ژانی سۆران یا ژانی ده‌نگدان؟
ڕۆژی 22 ی 7 ی 2008 له فێڵێکی په‌رله‌مانیی پێشئامادهکراودا په‌رله‌مانی عێراق بێ به‌شداریی ئهندامهکورده کان، له‌سه‌ر ههلبژار دن له شاری که‌رکوک له دژی مافه ده‌ستوریه‌کانی کورد ده‌نگیداو ئه‌مه بوبه مایه‌ی نیگه‌رانیی سه‌رجاده‌ی کوردی و پرۆتێستی په‌رله‌مان و حوکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان. له شه‌وی 21ی 7 ی 2008 دا سۆرانی مامه حه‌مه‌ی 21 ساڵ ته‌مه‌ن ی ڕۆژنامه‌نوسی ئازا و ئازاد و سه ربهخۆ له لایه‌ن چهندچهکدارێکی کوردزمانی هێشتانهناسراوهوه له‌به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی خۆیدا به ده‌سڕێژی گولله شه‌لالی خوێن ده‌کرێت و ده‌سبه‌جێ ده‌مرێت. ده‌نگدانه‌که‌ی هێزه دژه‌کانی کورد له په‌رله‌مانی عێراقدا ڕوداوێکی هیچ ئێشدار و سه‌یر نییه‌و ئێمه‌ی کورد ده‌بێت گه‌لێک له ئێستا زیادتر وریا و هۆشیارتربین و خۆمان بۆ سه‌دان شه‌ڕی دیبلۆماسی و په‌رله‌مانی و ئیعلامی و سیاسی و بگره، کێ ده‌زانێت؟ شه‌ڕی چه‌کداریش، له ئاینده‌دا، ئاماده بکه‌ین، کورد دۆست و لایه‌نگر و بێلایه‌ن و نه‌یار و دژ و دوژمن و دوژمنی سوێندخۆر ی هه‌یه‌و له گه‌ڵ هه ریه‌که له‌مانه‌دا ده‌بێت ژیر و عاقڵانه‌و دوور له سۆز و هه‌ڵچون، به‌پێی کات و شوێن له پرۆسه‌یه‌کی هه‌میشه له‌گۆڕاندا هه‌ڵسوکه‌وت و دانوستانی له‌گه‌ڵ بکات. بۆیه نابێت بهێڵین ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕاسته‌قینه‌ی ناو که‌رکوک و لێپرسراوانی ڕاسته‌قینه‌ی ئاسایش و پۆلیسی ناو که‌رکوک و به‌مه‌ش لێپرسراوانی ڕاسته‌قینه‌ی کوژرانی سۆران ڕوداوه‌که‌ی په‌رله‌مانی عێراق له ڕێی جوڵانی سۆز و هه‌ژانی عاتیفه‌وه و بۆ له‌بیرکردنی کوژرانی سۆران به‌کار بێنن و له به‌رنامه‌ی کاری ڕۆژ ده‌ریبێنن و بهسهرمانداتێپهڕینن. هۆکانی هه‌ڵچونی شه‌پۆلی ( تسونامی) ئاسای ئێش و ئازار و نیگه‌رانی و بێزاری و توڕه‌یی ئازادیخوازانی کوردوستان له سه‌ر شه هیدکردنی سۆران هێنده زۆر و ڕه‌نگاو ڕه‌نگن که له تخوبی ته نگی ئه‌م نوسینه‌ی مندا جێیان نابێته‌وه و بۆیه من به کورتی و کرمانجی ڕای خۆم له‌سه‌ریان ده‌رده‌بڕم. بکوژه ترسنۆکه‌کانی سۆرانی بێ‌دیفاع له هه‌ر گه‌ل و نهتهوهیهکبن، نێرهرهکانیان، فهرمانپێدهرهکانیان، بکوژه ڕاسته‌قینه‌کانیان کوردی ده‌سه‌ڵاتدارن، ئه‌وانه‌ن که خۆیان به ده‌مڕاست و پێشڕه‌و و پارێزه‌ری کورد ده‌زانن. سۆران و سۆران ئاساکان به‌وه تاوانبارده‌که‌ن گوایه (هێڵی سوور) یان تێپه‌ڕاندوه و ده‌مدرێژی ده‌که‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانیکانی نه‌ته‌وه و (ئه‌منی قه‌ومیی) کورد ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، ئایا(ئه‌منی قه‌ومی ) و (هێڵی سور) تێپه‌ڕاندان ئه‌وه یه‌که سۆران له دیدارێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا(سۆزانیه‌كان كه‌ركوك داگیرده‌كه‌ن ) قسه‌ی ژنێکی له‌شفرۆش و ده‌ڵالی له‌شفرۆشی له که‌رکوک ده‌گێڕیته‌وه که ده‌ڵیت ئه‌فسه‌ره‌کان و گه‌وره‌لێپرسراوانی پۆلیس و ئاسایشی که‌رکوک خۆیان کڕیاری کارا و به جۆش و خرۆشی له‌شفرۆشین و ئاگادار و به‌رپرسیاری بڵاوبونه‌وه‌ی (کۆلێرا) ئاسای دیارده‌ی له‌شفرۆشین له که‌رکوک؟ یان ئایا سۆران کفری کردوه که بابه‌تێکی له ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی) دا له سه‌ر ده‌رنه‌که‌وتنی ژنانی بارزانی له ناو مێدیاکان( ڕۆژنامه، ته‌له‌فیزۆن، هتد…) بڵاوکردۆته‌وه؟ سۆرانی جوانه‌مه‌رگ ناتوانن وه‌ک شێخ ستار بیکه‌ن به کۆنه به‌عسی و خوێنی حه‌ڵال بکه‌ن!کوشتنی سۆران لێدانی زه‌نگی ترسناکی کوشتنی هه‌ر ئینسانێکی رۆشنبیر و ئازادیخواز و خاوه‌ن هه‌ڵوێسته له کوردوستانا، لێدانی زه‌نگی ترساندن و تۆقاندنی هه‌مو ئه و ئینسانانه‌یه ڕه‌خنه‌ی ڕاست و ڕه‌وا له کار و کارنه‌مه ی ده‌سه‌ڵاتدارنی ڕاسته‌قینه‌ی پشتی په‌رده‌ی هه‌رێمی کوردوستان ده‌گرن. بکوژانی ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین له کوردوستانا ده‌یانه‌وێت ئازادبیران وابتۆقێنن که خۆیان بۆ خۆیان ببنه سانسۆر و بنچاوکهر و له غاو بکه‌نه ده‌می خۆیان و کابوس بخه‌نه سه‌ر مێشکی خۆیان! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌یان بۆ لوا ، ئیتر ده‌بێت خه‌ونی دیموکراتی و مافی مرۆڤ ومیدیای ئازاد زینده‌به‌چاڵ بکه‌ین. ئاخر له کام وڵات‌دا دیموکراتی و مافی مرۆڤ بونی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه به بێ بونی ته‌واو و ڕاسته‌قینه‌ی ڕاگه‌یاندن و میدیای ئازاد؟ (غاندی) و (هۆشیمین) و (ماندێلا) و (گیڤارا) و … ئه‌گه‌ر وێنه و بیر و ئایدیاکانیان له ڕێی میدیای ئازاده‌وه بڵاونهکرابانهوه، کێ ده‌یانناسین؟ ئه‌گه‌ر دیمه‌نه تۆقێنه‌ر و هه‌ژێنه‌ره‌کانی کوشتارگاکانی شه‌ڕی ئه‌مریکا له ڤێتنام، له مه‌ڕ ئه‌وان فۆتۆگراف و کامێرامان و ڕۆژنامه‌نوسان و په‌یامنێرانی به‌جه‌رگ و تینوی ڕاستی و دادپه‌روه‌ری یه‌وه بۆ ئێمه‌ی خوێنه‌ر و بینه‌ر و بیسه‌ر ئاماده نه‌کرابان، ڕاستییه تاڵ و موچڕک بهدڵهێنهکانمان چۆن بزانیایه؟ هه‌ر ئه‌و ڕێپۆرتاژ و وێنانه نه‌بو که ڕای گشتیی ناو ئه‌مریکای وا له بنه‌وه ڕاته‌کاند که چیدی شه‌ڕه‌نگێزانی ناو توێژی فه‌رمانڕه‌وای ئه‌مریکی نه‌یتوانی چه‌ندین ساڵی تر درێژه به‌و شه‌ڕه نه‌گریسه بدات؟ ئاخر به‌شێکی سه‌ره‌کیی خودی په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی و حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستان به‌رهه‌می میدیای ئازاد و ئازا نین؟ ئه‌گه‌ر وێنه غه‌مبار و کاره‌ساتاویه‌کانی (کۆڕه‌و ی ملوێنی به‌هاری1991) و دیدار‌و ڕێپۆرتاجهکانی له گه‌ڵ خه‌ڵکی سته‌مدیده‌ی ڕاکردو ده‌کران، نه‌بوایه کێ به‌و تراجیدیایه‌ی ده‌زانی؟ وێنه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه برسیی لهقوڕاچهقیو و له‌سه‌رما لهرزیوهتان له‌بیر چو که هه‌ر به ئاسمانه‌وه به‌تانی و خۆراکی له ته‌یاره خراوهخوارهوهی ده‌گرته‌وه؟ من دڵنیام که بڕیاری 688 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و عه‌مه‌لیاتی(provide comfort ) که له ئه‌نجامی کۆتاییدا زه‌مینه‌ی هێنانه‌دیی حوکومه‌تی هه‌رێمی کوردوستانی خۆشکرد و فه‌راهه‌مکرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنه‌و ڕاپۆرت و ڕێپۆرتاجانه نه‌بوایه که ڕۆژنامه‌نوسان و په‌یامنێران و وێنه‌گران و کامێرامانانی ئازاد و به‌جه‌رگ و ڕاستیخواز و حهزلهزانیی به‌تایبه‌تی ئه‌وروپی و ئه‌مریکی ئاماده‌یانکرد و بۆ ڕای جیهانی بڵاویانکرده‌وه، نه‌ده‌هاته‌دی. به‌ڕاستی حه‌قی بوو ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له هه‌مو ده‌سه‌ڵاتدارانی تری ئه‌م دونیایه زیاتر لایه‌نگر و سوپاسگوزار و دڵسۆز و به‌وه‌فای خه‌ڵکی ئازادیخوازی خۆیان و میدیای ئازاد بن چونکه ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 ی خه‌ڵکی کوردوستان و میدیای ئازاد نه‌بونایه، له‌مێژبو له تاریکی و سێبه‌ر و سه‌رمای له‌بیرچون و فه‌رامۆشیدا سه‌ریان نابۆوه!
ئاخر( موقه‌ده‌س) و( پیرۆز) و (حه‌قیقه‌ت) چین، که ڕۆژنامه‌وانانی گه‌نجی ئازاد و چاونه‌ترسی وه‌ک شه‌هید سۆران برینداری ده‌که‌ن و ده‌یڕوشێنن و له تۆڵه‌دا ده‌بێت بکوژرێن؟ ئه‌م چه‌مکانه كام و چی واتایه‌کیان هه‌یه؟ ئه‌وه ئینسانه که به‌هاو قیمه‌ت ده‌دات به شت و حه‌یوان و ئینسانه‌کان، یانیش هه‌ر هیچ به‌هایه‌کیان ناداتێ! لای تۆ ڕابه‌رێکی سیاسی یا ئاینی قورسایی خودای هه‌یه، لای پیرێژنێکی یا پیره‌مێردێکی لانه‌وازی بێکه‌سی داماوی ته‌نیای وێڵکراو که ته‌نیا سهگهبهوهفاکهی هاوڕێیه‌تی و جێی ناهیڵێت،ئه‌و سه‌گه ناگۆڕێته‌وه به ڕابه‌ره سیاسیه یا دینیه‌که‌ی تۆ! من چه‌ندین نه‌خۆشی دوچاری خه‌مۆکی Depression ی ئه‌ڵمانیم هه‌بووه که ته‌نیا له به‌ر خاتری سه‌گه‌که‌ی یا ئه‌سپه‌که‌ی خۆی نه‌کوشتوه،بۆ ئه‌وه‌ی سه‌گه‌که‌ی یان ئه سپه‌که‌ی ته‌نیا نه‌که‌وێت، ئه‌وانه نه‌ک هه‌ر شێت نه‌بون به‌ڵکو هه‌ر گه‌لێکیش ڕۆشنبیر و ده‌ستڕه‌نگین بوون! ئه‌دیبی ناوداری ڕوس (دێستۆفسکی) ده‌ڵێت ( ئه‌گه‌ر بۆ گه‌یشتن به به‌خته‌وه‌ری هه‌مو مرۆڤایه‌تی فرمێسکی یه‌ک منداڵ پێویست بێت من ئه‌و بهختهوهرییهم ناوێت).
بێگومان له ئاستی گه‌ل و نه‌ته‌وه هیوا و ئامانج و مه‌به‌ستی باڵا و به‌رز هه‌ن که هه‌رگیز نابێت نه‌ک هه‌ر برینداربکرێن، به ڵکو ناشبێت بڕوشێنرێن،وه‌ک ته‌بایی و برایه‌تیی ناو کورد خۆی، عهدالتی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری، هتد… هه‌ندێک هێڵی سوریش هه‌ن که هه‌رگیز نابێت تێبپه‌ڕێنرێن وه‌ک ده‌ست تێکه‌ڵکردن له گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردوستان، به‌ڵام سۆرانی چاوگه‌شی جوانه‌مه‌رگی شه‌هید کام هیوا و ئارمانجی باڵا و موقه‌ده‌سی نه‌ته‌وه‌ی کوردی ڕوشان؟ له کام شه‌ڕی کورد به کورد به‌کوشتدان مه‌قاله‌ی ئاگرینی بۆ لایه‌ک له دژی لاکه‌ی تر نوسی؟ یا وه‌ک چه‌کدار به‌شداریی تیاکرد؟ کام هێڵی سوری تێپه‌ڕان به ده‌ست تێکهكهڵکردن له‌گه‌ڵ کام داگیرکه‌ری کوردوستان؟ ده‌ستی کام داگیرکه‌ری گرت و هێنایه ناو دڵی سه‌دجار به‌ده‌ستی هه‌مان داگیرکه‌ر بریندار و تا ناخی ناخ پێشێلکراو؟ نانی ده‌می کام برسیی دزی؟ زوڵم و ده‌سدرێژیی له کام بێده‌سه‌ڵات و چه‌وساوه کرد؟
من 4 پێشنیازده‌که‌م:
1. ده‌موده‌س پاش خۆپیشاندان له دژی ده‌نگدانه‌که‌ی په‌رله‌مانی عێراق ، له هه‌مو شاره‌کانی کوردوستانا، که‌رکوک له پێشی پێشه‌وه خۆپیشاندانی هێمن و ئاشتیخواز بکرێت وه‌ک ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر شه‌هیدکردنی سۆرانی مامه حه‌مه و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له و چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا له ڕۆژنامه‌نوسانی تری کوردوستان کراوه ، دروشمی سه‌ره‌کیی خۆپیشانداران ئه‌وه‌بێت که سه‌رۆک بارزانی و سه‌رۆک تاڵه‌بانی هه‌ردوکیان پێکه‌وه به شه‌خسی مه‌سه‌له‌ی دۆزینه‌وه‌ی بکوژانی سۆران و پاراستنی گیانی کارگه‌رانی ڕاگه‌یاندان و میدیا بخه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان.
2. په‌یکه‌رێک بۆ شه‌هید سۆران له که‌رکوک دابنرێت.
3. په‌رله‌مانی کوردوستان دانیشتنێکی کراوه‌ی تایبه‌تی به بۆنه‌ی شه‌هیدکردنی سۆران‌و ئه‌و گه‌ڤ و هه‌ڕه‌شانه‌ی له رۆژنامه‌نوسان ده‌کرێت سازبکات.
4. ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو پارتی و یه‌کێتی بکه‌ونه دایه‌لۆگێکی جیدی و ڕاسته‌قینه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسانی سه‌ربه‌خۆ و ناحیزبی و بێلایه‌ن.
د.هه‌ژار مه‌عروف ــ ئه‌ڵمانیا، 27.07.2008