له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پاتریارکییه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردییدا
ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویست:
ئه‌م ده‌قه‌ی خواره‌وه ده‌قی چاوپێکه‌وتنێکه له‌گه‌ڵ گۆڤاری "زنار"دا و له ژماره (١٣)ی به‌رواری کانوونی یه‌که‌می ساڵی ٢٠٠٧ی ئه‌و گۆڤاره‌دا بڵاو بۆته‌وه، به‌ڵام چونکه ده‌قه‌که له‌وێدا بڕیکی زۆر هه‌ڵه‌ی چاپکردنی تێکه‌وتووه و چه‌ند بڕگه‌یه‌کی قسه‌کانیشم له‌وێدا لابراون، بۆیه دوای سوپاسم بۆ ماندووبوونی به‌ڕێزان سه‌رپه‌رشتیارانی گۆڤاری "زنار"، لێره‌دا و له "ده‌نگه‌کان"دا ده‌قی چاوپیکه‌وتنه‌که جارێکی تر بڵاوده‌که‌مه‌وه….
ڕۆزا حسێن…
زنار: با له ژیان و ئه‌زموونی تایبهتییتانهوه ده‌ست پێبکه‌ین. دواجار ده‌مه‌وێ بزانم ژیان دووچاری چی جۆره تێوه‌گلانێکی کردوونه‌ته‌وه؟
ڕۆزا حسێن: مه‌به‌ستی پرسیاره‌که‌ت زۆر ڕوون نییه لای من، به‌ڵام وای تێده‌گه‌م که تۆ مه‌به‌ستت له "تێوه‌گلان" ئه‌و مانایه بێت که که‌سێک له ژیانی خۆیدا ده‌یبینێت و ئه‌و هه‌ڵوه‌دابوونه بێت که که‌سێک به‌دوای مهقسهدێکدا و، (وه‌ک ده‌وترێت) گه‌یاندنی په‌یامێکدا به‌و مه‌قسه‌ده، تووشی ده‌بێت.
ئه‌زموونی تایبه‌تیی من له ناو کۆمه‌ڵگای پاتریارکیی کوردیی و سه‌رده‌سته‌یی پیاو له‌لایه‌ک و، له‌ناو کۆمه‌ڵگای زه‌لیلی کوردیی و بنده‌سته‌یی ئینسانی (به‌تایبه‌ت پیاوی) کورده‌وه ده‌ست پێده‌کات. من سه‌رده‌مانی خۆناسینه‌وه‌م نه‌مده‌زانی ئه‌وه چی نهێنییه‌که که ئه‌و پیاوه‌ی که له ده‌ره‌وه له‌ئاست پیاوه‌کانی رژێمدا له‌ترساندا گڵۆڵه ده‌بوو، که‌چی له‌ماڵه‌وه له‌ئاست ژن و کچه‌کانیدا (زۆرجار تا حه‌ددی کوشتنیان) هێزنوێنیی ده‌کرد. بۆ من ئه‌مه پارادۆکسێک بوو له جۆرێکی تایبه‌ت. تایبه‌ت چونکه به‌پێچه‌وانه‌ی لۆژیکی هه‌ر پارادۆکسێکی تره‌وه، ئه‌م پارادۆکسهیان هه‌ردوو سه‌ره‌که‌ی ناپه‌سه‌ندبوو. بۆیه من له سه‌رده‌مێکدا هه‌ستم به زه‌روره‌تی ئه‌وه کرد که هه‌ردوو ئه‌و جه‌مسه‌ره ده‌خوازێت کارێک بۆ ڕاستکردنه‌وه‌یان بکرێت. به‌و مانایه‌ی که من پێموابوو و ئێستاش پێموایه که پیاوی ئێمه ده‌بێت له ناوه‌وه‌ی ماڵ له قه‌ڵه‌مڕه‌وی که‌م بکرێته‌وه و له ''ئاغایه‌تیی'' بخرێت و، له به‌رامبه‌ریشدا له‌ده‌ره‌وه له چاوترساویی و بێده‌سه‌ڵاتییه‌که‌ی له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدا که‌م بکرێته‌وه و له ''زه‌لیلیی'' ده‌رکرێت. کارکردنێک که ئێستا که‌م و زۆر له کۆمه‌ڵگادا بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌له‌له هه‌یه، به‌م دوو به‌ره‌ییه مامه‌ڵه‌ی مه‌سه‌له‌که ناکات. من جیاوازیی خۆم له‌وه‌دا ده‌بینم که ئه‌م دوو جه‌مسه‌رییه به دوو مه‌یدانی کارتیاکردن ده‌بینم، له‌کاتێکدا ڕه‌وتی باوی ناو ڕۆشنبیران و ناو بزووتنه‌وه‌ی ژنانی کورد پێیوایه که گه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیی دامه‌زرا ئه‌وه لێگه‌ڕی ئیتر هه‌ر خۆی ئۆتۆماتیک ده‌وڵه‌تێک ده‌بێت ئه‌وه‌ی ناوی چه‌وسانه‌وه‌ی ژن بێت تیایدا نابێت.
مه‌به‌ستمه بڵێم کوردایه‌تییکردن ته‌واوێک چاوه‌کانی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌وساوه‌یی و کڵۆڵیی ژنانی کورد له‌ناو کۆمه‌ڵگای پاتریارکیی کوردییدا لابردووه و هه‌ر کاتێکیش ئه‌م مه‌یدانه بهسهرکرابێتهوه ئه‌وه هه‌موو هه‌وڵه‌کان بارگاویی بووه به باسی "خزمه‌تی کورد و کوردایه‌تیی و دۆزه ڕه‌واکه‌ی و ڕزگارکردنی میلله‌ته چه‌وساوه‌که‌مان". ئه‌مه‌یه وای کردووه که زۆرێک و زۆرێک له‌و ژنه ڕۆشنبیرانه‌ی که بهرگرییکهری مافه‌کانی ژنانن، کوردایه‌تییکردن و خه‌بات بۆ مافی کوردان وه‌ک په‌یامێکی هه‌رگیز جیانه‌کراوه له خه‌باتی خۆیان بۆ مافه‌کانی ژنان ده‌بینن. هه‌ندێک ده‌یه‌وێت کار بۆ هه‌ردووکی بکات نه‌ک به‌و ناوه‌وه‌ی که کاتی هه‌یه بۆ هه‌ردوو مه‌یدانه‌که، به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به یه‌ک مه‌یدانیان ده‌بینێت. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌ی کوردایه‌تیی و خه‌بات بۆ که‌رکوک و ئالووده‌بوون به سیاسه‌ته‌کانی پارتیی و یه‌کێتیی له کاروباره‌کانی فیمینیسته‌کانی لای ئێمه‌دا زاڵه، ئه‌وه‌نده گوتارێکی جیددیانه بۆ ده‌رهێنانی ژنی کورد له‌ژێر چه‌پۆکی پیاوسالاریی کوردانه ئاماده‌یی نییه. زۆرێک هه‌ن ته‌نها تا ئه‌و شوێنه دێن که دوڕێیانێک دێته پێش ئه‌و دوو جۆره خه‌باته. دوای ئه‌وه هه‌ر که گه‌یشته سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئایا بۆ نموونه سه‌رکرده‌کانی پارتیی و یه‌کێتیی ته‌واون یان یاسایه‌کی باری که‌سێتیی مۆدێرن، ئه‌وا بێدوودڵیی ئه‌ڵته‌رناتیڤی یه‌که‌م هه‌ڵده‌بژێرن و مه‌سه‌له‌ی دووه‌میش له‌سه‌ر ده‌ستی حکومه‌تی کوردانه‌ی خۆمان و به موباره‌که‌ی به‌رگرییکه‌رانی مافه‌کانی ژنان ''تا ئیشعارێکی تر'' دوا ده‌خه‌ن. هه‌ندێک هه‌ن له دوومهسهلهی ''ڕزگاریی کورد'' و ''ڕزگاریی ژنان''دا له چه‌وسانه‌وه، باس له ته‌سه‌لسول ده‌که‌ن و، جارجاره‌ش نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو پێشنیاری هه‌بوونی ته‌حه‌مول و تهئجیلکردنی خه‌بات بۆ مافی ژنان بۆ دوای به‌ده‌ستهێنانی مافه نهتهوهییهکانیشیان لێوه ده‌رده‌چێت. ئه‌مه گوتارێکی کوێرکهرانهیه که له ئاکامدا هه‌ر ئه‌و نهموزهجهی له کۆمه‌ڵگا لێ به‌رهه‌م دێت که بۆ نموونه ئه‌م ڕۆژانه به‌رپرسێکی به‌رزی حیزبیی له ڕۆژنامه‌ی میدیادا به شانازییه‌وه باس له لێدانی جووتهژنهکهی ده‌کات و ئه‌مه‌ش وه‌ک ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه لێکده‌داته‌وه که ئه‌و ''پیاوی شۆڕشگێڕ و توڕه‌یه''، بۆیه ئاساییه و حه‌قی خۆیه‌تی له ژن بدات.
ئه‌م تێکه‌ڵکردنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی و بزوتنه‌وه‌ی ژنان به‌لای منه‌وه ده‌ره‌نجام ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌ر هه‌وڵێک بۆ چاککردنی وه‌زعییه‌ت و باری ژیانی ژنانی کورد له په‌راوێزی هه‌وڵدان بۆ ڕزگارکردنی نه‌ته‌وه و ئابڕونهچونییدا له‌بارببرێت. هه‌ر ئه‌م دۆخه‌یه که ئه‌و ڕێکخراوه مههزهلانهی به‌ناو ژنان و ئافره‌تانه‌ی دوای پارتیی و یه‌کێتیی و حیزبه‌کانی تر خستووه و کاریان بووه‌ته ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ژنانیان له‌ناوه‌وه بۆ ئیفلیج بکه‌ن.
ڕاستییه‌که‌ی من پێموایه که چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاوازه و چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌سه‌ر به ڕه‌گه‌زێکی تره، دوو شتن که ده‌بێت به جیا مامه‌ڵه‌یان بکه‌ین، چونکه مه‌سه‌له‌ی ژن له‌کوردستان گورزی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م تێکه‌ڵکردنه خواردووه. ئه‌گه‌ر که‌سێک که‌مێک وردبێته‌وه له خه‌باتی ئه‌م ده پانزده ساڵه‌ی دوایی ژنانی کورد، ئه‌وا ده‌بینێت که ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی مه‌سه‌له‌ی گێڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و داپۆشینی توندوتیژییه‌کانی دژ به ژنان بوون ''بۆ ئه‌وه‌ی بێگانه پێمان خۆش نه‌بێت و لای دۆسته ئه‌وروپییه‌کانمان حه‌یامان نه‌چێ و وه‌زعی کورد حه‌ساسه'' و بڕوبیانووی تری له‌م بابه‌ته، چاره‌کێکی ئه‌وه‌ش سه‌رقاڵی کێشه و مه‌سه‌له‌کانی ژنان نه‌بووه. ئاخر هه‌ر ئه‌م تێکهڵکردنهیه که وا ده‌کات له کاتێکدا که به‌پێی ڕاپۆرتێک که له‌م دواییانه‌دا بڵاوکرایه‌وه ''نه‌وه‌د له سه‌دی کچانی ده‌شتی هه‌ولێر خه‌ته‌نه ده‌کرێن''، که‌چی خانمه‌نووسه‌رێکی دیاری بواری مافه‌کانی ژنان به ناوی ئاشتیخوازیی کورده‌وه کات له خۆی ده‌گرێت و خۆی به‌نووسینی نامه‌یه‌که‌وه خه‌ریک ده‌کات که تیایدا داوا ده‌کات سه‌رۆکی یه‌کێک له حزبه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و سه‌رۆکی ئه‌و هه‌رێمه‌ی که تیایدا ژنان و کچان به ده‌ستی پیاوانه‌وه بهزهڕڕه ئاشتیی و ئاسوده‌یی له ژیانیاندا نه‌ماوه، خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بدرێتێ.
بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌که‌ت لێره‌وه ده‌ڵێم که من ژیانی شهخسییم و ژیانی ڕۆشنبیرییم تووشی ئه‌و ههڵوهدابوونهی کردم که دوای مافه‌کانی ئه‌و به‌شه له ئینسان بکه‌وم که له ئاکامی ئینتیمای ڕه‌گه‌زییه‌وه ژیانی لێکراوه به دۆزه‌خ. ئه‌مه قه‌ت مانای ئه‌وه نییه که من مه‌سه‌له‌ی چه‌وساوه‌یی ئینسانی کوردم به هۆی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ گرنگ نییه. من هه‌ر کاتێکم بۆ نووسین لێ مابێته‌وه، بۆ ده‌رهێنانی ئینسانی کورد له‌و چهساوهییهی به‌ناوی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له‌سه‌رێتی به خه‌رجم داوه؛ به‌ڵام کاره‌که قه‌ت لای من له‌سه‌ر حیسابی چاوپۆشیی یان خه‌مساردیی یان ''واقیعبینیی'' به‌رامبه‌ر به چه‌وساوه‌یی ژنان نه‌بووه و ناشبێت.
به‌لای منه‌وه ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی ژنان و گیڕانه‌وه‌ی ئیعتیباری ئینسانیی بۆیان هه‌ر ئێستا و ئه‌مڕۆ مومکینه و ئیقدامنهکردنی ده‌ستبه‌جێ بۆی هیچ و هیچ بڕوبیانوویه‌ک له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد هه‌ڵناگرێت. هه‌ر بۆیه من بچوکترین تۆڵێڕانسم بۆ تهئجیلکردنی ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌و مافانه نییه. ئه‌و دڵگهورهییهی هه‌ندێک ده‌ینوێنن به‌ناوی ئه‌وه‌ی که ده‌بێ ''واقیعبین'' بین و ڕزگاربوونی ئه‌و ملیۆنان ژنه کورده‌ی ڕۆژانه له کوردستانی ئێمه‌دا ئیهانات و چه‌رمه‌سه‌ریی له‌سه‌ر ده‌ستی پاتریارکییه‌تی کۆمه‌ڵگای کوردیی ده‌چێژن هه‌ڵگرین تا زه‌مینه‌ی بۆ ده‌ڕه‌خسێت و ڕۆژی خۆی دێت، ده‌بێت بڵێم که به‌داخه‌وه ئه‌م ''دڵگه‌وره‌یی''یه لای من ده‌ست ناکه‌وێت و له‌م ڕووه‌وه من تا بڵێی کهمتهحهمول و جیقڵدان ته‌نگم.
زنار: ئافره‌تان بۆ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه؟ . . با له ده‌ستنیشانکردنی هۆکاره بنچینه‌ییه‌کانه‌وه بڕۆینه نێو کرۆکی گفتوگۆکه‌مان.
ڕۆزا حسێن: من پێموایه چوونه ناو گفتوگۆیه‌که‌وه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژنان له‌و ده‌روازه‌یه‌وه که سه‌ره‌تا ده‌ستنیشانی هۆکاره بنچینه‌ییه‌کانی چه‌وسانه‌وه‌ی ژنان بکه‌ین، چوونه‌ناوه‌وه‌یه‌کی مووهفهقانه نییه. زۆر به ساده‌یی چونکه گه‌ر ئێمه قسه له ناڕه‌وایی ئه‌وه بکه‌ین که ژن ده‌چه‌وسێته‌وه و به‌دوای ئه‌وه‌وه بین که ئه‌م چه‌وسانه‌وه‌یه لابه‌رین، ئه‌وه ئیتر کارێکمان به‌و باسه نییه که ئایا ئه‌م چه‌وسانه‌وه‌یه بۆ هه‌یه و له‌کوێوه هاتووه. لێکۆڵینه‌وه له‌و ڕه‌گانه ڕه‌نگه کاری ئهنترۆپۆلۆگێک، یان فه‌یله‌سوفێک یان کۆمه‌ڵناسێک بێت که ته‌نها بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی تیۆریی خۆی له باس و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی وا ده‌دات نه‌ک بۆ ئیستینتاجکردنی ئه‌وه‌ی که ئایا ژن موسته‌حه‌قه بچه‌وسێنرێته‌وه یان نا. ئه‌م قسه‌یه‌م به‌و مانایه ناڵێم که لێکۆڵینه‌وه له‌و ڕه‌گانه گرنگ نه‌بن، به‌ڵام به‌لای منه‌وه قسه‌کردن له کێشه‌ی پله‌دوویی ژنان ده‌بێت له‌وێوه ده‌ست پێ بکات که هۆکاره‌که‌ی هه‌رچییه‌ک بێت، هیچ له‌و مه‌سه‌له‌یه ناگۆڕێت که ئه‌و پلهدووییهی ژنان ناڕه‌وایه و نابێت بمێنێت.
گه‌ڕانه‌وه بۆ باسی فهسلهجیی و ئه‌نترۆپۆلۆجیی و گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو و بۆ قسه‌ی فه‌یله‌سوفه‌کانی ئه‌نتیک و ته‌بریره میتۆلۆجییهکان و شتی له‌م بابه‌ته هیچ ناکات به‌غه‌یری ئه‌وه‌ی له‌و گۆشه‌یه‌دا گیرمان ده‌کات که زۆرێک له هێزه دژه‌ژنه‌کان و له‌به‌رامبه‌ریشدا زۆرێک له فیمینسته‌کان تیایدا گیریان خواردووه. بۆ نموونه بۆ من ئه‌وه‌ی که ژن له‌ڕووی به‌ده‌نییه‌وه لاوازتره له پیاو، ئه‌مه هه‌ر ته‌نها خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌سله‌جییه و به‌ته‌واویی پێم ڕه‌فزه ئه‌و ئه‌نجامگیرییه‌ی لێ بکرێت که که‌واته ئاساییه پیاوان ژنان به‌و ده‌رده به‌رن که بردوویانن. هه‌مانشت بۆ من هیچ ناگه‌یه‌نێت گه‌ر ده نه‌وال سه‌عداویی ترم بۆ هه‌ڵکه‌وێ و به به‌ڵگه‌ی بایلۆجیی و فه‌سله‌جییه‌وه بۆم بسه‌لمێنێت که ''ڕه‌گه‌زی مێ ئه‌سڵه‌که‌یه'' چونکه به‌لای منه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه نییه که ژن ئه‌سڵه‌که‌یه بۆیه نابێت بچه‌وسێنرێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ژن له بنه‌چه‌دا نه‌ک هه‌ر په‌راسوو، به‌ڵکو ئێسکی پشته‌ملی پیاویش بێت، هه‌ر نابێت بچه‌وسێنرێته‌وه و ده‌بێت هه‌مان فرسه‌ت و هه‌مان ماف و هه‌لومه‌رجی ژیانکردنی، به هه‌مان ئیحتیرام و ئیعتیبار و پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی پیاوه‌وه هه‌بێت.
زنار: زۆرینه‌ی ئافره‌تانی کورد به‌نرخترین تواناکانی خۆیان به‌خشیوه‌ته پیاوان. که‌وابێ په‌یوه‌ندییه‌ک ماوه به خودی خۆیانیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه؟
ڕۆزا حسێن: پێده‌چێت مه‌به‌ستتان ئه‌وه بێت که ژنی کورد هه‌موو تواناکانی له خزمه‌تکردنی پیاوه‌که‌ی و کاری ناوماڵدا سه‌رف ده‌کات. ئه‌گه‌ر ئه‌مه مه‌به‌سته‌که‌تان بێت ئه‌وه وایه، به‌ڵام نابێت مه‌سه‌له‌که وا بخه‌ینه ڕوو که ئه‌وه ژن خۆیه‌تی که ئاماده‌یه و ده‌یه‌وێت ئه‌و ڕۆڵه بگرێته ئه‌ستۆ و لێره‌شه‌وه بڵێین ده‌ی مادام خۆی ده‌یه‌وێت، ئیتر ئێمه چی بکه‌ین و بۆچی ویژدانێکی نامورتاحمان هه‌بێت.
من هه‌ستده‌که‌م هه‌ر بۆ ئه‌م ویژدانی خۆ مورتاحکردنهیه که زۆرێکمان ئه‌م باسه ده‌که‌ینه‌وه که ژن خۆی وای ده‌وێت. به‌ڵام من ڕام وایه ژنان له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا ئه‌وه‌نده له مهوقیعییهتێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی نزمدا دانراون که گه‌ر زه‌ڕڕه‌یه‌ک ئیحساسی ئینسانییمان تیابێت ئه‌وا ده‌بێت نامورتاحیی ویژدان خه‌و له چاوی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بزڕێنێت.
من پێموایه کارێکی گرنگی ئێمه ئه‌وه‌یه که نه‌هێڵین کۆمه‌ڵگای ئێمه ویژدانی مورتاح بێت کاتێک ژنان تیایدا به‌و پهنه ده‌برێن که ده‌برێن. بۆیه هه‌ر هه‌وڵێک بۆ ته‌بریرکردنی پله‌دوویی ژنان به‌وه‌ی که خۆیان ڕازیین به‌و مه‌وقیعییه‌ته ده‌بێت وه‌ک هه‌وڵێکی فرتوفێڵکهرانه بۆ ته‌بریری کۆیله‌یی ئینسان چاو لێ بکه‌ین.
من زۆرجار ته‌نانه‌ت لای ژنان و ڕۆشنبیرانی داکۆکییکهر له مافه‌کانی ژنانیش گوتارێکی تهبریرکهرانهی وا ده‌بینمه‌وه که بۆ نموونه ده‌ڵێن ''ژنان خۆیان هوشیار نین'' بۆیه ده‌چه‌وسێنه‌وه. قسه‌یه‌کی وا هیچ ناکات پاکانهبۆکردنێک و شهرعییهتپێدانێکی پله‌دوویی ژنان نه‌بێت، ئه‌گینا گه‌ر ئێمه به‌حه‌ق ئه‌و زوڵمه‌مان پێ زوڵمه که له کۆمه‌ڵگای کوردییدا له ژن ده‌کرێت، ئه‌وا گه‌ر هه‌موو ژنانیش ڕووبه‌ڕووت بوه‌ستنه‌وه و بڵێن ''ئێمه ئه‌م ژیانه‌مان پێ قبوڵه و خۆمان وامان پی خۆشه''، دیسانه‌وه هه‌ر کاری ئێمه‌یه ئه‌و ژیانه ''خۆش و ئاسووده''یه‌یان لێ بشێوێنین و خۆمان بۆ ئه‌وه هیلاک بکه‌ین که ژیانێکی سایشته به ئینسانیان بۆ دابین بکه‌ین نه‌ک ''ژیانێکی شایسته به ژنێکی ڕۆژهه‌ڵاتیی''، زۆر به ساده‌یی چونکه ژن ئینسانێکه نه‌ک ''نیوپیاو''ی ڕۆژهه‌ڵاتیی.
ڕازییبوونی ژن به‌و ڕۆڵ و مه‌وقیعییه‌ته‌ی که هه‌یه‌تی، ده‌بێت به‌په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رجه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌دا سه‌یری بکه‌ین که ئه‌و ژنانه‌ی تیا له‌دایک ده‌بن و تیایدا ''سۆسیالیزه'' ده‌بن. مه‌سه‌له‌که به‌لای منه‌وه ڕاهاتنه له‌سه‌ر جۆرێک له‌ژیان و به‌رته‌سکبوونه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئینسانێکه که هه‌موو ته‌مه‌نی له ژیانێکی نیمچهکۆیلهییدا دهیژێنیت. من ئه‌زانم که زۆرجار ئینسان چه‌نده‌ش ژیانێکی ناشایستهشی هه‌بێت به‌ڵام به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ده‌قی پێوه ده‌گرێت و ئه‌م ده‌ق پێوه‌گرتنه ئاسووده‌ییه‌کی ڕۆحیی وای بۆ دروست ده‌کات که پێی قورسه بیشێوێنێ و گۆڕانێک له‌و ژیانه‌یدا بکات. ئالێره‌دایه ئیشی ئێمه‌ی به‌رگریکار له مافه‌کانی ژنان دێته پێشه‌وه. من جارێک تێزی سیمینارێکم که له وڵاتی نه‌رویج کردم ئه‌وه‌بوو که ئیشی ئێمه شێواندنی ئه‌و ئاسووده‌ییه‌یه له ژنان. کاری ئێمه‌یه قه‌له‌قییه‌کی وا بۆ ژنی کورد دروست بکه‌ین که بزانێت ئه‌و شایسته به‌و ژیانه ئاسووده و سه‌رکزانه و پڕ له ئیهانه‌یه نییه که هه‌یه‌تی و، ژیانی ڕاقیتر له‌و ژیانه هه‌یه که مومکینه ئه‌ویش هه‌یبێت. بۆیه له‌کاتێکدا زۆرێک له‌وانه‌ی که کار بۆ مافه‌کانی ژنان ده‌که‌ن له‌وێدا سارد ده‌بنه‌وه که ده‌بینن ژنان به مافه‌کانی خۆیان ئاشنا نین و به ژێرده‌سته‌یی قایلن و به جۆڕیک ئه‌و قه‌ناعه‌ته عه‌کس ده‌که‌نه‌وه که ژنان کێشه‌یان نییه، من ڕام وایه که گه‌وره‌ترین کێشه‌ی ژنانی کورد ئه‌وه‌یه که کێشه‌یان نییه و ئاسووده ئاسووده له‌ژێر ئیهانات و چه‌پۆکی پاتریارکییه‌تدا به ژیانێکی سه‌رکزانه و پڕ له کۆیله‌تیی ڕازین. هه‌ر بۆیه من به کارێکی جیدیی خۆمی ده‌زانم ئاسووده‌یی له ژنی کوردی ڕازیی به چه‌وساوه‌یی بشێوێنم.
زنار: جیاوازیی نێوان ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ڕۆژانه میکیاژ و جلوبه‌رگه ئاڵوواڵاکانیان ده‌که‌نه ده‌مامکی پیشکه‌وتن و ئه‌وانه‌ش که پێیانده‌گوترێت ژنی ماڵه‌وه چییه؟
ڕۆزا حسێن: له جۆری کردنی ئه‌م پرسیاره‌دا که‌سێک به‌ئاسانیی ده‌توانێت ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌یه‌ک هه‌ست پێ بکات به‌رامبه‌ر به‌و کچ و ژنانه‌ی که میکیاج ده‌که‌ن و جلوبه‌رگی مۆدێرن له‌به‌ر ده‌که‌ن.
ئه‌م جۆره ڕه‌خنه‌یه له‌و کچ و ژنانه تازه نییه و من ساڵانێکه ده‌بینم ئه‌م ڕه‌خنه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی له‌و که‌سانه‌وه دێت که چاویان به‌وه هه‌ڵنایه‌ت که ژن هه‌ر حیسابی بهشهریشی بۆ بکرێت، زۆر زیاتر له‌و که‌سانه‌وه دێت که لایه‌نگری ئیعتیباربۆگهڕاندنهوه و بهیهکسانکردنی ژنانن له‌گه‌ڵ پیاواندا. ڕه‌خنه‌یه‌کی وا ته‌نانه‌ت لای نه‌وال سه‌عداویی ده‌گاته ئه‌وه‌ی که بڵێت میکیاج و موحه‌جه‌به یه‌ک شتن. به‌ڵام حه‌قه ئێمه ئه‌وه بزانین که ئه‌م بێزراوکردنه‌ی میکیاجکردن و خۆجوانکردنی کچان و ژنان توڕه‌یی-به‌تاڵکردنه‌وه‌ی کۆنسێرڤاتیزمی کۆمه‌ڵگایه که که‌وتۆته سه‌ر زمانی ئێمه، نه‌ک ڕه‌خنه‌یه‌کی زانستیی. من پێم خۆشه که تۆ پرسیاره‌که‌ت به‌وه‌وه به‌سته‌وه که به‌راوردێکی ئه‌و ژنانه له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌دا بکرێت که کۆیله‌ی ناو چواردیواری ماڵه‌وه‌ن. زۆرێک ده‌یانه‌وێ بڵێن که هه‌ر به ڕووکه‌ش جیاوازیی له نێوان ئه‌و دوو جۆره ژنه‌دا هه‌یه، ئه‌گینا هه‌ر هه‌مان ژیانی سه‌رکزانه ئه‌ژین. هه‌ر ئه‌وه‌شی که له پرسیاره‌که‌ی جهنابیشتدا وشه‌ی ''ده‌مامک'' به‌کار دێت، من وای تێده‌گه‌م که ده‌ته‌وێت بڵێیت که جیاوازییه‌که ته‌نها جیاوازییه‌کی ڕووکه‌شانه‌یه نه‌ک حه‌قیقیی. به‌ڵام من جیاوازییه‌کی جه‌وهه‌ریی ده‌بینم له‌نێوان ئه‌و دوو جۆره ژنه‌دا.
جیاوازیی ئه‌و کچه‌ی یان ئه‌و ژنه‌ی که میکیاج ده‌کات و خۆی ده‌ڕازێنێته‌وه له‌گه‌ڵ کچان و ژنانی تر ئه‌وه‌یه که ئه‌م ده‌یه‌وێت ئیتر ئه‌و کائینه بێ‌ناو و بێ که‌ینونه و بێڕوخسار و بێ وجوده‌ی جاران نه‌بێت و ده‌یه‌وێت له کۆمه‌ڵگادا تاکێک بێت که هه‌یه و که‌سه و له‌م ژیانه‌دا وه‌ک شه‌خسێک و وه‌ک که‌سایه‌تییه‌ک ئاماده‌یی هه‌یه. له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که هه‌وڵی گه‌وره هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ژن شه‌خس و شه‌خسییه‌ت نه‌بێ و هه‌ر ته‌نها وجودێکی بێ‌ناو و بێڕوخساری ته‌نها ناو چێشتخانه و سه‌ر نوێنی پیاوان بێت، من به کارێکی گرنگ و به یاخییبوونێکی جوان و جه‌ریئانه‌ی ده‌زانم کاتێک کچانێک یان ژنانێک بێن و بیانه‌وێ به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ''ئیسپات وجود''ی خۆیان بکه‌ن و به‌دوای ئه‌وه‌وه بن پیشانی بده‌ن که جگه له پیاوان ئه‌وانیش وه‌ک ئینسان لێره‌ن و له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا هه‌ن و شه‌ڕی ئه‌وه ده‌که‌ن که ئیعتیباری ''شه‌خس''یان بۆ دانرێت نه‌ک ئیعتیباری جیهازێکی کارای چێشتدروستکرن و به‌رهه‌مهێنان و به‌خێوکردنی منداڵ.
که‌سێک که ئه‌م ئیقدامه ده‌کات، له‌گه‌ڵ که‌سێکدا که سه‌رکز کراوه و به ژیانی ماڵه‌وه و به بێکهینونهیی ڕازیکراوه، جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ی هه‌یه. ئا لێره‌دایه که کۆنسه‌رڤاتیڤه‌کان ده‌که‌ونه شه‌ڕی ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆڵه ته‌قلیدییه‌ی که دراوه به ژن هه‌ر بمێنێ و ئه‌و ''ئاخر زه‌مان''ه نه‌یه‌ت که ئیتر ژن، بێ شاردنه‌وه‌ی جوانیی خۆی، بێته بازار و ئه‌مه‌ش ببێته هۆی ئه‌وه‌ی خوانه‌خواسته دووربێ کوڕێک ئیعتیباری به‌شه‌ری بۆ دابنێ و له‌به‌ر جوانییه‌که‌ی نازێکی هه‌ڵگرێت.
خه‌ڵکی کۆنسه‌رڤاتیڤ لێره‌وه‌یه ده‌ست ده‌ده‌نه هه‌ڵمه‌تێک بۆ بێزراوکردنی جوانییپیشاندان و خۆجوانکردنی ژنان. هه‌ندێکیان به لێدان و ڕێگه‌پێگرتن و زیندانییکردن له ماڵه‌وه به‌ر به‌م ''خه‌ته‌ری بهشهخسبوون''هی ژنان ده‌گرن، وه هه‌ندێکیش وه‌ک عه‌لی باپیرێکی شه‌ڕکه‌ری پیاوسالاریی له ڕۆژنامه‌ی میدیاوه هاواری لێ هه‌ڵده‌ستێت و هێرشبه‌رانه بۆ پاشه‌کشه‌پێکردنیان ده‌که‌وێته جنێوپیدانیان و ''کچانی سفور به سه‌رلێشێواو ناو ده‌بات''. هه‌ندێکی تریش ناڕاسته‌وخۆ بۆی ده‌چن و سه‌ره‌تا خۆیان ده‌که‌نه لایه‌نگری مافی ژنان و ئینجا به قسه‌ی ڕوکه‌شانه تهفهلسوفێکی وای بۆ دێننه‌وه که ئه‌مه پێشکه‌وتن و گۆڕان نییه و هه‌ر کۆیلهییهکهی جارانه له فۆرمێکی تردا. ئه‌مه‌یه ده‌که‌وێته سه‌ر زاری ئه‌و خه‌ڵکه‌شی که لایه‌نگری مافی ژنانن و ئه‌وانیش هێرشی بێزراوکردنی میکیاج و خۆجوانکردنی کچان و ژنان ده‌ست پێده‌که‌ن، بێئه‌وه‌ی زۆر له‌وه ورد ببنه‌وه که ئاخر ئه‌و به‌دیله‌ی که بۆ مه‌رحه‌له‌ی دوای پاشه‌کشه‌پێکردنی میکیاج و خۆجوانکردنی کچان و ژنان ئاماده‌یه نههێشتنیانه وه‌ک ناو و شه‌خس و ڕوخساری کۆمه‌ڵایه‌تیی و، گێڕانه‌وه‌یانه بۆ ژیان و که‌ینونه‌ی که‌ره‌سته‌یی ناو چواردیواری ماڵه‌وه.
دیاره منیش هاوڕام له‌گه‌ڵ هه‌ر که‌سێک که ده‌ڵێت ژنان ده‌بێت به شتی تری وه‌ک هێزی شه‌خسییه‌ت و به‌شداریی فیعلیی و ئاکتیڤ له ژیانی کۆمه‌ڵگادا نه‌ک میکیاج و جوانیی و خۆجوانکردن، خۆیان و ئاماده‌یی خۆیان بسه‌لمێنن. به‌ڵێ ئه‌مه حاڵه‌ته خوازراوهکهیه. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین که ڕێگاکه به‌ره‌و ئه‌و دۆخه خوازراوه به‌وێدا ده‌ڕوات که هه‌ر هیچ نه‌بێت ژنان به هه‌ر وه‌سیله‌یه‌ک بێت – ته‌نانه‌ت گه‌ر ته‌نها هه‌ر به میکیاج و خۆجوانکردنیش بێت – بێنه ناو کۆمه‌ڵگاوه و سه‌ره‌تا بیسه‌پێنن به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا که ئه‌وانیش کهینونهن و وه‌ک شه‌خس و به‌شه‌ر هه‌ن و خاوه‌نی ناو و شه‌خسییه‌ت و وجودی به‌شه‌ریین. بۆیه کارێکی نادروسته ئێمه له‌م قۆناغی ئیسپات وجوده‌ی ژناندا بکه‌وینه وێزه‌یان و به قسه‌ی به‌ڕووکه‌ش زلی فه‌لسه‌فیی ڕه‌خنه‌ی ئه‌و ئیقدامهیان بکه‌ین.
من پێموایه کۆمه‌ڵگای ئێمه و به‌تایبه‌ت دۆزی ژێرده‌سته‌یی ژنانی کورد ساڵانێک و ساڵانێکه گورزی گه‌وره‌ی به ده‌ستی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته کۆنسێرڤاتیڤانه خواردووه که زۆرجار له‌سه‌ر ده‌ستی فیئه به‌ناو تهنویرییهکهی کۆمه‌ڵگاوه به‌ڕێوه چووه. بۆ نموونه، بڕوانه ئێمه ته‌نانه‌ت ئه‌و کهسانهمان که خه‌ریکی هونه‌رن و بڕیاره که‌سی خاوه‌ن ئیهتیمامی ڕۆشنبیریی بن، به‌شێکی گه‌وره‌ی گوتاری کۆنسێرڤاتیزم له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان ده‌برێته پێشه‌وه و شه‌ڕی بۆ ده‌کرێت. وه‌ک نموونه‌یه‌کی زه‌قی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌توانم بڵێم که‌سێکی وه‌ک حاجی مه‌کیی عه‌بدوڵڵا به ته‌مسیلییه‌کانی هه‌ر له ساڵه‌کانی حه‌فتاکانه‌وه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت ڕۆڵی گه‌وره‌ی بینیوه له بهمهسخهرهکردنی ئه‌و کچ و ژن و ئه‌و گه‌نجانه‌ی که جورئه‌ت ئه‌که‌ن له ته‌وقی کۆنسێرڤاتیزم ده‌رچن و هه‌ندێک مه‌ده‌نییانه ته‌سه‌ڕوف بکه‌ن یان خۆیان بگۆڕن. خۆشترین نوکته‌ی ناو دراما ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی ئێمه تا ئێستاش ئه‌و لهقتانهن که بۆ نموونه باوکێک مه‌سخه‌ره به لاجان درێژکردنه‌وه‌ی کوڕه‌که‌ی ده‌کات، یان سه‌ر ده‌کاته سه‌ر گه‌نجێک که زنجیرێکی له مل کردووه یان کچێک که له دائیره ئیشده‌کات یان ژنێک که ''ده‌می هاره'' و ئیتر ئه‌م نوکته بێتامانه‌ی کۆنسێرڤاتیزم له حه‌فتا و هه‌شتاکانه‌وه هه‌ر تامی ماوه و ئێستاش کۆمه‌ڵگای کوردیی له قاڵب ده‌دات و ناهێڵێت له پێستی خۆیدا بجوڵێته‌وه.
زنار: ئافره‌تی ڕه‌چه‌شکێن کییه؟ . . ئێمه خاوه‌نی ئافره‌تانێکی له‌و چه‌شنه هه‌ین؟ . . ئایا ڕێکخراوه‌کانی په‌یوه‌ست به پرسی ئافره‌تان له کوردستاندا هه‌رگیز به‌و ئاراسته‌یه‌دا هه‌نگاویان گرتووه؟
ڕۆزا حسێن: خۆزگه بۆ منت به‌جێنه‌ده‌هێشت ئه‌وه ده‌ستنیشان بکه‌م که ڕهچهشکێنیی چییه. گه‌ر تۆ پێشوه‌خت ستانداردێکی وام نه‌ده‌یته ده‌ست که ڕهچهشکێنیی چییه، من ناتوانم قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌م که ئایا ئافره‌تی ڕهچهشکێنمان هه‌یه یان نا. بۆ نموونه ڕهچهشکێنیی له چی بوارێک‌دا؟ تۆ هه‌ر یه‌کسه‌ر به‌دوایدا باسی ڕێکخراوه‌کانی ئافره‌تان و ژنانی کوردستانت هێنایه پێش. گه‌ر ڕهچهشکێنیی لای تۆ هێنانه‌ئاراوه‌ی ئیقدامی ''ناباو''ه، ئه‌وه من پێم خۆشه وه‌ک وه‌ڵام ئایرۆنییانه بڵێم که به‌ڵێ ئه‌و ڕێکخراوانه هه‌نگاوی گه‌وره‌یان به ئاراسته‌ی ڕهچهشکاندندا ناوه و ئیقدامی زۆر ناباویان لێوه سه‌رهه‌ڵده‌دات. من پێموایه ئه‌و ڕێکخراوانه گه‌وره‌ترین ڕهچهیهک شکاندبێتیان ئه‌وه‌یه که به‌ناوی کارکردن بۆ خستنه‌سه‌رپێی بزوتنه‌وه‌ی ژنان، کاری کارا بۆ ئیفلیجکردن و زه‌لیلکردنی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه له به‌رده‌ستی حیزبه‌کانیاندا ده‌که‌ن. ئه‌وان حیزب دهورودوکانێکی بۆ داناون و ئیتر له‌وێدا کاری ئه‌سڵیی هه‌ر کارکردنه بۆ خزمه‌تی حیزب نه‌ک کارێک له‌سه‌ر ژێرده‌سته‌یی ژنان. به‌لای منه‌وه ئه‌وه ڕهچهشکێنییه که سکرتێری پێشووی ڕێکخراوی ئافره‌تان به‌رنامه‌ی ڕێکخراوه‌که‌ی نه‌خوێندبووه‌وه کاتێک سه‌رکردایه‌تیی حیزب کردی به سکرتێری ئه‌و ڕێکخراوه‌یه. ئه‌وه‌ش ڕهچهشکێنییه که خۆی دێت و بێ منه‌ت و بێ ترس له ڕه‌خنه، ئه‌م شته له ڕۆژنامه‌وه باس ده‌کات.
هه‌رچی ژنانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ڕێکخراوانهشه ئه‌وا من هه‌ر دیسانه‌وه پێموایه که ژنی ڕهچهشکێنمان نییه، زۆر به ساده‌یی چونکه بزوتنه‌وه‌ی ژنان خۆی تا ئێستا ڕه‌چه‌یه‌کی نه‌شکاندووه تا بڵێن ئه‌وه کێ کردی و کێ شکاندی.
دیاره من ئه‌مه به داخ و حه‌سره‌تێکه‌وه ئه‌ڵێم، به‌ڵام واقیعه‌ت ئه‌وه‌یه که کارکردن بۆ یه‌کسانیی ژن و پیاو له کوردستاندا به خاوییه‌کی شه‌رمه‌زارکه‌ره‌وه ده‌چێته پێشه‌وه. سه‌یرکه ساڵانێک و ساڵانێکه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌سه‌ڵاتداران و ژنانی ناو ڕێکخراوه‌کانیان هه‌ر ده‌یهێنن و ده‌یبه‌ن و ئێستاش نه‌یانتوانی یاسایه‌ک بۆ قه‌ده‌غه‌کردنی خه‌ته‌نه‌ی کچان بڕیار له‌سه‌ر بده‌ن.
من پێموایه ده‌سه‌ڵات و ئینجاش هه‌موو دهستوپێکانی ده‌سه‌لات ساڵانێکه به‌و بێدهستیی و خاوهخاوهیان جه‌ریمه‌ی گه‌وره‌یان ده‌رحه‌ق به ژیانی ملیۆنان کچ و ژنی کوردستان کردووه. لای ئێمه تا ئێستاش نه‌توانرا باخچه‌ی ساوایان بکرێته ده‌زگایه‌ک که وجودێکی به‌رچاوی له کۆمه‌ڵگادا هه‌بێت تا بڕێک ده‌ستی ژنان ئاوه‌ڵا بکات بۆ ده‌رچوون بۆ ناو کۆمه‌ڵگا و بۆ کارکردن، که‌چی ده‌چن به‌بێ پرسی هیچ که‌سێک ملیۆنان دۆلار له دوو فیلمی چه‌ند سهعاتییدا سه‌رف ده‌که‌ن که بۆ هه‌ڵنان و به‌ئه‌فسانه‌کردنی دامه‌زرێنه‌رانی حیزبه‌کانیان ده‌ریان ده‌هێنن.
من چه‌نان جاری تر لێره و له‌وێ وتوومه که ئه‌م خاوه‌خاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان له چاککردنی وه‌زعی ژێرده‌سته‌یی ژناندا کارێکی کوشنده‌یه که قابیلی قبوڵ نییه. من پێموایه کوردستان ده‌توانێت له‌ناوچه‌که‌دا ڕه‌چه‌شکێن بێت و ئێستا زه‌مینه له‌باره ڕیفۆرمی وا پڕ مانا له ژیانی ژناندا ڕاگه‌یه‌نێت که له هه‌موو ناوچه‌که‌دا ببێته جێگه‌ی شانازیی بۆی و ساڵانێکی تر ئه‌مه‌ی بۆ ببێته مێژوویه‌ک. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من ته‌واو بێتاقه‌ت ده‌کات ساردوسڕیی و خه‌مساردیی ده‌سه‌ڵاتداران و ئینجاش ژنانی ناو بزوتنه‌وه‌ی ژنانه له‌ئاست ئه‌و خاوهخاوهدا.
کێشه‌ی گه‌وره ئه‌وه‌یه که له‌پاڵ ئه‌م خاوهخاوهوه، له کۆمه‌ڵگادا ڕۆژانه دژ به ژنان جه‌ریمه‌ی گه‌وره ده‌گوزه‌رێت. ڕۆژانه کچان به‌زۆر ده‌درێن به شوو .. ڕۆژانه له خوێندن ده‌رده‌کرێن .. هه‌زارانیان به مناڵیی ده‌درێن به شوو و هه‌زارانیش به‌ده‌ست قهیرهییهوه ژیانیان گرێی خواردووه .. هه‌زارانیان خه‌ته‌نه ده‌کرێن .. ملیۆنانیان لێده‌درێن و له‌ژێر ئیهانه‌ی به‌رده‌وامدان .. له‌ناو خێزاندا له‌سه‌ر ده‌ستی باوک و براکانیان ژیانیکی وا تاڵیان بۆ دروستکراوه که جگه له‌خۆکوشتن مه‌نفه‌زێکی تریان بۆ نه‌هێڵراوه‌ته‌وه .. هه‌زارانیان ڕۆژانه تهحهڕوشیان پێ ده‌کرێت .. هه‌موو ئه‌مانه ده‌گوزرێن و که‌چی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێکیان ته‌واو کردبێت، به‌ده‌م باویشک و جارجار سهرخهوشکاندنهوه خه‌ریکی موناقه‌شه‌ی ئه‌وه‌ن که ئایا میلله‌ت جگه‌ره بکێشێت باشه یان نا.
زنار: ئێمه به کۆی پێکهاته سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و فره‌ڕه‌هه‌نده‌کانی تره‌وه درێژکراوه‌ی دابونه‌ریت و کولتورێکی وه‌ستاوین. باوه‌ڕ ناکه‌ی هه‌موومان قوربانیی ئه‌و باره نه‌گۆڕه بین؟ که‌وابێ ده‌بێ له کوێوه ده‌ست پێبکه‌ین؟
ڕۆزا حسێن: سوپاس بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌واژه‌ی ''کولتورێکی وه‌ستاو''ت هێنا. به‌ڵێ کولتوری ئێمه ئه‌وه‌نده له گۆڕان ده‌ترسێ و ترس و تۆقیویی له ڕیفۆرم وا گۆجی کردووه له شوێنی خۆیدا، که بێ دوودڵیی ئه‌توانین ناتۆره‌ی ''کولتورێکی وه‌ستاو''ی لی بنێین. ئه‌وه‌شی که هه‌موومان قوربانیی ده‌ستی ئه‌و باره نه‌گۆڕه بین، به‌ڵێ و ئه‌مه له ''به‌ڵێ''یه‌کیش زیاتر هیچ وه‌ڵامێکی تر هه‌ڵناگرێت. ئه‌وه‌شی له‌کوێوه ده‌ست پێبکه‌ین، من ڕام وایه که خاڵی ده‌ستپێکردنی ئه‌سڵیی ئه‌وه‌یه که ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانین که کولتور دیارده‌یه‌کی وه‌ستاو و قاڵبگرتوو نییه و ده‌گۆڕێت و مومکینه بگۆڕدرێت و مومکینیشه زۆر به خێرایی گۆڕانی گه‌وره و دراماتیکیی تیا بکه‌یت. به‌ڕای من له‌پاڵ زانینی ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌وه کۆمه‌ڵگای ئێمه ته‌نها و ته‌نها پیویستی به یه‌ک شتی تر ده‌بێت که ئه‌ویش یه‌ک که‌مێک جورئه‌تی گۆڕانگارییکردنه.
زنار: دواپرسیار . . تۆ وه‌ک کچه‌کوردێک، ببووره گه‌ر بپرسم، تا چه‌ند له ئافره‌تبوونی خۆتان ڕازی یان په‌شیمانیت؟
ڕۆزا حسێن: ئازیز ئه‌و پرسیاره داوای لێبوردن و حهزهرکردنی ناوێت چونکه من قه‌ت په‌شیمان یان بێتاقه‌ت نیم له‌وه‌ی که کچم، به‌ڵام توڕه‌م له‌وه‌ی که من و ملیۆنانی تر به هۆی ئه‌وه‌وه‌ی که سه‌ر به ڕه‌گه‌زی مێیینهین، وه‌ک ئینسانێک کۆمه‌ڵگا هێرشی گه‌وره‌ی کردۆته سه‌ر مافه‌کانمان و ده‌یه‌وێت کۆیله‌یه‌ک بین که بۆ خۆشکردنی دنیای ره‌گه‌زه‌که‌ی تر خوڵقابین.
بۆیه ته‌ره‌فێک هه‌بێت که ده‌بێت له‌م نێوه‌نده‌دا په‌شیمانیی بکێشێت من و کچانی تر نین به‌ڵکو ئه‌وه کۆمه‌ڵگای پاتریرکی کوردییه که ده‌بێت په‌نجه‌ی خۆی بگه‌زێت له‌و هه‌موو زیاده‌ڕۆییه‌ی کردی و ده‌یکاته سه‌ر که‌رامه‌تی ئینسانیی ئێمه. وه ئه‌گه‌ریش کۆمه‌ڵگای ئێمه تا ئیستا نازانێت چی جه‌ریمه‌یه‌کی گه‌وره ده‌کات و ئاماده نییه په‌شیمانیی و پاشگه‌زبوونه‌وه پیشان بدات، ئه‌وا گرنگه کار بۆ هێنانی ڕۆژێک بکه‌ین که کۆمه‌ڵگای پاتریرکیی کوردیی ئێستامان په‌شیمان بکه‌ینه‌وه له‌وه‌ی که ڕۆژێک له ڕۆژان پیاو بوو.
نه‌رویج – کانوونی یه‌که‌می ٢٠٠٧
* * *