Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
مرۆڤ له‌ نێوان قیامه‌ت خوا و دۆزه‌خی ته‌کنه‌لۆجیا  -2

مرۆڤ له‌ نێوان قیامه‌ت خوا و دۆزه‌خی ته‌کنه‌لۆجیا -2

Closed
by August 5, 2008 گشتی

                     
  قسه‌کردن له‌سه‌ر لایه‌نه‌ پۆزه‌تیفه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا و پێشکه‌وتنی زانستی له‌ جیهاندا، هه‌میشه‌ به‌و ئاراسته‌دا ناڕوات که‌ گه‌شبینی به‌ ئایینده‌ی ئاده‌میزاد له‌سه‌ر گۆی زه‌وی ببه‌خشێت، چونکه‌، توێژینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ جۆراوجۆره‌کان، ئاشکرایان کردووه‌ که‌ زاڵبوونی ته‌کنه‌لۆجیا به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی مرۆییدا و، به‌کارهێنانی له‌ بچووکترین و وردترین بواردا، که‌مه‌ که‌مه‌ مرۆڤ هان ده‌دات که‌ سوود له‌ زۆر توانای جه‌سته‌یی و ته‌نانه‌ت ئه‌قڵی خۆیشی وه‌رنه‌گرێت، زانا و پسپۆرانی بواری بایۆلۆجی، له‌و باوه‌ڕه‌دان گه‌ر بێت مرۆڤ به‌ هه‌مان ئه‌م ئاراسته‌یه‌ی ئێستا پشت به‌ ته‌کنه‌لۆجیا ببه‌ستێته‌وه‌ و، هه‌موو کاره‌کانی به‌و بسپێرێت، ئه‌وا هێدی هێدی توانا جه‌سته‌یی و هزرییه‌کانی لاواز ده‌بنه‌وه‌ و، وه‌ك جاران ناتوانن داهێنه‌ر و ده‌ستپێشخه‌ربن. هه‌ڵبه‌ته‌، له‌و کاته‌ی فرانسیسکۆ فۆکۆیاما هوشیاری به‌ جیهان ده‌دات له‌وه‌ی مرۆڤ ره‌سه‌نی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات، له‌ رێگه‌ی هاتنه‌ئارای مرۆڤێکی دیکه‌ که‌ له‌ هه‌ست و سۆز و داب و نه‌ریت و بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نه‌ك دابڕاوه‌، به‌ڵکو هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا نییه‌تی و، ته‌نها به‌پێی پێوه‌ره‌ ئه‌قڵییه‌کان بیر و کارده‌کات، ئه‌وا ئه‌و کاته‌ گرنگی و جدییه‌تی هوشیارییه‌که‌ی فۆکۆیامامان بۆ ده‌رده‌که‌وێت ده‌رباره‌ی کۆنترۆڵکردنی ئه‌م نه‌وه‌ مرۆڤه‌(داهێندراوه‌)له‌ تاقیگه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیا و پێشکه‌وتنی زانستیدا بۆ هه‌موو بواره‌ مرۆییه‌کان. ئه‌م بۆچوونه‌ گه‌رچی له‌لایه‌ن هه‌ندێکه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی  له‌ وڵاتانی خۆراوایی دواکه‌وتوو له‌ رووی ته‌کنه‌لۆجییه‌وه‌ ده‌ژین، به‌ڵام، رۆژگار سه‌لماندوویه‌تی که‌ زۆربه‌ی بۆچوون و پێشبینییه‌کانی زانستی له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌ و بیست به‌ شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی، راست و دروست بوون. ئه‌م پێشبینییه‌"ره‌شبینانه‌" گه‌ر بێت و بیخه‌ینه‌ پاڵ پێشبینییه‌کانی زانای فیزیاوی مه‌زنی ئه‌مریکا "سیتفن هاوکینگ" که‌ مرۆڤێکی ئیفلیجه‌ سه‌باره‌ت به‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ها ئاسمانییه‌کان و نه‌مانی هێز و توانای ئایین، ئه‌وا ئه‌و کاته‌ گۆڕه‌پانه‌که‌ به‌ چۆڵی بۆ وچه‌ی نوێی ئه‌و مرۆڤه‌ داهێندراوه‌ به‌ پێی پێوه‌ره‌ زانستییه‌"وشك و برینگه‌کان" به‌جێ ده‌هێڵدرێت. هاوکینگ به‌ ئاشکرا ده‌ڵێت:"په‌نجا ساڵی دیکه‌، مرۆڤ پێویستی به‌ ئاسمان نابێت، چونکه‌ ده‌توانێت هه‌موو شتێك پێشبینی بکات"، به‌ڵام، گه‌ر بێت دیوه‌که‌ی دیکه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی هاوکینگ بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا روون و ئاشکرایه‌ که‌ ده‌ڵێت مرۆڤی سه‌ده‌کانی ئایینده‌ هه‌ر بۆ خۆی ده‌بێته‌ خوای خۆی! بێگومان، پێشبینی هاوکینگ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ "په‌نجا ساڵی ئایینده‌دا مرۆڤ پێویستی‌ به‌ ئاسمان نامێنێت"، له‌وانه‌یه‌ جۆره‌ لۆجیکێکی تێدا به‌دی نه‌کرێت، چونکه‌ کارێکی سانا نییه‌ که‌ له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ئایینده‌دا و، له‌ شه‌و و رۆژێکدا، ئایین له‌سه‌ر گۆی زه‌وی له‌ئارادا نه‌مێنێت، به‌تایبه‌تی، ئه‌و پێشبینییه‌ی هاوکینگ له‌ ده‌ره‌نجامی وردبوونه‌وه‌ و تێڕوانین له‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆراواییدا، هاتۆته‌کایه‌وه‌ و، هاوکینگ زۆر دووربووه‌ له‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دواکه‌وتووی و هه‌ژاری وه‌ك هندستان یان ژماره‌یه‌کی زۆری دیکه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقیا و ئاسیا، به‌ڵام، پێی ده‌چێت له‌و ئایینده‌یه‌ی که‌ فۆکۆیاما و هاوکینگ پێشبینی بۆ ده‌که‌ن، خۆراوا جارێکی دیکه‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی له‌ خۆرهه‌ڵاتی دواکه‌وتوو جیابکاته‌وه‌ و، له‌وانه‌شه‌ ئه‌و کاته‌ ئه‌م وڵاته‌ دواکه‌وتووانه‌ بخرێنه‌ بازنه‌یه‌کی گه‌مارۆدراو به‌ دیوارێکی ته‌کنه‌لۆجی که‌ هیچ که‌سێك نه‌توانێت لێی ده‌رباز ببێت. به‌ڵام، ئه‌مه‌ش به‌و واتایه‌ نییه‌، که‌ خۆراوا به‌هشته‌ و خۆرهه‌ڵات دۆزه‌خه‌، به‌ڵکو له‌ راستیدا هه‌ردوولا وه‌ك دۆزه‌خێك واده‌بن به‌ڵام هه‌ر یه‌کێکیان به‌پێی بنه‌ما و بنچینه‌ و ژێرخانه‌ تایبه‌تییه‌کانی خۆی، له‌ خۆراوا گه‌ر مرۆڤی وچه‌ی کۆن مابێت، ئه‌وا له‌ژێر سیسته‌مێکی زانستی و یاسایی زۆر سه‌خت و ئاڵۆزدا ده‌ژی و که‌مترین هه‌ڵه‌ له‌سه‌ر ژیانی ده‌که‌وێت و، ئیدی کاتی بێ ئیشی یان بێهوده‌یی نامێنێت بۆی و، ئه‌و مرۆڤه‌ هه‌ر له‌ هه‌ڵاتندا ده‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی بگات به‌ ئامانجی کۆتایی و، له‌ وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتیش، برسییه‌تی و ترس و نه‌خۆشی و کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هۆزگه‌راییه‌ جیاوازه‌کان، وه‌ك که‌رم به‌رده‌بنه‌ گیانی ئه‌و مرۆڤه‌ و ئیدی ئه‌و مرۆڤه‌ش له‌تاو بێزاری و نه‌هامه‌تی ژیانی بێ سوود و پڕ له‌ ئێش و ئازاری، چاوده‌بڕێته‌ ئاسمان و له‌ خواکه‌ی ده‌پاڕێته‌وه‌ که‌ قیامه‌ته‌کی بێنێته‌ ئاراوه‌ و، له‌ دۆزه‌خی برسییه‌تی و زۆر و سته‌می سه‌ر گۆی زه‌وی رزگاری بکات، به‌ڵام، له‌ هه‌مان کاتیشدا، ئه‌م پاڕانه‌وه‌یه‌ ده‌توانێت جۆره‌ خزمه‌تێکی ده‌سه‌ڵات بکات له‌ رووی ئه‌وه‌ی لایه‌ك و په‌نایه‌ك هه‌یه‌ که‌ تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌ دواکه‌وتووانه‌ خه‌م و خه‌فه‌تی خۆیان تێدا به‌تاڵ بکه‌نه‌وه‌.
                                                         nezarjaff@gmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.