Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
دیمانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌مام قادر

دیمانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌مام قادر

Closed
by July 28, 2008 سینەما

 شەمام قادر:
 چۆن عیساى مەسیحیان لەخاچ دا ئاوا لە كوردستانیش هونەر خەریكە لە خاچ دەدرێت
 
 
 هەر خەڵاتێك لەدەرەوە وەرگیرابێت بۆ قەزیە تراژیدیەكەى كورد بووە نەك بۆ فیلمەكە
 
 شەمام قادر ماستەرى لە سینەمادا هەیە و لە سەرەتاى دروستبوونى تەلەفزیۆنى (زاگرۆس) یەكێك بووە لەو ستافەى كە توانیویەتى بیگەیەنێتە ئەو ئاستەى ئێستاى، هەروەها تا ئێستا خاوەنى كۆمەڵێك كورتە فیلمە كە بەشێكیان بەپێچەوانەى فیلمەكانیترى دەرهێنەرە كوردەكانەوە باس لە ژیانى تاكى كۆمەڵگەى كوردى دەكات هەروەها هونەرمەند ناوبراو زۆرجار ئاماژەى بەوە داوە كە پێویستە سینەماى كوردى لەسەرەتادا بۆ كۆمەڵگەى كوردیى بێتە بەرهەم بەومانایەى دەبێت بینەر لەگەڵ سینەمادا رابهێنرێت تا بینەرى كورد بتوانێت بەبینینى فیلمى سینەماى گومان بكات بپرسێت بیربكاتەوە كە ئەمەش بەڕاى (شەمام) بەدەرەجەى یەكەم كارى سینەماكارانە نەك بینەرى كورد. بۆگفتوگۆكردن لە پرسى سینەماى كوردى و كاروچالاكییەكانى سینەماكار (شەمام قادر) ئەم دیدارەمان سازدا:
 كوردستان راپۆرت: تۆ لە دەرەوەى وڵات كارى سینەمات كردووە، هەروەها شەهادەكەشت لەسەر سینەمایە، بەڵام كە گەڕایتەوە بە پێچەوانەوە كارى راگەیاندنى بینراوت كرد، ئایا لەنێوان ئەم دوو كارەدا نزیكییەك هەیە؟
 شەمام قادر: هەرشتێك پەیوەندى بە تەسویر و دەنگەوە هەبێت ئەمانە پەیوەندیان پێكەوە هەیە، واتە تەلەفزیۆن و سینەما دوو بەشن وەك پەرەلێل بە یەكەوە دەرۆن كە هەردووكیان یەك هونەرن لەئەساسدا، بەڵام دووكارى لێك جیاوازن و جیاوازییەكان یان لەوەدایە كە تەلەفزیۆن تایبەتمەندى خۆى هەیە كە ئەویش ئەوەیە دەبێت شتەكان بەخێراى بگوازێتەوە لە هەمانكاتیشدا قودرەتى بۆ داهێنانیش دەبێت خێراتر بێت، هەروەها تەلەفزیۆن هەندێك كاریترى هەیە كە سینەما نییەتى، وەك گۆستنەوەى رووداوەكان هەواڵەكانى رۆژ، بەڵام سینەما خاوترو ئارامترە و لەسینەمادا ئێمە دەتوانین ئەوشتەى هەمانە بیكەینە وێنە، بەڵام لە تەلەفزیۆندا خێراترە، بەڵام سینەما كارێكى هونەرى ئازادترە بەس تەلەفزیۆن لە هیچ وڵاتێكى دونیادا نییە ئەوەى لەپشتیەوە بێت و بەرژەوەندى خۆى تێدا رەچاو نەكات ئالێرەوە جیاوازى نێزان سینەما و تەلەفزیۆن بەدەر دەكەوێت .
 كوردستان راپۆرت: بەڵام خۆ سینەماش لەئەنجامدا كۆمەڵێك كەس و كۆمپانیاى گەورە لەپشتیوەن بۆ دەبێت بۆ سینەما بڵێین ئازدە، بەڵام بۆ تەلەفزیۆن ئازاد نەبێت. خۆ هەردووكیان وەك یەك كۆمپانیا و كەسیان لەشتەوەیە؟
 شەمام قادر: راستە جگە لەم وڵاتانەى لاى ئێمە كە بە رۆژهەڵاتى ناسراون دەوڵەت پشتگیرى مادى كارى هونەرى بەهەموو شێوەكانییەوە دەكات ئالێرەدا دەتوانین بێژین كە سینەما سانسۆڕى بۆ دادەنرێت، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە وڵاتێك دەژین كە دەوڵەت یان حكومەت سانسۆریان بۆ كارى سینەما دانەناوە بۆ كارى تەلەفزیۆن ئیلاقەمان پێیدا نییە، چونكە ئەویش هۆكارى خۆى هەیە كە تائێستا كەسێك و كۆمپانیایەك نەبووە راگەیاندنێك لەسەر گیرفانى خۆى دروست بكات، ئەگەر ئەوەش كرا بڕوام وایە كە حكومەت رێگرى ناكات.
 كوردستان راپۆرت: بۆ ئەوەى خوێنەر زیاتر ئاشنابن بەكارەكانى تۆ دەمەوێت باسى كۆى كارە سینەمایەكانت بكەیت؟
 شەمام قادر: یەكەمین كارێك كە كردم بۆ وەرگرتنى زانكۆ دەرچونم بوو لە زانكۆ بەناوى (دانپێدانان) كە ئەمە كورتە فیلمێك بوو یەكەمین كار بوو كە وەرگیرا لە ئەكادیمى سینەما فیلمێكیتریشم دروست كە لەكەناڵى ئای سی سی كە زۆربەى كارەكانم لەگەڵ ئەواندا كاراوە و هەر ئەوانیش بڵاوى دەكەنەوە فیلمێكیترم ساڵى (2004) بەرهەمهێنا بەناوى (سەراب) كە ئەمەیان لە كوردستان بەرهەم هاتووە هەرچەندە ناكرێت ناوى لێبنێن دراما لە هەژدە دەقیقە پێك هاتووە دوابەدواى ئەوەش فیلمێكیترم بەناوى (بەدواى دەنگدا) ئامادەكرد لە وڵاتى سوید باس لەتەنهاى كوڕێك دەكات لەو وڵاتە، هەروەها لێرە فیلمێكى دیكۆمێنتیاریم بەناوى (لەزاخۆوە تا خانەقین) بەرهەمهێنا كە لەتەلەفزیۆنى زاگرۆس بڵاوكرایەوە دوابەدواى ئەویش فیلمێكیترم بەناوى(چیرۆكى پیاوێك خەون ئەیبردەوە) ئەمانە كۆى ئەوكارانەن كەمن كردومن لەگەڵ هەندێك كاریترى دیكۆمێنتارى كە پەیوەندیان بەكوردستانەوە نەبووە.
 كورستان راپۆرت: ئایا لەوڵاتى ئێمە ئەو دەرفەت و ئێمكانە هەیە بۆسینەما؟
 شەمام قادر: ئەوەى من ئاگاداربم حكومەتى كوردستان هاوكاریەكى گەورەى هونەر بەتایبەت هونەرى سینەما دەكات ئەمەش جێگەى دڵخۆشییە، چونكە ئەمە لەهیچ وڵاتێك ئەو ئیمكانییەتە ناخرێتە بەر دەست. دواتر ئەوەى زۆر گرنگە باسى بكەم ئەوەیە كە سینەما لە وڵاتى ئێمەدا لەحاڵەتى لەدایكبووندایە ئێمە نەتەوەیەكین كە مێژوى هونەرمان نییە ئێمە مێژووى سیاسەتمان هەیە كە بریتیبوون لە پیاوانى شۆڕشگێر و ئێمە پیاوانى دەوڵەتمان هەیە بۆیە هەروەكو چۆن دیموكراسى ئەگەر بەیاسایى نەكرێت ئەوا بە ئەنارشیزم دەبێت. بەهەمان شێوە ئەگەر ئاگادار نەبین و كارى بۆنەكەین ئەوا ئەنارشیزمى هونەرى دەست پێدەكات ئەگەر نمونەیەك بێنینەوە كە ئەوەى ئێستا لە كوردستان بەناوى دیموكراسیەوە پەلامارى هەموشتێك دەدرێت و خەڵكانێك بریندار دەكرێن كە دەڵێیت بۆ وادەكەیت ئەڵىَ ئەی دیموكراسى چییە. جامن ترسى ئەوەم هەیە لەم دیموكراسیەتەوە ئەنارشیزم دروست بێت بۆیە واى دەبینم رێك هونەریش ئەو رەوتەى بەخۆوە دەبینێت. هونەر لە خۆیەوە دروست نابێت، هونەر بەگشتى لە هەموو مرۆڤێكدا وجودى هەیە، هەندىَ كەس ئەو هونەرە ئەدۆزێتەوەو پەرەى پێدەدات و هەندىَ كەسیش ناتوانىَ ئەو بەهرەیە بدۆزێتەوە. من جورئەت ناكەم بە خۆم بڵێم هونەرمەند، تۆ ئەبێت هەوڵبدەیت لە پێناو گەیشتن بە هونەر. پرسیارێك لێرەدا دێتە ئاراوە، ئایا هونەر ئەوەندە سادەو ساكارە تا هەموو كەس بیەوىَ ببێتە هونەرمەند؟ لاى من هونەر تونێلێكە و هەرچەند بە ناویدا بڕۆى ناگەیتە كۆتاییەكەى، بەڵام پێویستە ئەوەى لە هونەردا كاردەكات ئەو تونێلە ببڕىَ. تۆ تا چەند ئەتوانى لە ئەنجامى بیركردنەوەوە لەو قۆناغە نزیكبیتەوە كە خەڵك بە وەهم تەماشات بكەن و بتخوێننەوە. بە داخەوە شتێك زۆر باوەو بە زەقى دەبینرێت لە ناو كۆمەڵگەدا كە دەڵێن ئەوانەى لە بوارى هونەریدا كاردەكەن زۆر تەواو نین، من نازانم چەند كەس لەوانەى لە هونەردا كاردەكەن تەواونین!، ئەوەى كارێكى هونەرى بكات، ئەوە تونێلەكەى تێپەڕاندووە، بەڵكو تێپەراندنى ئەو تونێلە دەبێت بێتە بەشێك لە مۆڕاڵى ئەو.
 كوردستان راپۆرت: دواى ئەو هەموو كارانەى كراون لەبوارى سینەما و سەرفكردنى ئەو هەموو پارەیەى كە لەو بوارەدا خەرج كراون ئێستا ئایا بەراستى سینەماى كوردیمان هەیە ئەگەر هەیەن چ جۆرێكە؟
 شەمام قادر: من تا ئێستا وادەزانم لەچەند شوێنێكیتریش باسم كردووە كە بووە هۆى ئەوەى نارەزایەتى لێبكەوێتەوە، بەڵام لێرەشەوە جارێكیتر دوپاتى دەكەمەوە كە ئێمە سینەماى كوردیمان نییە ئێمە كە سینەمامان هەیە لەسەر كورد وەك نەتەوە من دەڵێم سینەماى كوردى كاتێك دروست دەبێت كەمێژویەكى لەپشتەوە بێت ئەمانەى ئێستا دەكرێت هەموو دانانى بەردى بناغەى مێژووى سینەماى كوردییە، بەڵام من دەڵێم سینەماى كوردى پاش سەد ساڵیتر دەتوانین بڵێین سینەمامان هەیە ئەبێت لەمە تێبگەین خۆمانى لێنەشارینەوە فیلم كراوە لەسەر قەزیەى كوردى و دەرهێنەرەكەشى كوردبووە، بەڵام سینەماى كوردى نییە. ئەمە لەهەمانكاتدا شتێك پێویستە باس بكەین ئەویش ئەو نمونەیەیە كە كاتێك ئینقلابى فەڕەنسا كرا (ڤیكتۆر هۆگۆ) كتێبێكى هەیە بەناوى بێنەوایان هەیە كە لەوێدا مێژووى ئەدەبیاتى فەڕەنسا لە كۆنكرێت بوون رزگار بوو، ئالێرەوە ئینقلابێك دەستى پێكرد كە ئیدى نابێت شتەكان وەك خۆیان رێك بخوێندرێنەوە، بۆیە لێرەوە شتەكان گۆڕان بۆ قاڵبى (ئەبستراكتیزم) سینەماى كوردى ئێستا رێك لەم مەرحەلەیەدا دەژیەت كە دەبێت ئەوانەى لەبارەى مێژووە كاریان هەیە دەبێت بەخۆدا بچنەوە كە ئیدى بیر لەوە بكەنەوە كەئیدى واز لەم هەموو كۆنكرێت دەرهێنانى قەزایە بهێنن وەك ئەوەى كە ئێستا بە تەختەیەك لەسینەمادا بڵێین تەختە خۆتۆش نەڵێت بینەر دەزانێت ئەوە تەختەیە بۆیە دەبێت سینەما خوێندنەوەى تر بۆ ئەو تەختەیە بكات بەشتەكانیتریشەوە دواتر من دەزانم و رێزیش لەوە دەگرم كە ئێمە میلەتێكین قوربانى دەستى مێژوو بوین هەزاران قوربانیمان داوە لەم خاكەدا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێمە دەبێت هەر لەو قاڵبەدا بمێنینەوە ئایا هەر دەبێت هونەر سینەما و سەرجەم شتەكانیترمان باس لە تراژیدیایانە بكەین یان ئەوەى كە مەرحەلەیەكیتریشمان هەیە لەژیانى كوردا بۆیە ئەگەر ئێستا تەماشاى سینەماى كوردى بكەین لەقاڵبى خۆبە مەحروم زیاتر دەرناچێت ئایا لەوڵاتێكدا كەخەریكە گەشە دەكات و بەرەو مۆدێرنیتە دەچێت باشە پێویست ناكات لایەنەكانى ترى ژیانى كوردیش لەخۆبگرێت .
 كوردستان راپۆرت: ئایا بۆ وڵات و نەتەوەیەكى وەك كورد كە قەزیەیەكى سیاسى سورفى هەیە مافى خۆى نییە لەرێگەى سینەماوە ئەو كارە بكات؟
 شەمام قادر: ترسەكە لەمەدایە ئایا ئەمەیان رەهەندێكى سیاسیە كە دەبێت سینەما بیكات یان قەناعەتى خودى سینەماكارانە وە تاكو ئێستا هەر كارێكى كە كرابێت لەسەر كارەساتەكانى میلەت كارێكى باش بووە ئەمە جێگەى رێزە، بەڵام نەكرێت سینەما لەپەرەلێل لەگەڵ ئەمەشدا بایەخ بەشتەكانیتریش بدات بۆ نایەت بایەخ بە بابەتى ئازادیە فەردیەكان بدات یان كێشەكانیترى كۆمەڵگەى كوردى بگوازێتەوە بۆیە من وایدەبینم سینەماى كوردى هەتا ئێستاش سینەمایەكى ریالیستیە .
 كوردستان راپۆرت: ئەوەى لەم فیلمانەدا دەیبینین كە تا ئێستا بەرهەم هاتوون هەست دەكەین زیاتر بۆ خەڵاتوەرگرتن بەرهەم هاتوون؟
 شەمام قادر: بەدڵنیایەوە هەموو ئەو كارانەى سینەكارانى كورد كردویانە سەر كەوتنیان بەدەست هێناوە ئەوانەش جێگەى شانازین، بەڵام من ئاماژە بەوە دەدەم كەئەو فیلمانەى خەڵاتیان وەرگرتووە لەدەرەوە خەڵاتەكان زیاتر بۆ قەزیە سیاسییەكەى كورد بووە نەك بۆ سەركەوتنى فیلمەكان. ئەمەش بەو مانایە نییە بڵێم هەموو كارى دەرهێنەرانى كورد هیچ نەبووە بەڵام دڵنیام هەر خەڵاتێك وەرگیرابێت بۆ قەزیەتراژیدیەكەى كورد بووە كە سینەماش هەر بەتەنها ئەمە نییە بەڵكو سینەما بریتیە لەتەكنیك وێنە چۆنییەتى گواستنەوەى روداوەكان دیالۆگى نێوان ئەكتەرەكان بۆئەوەى كە مادام پارەى ئەو بەر هەمانە حكومەت دەیدات و ئەوانیش ئەم جۆرەیان پێباشە من دڵنیام هەركارێكیتریش بكرێت و لەهەر رەهەندێكى كۆمەڵگەى كوردى قسە بكرێت حكومەت رێگە ناگرێت، بەڵام پرسیارەكان دەبێت لەهونەرمەندان بكرێت ئایا خودى هونەر مەندان ئامادەن شتى تر هەڵبژێرن دواتر یەكێكیتر لەكارەكانى سینەما ئەوە یە كە دەبێت دەرهێنەر و كارى سینەماى ئەوەیە كە دەبێت بینەر فێربكات بیر بكاتەوە بپرسێت بیگریەت دەرونى توشى هەژان بكات. ئەوەى لێرەدا گرنگە باس بكرێت ئەوە یە كە رەخنەى سینەمایمان نییە هونەرمەند دواى ئەو هەموو كارەى دەیكات كەس ناڵێت ئەمە باشە یان خراپ كەچى لەدەرەوە بەپێچەوانەوە یە لەوىَ رەخنەى سینەماى هەیە بینەرت هەیە قسە لەسینەما دەكات بینەرت هەیە ئەو فیلمەى دەیبینێت گفتوگۆى دەكات پرسیارى لادروست دەكات من ئەو فیلمەم بەناوى (دان پێدانانەكان) بڵاوبووە بەدەر لەنوخبە كەس قسەى لەسەر نەكرد باشە خۆ فیلم تەنها بۆ نوخبە نییە، ئایا بۆچى دەرهێنەرانى كوردستان كار لەسەر ئەمە ناكەن بۆیە ئەوەى كەمن گوتمە وەك هونەر مەندێك نییە، بەڵكو وەك كەسێكە لەو بوارەدا كار دەكەم پێم وایە چۆن عیساى مەسیح یان لەخاچ دا، لەكوردستان ئاوا هونەر خەریكە لەخاچ دەدرێت.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.