Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
هیچ هەڵبژاردنێك لەهیچ شوێنێكی عێراقدا ڕەسمیەتی نییە،….

هیچ هەڵبژاردنێك لەهیچ شوێنێكی عێراقدا ڕەسمیەتی نییە،….

Closed
by August 1, 2008 گشتی

 هیچ هەڵبژاردنێك لەهیچ شوێنێكی عێراقدا ڕەسمیەتی نییە، ئەوەی 22-7 لە پەرلەمانی!! عێراق ڕوویدا، ڕووداوێكی ئاساییە
 
عبداللە مەحمود

 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 ڕۆژی 22 تەموزی مانگی ڕابردوو، دوای ئەوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان وەكو كاردانەوەیەك بەدژی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان هۆڵی پەرلەمانی عێراقیان جێهێشت. ئەنجومەنی نیشتمانی! عێراق، بەبێ ئامادەبوونی لیستی هاوپەیمانی كوردستان، پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی لە پەرلەمان پەسەند كرد.
 بەدوای پەسەندكردنی ئەم  پرۆژە یاسایەدا، تەنگژەیەكی تر لە نێوان هەولێرو بەغدا هاتە ئاراوە كە تا ئێستا درێژەی هەیە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان، لەبەرامبەر بەو تەنگژەیەدا ڕایانگەیاند كە ئەمە مەترسی لەسەر پرسی عێراق دروستدەكات، كورد پێویستە چاو بەهاوپەیمانیەتیەكانیدا بخشێنێتەوە، ئەمە فێڵ و كودەتای لایەنەكانی عێراقیی یە لە هاوپەیمانیەتی كوردستان، ڕێزنەگرتنی تەوافقی پێشوەختی سیاسی یە، …تاد. وە هاوكات یەكێتی و پارتی وەكو لایەنی سەرەكی لیستی هاوپەیمانی كوردستان، مەسەلەی هەڵخڕاندی خەڵكی كوردستانیان بەدژی تەنگژەی نێوان خۆیان و لایەنەكانی ناو پەرلەمانی عێراقی و بەدژی بەشێك لەدۆستە بێ وەفاكانیان، هەڵخراند. لە مەلاو ووتاربێژی مزگەوتەكانەوە تا سازكردنی ڕێپێوان و خۆپیشاندان لە شارەكانی كوردستان، هاوكات گەمەیەكی دیبلۆماسیش لەگەڵی دەستی پێكرد. پاشان سەرۆك كۆماری عێراق ناڕەزایەتی دەربڕی و سەرئەنجامیش مافی ڤیتۆی بەكارهێناو پرۆژە یاساكەی گێڕایەوە پەرلەمان  و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەرەو بەغدا كەوتە ڕێ، تا لایەنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و دۆستە بێوەفاكانیان لە هێلە سورەكانی!! هاوپەیمانیەتی كوردستان بە ئاگابهێنێتەوە.
 لەو كاتەوەی ڕژێمی بەعس لەدەسەڵات خراوەو دەسەڵاتی بزوتنەوەی قەومی كورد، بێگوێدانە ئیرادەو بڕیاری خەڵكی كوردستان، و تەنها لە پێناو ئامانجە قەدیمیەكانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتی مەركەزیدا، بەمەبەستی بەشداربوون لە دەسەڵاتدارتیدا، تا ئێستا لەهەوڵی ئەوەدان كوردستان بە عێراقی ئیسلامی- عروبیەوە بلكێنەوە. ئەمەش بەبەزاندنی هیڵی سوری خەڵك نازانن. بەڵام كێشەی ناو باڵەكانی خۆیان كە بەحەق یەك خیزانن، بە تەنگژەو ڕێزنەگرتنی یەكتریش بە پەیمان و وادەكانیان و بە پیلان لەدژی یەكتری تەماشا دەكەن.
 بزوتنەوەی قەومی كورد تائێستا درێژەدان بەدەسەڵاتدارێتی خۆی لە كوردستاندا تەنها بەوە گرێداوە كە لەگەڵ مەركەز بمێنێتەوەو یەكپارچەیی خاكی عێراق بپارێزێت و سەروەری نیشتمانی بەشێك لە نیشتمانی عەرەب و عیراقی عەرەبی بكاتە چەترێك بۆ هەمووان!! ئەمە لەكاتێكدایە كە دەوڵەت بە ناوەرۆكی قەومیەوە و بەم سیستەمە سیاسییەوە كە ئێستا هەوڵی بۆدەدرێت ڕەسمیەت پەیدا بكات، كت ومت و لە ڕژێمی پێشووی بەعس كۆنەپەرست ترو دیكتاتۆرتر و دڕندەتر دەبێت. بە تایبەتیش كە لەهەموو كەس ئاشكرایە كە حكومەتی ئێستای عێراق  لە جێگای هاوڵاتی بوون مەبناكەی قەومچێتی و مەزهەبی و تائیفییە، وكەچی یەكێتی و پارتی ئەوەی بۆیان گرنگ نییە، پێكهاتەی دەوڵەتی عێراقە. سیستەمی سیاسییەكەیەتی. ئایندەی خەڵكەكەیەتی، وە لەوەش واواتر درێژەدانە بەو گەمەیە.
 ئەوەی لە ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق ڕوویدا ئاساییترین حاڵەتی پێكهاتەیەكی حكومەت و سیستەمی سیاسی، ئێستای عیراقە.
 لەوڵاتێكدا كە لەجێگای سیستەمێكی پشت بەستو بە ئیرادەی خەڵك، سیستەمێكی داسەپاو. لە جێگای هاوڵاتی بوون، قەوم و تیرەو تایفەو مەزهەب. لە جێگای یاساو دەستوور، تەوافوقی سیاسی. لەجێگای سەربەخۆیی، داگیركراو و بانگەشە بۆ داگیركراوی هێشتنەوە. لەجێگای سەربەخۆی سیاسی، ئیرادەی ئیقلمی كێشەكان بڕیار لێبدات. ئاساییترین حاڵەت ئەوەیە، هەموو ئەم لایەنانە لە پێناو بەرژەوەندی تیرەو تایفەو مەزهەب و قەوم و….. پاشقول لەیەك بگرن، و ڕێز لە هیچ تەوافقێكی سیاسی پێشوەختی یەكتریش نەگرن. ئەمە نەك حاڵەتێكی ناوازە نییە، بەڵكو نەبوونی ئەم حاڵەتە ئەبێتە شتێكی ناوازە. تەجروبەی تازەش بۆ ڕاست و دروستی ئەمە عێراقی دوای بەعسە.
 پرۆژەی یاسای هەڵبژاردنی پاریزگاكان، یان یاسای هەڵبژاردن لە عێراقدا نەك بوونی نییە، بەڵكە ئەم پێكهاتەی ئێستای حكومەتی عێراق، یەك هێزو لایەنی سیاسی تیا نییە، بڕوای بە پوچترین نەوعی دیموكراسی بێت، بڕوای بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بێت، بڕوای بە قبوڵكردنی نەتیجەی دەنگدان بێت، بڕوای بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی كاراو سەربەخۆ بێت، بڕوای بە ئازادی سیاسی و مافی هاوڵاتی بوون بێت، دیارە بەبێ ئەمانەش باسی یاسا و هەڵبژاردن و پێكهاتە یاسایەكانی تری وەكو پەرلەمان و دەستور…. لە كارتۆن و درۆی شاخدار زیاتر هیچیتر نین. ئەوانەی فرمێسك بۆ دەستور هەڵدەڕێژن، باسی هەڵبژاردن و یاساو… دەكەن، جگە لەوەی خۆیان هوشیارانە ملیان بەگەمەی كۆنەپەرستی داوە، هاوكات ئامانجیان خۆڵكرنە چاوی خەڵكی و شێواندنی ڕای گشتییە. شەڕێكە لەگەڵ خەڵك كە لە ڕێگای شەڕو كێشەمەكێشی نێوان خۆیانەوە لە دژی خەڵكی دەستیان داوەتی.
 باسی كەركوك دواخستنی هەڵبژاردنەكەی، ئەم چەقۆ تیژە هەزارسەرەیە كە ئاراستەی گەردنی دیموكراسی" بەمانا بورژوای و باوەكە" ی ئیرادەی ئازادانەی خەڵكی كەركوك دەكرێت.
 كەركوك كە دەسەڵاتی ملیشیایی بەرێوەی دەبات، كە بەزۆری چەك جغرافیا و نەخشەی دەسەڵاتدارێتی ناوی دابەشكراوە، و شوێنێكە وەكو كەلاوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و خەڵكەكەی جگە لە موسیبەتەكانی چەندین دەهەی بەعس چەند ساڵكێیشە بەدەست بەعسیە ناشیەكانەوە، ئەنجن ئەنجن دەكرێت. بەگژیەكدا دەكرێن، هەوڵی بە عەرەبكردن و بە كوردكردن و بە تەكریت كردن و…. دانیشتوانەكەی هەموو هەوڵێكی بەنەخشەی بۆ خراوەتە گەر. بە ملیۆنان دۆلار كە بۆی تەرخان ئەكرێت هەڵئەلوشرێت. بە ڕۆژی ڕوناك مامۆستای زانكۆو نووسەرو ڕۆژنامەنووس لەژێرسایەی دەسەڵاتی كوردی  گوللەباران دەكرێن. ئاسەوارێك لەكەمترین خزمەتگوزاری نییە. كەچی باسی هەڵبژاردن و مادەی 140 …. دەیان شتی تر لەوبابەتە دەكەنە خوراكی سیاسی.
 لە ئێستادا هیچ هەڵبژاردنێك لەوانەش یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان لەهیچ شوێنێكی عێراقدا ڕەسمەتی نییە، ئەگەر دەیان جاریش بكرێت درۆیەكی دیموكراسی ئیسلام و قەمگەراو تایفەچیەكانی كرێگرتەی ئەمریكایە. لە هیچ ووڵاتێكدا كە داگیركراو بێت، هەمیشە باری نائاسایی تیایدا بگوزەرێت، چەكی میلیشیاكان بەسەر سەری خەڵكەوە ڕاگیرابێت، باسی هەڵبژارادن لە گەمەیەكی گەوجانە زیاتر شتێكی نییە، ئەگەر ئەمە بۆ هەموو عێراق دروست بێت، ئەمە بۆ كەركوك كە جگە لە ناسیونالیزمی كوردو عەرەب و تورك، دەستەو تاقمی سەدرو وەهابی و كۆنەبەعسی… دەستێوەردانی توركیاو باگراوەندێك كەهەیەتی سەد بەرابەر دروسترە.
 ئەم هەراو هۆریایەی كە یەكێتی و پارتی و حزب و لایەنە مۆڵەتپێدراوەكانی خۆیان وەڕێیان خستووە، بە ئەندازەی تاڵەدەزوویەك پەیوەندی بە خەڵكی كوردستانەوە نییە، و خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی كەركوك بەتایبەتی ئەو كاتە ڕزگاریان دەبێت و هەناسەو ئۆخەیەكی پوخت هەڵئەكێشن، كەلە داگیركاری رزگاری بیت، دەسەڵاتی میلیشیایی ئەحزابی چەكدار كۆتایی پێبێت و دەسەڵاتی پشتبەستوو بەئیرادەی خەڵكەكەی بێگوێدانە ئینتیمای قەوم و دینی و تایفی حزبی، دابمەزرێت.
 جیابوونەوەی كوردستان لە عێراق و پێكهێنانی وڵاتێكی غەیرە قەومی و غەیرە دینی و ئەو هەنگاوە كارسازو عەمەلیەیە كە كۆتایی بە كێشەی حقوقی وسیاسی خەڵكی كوردستان دەهێنێت. كەركوكیش بە خزمەتگوزاری و باشكردنی ژیانی خەڵكەكەیی دابینكردنی ماف و ئازادییەكانە، كە دانیشتوانەی لە ڕیفراندۆمێكدا بڕیار ئەدەن بگەڕێنەوە سەر كام لەو دووجغرافیایە، كوردستان یان عیراق. ئەگەر لایەن و حزب و بزووتنەوەیەك دەیەوێ خزمەتی كەركوك بكات، كەركوك هەموو شتیكی پێویستە، ئاساییكردنەوە، خزمەتگوزاری، ئازادی، ژیان، نان، ئاوەدانكردنەوە، بەیەكەوە ژیانی ئارەزوومەندانە، قەرەبووكردنەوە، دورخستنەوەی چەك و میلیشا لەسەری، ئەوەی زامنی ئەمانەی بۆبكات، خەڵك چەپڵە بۆ ئەو لایەنە لێئەدات. لەهەر  هەڵبژاردنێكی ئازادیشدا ئەو لایەنە ئەیباتەوە كە ئاڵاهەلگری بەكردەوەی ئەم پێداویستیانە بووە. ئێمە خۆمان بە ئاڵاهەڵگری هەموو ئەم خواستانە ئەزانین. 
 
    

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.