خۆپیشاندان و ئینتیما
راڤە
7
خۆپیشاندان و ئینتیما
خۆپیشاندان و خزمەتگوزاری
رەگەز رەشید هەفتانە دەینووسێت
ئەو خۆپیشاندنانەى ئەم دوایەى هاونیشتیمانمانیان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، كە بووە مانشێتی بەشێكی زۆر لە میدیاكانی عێراقی و جیهانی، هەروەها كۆمبوونەوە خێراكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، بۆ چارەسەری تەنگەژەى یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان، گوزارشتی زۆری لێكەوتەوە. بەو پێیەى دەبێت كورد دوای ئەو یاسایە چی بكات و چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسە هەڵواسراوەكان بكات ؟ تاچەند هاونیشتمانی كوردی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردن و ریفراندۆم، لەسەر ئاستی تاك و ئینتیما پێشوازیان لەو خۆپیشاندانە كرد؟ دەبێت لەمەو دوا حكومەتی هەرێم و سەركردایەتی سیاسی كوردستان چۆن گرنگی بە ئاستی خزمەتگوزاری بدات؟ رەنگە ئەمانە ئەو پرسیار گەلە بن، كە راستەوخۆ دوای بڕیارەكەى پەرلەمانی عێراقی و تا ئێستاشی لەگەڵدا ببێت كۆمبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لەلایەك و رای شەقامی كوردی لەلایەكی تر سەقاڵ كردبێت. بەتایبەت كاتێك دەزانین تەوەرێك لە تەوەركانی كۆمبوونەوەكانی 2/8 ی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كە بەسەرپەرشتی بەرێزان جەلال تالەبانی و مەسعود بارزانی رێكخران، تایبەت بوون بە رێكخستنەوە و قوڵتركردنی پەیوەندییەكانییان لەلایەك و پێداچوونەوەیان بە گرنگی دانی زیاتر بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەكان.
رەنگە هەموومان هەستمان بەوە كردبێت ئەو خۆپیشاندانانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دژ بە بڕیارەكەى مەشهەدانی، بە بەراوەرد لە گەڵ ئامادەیی هاونیشتیمانیان لە ریفراندۆم و هەڵبژاردنەكان، سستی پێوە دیار بووبێت. ئەمەش بەڕای ئێمە دوو ئاراستە و گوزارشتی شارەوە هەڵەگرێت كە ئەمانەن:
1- هاونیشتیمانیان دركیان بەوە كردووە تا سەركردایەتی سیاسی گەلی كوردستان نەكەوێتە تەنگانە پشت بە خەڵكی نابەستێت، ئەگینا دەبووایە بەر لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، پەیوەندی لەگەڵ خەڵكی كوردستانی گرتبا، هەر لە پێشنیازەكەى دیمستۆڕا و تاوتوێی پرسە هەڵواسراوەكانی لەگەڵ رای شەقام و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. بۆ ئەوەى جگە لە نمایش كردنی كارتی فشار، هاونیشتیمانیانیش هەستیان كردبا سەركردایەتی سیاسی گەلی كوردستان هەمیشە پشتیان پێدەبەستێت.
2- ناشاردرێتەوە كە بەشێكی گەورەى نائامادەیی هاونیشتیمانیان لەو پرسەدا، پەیوەندی بە خزمەتگوزاریەكانەوە هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە چەند شوێنێكی تریش وتوومانە قەیرانی خزمەتگوزارییەكان پەیوەندی بە ئینتیما و نیشتیمان پەروەری نییە، بەڵام خۆ وشیاری و عەدالەت پەیوەندیەكی پتەویان بە ئینتیماوە هەیە، كەواتە دەبێت سەركردایەتی سیاسی گەلی كوردستان بیر لە دوو شت بكاتەوە، یەكەمیان چاندنەوەى وشیاری ئینتیما و پێداگرتن لەسەر یەكسانی لەماف لەنێو هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە بە بێ جیاوازی. دووەمیشیان گرنگی زۆرتر بدرێت بە لایەنی خزمەتگوزاری (دانیشتنەكەى 2/8ی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی و قسەكردن لەسەر گرنگی دان بە خزمەتگوزارییەكان، هێما و دانپیانانن كە خزمەتگوزاریەكان وەك پێویست نین و خەڵكیش توڕەیە).
r_ragaz@yahoo.com