Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هونەری زوهدی داودی لە  مەزراندنى مێژوودا

هونەری زوهدی داودی لە مەزراندنى مێژوودا

Closed

زوهدى داودیی ڕۆمانووس ساڵی 1940لە خورماتوو لەدایک بووە. سێ ساڵ لە کەرکووک مامۆستاى سەرەتایی بووە، دواى ئەوەش سێ ساڵ لە زیندانەکانى باقووبە و ڕوومادى و حلە بەندکراوە.
پاشان خوێندنى مێژوو و فەلسەفەى لە زانکۆی لایپزگ تەواو کرد و لە 1976 بڕوانامەى دکتۆراى لە فەلسەفەى مێژوو بەدەستهێنا. لە 1981-1992 هەر لەو زانکۆیە مامۆستاى یاریدەدەر بووە لە بەشی مێژوو. لە ساڵی 2004 دا گەڕایەوە کەرکووک و بۆ ماوەیەک لە زانکۆی کەرکووک وانەى دەگوتەوە. لە سۆنگەى نائارامیی ڕەوشی کەرکووکەوە، بۆیەکجاری گەڕایەوە ئەڵمانیا. زیاد لە (12) کتێبی بە عەرەبی و ئەڵمانى داناون. لە نێوان کۆمەڵە چیرۆک و ڕۆمان و مێژوو و وەرگێڕان.
زوهدى داودى یەکێک لە نووسەرانى چالاکى گرووپی کەرکووک (جماعە کرکوک) بوو، کە لە ساڵانى شەستەکانى سەدەى ڕابردوودا گوڕوتینێکیان خستبووە بەر ئەدەبی قەتیسماوى عێراقی.
لەمێژە ئەو کەسێکى گۆشە نشینە و لە پەراوێزدا بە بێدەنگى داهێنانى خۆی دەکات، ڕەنگە ئەمەش بۆ ئەو سێ ساڵ زیندانى کردنەى بگەڕێتەوە.
سەرەتا بە چیرۆک دەستى پێ کرد و پاشان لەسەر ڕۆمان گیرسایەوە. دیارترین ڕۆمانیشی سێیینەى دۆڵی کفرانە (درێژترین ساڵ)، (سەردەمى هەڵاتن)، (وەرچەرخانەکان). نووسەر لەم سێیینەیەدا باس لە دەڤەری گەرمیان بەتایبەتى و سەنتەری شاری کەرکووک بە گشتى دەکات. دەکرێت بڵێین ڕۆمانێکى مێژوویییە و جارجاریش بە فانتازیا مارکیزییەکەى لە ڕووداوە مێژوویییەکان دوور دەکەوێتەوە، تا زیاتر لە واقیعەکەمان نزیکتر بکاتەوە.
نووسەر هەوڵی داوە مێژوو بکات بە کەرەستەى ڕۆمانەکەى، نەک ڕۆمانەکە بکات بە کەرەستە بۆ مێژوو. واتا لەپێناوى ئایندەدا مامەڵە لەگەڵ ڕابردوودا دەکات.
نووسەر لە ڕۆمانى (درێژترین ساڵ) دا باس لە زوڵم و زۆرداری و گەندەڵیی دەسەڵاتدارانى تورکە عوسمانییەکان لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەکات، کە چۆن لە هەوڵی ئەوەدان دووبەرەکى و ناکۆکى لە نێوان هۆزە کورد و عەرەب و تورکمانەکاندا بچێنن و دەرگیری دوژمنداری و شەڕێکى بێ ئامانى هەمیشە بەردەوامیان بکەن. نووسەر لەناو گوندەوە بە کووچە و کۆڵانەکاندا شۆڕبۆتەوە و دەمانباتە ناو ماڵی یەک بە یەکی کەسایەتییە سەرەکییەکان، تاکو بە نهێنییە تاکە کەسییە چەپێنراوەکانیان ئاشناببین. زۆربەى زۆری پاڵەوانەکانى ڕۆمانەکە لە لایەنى سێکسییەوە چەپێنراون و ئەوى بە بیر و خەیاڵماندا نایەت بە دزییەوە دەیکەن. نازانیت نەفرەتیان لێ بکەیت، یاخود بەزەییت پێیاندا بێتەوە؟ داخۆ ئەو شتە تابویانەى دەستى بۆ دەبەن ڕەوان، یاخود نەفرەت لێکراو، سروشتین، یاخود دژ بە دابونەریت؟
بە گشتى ئافرەت لەم ڕۆمانەدا ڕۆڵی دامرکێنەرەوەى حەزەکانى پیاو و قوربانى و ئاگر کۆژێنەرەوەى ناکۆکییەکانى ناو خێڵەکان، دەگێڕێت. ئیدى بە ئارەزووی خۆی بێت یاخود بە تۆبزى.
لێ ئەوى مایەى ئومێدە، بە ئاشکرا بێت یاخود لە ژێرەوە، ناڕازین لەو دابونەریت و گوێڕایەڵییەى بەسەریاندا سەپێنراون.
زوهدى داودى لەم ڕۆمانەشیدا وەکو چەپڕەوێک، هاوشێوەى(غائیب توعمە فەرمان)، سەرەڕاى گەڕان و سووڕان و ئاوارەبوونى، ئینجاش لە هەموو ڕۆماننووسە عێراقییەکان زیاتر بە خاک و کێشەکانى وڵاتەکەیەوە پەیوەستە. یەکێک لەو خەسڵەتانەى کارەکانى زوهدى داودیی پێ دەناسرێتەوە، تێهەڵکێشکردنێتی لە نێوان دیکۆمێنتی مێژوویی و بنیاتى گێڕانەوەى هونەریی چیرۆکى فانتازى.
خاڵی بەهێزى ڕۆمانەکە لەوەدایە، نووسەر لە پەنجەرەکانى لاتەنیشتەوە لە مێژوو دەڕوانێت، نەک لە دەرگاى لەسەر گازى پشت واڵاى مێژووى بە فەرمى نووسراوى تۆماری ڕووداوەکانى دەسەڵاتدارە بەهێزەکان، چونکە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانێت پانتایی ڕاستیی ژیان بێ سانسۆر و کۆت و بەند و ساختەکاری بگێڕێتەوە.
زوهدى، محێدین زەنگنە و یەشار کەمال و سەلیم بەرەکات و عەلی ئەشرەف دەوێشیان ئاسا، بە زمانێکى دى ئێش و ئازاری نەتەوەکەى دەنووسێتەوە و لە میللەتانى دیکەى دەگەیەنێت.
ماوەتەوە بڵێم سەرەتا ئەم ڕۆمانەى لە ساڵەکانى 1987 – 1989 بە زمانى ئەڵمانى نووسیوە و لە ساڵی 1993دا بە چاپی گەیاندووە، پاشان هەر خۆیشی ساڵی 1994 وەریگێڕاوەتە سەر زمانى عەرەبی.
Ojeen_sabah@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.