ ئەم ئەزمونە ھەڵگرتووە و ئیتر خۆیان وەك مێگەلێك داوەتە دەست خواستی پارت و لە پێشی پارتەكانەوە بۆ ھەر لایەك بیانەوێ ئاوا ئەشكێنەوە . ئەمەیە گرفت گرفتی زۆرینەی خەڵك كە ھەڵگری دروشمی بە ناو دێمۆكراتیەتی پارتەكانن و نایانەوێ چیتر لەوە بگەن كە پارت توشی پەتای دێمۆكراتی كردون و لە قاڵب دراون و كەی پارت خواستی ئەوانیش دەیخوازن و سەریان لەو ڕێیەدا تەنەكەیەكی خاڵیە بۆ پڕكردنەوەی گفتی پارتەكان . ئەوتا لە دنیای ووڵاتە پێشكەوتوەكاندا بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە ناو كێشمانكێشی ئایدۆلۆژیای پارتەكان بە ڕێوە ئەچێ و ململانێكە ململانێیەكی زانستیانەیە وكام پارت پرەنسیبەكانی زانستیانەتر لە بەرەی گەلدا خستەوە ئەوەیان لە پێشترەو كار بۆ دروشمێ ناكەن زۆرینە لە پارتەكەیان كۆكەنەوە ، بەڵكو كار بۆ خواستی زۆرینە ئەكەن تا ڕێژەی داواكانی ئەو زۆرینەیە دەستەبەر بكەن . لە ووڵاتی دێمۆكراتیەتدا كاتێ خەڵك بێزارو پڕدەبن ، گلەیی و گازندەكانیان بە ڕووی پارتەكاندا ئەدەن و ترسیان ئەخەنەبەر بۆ دەنگدان لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا . ڕامیارستەكانی ئەو ووڵاتانە زانستی ڕامیاریان تەواو كردووە و تێرو تەسەل ئەتوانن لە چەمكەكانی ئایدۆلۆژیاوەوە بدوێن ، ئایدیایە لە مێژووی خۆیانەوە سەری ھەڵداوە و بۆ پێناسی نەتەوەییان و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵانی خەڵك ، تەنانەت تاكە ھۆشیارەكانی ناو پارتەكان بە پڕاوپڕی ئازادیەوە لە لێكۆڵینەوە و تێڕوانێنێكی ڕەخنەیی و تیۆریانە لەسەر پەیڕەوپرۆگرامی پارتەكانیان ئەدوێن و لە گەڕاندان بۆ تێپەڕاندنی تێزی دێمۆكراتیەتیش . راستە ئەو پارتانەی كە ئۆپۆزیۆنن و دەبنە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵك و لە قۆناغێكی خەباتی چەكدارانەوە سەردەكەون و فەرمان ڕەوایی دەوڵەت دەبێتە ئەزمونێكی زۆر جیاواز لەكاری پێشوتریان ، ئەوكاتە پێویستیان بە وەخت ھەیە تا بتوانن پرەنسیبەكانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەستەبەر بكەن و ئیتر نابێت لەسەر ئاستی ملشكانی خەڵك بێت یان وەختەكە بۆ ھەتاھەتای بێت و ئاستی بێدەنگی خەڵك بقۆزنەوە و كارو باری ووڵات وەلاوەنێن . ئەتوانم بڵێم پارتی كورد بە درێژایی تەمەنی مێژووی چەكدارانەی ئەندامەكانی نەیانتوانیوە ڕامیاریانە زانستی بن و خۆیان لە بەڕێوە بردنی دەوڵەتدا ھۆشیاركەنەوە ، خۆیان لە چەمكی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەك داوە ئایدۆلۆژیای سەردەمێكی بەسەر چووە و پەیڕەو پرۆگرامێ سەردەمی كۆمەڵی ئێمە بواردویەتی و ئازادی تاكی ئێمە بەرجەستە ناكات و دوور لە جوگرافیاو دوور لە بارو دۆخ و ھەزم نەكردنی چین و توێژاكانی خەڵكی ئێمەیە ، پارتیزانەكانمان تا ئێستا ئاوڕێكیان لە مێژوو نەداوەتەوە و لەو چەمكەشەوە بۆ داھاتووی پارت و گەلەكەیان كاریان نەكردووە . ئەمەش ھەڵەیەكی تا ئێستا بەردەوامە و پارتەكان خۆیانی لێ ھەڵەداوان ئەكەن ، لە كام پارت و گروپی ڕامیاری كوردا زانست بەرجەستە بووە و ئایدیا كاری بۆ پراكتیزە كردنی دێمۆكراتیەت كردبێت ، كام لەوانە لەو ئەندامە باڵانەی پارتەكانی كورد تا ئێستا بە زانستەوە بتوانن لە ڕامیاری پارتەكەیانەوە بدوێن و نەخوازەڵا باسەكە بێتە سەر ئەوەی بەراوردێ لە نێوان ڕامیاری كورد و ڕامیاری دەوڵەتانی دنیادا بكەن . ئەوان ئایدیاكانی دەرەوەی خۆیان دێنن و لە ئەزمونی جیھانەوە لە ناو خەڵكدا بە ھەڵە ڕامیاری پارتەكەیانی پێ پراكتیزە ئەكەن . ئەوەتا لە دەروازە تەسك و داخراوەكەی بە ناو دێمۆكراتێتەكەی خۆیانەوە بە خەڵكی كورد ڕادەگەیەنن كە چیتر ئەنفال و كیمیاباران ڕوونادات و ڕاناكەنەوە و سەرگەردان نابنەوە ، نان و ئاوتان ھەیە و خۆتان بێدەنگ كەن تا بێوەی بن ، بازدان بەسەر نەھامەتی و سانسۆری و مەرگەساتەكانی مێژوو و دەستەوسان كردنی خەڵك لەلایەن پارت و بەبیر ھێنانەوەی ڕابوردویەكی تاڵ بۆ بەربەسكردنی كۆمەڵ لە بەڕێوەبردنەكانیاندا ، ئەمە ئەزمونی چەند ساڵەی ئایدیای پارتەكانی كوردە بۆ خەڵك . خۆ ئەگەر كەسێك لە دەرەوەی ئەوان بە ھۆشیاریەوە لە دێمۆكراتیەت بدوێ و چۆنیەتی ھاوكێشە و چەمكەكانی لە شێوە زانستیەكەیدا بخاتە ڕوو ، دەمكوتی ئەكەن و بە بوختانی یاخی بوون لە كلتوور و ئەخلاقی كۆمەڵ ناچاری ئەكەن واز لە بیركردنەوەكانی بێنێت . لای پارتێ قسەكردن لەسەر بنەماڵە مەحاڵە و گوناھێكی گەورەیە ، سەر لوتكەی پارت ڕێژەیەكی نەگۆڕە و جگە لەوانیش كەس بۆی نیە بیری ئەوان بۆ پارت و گەل بشێوێنێ تەنانەت میدیای پارتەكانی تر و ھەڵوێستی لایەنەكانی تر لە ناوچەی ئەواندا قەدەغەیە ، بە لەت و پەتكردنی كوردستان و پێبەخشینی زەوی بە خەڵك لە دوای خۆیانەوە و برابەشی لە بەكارخستنی دەوڵمەندەكان بۆ كار وباری ئابوری دەوڵەت ، ئەمە پراكتیزە كردنی دێمۆكراتیەتە لای ئەمان و لاكەی تریش ھیچی لەوان كەمتر نەكردووە و تەنھا لای ئەمان چەند بنەماڵەیەكن و ھەریەكە فەرمان ڕەواییەكی خۆی بەدەستەوەیە بۆ بەڕێوەبردنی كارو باری دەوڵەت ، میدیا لای ئەمان بە ھەموو جۆرەكانیەوە سەربەستە كەچی بایەخی خوێندنەوەیان نەھێشتووە و تەنھا بۆ پڕكردنەوە و ڕەشكردنەوەیە نەك بۆ ھۆشیار بوونەوە ، ئەمەیە شێوەی بەڕێكردنی دێمۆكراتیەت لەلایەن پارتەكانی كورد لە كوردستاندا. با ئێمە لە خۆمانەوە دەست پێبكەین و واز لە پارت و گروپی دەستەو بەرەكان بێنین ، پێویستە ئەوە بزانین كە دێمۆكراتیەت زیاتر ئایدیایەكی كۆمەڵایەتیە و ڕێگەیەكە بۆ بەرە و پێشخستنی كۆمەڵ لە ھەل و مەرجەكانی ژیان و وەك یەكی گشت لە ناو گشتدا و پێكەوە ژیان و ئازادی تاك لە شێوەی ڕاو بۆچونیدا بەرامبەر بە خواستەكانی و شكانی ئەو كۆتەڵ و سیستێمانەی بەربەستن لەبەردەم سەقامگیر بونی دێمۆكراتیەتدا . ئەگەر بمانەوێت دێمۆكراتیەت پراكتیزە كەین لەناو كۆمەڵی كوردیدا پێویستمان بە ھەنگاونانێكی گەلێ مەترسیدارە و بە گژاچوونێكی سەختی مێژووییە دژبە كۆتەڵەكانی زۆرینەی خەڵك ، پێویستە ئایین بگێڕینەوە بۆ ناو مزگەوتەكان و لەو سنورەی خۆیدا بیھێڵینەوە ، مزگەوتەكان تاقی خودا پەرستیە و لە تاكدا جۆرێكیشە لە خۆپەرستی لەبەرئەوەی تاكی ئایینی نوێژ بۆ ئەبەدیەتی خۆی ئەكات و لەو پەرستنەدا سڕینەوەی كۆمەڵ و پێكەوە ژیانی گشتگیریە كارێكە تەنھا خواستە دەرونیەكانی تاكی ئاینی لە خەیاڵدا دەستەبەر دەكات ئەوان لەو سنورەدا ئازادن و پێیناوێت بڕژێنە ناو كارو بارە زیندووەكانی ئێستای خەڵكەوە و ئایدیاكانی مرۆڤ سەربڕن و دێمۆكراتیەت بسڕنەوە ، میلتن یەكێ بوو لەو پێشڕەوانەی كە ئاینی لە دەسەڵات سڕیەوە ئەڵێ ( پێویستە لە سەر ھەموو كەسێك بۆ خۆی پەرتوكی پیرۆزی خۆی دیاری بكات و خۆشی لێكی بداتەوە ھەربۆیە نە بۆ پۆلیس و نە بۆ دادوەر و نە بۆ كڵێسا ھەیە كە لێكدانەوەی تایبەتی خۆیان بۆ ئینجیل بخەنە ناو دەمی خەڵكەوە ) ئەگەر ئێمە دێمۆكرات خواز بین پێویستە لەم ڕووەوە ھەنگاوێكی ئازاییانەی بۆ ھەڵبێنینەوە لە ڕێگەی ھۆشیاركردنەوەوە و ھەروەك میلتن ئەڵێ تاك خۆی ئازادە لە چۆنیەتی وەرگرتنی ئاینێكی ئاسمانیدا ، بە داخەوە پارتەكان ئەمڕۆ لە كوردستاندا خۆیان جەخت لەسەر ئاین ئەكەنەوە بۆ كارو باری دەوڵەت ، لەبەرئەوەی لە ھەموو سەردەمێكدا ئایین ڕۆڵی خۆی لەسەركوتكردن و سڕینەوەی ئازادیدا بینیوە . فەلسەفەی سودبەخش كە بنچینەی بۆ دێمۆكراتیەتی خۆرئاوا دانا ھەریەك لە ( بنتام و جێمس میل و ستیوارت میل ) ئەمانە لە بنەما و چەمكەكانی فەلسەفەیەك ئەدوان كە زۆرینەی خەڵكی ئەگرتەوە و زیاتر سودی بە كۆمەڵ ئەگەیاند . جۆن لۆك ئەڵێ ( ھەموو كردارێك لە كۆمەڵگادا پێویستی بە ڕەزامەندی زۆرینەی تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیە ھەیە ) ئەگەر تاك ئازاد نەبێت و سەربەست نەبێت لە بیركردنەوە و دەربڕیندا كۆمەڵیش دێمۆكراتیەت بە دەست ناھێنێت . كەواتە لە دوای ڕەھابونمان لە كۆتەڵە ئایینیەكان ئەبێت تاك كار بۆ ئازادی كۆمەڵ بكات دژ بە كۆتەڵەكانی ھۆزبەندی و ئایدیای نەگۆڕی پارتەكان ، ئەوەش ئەركی تاكە ڕۆشنبیرەكانە و پێویستە بە عەقڵەوە فێری دێمۆكراتیەت ببین و لە باوی سەردەمانەی خۆمانەوە خۆمانی بۆ ئامادە بكەین بنتام ئەڵێ ( خێر و چاكی كۆمەڵگە پرۆژەیەكە بە ژیرێتی ، چونكە ئەتوانێت ئامانج و مەبەست لە فەرمان ڕەواییەكدا دیاری بكات كە سود و خۆشی بۆ زۆرترینی ژمارەی كۆمەڵ دەستەبەر بكات ) لە كۆمەڵی كوردیدا زۆرترینی ژیربێژەكان لە ھۆزبەندی پارتەكانەوە بۆ خەڵك ئەدوێن و لە مێدیاكانیانەوە ڕۆژانە دێمۆكراتیەت سەقەت ئەكەن . لە تیۆری ڕەسەنایەتی تاكدا (سارتەر و ڕاسل) لەگەڵ پەیڕەوانیاندا كۆكن لەسەر ئەوەی لە لۆژیكی كۆمەڵی ڕۆژئاوایدا تاك خۆی چەمكی ئازادی و مەبەست و بنەماكانی سەربەستبونە ، ئەوەش لە ڕەسەنایەتی خود و خواستەكانی ئەو تاكەدایە بێ لەوەی ھیچ پاڵەپەستۆیەكی بۆ تاكەكانی تر ھەبێت . نمونەش سارتەر خۆیەتی لە ئازادی ناو خودی خۆیەوە ئارەزوەكانی لەگەڵ كچێكدا بۆ سیمۆن دی بوفوا باس ئەكرد و ئەویش بە ھەمان شێوە خواستی ئارەزووەكانی لەگەڵ كوڕێكدا بۆسارتەر ئەگێڕایەوە . تاك لە كۆمەڵی كوردیدا بۆ مەبەستی پارتە و سانسۆری پارت و ئایین تاكی ڕێبەند كردووە و مۆرالی سێستەمەكانی كۆمەڵیش ئازادیەكانی پێ ئەكوژێنێتەوە ، تاك ئەبێت كۆمەڵ لە پارت جیاكاتەوە و بخوازێ پارت فێری كۆمەڵ خوازی بكات نەك كۆمەڵ پارت خواز بێت و چارەی ئازادیەكانی خود لە ھۆزبەندێتی پارتەوە بۆ ئایدیای گشتگیری و تایبەتمەندێتی بیر و ڕای تاك بگۆڕێت . با ئیتر فەرمان ڕەوای كورد ڕێ بە خۆی بدات و گوێ لە تاكەكانی خەڵك بگرێت و تاك فەرامۆش نەكات ، با پارتی كورد دەنگی خۆی بداتە دەست كۆمەڵ و تاك ڕەھا كات بۆ ئەو دەنگە و دەرگای كۆنی داخات و دەروازەی پارت لە تاكە ھۆشیارەكان بكاتەوە تا فەرمان ڕەوای كورد دەست لە ھۆزبەندی پارت ھەڵگرێ و ژیربێژێتی پرسگەی پارتەكان بێت بۆ نوێنەرایەتی نێوان خۆیان و بەرەی خەڵك تا دێمۆكراتیەت لە شێوە ژیربێژیەكەیدا خواستی تاك و كۆمەڵ بھێنێتە دی . پارتی كورد پێویستە تاكەكانی لە بیروڕا ئازاد كات و تاپۆ لە خۆیدا بسڕێتەوە و بەربەستەكان نەھێڵێت بۆ ڕێچكە شكاندن و دەست لە كاروباری فەرمان ڕەوایی ھەڵگرن و پارتەكانیان بكەنە ڕێكخراوێكی جەماوەری بۆ دەنگ و خواستی خەڵك ، دەسەڵات توانایەكی باشی ھەیە لە بەرەو پێشچوونی پرۆسەی دێمۆكراتیەتدا لە كاتێكدا چین و توێژی ڕۆشنبیران دەسەڵاتی ڕەھایان پێبدرێت و تاكە ھۆشیارەكان تاپۆ نەكرێن لە دەربڕینیاندا بۆ پراكتیزە كردنی پرۆسەی دێمۆكراتیەت . دوای مردنی سۆكرات بە فەرمانی ئەو سەردەمەی دێمۆكراتەكان و خواستی پیاوانی ئایینی ، ئەرستۆ و ئەفلاتون خۆیان لەو بەرەیە سڕیەوە و دژی بوونەوە ئەوە بوو ئەرستۆ لە یەكێ لە ئامۆژگاریەكانیدا بە ئەسكەندەری مەقدۆنی ووت لە گرتنی ھەر شوێن و گەلێكدا بەر لە ھەموو شتێك شاعیرەكانی بگرە و بیانكوژە .
ئەڵمانیا
Simkan97@hotmail.de