Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
دەسەڵاتی كوردی و زمانی خوێن

دەسەڵاتی كوردی و زمانی خوێن

Closed
by July 26, 2008 گشتی

   
 تیرۆركردنی سۆران هەركێیەك پێی هەڵسا بێ و بەهەر مەبەستێكەوە بووبێت , ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی كوردی لێی بەرپرسە . ڕاستەوخۆ مۆركێكی ڕەشە بە نێوچاوانی دەسەڵاتی كوردی یەوە . تیرۆركردنی سۆران بە هەر مەبەستێكەوە بووبێت , ئەوە تەنها هەوڵدانێك نیە بۆ كۆتایی هێنان بە ژیان و بە قەڵەمی مرۆڤێك , بەڵكو ئەوە وەڵامێكی زۆر ڕاشكاوانەی دەسەڵاتی كوردی یە بەرامبەر بە چەمكی ئازادی و بەرامبەر بە قەڵەم و وشەی ئازاد . تیرۆركردنی سۆران بە هەر مەبەستێكەوە بووبێت , كۆد و ڕەهەندەكانی ئەم كارە ناشیرین و ترسنۆكانەیە دوو تابڵۆی زۆر ڕۆشنمان پێشان دەدات . تابڵۆی یەكەم ئەوەمان پێدەڵێت  : كەوا دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكی سەركەوتوو و پۆزەتیڤ نیە . ئەوەمان پێدەڵێت , كەوا دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكی ترسنۆكە و پڕاوپڕە لە عەیب و عار . دەسەڵاتی كوردی دەسەڵاتێكە ناتوانێت وەڵام بە خواست و ئومێدەكانی كۆمەڵگە بداتەوە . دەسەڵاتێكە ناتوانێت ژیان و ئاسایش و ئارامی مرۆڤەكان بپارێزێت . دەسەڵاتێكە ناتوانێت جێگای باوەڕ و متمانەی كۆمەڵگە بێت . بە مانای دەسەڵاتێكی نەزۆك و فاشیلە . نەزۆك و فاشیل بە هەموو مانایەك .
 تابڵۆی دووەم ئەوەمان پێدەڵێت :  كەوا دەسەڵاتی كوردی پێی ناوەتە قۆناغێكی تازەوە . كە بە زمانی خوێن قسەمان لەگەڵ دەكات. بە زمانی خوێن وەڵام بە ئومێد و خواست و مافە سەرەتاییەكانمان دەداتەوە . بە زمانی خوێن قسە لەگەڵ خەون وخەیاڵ و ئایندەمان دەكات . بە زمانی خوێن قسە لەگەڵ قەڵەم و وشەكانمان دەكات . ئەمەش قۆناغێكە هەموو جەڵاد و دیكتاتۆر و مرۆڤكوژەكانی مێژوو پیایدا ڕۆیشتوون . هەموو ( فیرعەون و قەیسەر و هیتلەر و هۆلاكۆ و سەدام و بنلادن ) ەكانی پێیدا ڕۆیشتوون . قۆناغێكە كۆد و ڕەهەندە كارێزماییەكان لە نێو تابڵۆ خوێناوییەكان بە ڕووتی دەبیندرێن . قۆناغێكە كۆد و ڕەهەندەكانی فاشیزم لە نێو تابڵۆ خوێناوییەكان بە ڕۆشنی قسە دەكەن . ئەم زمانی خوێنە زمانێكە لە نێو ناخ و خەیاڵ و لە نێوبیركردنەوەكانی دەسەڵاتی كوردی ئامادەگی هەیە . ئەم زمانە زمانی حەقیقەت و زمانی ناسنامەیی دەسەڵاتی كوردی یە . ئەم زمانە ناسنامەییە جیایە لەگەڵ ئەو زمانەی ڕۆژانە قسەی پێ دەكەن . جیایە لەگەڵ زمانی خیتاب و ڕۆژنامە ڕووزەردەكان و ڕاگەیاندنە ڕیاكاریەكانیان . ئەو زمانەی كە ڕۆژانە قسەی پێدەكەن , زمانی درۆ و فێل و ساختە و ڕیاكارییە ! بۆیە هەڵە نەبووین و زێدەڕۆییمان نەكردبوو كە گوتمان : دەسەڵاتی كوردی , دەسەڵاتێكە پاشماوەی بەعسیزمە دەسەڵاتێكە بەرژەوەندیەكانی بنەماڵە و بەرژەوەندیەكانی پیاوانی دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانی حیزبەكانیان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندیەكانی كۆمەڵگەوە . هەڵە نەبووین كە پڕاوپڕ بووین لە نیگەرانی بەرامبەر بەم دەسەڵاتەمان  . هەڵە نەبووین كە گوتمان : دەسەڵاتی كوردی , دەسەڵاتێكە لە پەنجەرەكانی دوێنێوە دەڕوانێتە ئایندە . ناتوانێت وەڵام بە ئومێد و خواستەكانمان بداتەوە و ژیان و بوون و ئاسایشمان بپاریزێت . هەڵە نەبووین كە گوتمان : ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ ئەم چەمكانە لە فەرهەنگی ئەم دەسەڵاتە بوونی نیە و تەنها چەمكگەلێكن بۆ ساختە و ڕیاكاری بەكاریان دەهێنن . هەڵە نەبووین كە گوتمان : هەموو ئەو قەڵە دەستەمۆ بووانەی ژێر چەتری ئەم دەسەڵاتە هەموویان قەڵەم جاشن و مڵكەچ و زوڕناژەنی دەسەڵاتن . هەڵە نەبووین كە گوتمان : سەرانی ئەم دەسەڵاتە كەسی نیشتیمان پەروەر و دڵسۆز و ڕاستگۆ نین لەگەڵ بەڵێن و پۆست و بەرپرسیارێتیەكانیان , بەڵكو چەند مافیا و بازرگانێكن هاتوون بازرگانی بە ژیان و ئایندە و چارەنووسمان بكەن .
 تیرۆركردنی سۆران .. ئەم تابڵۆ خوێناوییە ئەمە سەرەتای هەزارەها و ملیۆنەها تابڵۆی خوێناویترە ! ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران , سەرەتایەكە بۆ دووبارەبوونەوەی هەموو تابڵۆ خوێناوییەكانی دوێنێ ! ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران , دووبارە كوڵاندنەوەی برینەكانی جەستەی كۆمەڵگەی كوردی یە ! دووبارە سووربوونەوەی لێوی خاكە بە خوێنی برینی ئومێدەكانی كۆمەڵگەی كوردی ! ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران بوو بە ڕمزی قەڵەمی ئازاد و وشەی ئازاد , ئەم تابڵۆ خوێناوییەی سۆران , ئێمەی لە خەوێكی قووڵ ڕاچلەكاند و بە ئاگایهێناینەوە بۆیە ئێستا سۆران هاوار و هەڵوێست و ڕووبەڕووبوونەوەی لە ئێمە دەوێت !

      تەموزی 2008

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.