Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
كەركوك بەو كاراكتەرانەی بەغدا نابرێتەوە؟!

كەركوك بەو كاراكتەرانەی بەغدا نابرێتەوە؟!

Closed
by August 3, 2008 گشتی

  بەردەوام كورد بە شەرمنی كار ئەكات و لە كاتی شكستەكانیشدا پەنا ئەباتە بەر كارتی فشاری جەماوەرو ئەم شەرمنیە ئەپێچێ لە خۆی بۆ ئەوەی نەنگی و شكست و گەندەڵی و دانوستانەكانی خۆی پێ داپۆشێ لەبەرانبەر دەسەڵاتەكانی بەغدا، ئەو كێشەو پەرەسەندنە نەگەتیڤانەی كە روویدا لە هەمبەر كەركوك بەدەرەجەی یەكەم لاوازی شەرعیەتی ئەداو نەهجی نوێنەرانی كوردە لە بەغدا پێش ئەوەی خەڵكی دیكە بێت، كەركوك و كێشە رەواكەی و چارەسەریەكەشی لە هیچ شوێنێكی عیراقدا نییە لە كەركوك خۆیدا نەبێت واتە بە خوێنی كەركوكیانە، واتە دیدی چارەسەریانە بۆ كەركوك دیدێكی كەركوكیانەیەوبەس، نەلەبەغداو نەلەپەرلەمان و نە لە ئەجنداكانی مالیكی و تاڵەبانی و بارزانیشدا نییە؟ ئەوە 5 ساڵە كەیسی كەركوك لە بەغدایە تازە بەتازە دەبێ لە كەركوك خۆپیشاندانی بۆ بكەین و خوێنی بۆ برێژین؟ دەسەڵاتی بەغدا زۆر چالاكانە ماڵی خۆی رێكخستەوەو بنەما دەوڵەتی و جڤاگیەكانی ئەوەندەی دیكە قایمكردو ئێستا ئیدی گەمەی دیموكراسی و سیاسی ئەكات و لەم گەمەیەشدا نابێت كورد توڕە بێت، كوردیش ئەگەر خۆی بە خاوەنی شەرعیەتی دەستووری و یاسایی ئەزانێت با كارت و گەمەكانی خۆی بەكاربهێنێ و واز لە موجامەلات و شەرمنی سیاسی بهێنێ؟ كاتی خۆی وتمان كەركوك بەو وێرانییە زیانێكی رۆحی و مەعنەوی زۆر ئەدات لە تاكی كوردی و لە تەواوی كوردستان و دواخستنی مادەی 140یش ئەوەندەی دیكە شەرعیەتی كورد لە بەغداد لاواز ئەكات، هەر واش بوو ئێستا ئەزانین چەندە شەرعیەتمان كەم بۆتەوە لە بەغداد!! ئەوەبوو ئەم كێشانەی دواتری لێكەوتەوە بە دەركردنی یاسای ژمارە 24 كە گەر جێبەجێ بكرێت زیانە مەترسیدارەكەی هیچ كەمتر نابێت لە سیاسەتی تەعریب و تەبعیسی 35 ساڵەی بەعس، وە ئەم زیانە مەترسیدارانە خراپ ئەشكێتەوە بەسەر گوتاری سیاسی كوردیدا، كەركوك لە مێژووی ئێمەدا لەو پەری بێدەسەڵاتی و بێ پارەیی و بێ پشتیوانی دەرەكیدا قورساییەكەی ببوە هەوێنی شۆرشگێری و موقاومەتی كوردی كەچی ئێستا خاوەنی هێزی لۆجستیكی و پاڵپشتی دەرەكیشین كەچی ئەم شارە لە لاوازترین دەورەی سیاسی و فەرهەنگی خۆیدایەو خەریكە ئەیدۆرێنین، ئێستا ئەم زیانە بەرەو فراوانبوون ئەچێت و پێچاویانەتە زۆر مەسەلەی حەساس و ووردەوەو كورد مەحاڵە سەری لێدەركات، ناسیۆنال مەزهەبەكانی شیعە هەروەك سونیە سەدامیەكان ناخوازن كورد وەكو پێویست سود لەو ئازادی و دیموكراسیەتە وەربگرێ و كەركوك ئاسایی بێتەوە، تا ئێستا كورد گوتارێكی نییە كە بتوانێت روبەروی ئەو دۆخە دژوارە بوەستێت و بڵێ ئەمە ئەجندای منەو ئەمە لە نەگۆرەكانی نەتەوەی منە و سازش هەڵناگرێت، ئەم لاوازیەش پەیوەستە بە شەرعیەتی ئەو فراكسیۆنە پەرلەمانتاریەی  كورد كە ئەوەندە ناچالاكن مرۆڤی كورد شەرم دای ئەگرێت كە دەنگیان پێ بەخشین، ئەبێت بزانین پەرلەمان مەیدانی جەنگی حیوارەكان و مەیدانی دەستخستنەوەی ئەو مافانەیە كە تائێستاش جەنگی ئەوێت بۆ لێسەندنەوەی و بەداخەوە جەنگاوەرەكانمان تائێستا لە ئاستی ئەو ململانێیەدا نین، ئەوان كاراكتەری ئەو مەیدانە نین و بە خواهیشت و مەحسوبیەت و دڵرازیكردنی خێڵ و عەشیرەت و حیزب و بنەماڵە دانراون و ناتوانن شەری دەستووری و یاسایی و نەتەوەیی و سیاسی و ئابوری پەرلەمانی بكەن، بە پێچەوانەوە عەرەبەكان و نەتەوەكانی دیكە كە لە پەرلەمانی عیراقین هەموویان ئەهلی پسپۆری و عەقیدەن بۆ عەرەب و عیراق و ئێمەش ئەهی كەیف و ئیمتیازو سەفەرو ئیفادو سازشكردن!؟ ئەبێ دەرك بەوە بكەین كەركوك نەبێت كورد نە هیچی دەستكەوتوەو نە هیچیشی دەست ئەكەوێت و پۆستەكانی بەغداش ئەكاتە پۆستی كارتۆنی و بۆش، بەردەوام مالیكی و عەرەبەكانی دیكە هەوڵی ئاسایی بونەوەی كەركوك بۆ دۆخی كوردبوون و ئاسایی بوون دوائەخەن و دۆزی كوردیش لەم شارەدا ئەخەنە حاڵەتێكی دژوارترو كێشەی شەرعیەت و خاوەندارێتیمان بۆ ئەخوڵقێنێتەوە كە 100 ساڵە كورد شەری مان و نەمانی لەسەر ئەكات، ئەمە گوتاری ناسیۆنالیزم و فاشیزمی عەرەبیە كە گۆرانی بەسەردا نەهاتووەو هەوڵێكی فریودەرانەی دیكەیە تا كەركوك بۆ دەیان ساڵی دیكە ووشك بكەنەوە لە ئینجانەیەكی عەرەبیدا، ئایا بارزانی و تاڵەبانی كە دەیان خانوو ڤێللایان لە هاوینە هەوارەكانی كوردستان و سەری رەش و قەلاچوالان هەیەو لە كەركوك خاوەنی كەپرێكی بچكۆلانەش نین ئەتوانن پێمان بڵێن كەركوك ئێستا لەو فەرهەنگەی ئەواندا چی كوردستانە و چ جێكەوتەیەكی سیاسی و نەتەوەیی هەیەو بەراست لای ئەوان كەركوك لەدەست نەچووە؟ ئەتوانن تەفسیری ئەو فەرامۆشیەمان بۆ بكەن كە بۆ كەركوك ئەكرێ و داویانەتە دەستی قەدەرو هەڵبژاردن و گەمەی دیموكراسی و فشاری خۆپیشاندەران؟ ئەی ئەو كەمتەرخەمیە گەورەیەی كە بۆ مادەی 140 كرا كێ لێی بەرپرسیار بوو؟ ئەی دەركردنی یاسای 24ی هەڵبژاردنی پارێزگاكان لە 22ی تەمموزی 2008 كێ كەمتەرخەم و بەرپرسكرا تیایدا خۆمان یان ئەوان؟ ئایا ئیدی رەوایە ئەوەندە بە دروشمی سیاسیەوە مامەڵە بە كەركوكەوە بكەین و هێشتا نەزانین كەركوكمان دۆراندووە یان بردومانەتەوە؟! رای من وایە كەركوك و كێشە رەواكەی زۆر لەوە گەورەترە بەو كاراكتەرە لاوازانەی بەغدا ببرێتەوەو بخرێتە سەر هەرێمی كوردی.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.