
من له شارێکی زۆر دوورم …!
به‌پێی حه‌کایه‌ت
به کۆشی که‌نگه‌ر … به گاگۆڵکێی مناڵیی
ده‌گه‌یته لام
به‌سه‌ر باڵی په‌پووله‌یه‌که‌وه … ساده
به گالیسکه‌یه‌ک که چوار ئاسکی غه‌مبار
به‌نێو به‌فردا …ڕایده‌کێشن
له پشتی پیکابێکدا … که به ئاونگ ده‌که‌وێته ئیش
به قه‌تارێک که خه‌یاڵ ده‌یئاژوێ
به پرسیار ….ماڵه و ماڵ
کۆڵانه و کۆڵان
شاره و شار
به سۆراغکردن له ژیژکێکی شادمان
له کرمێک که سه‌رما ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه
له چۆله‌که‌یه‌کی هه‌میشه قه‌ره‌باڵغ
له سمۆره‌یه‌کی بێزار
به‌یانییه‌ک زوو .. به‌ر له ڕژانی هه‌تاو
ده‌گه‌یته لام
من له شارێکی زۆر دوورم
له په‌نا باخدا
به ده‌ستی چه‌پدا … له سه‌ری کۆڵان
یه‌که‌م ماڵ
ده‌رگایه‌کی پیرۆزه‌یی
ته‌نیشت دوکانه‌که‌ی باجی نیلۆفه‌ر!
وێنه‌یه‌ک له‌پاڵ ته‌نیاییدا ده‌گرین
تۆ له وێنه‌که‌دا جلکێکی ساده‌ت له‌به‌ردایه
که‌مێک لات کردۆته‌وه
وه‌ک شتێکی گرنگت بیرکه‌وتبێته‌وه
یان بته‌وێ نوقڵێک له جانتاکه‌ت ده‌ربێنیت
یاخۆ تێبینییه‌ک به وێنه‌گره‌که بڵێیت
من چاکه‌ت و پانتۆڵێکی شه‌که‌ریی
باش ئوتوو نه‌کراوم له‌به‌ردایه
قژم به‌لادا شانه کردووه و
ڕیشێکی ته‌نکم هێشتۆته‌وه
قیت ڕاوه‌ستاوم و
چاوم زه‌ق کردۆته‌وه و
سوور داگه‌ڕاوم
له‌وه ده‌چێ یان تام لێهاتبێ
یاخۆ نوکته‌یه‌کم بیر که‌وتبێته‌وه و
له‌وه‌دابم بده‌مه پڕمه‌ی پێکه‌نین
دوور … له پشتمانه‌وه
سێ به‌له‌مه‌وانی ته‌نیا له‌نێو زه‌ریادا دیارن
کڵاوه‌کانیان ڕاوه‌شاندووه و
پێده‌چێ … خواحافیزیی بکه‌ن له که‌سێک له‌مبه‌ره‌وه،
یان سڵاو بۆ وێنه‌گره‌که بنێرن
بایه‌ک له وێنه‌که‌دا هه‌ڵیکردووه
تنۆکێک ئاو ده‌تکێته سه‌ر پێڵاوه ڕه‌شه‌که‌ت
خاڵخاڵۆکه‌یه‌ک له‌سه‌ر په‌نجه‌ی شایه‌تمانم ده‌نیشێته‌وه
ده‌نگی فڕینی ناکاوی کڵاوکوڕه‌یه‌ک … هه‌ورێک ڕاده‌چڵه‌کێنێ
که به‌سه‌ر ده‌وه‌نێکه‌وه خه‌وی لێکه‌وتووه
نمه نمه ده‌نۆڕین
وێنه‌گره‌که ده‌ڵێ ئاماده و
ئێمه له‌نێو بروسکه و شه‌سته‌بارانێکی ناکاودا
ون ده‌بین!
من له شارێکی زۆر دوورم
به جانتایه‌که‌وه هه‌میشه ئاماده بۆ سه‌فه‌ر
به جووتێک پێڵاوه‌وه له ئاسن
به ئه‌لبوومێک وێنه‌وه …
هه‌ندێکی ڕووناک به‌و که‌سانه‌ی
که خۆشم ده‌وێن و
زۆریشی تاریک به‌و که‌سانه‌ی که کوتوپڕ
دزه‌یان کردۆته ناومه‌وه
من له شارێکی زۆر دوورم
له‌ژێر گوێسوانهیهکدام
ئاشنا به خوڕه‌ی نیشتنه‌وه‌ی
کۆتر
به نمه‌ی ڕووناکی باران
من له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌یه‌کدا داده‌نیشم و
ده‌نووسم
جیرانی باخچه
که هامشۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ گیای ته‌ڕ
نامه گۆڕینه‌وه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ بانیژه
من هه‌ناسه‌یه‌ک هه‌ڵده‌مژم
پڕه له بۆنی ڕه‌یحانی ته‌نیایی
پڕه له خایله‌ی هه‌ناره‌مێخۆشه‌ی شیعر
من له شارێکی زۆر دوورم
شتێک له مندا ڕه‌ویوه‌ته‌وه
شتێک له مندا نه‌ماوه
شتێک له مندا دوو له‌ت بووه
شتێک له مندا درزی بردووه
شتیک له مندا هاڕه‌ی کردووه و
شکاوه !
له وێنه‌که دهنۆڕمهوه
وێنه‌یه‌ک گیراو له شارێکی دوور
پڕ له ته‌م و غه‌م و دوورایی
به‌خۆم ده‌ڵێم: خه‌ریکه له‌م شاره دووره‌دا
ده‌بمه خاوه‌نی یاده‌وه‌ری
ده‌بمه خاوه‌نی به‌سه‌رهاتێک
که جارێک له جاران … له ئێوارانی
چیمه‌نێکدا بیگێڕمه‌وه
خه‌ریکه له‌م شاره دووره‌دا
ده‌بمه خاوه‌نی شتێک له که‌وتنی زۆر و هه‌ستانه‌وه‌ی که‌م
ده‌بمه خاوه‌نی شتێک له شکستی زۆر و بردنه‌وه‌ی که‌م
به‌ڵام هه‌ر باشه
مرۆڤ زۆر که‌م له شارێکی دووردا
ده‌بێته خاوه‌نی یاده‌وه‌ریی
مرۆڤ له شاری دووردا … زۆر که‌م
ده‌یپه‌رژێ وێنه‌یه‌ک بگرێ
پڕ بێت له دوورایی
زۆر که‌م بۆی هه‌ڵده‌که‌وێت
وێنه‌یه‌ک بگرێ
سێ به‌له‌مه‌وانی ته‌نیای له دووره‌وه
تێدا دیار بن
که کڵاوه‌کانیان به نیشانه‌ی سڵاو
یان خواحافیزیی ڕاوه‌شێنن!
من له شارێکی زۆر دوورم
به‌یانییه‌کی سارد
که دڵ خه‌ریکه ده‌یبه‌ستێ
گالیسکه‌یه‌ک .. که چوار ئاسکی غه‌مبار
ڕایده‌کێشن
پیکابێک که به ئاونگ ده‌که‌وێته ئیش
قه‌تارێک که خه‌یاڵ ده‌یئاژوێ
له‌به‌رده‌م دوکانه‌که‌ی باجی نیلۆفه‌ردا
داتده‌گرن!
ته‌مموزی 2008