Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
گوزەرێك بە نێو هەناسە شەرابییەكانى هیوا قادر

گوزەرێك بە نێو هەناسە شەرابییەكانى هیوا قادر

Closed
by July 28, 2008 ئەدەب

 شیلەى ژیان لە شیعر دەتكىَ!!
 گوزەرێك بە نێو هەناسە شەرابییەكانى هیوا قادر
 
شیعر چ نییە، جگە لە هەنگاونان بەسەر تەنافێك جوانیدا…رۆمانى بەفر – فێرمێن

 ئەدەبى نامەنووسین ژانرێكە پڕ لە داهێنان و نوێبوونەوە، سیحرى ئەوەى كە تا ئەو چركەیەش، تەنانەت هۆیەكانى گەیاندن و تەكنەلۆژیاى پێشكەوتووش نەیانتوانیوە لە گرنگى ئەو ژانرە ئەدەبییە كەم بكەنەوە، لە بەهاى ستاتیكى و خەیاڵى فراوانى جوانناسى شاعیرانەى دایە، بەداخەوە لەناو ئەدەبى كوردیدا و لەو بواردەدا ئەگەر نەڵێین شتێكمان نییە بەو ناوە، بەڵام تا ئەوپەڕیش دەستكورت و هەژارین، هەندىَ هەوڵى سادە و سەرەتایى سى و چلەكانى سەدەى بیستەم  و سەردەمى گۆڤارى (گەلاوێژ)ى لێبترازىَ، شتێكى ئەوتۆ بەدى ناكەین، لە كاتێكدا لە ئەدەبى گەلانى دونیا و بەتایبەتى هى دەوروبەرمان و بە تایبەتتریش لە نێو عەرەبدا لەو بوارەدا شاكار و ناوى دیار دەركەوتوون و هەن.
 بە گوێرەى زۆرێك لە بۆچوونەكان، ئەو ژانرە بە یەكێك لە داهێنانە دانسقە و بەهادارەكان دادەنرىَ، كە مرۆڤایەتى پەى بە داهێنانى بردووە، بۆیەشە كە سەیرى دەكەین لەگەڵ كۆى زەمەنەكان نما و باڵاى كردووە و تا دێتیش زێدەتر رۆدەچێتە هەناوى ژیان و پەیوەندییەكان. وەك دەڵێن "بایەخى نامەكان بەردەوام لەو هەواڵە نهێنى و شاراوە و نەزانراوانە دایە، كە لە دوورەوە پێمان دەگەن"..هەمیشە و لە دووبارە و چەند بارە بوونەوەشیدا نامە نهێنییەكى نوێى پێیە، هەواڵێكى نادیارى سۆراخكراوى لە هەناویدا هەڵگرتووە، تەنانەت زۆرێك لە نامەكان مرۆڤ ناچار بە خەون بینین دەكەن، ئیدى ئامادەیى خەونیش لە زەین و یادەوەرى مرۆڤدا، بەردەوام ئومێدێكى بۆ ژیان و مانەوە پىَ دەبەخشن، كەوابێت خودى نامە خۆى فاكتەرێكى دیكەى بەخشینەوەى هەناسەكانى ژیان و مانەوەیە بە بەرامبەر.
 هەمیشە دەقە ئەدەبییەكانى نامەنووسین لێوڕێژن لە خەونى رەنگاڵەیى ژیان و جوانى و نوێبوونەوە، پڕن لە هەستى شاعیرانەى ناسكى ئاوێتە بە سۆزى مرۆییانە، لێوانلێون لە نەغمە و نەشئە و ریتم، ئاوێتەیەكن لە بۆن و بەرامە و جوانى و ئاواز و مەستى، كەسێك..قەڵەمێكیش، كە تواناى بەسەر ئەو هێزە شاراوەیەدا بشكىَ، ئەوانەن كە بەردەوام لە ناوەوەیاندا تروسكاییەك روناكى بۆ عەشق هەیە، ئەوانەن لە خەڵوەتى زاهیدانەى دونیاى شیعردا نغرۆى نێو جوانى رەنگ و ژیان و بەها ستاتیكیەكان بوونە، ئەوانەن كە هونەرمەندى دەستڕەنگینن، ئاخر خودى هونەر كوتلەیەكە لە عیشق و شیعر و ئاواز و نەغمە و چێژ، هەر لەم ئاستانەیەشدا ئەدەبى نامەنووسى ئەو قسەیەمان بۆ پشتڕاست دەكاتەوە، كە دەڵىَ "دەیان هەزار رێگا هەیە بۆ نیگار كێشان، دەیان هەزار شێوازیش بۆ شیعر گوتن…رۆمانى بەفر – فێرمین".
 ئىَ ئەگەر شێوازەكانى شیعر گووتن هەمەجۆر نەبوان، ئەگەر هەناسەكانى دەربڕینى شیعرى هەمەچەشن نەبوان، ئەگەر رەنگ و ریتم رێژى لە شیعردا جیاواز نەبووان، كەسێك تا ئێستا دوا قفڵى لە دەرگا و پەنجەرەى ماڵى شیعر دەدا و شوێن بۆ دیوانێكى دى نەدەمایەوە..نامەى ئەدەبیش هێندەى لە فۆرمى پەخشاندا وەك روخسار خۆى نمایش دەكات، ئەوەندە و زیاتریش لە ناوەڕۆكدا بە هەناسەى شیعر بارگاوییە و ئاوێتەیە لە هەستى جوانى ناسى شاعیرانە و تژیە لە خەیاڵ و خەون بینین و وێنەى هونەرى سەرنج راكێش، كە تا درەنگانێك و كاتێكى دوور مەودا لە یادەوەرى مرۆڤدا دەمێننەوە.
 زێدەڕۆیى نییە ئەگەر بڵێین نووسەر لە توێى ئەو نامانەیدا و لە رێى بەكارهێناى راناوە هەمەجۆرەكانەوە خۆى دەنووسێتەوە و لە رێگەى دەستەواژەكانەوە پیاسەیەكمان بۆ نێو دونیاى ناوەوەى خۆى پىَ دەكات، بەڵام مەرج نییە بەردەوام پەى بە خودێتى نووسەر ببەین لەو دەقانەدا، وەك (هیوا قادر) دەڵىَ: "هەرگیز هەوڵ مەدە من لە ناو چەند دێڕێكدا تەعریفبكەیت و ناوى بنێیت ناسینى من". رەنگە زۆرجاریش بىَ ئەوەى یەكتریمان ناسیبىَ هەست بەوە بكەین خۆمان كاراكتەرێكى نێو دەقەكەین، ئەو نامە و دەقانەى لێدەرچىَ كە لە هەناوى پرۆسەى عیشقى نووسەرەوە هەڵقوڵاون، ئەو نامانەى دواجار بۆ كەسێكى دیاریكراو نووسیونى.
 لە ئەدەبى نامەنووسیندا ئەوە خودى ناوەوە و راستەقینەى كەسەكەیە دێتە دوان، لەوێدا دەكرىَ زۆر لە كۆدە شاراوە و نهێنییە نادیارەكانى ئەو خودە بگەین، لە تێڕوانینى بۆ ژیان و سروشت و جوانى و مرۆڤ، لە خوێندنەوەى بۆ دیاردە و دەركەوتەكان، لە مامەڵەى لەگەڵ وشە و ریتم و رەنگڕێژى.
 (بۆنى شەڕاب لە هەناسەم دىَ)، ئەو باخچە رەنگینەى دەستى (هیوا قادر و سەحەر رەسایى)ن، كە پڕیانە لە بەرامەى عیشق و شیلەى مەستى..شیعرییەت و خەیاڵیان لىَ دەچۆڕىَ، نامەكانى هیوا وێڕاى گێڕانەوەى ئەزموون و یادەوەرییە تایبەتییەكانى عیشقى لەگەڵ سەحەردا، بەڵام رەنگە هەریەكێكمان و بە جۆرێك خۆمانى لە نێودا بدۆزینەوە، بەتایبەتى لەو نامانەى تیایاندا بە ئاماژە قسە لەسەر تابۆكانى كۆمەڵگا و ئەزموونە تاڵەكانى كورد دەكات، یان كاتێك دێتە سەر قسەكردن لە تەنهایى و غوربەت، لەویادا تێدەگەین كە ئەو هەناسانەى هیوا چەندە راستگۆن لەگەڵ دەربڕینەكانیدا.
 نامەیەكى هیوا لەو (25) نامەیە نادۆزیتەوە تیایدا نەشئەى شەڕاب و نەغمەى مۆسیقا و شنەباى خەیاڵى شاعیرانە و هەستى ئیستاتیكى هونەرى تێدا ئاوێتەى یەكتر نەبووبن، كە بەڕاى من ئەوەیان بەیەكەوە كێشانى هێڵ و گرافیكى هونەرى عیشقن، چوون عیشق لە بنەڕەتدا كوتلەیەكە لەو هەست و سۆزە ئینسانیانەى كە شیعر و مۆسیقا و شەراب و خەون بینین تێیدا ئاوێتە دەبن..هیوا بەو هەنگاوەى لەتەك (سەفەرنامە)دا بە ژانرێكى جوان ئاشناى كردینەوە، ژانرێك تۆزى مێژوو لە شانى دەتكىَ، دەكرىَ (بۆنى شەڕاب) بكرێتە سەرلەنوىَ دەستپێكردنەوەى سەفەرى عاشقەكان، سەفەرى ئەو نامانەى پڕیانە لە چیڕۆكى ژیان و خەون بینین و تەمەننا.
 ئەوە تەنها بیرخستنەوە و راگوزەرێكى خێرا بوو بە نێو دونیاى ئەدەبى نامەنووسین و دەكرىَ لە ئاییندەدا وردتر لەسەر دال و مەدلول و موفرەدەكانى نێو (بۆنى شەراب لە هەناسەم دىَ) قسە بكەین، تا ئەو كات بە جوانى شیعر و نەشئەى شەراب و ریتمى مۆسیقا و شنەى عیشق دەتانسپێرم.  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.