کوردستان له دیدی ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه
کوردستان له دیدی ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه
کامیار سابیر
"ئه‌نسرۆپۆڵۆجیسته‌کان ده‌ست بۆ شوێنێک ده‌به‌ن، که مێژوونووسه‌کان نا‌وێرن خۆیان له قه‌ره‌ی بده‌ن"
ژماره‌ی ئه‌و ئهنسرۆپۆڵۆجیستانهی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد به‌گشتیی و کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی و ناسیۆنالیزمی کورد، توێژینه‌وه‌یان کردووه، چ له‌ناو خودی نه‌ته‌وه‌ی کورددا و چ له‌ناو بیانییه‌کاندا، له‌ژماره‌ی قامکه‌کانی یه‌ک ده‌ست زیاتر تێناپه‌ڕن. له‌کاتێکدا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کورد سیاسیی و شاره‌زای بواری سیاسییه! هه‌مووشمان به‌س له‌گۆشه‌نیگای سیاسیی رووتوقووتهوه سه‌یری ته‌واوی ته‌نگژه کو‌لتووریی، کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئایدێنتیتیی و سیاسییه‌کان ده‌که‌ین.
کریستۆفه‌ر هووستن( Christopher Houston)، یه‌کێکه له‌و ئهنسرۆپۆلۆجیسته ده‌گمه‌نانه‌ی له دیدی کو‌لتووریی و ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه سه‌یری کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی کورد ، ناسیۆنالیزمی کورد، پێوه‌ندییه خێڵه‌کییه‌کانی کورد و جڤاکی کوردیی ده‌کات. کریس( کورتکراوه‌ی کریستۆفه‌ر) له تازه‌ترین کتێبی خۆیدا به‌ناوی کوردستان: چێ‌کردنی خودنهتهوهیی ( Kurdistan: Crafting Of National Selves ) ، جڤاکی کوردیی، بزوتنه‌وه سیاسیی و چه‌کدارییه‌کانی کورد، دابه‌شکردنی کوردستان له‌نێوان هێزه کۆڵۆنییه‌کان و به‌خشینه‌وه‌ی خاکه‌که‌ی به‌سه‌ر وڵاته تازه دروستبووه‌کانی تورکیا و عێراق و سوریادا… ده‌داته به‌ر لێکدانه‌وه‌ی کو‌لتووریی و ئه‌نسرۆپۆڵۆجیی و ئاسۆکانی ئه‌م خێڵه گه‌وره‌یه‌ی کورد، که نه‌یتوانیوه نه‌ته‌وه‌و وڵاتی خۆی دروست بکات، به‌ر گورزی شیکردنه‌وه‌ی قووڵ و پڕ له‌داتا ده‌دات.
کتێبه‌که به‌سه‌ر پێنج به‌شی سه‌ره‌کییدا دابه‌شکراوه، به وته‌یه‌کی دهستکارییکراوی شاعیری ئینگلیزیی Alexander Pope ی چه‌رخی هه‌ژده ده‌ستپێده‌کات که ده‌ڵێ" گه‌مژه‌کان هه‌ڵپه‌ی شوێنێک ده‌که‌ن، که زیره‌که‌کان نا‌وێرن به‌لایدا بچن"، کریس کردوویه‌تی به " ئه‌نسرۆپۆڵۆجیسته‌کان ده‌ست بۆ شوێنێک ده‌به‌ن، که مێژوونووسه‌کان نا‌وێرن خۆیان له قه‌ره‌ی بده‌ن ". وێڕای به‌شێکی به‌رچاو وه‌ک ئه‌نجامگیریی له‌سه‌ر ره‌هه‌نده جۆراوجۆره‌کانی کتێبه‌که، به‌شی یه‌که‌می له‌سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌کی ناسیۆنالیزمی کورده، به‌شی دووه‌می له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی نێوان عوسمانییه‌کان و کورده‌کانه، به‌شی سێیه‌می باس له په‌یدابوونی کورد ، له دیدی ئێسنۆگرافیای مێژووییه‌وه ده‌کات . به‌شی چواره‌م باس له کو‌لتوور و ئایدیۆلۆژیای که‌مالیزم و به‌رجه‌سته‌بوونی ناسیۆنالیزمی کوردیی ده‌کات، دوابه‌شیش باس لهههوارخستنی کورد ده‌کات له شاری که‌مالیستییدا" Kemalist City". هه‌موو به‌شه‌کان و ئه‌نجامگیرییه‌که‌ی له روانگه‌ی ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه ده‌داته به‌ر باس لێکۆڵینه‌وه.
کتێبه‌که له‌قه‌باره‌دا، زۆر بچووکه، ته‌نها ١٨٦ لاپه‌ڕه‌یه( بهڕیفرێنس و پێڕستهکانیشهوه) به‌زمانێکی جوان و سه‌خت و قووڵ نووسراوه، زمانێک که تێکه‌ڵه‌یه‌که له ده‌یان چه‌مکی فه‌لسه‌فیی، زانستیی، ئه‌نسرۆپۆڵۆجیی و سیاسیی، سه‌ره‌ڕای ره‌هه‌نده ئه‌کادیمیی و ئهنسرۆپۆڵۆجییهکهی، ره‌هه‌ند و لێکدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی و کو‌لتووریی و ئایدێنتیتی ناوبه‌ناو تێخستووه. وێڕای بچووکیی کتێبه‌که به‌ڵام به دووسه‌د و حه‌فتاویه‌ک سه‌رچاوه‌ی ئینگلیزیی، فڕانسیی، تورکیی و کوردیی ( وه‌رگێڕدراو بۆ ئینگلیزیی) ئارگیومێنته‌کانی ناوی به‌هێزتر کردوون. دیاره نووسه‌ر، که به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئینگلیزه، تورکییه‌کی زۆر باش ده‌زانێ ( به‌ئاخافتن و نووسین و وه‌رگێڕانیش)، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌تورکیا ژیاوه‌و زۆرینه‌ی توێژینه‌وه‌کانی له تورکیا ئه‌نجام داوه. یه‌کێکه له‌و شاره‌زایانه‌ی که دۆکترینی که‌مالیزم و ناسیۆنالیزمی کوردیی له‌روانگه‌ی فه‌لسه‌فیی، مۆدێرنیزم و ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه شیده‌کاته‌وه.
نووسه‌ر پێیوایه، هه‌ڵته‌کاندنی که‌مالیزم( دیکهمالیزهیشن de-Kemalisation ) و کولتووره بهرچاوتهنگهکهی، پێوه‌ندیی به‌س به‌خودی دۆکترینی که‌مالیزم و سیسته‌می سیاسیی تورکیاوه نییه، به‌ڵکوو پێوه‌ندیی به‌هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه‌وه هه‌یه، که له‌ڕووی کو‌لتووریی و ئه‌نسرۆپۆڵۆجییه‌وه به‌درێژایی ته‌مه‌نی ئه‌م ناسیۆنالیزمه شه‌ڕانگێزه ئالووده‌ی یه‌کتر بوونه‌و له‌ناو یه‌کتریدا تواونه‌ته‌وه. ئه‌و بڕوای وایه، که شۆڤینیزمی chauvinism که‌مالیزم و مۆدێرنیزمی تورکیی پێکه‌وه، له دژی که‌مینه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان و ئیسلامییه میانڕۆکان، به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان بۆ رۆحی ناسیونالیزمی ئێرانیی و عه‌ره‌بییش په‌ڕیوه‌ته‌وه‌و گڕی تێبه‌رداون. له‌ڕووی کو‌لتووریی و سیاسییه‌وه به‌هه‌مان مێنتاڵیتیی که‌مالیزم، به‌گژ کورده‌کان و نه‌ته‌وه‌کانی تردا ده‌چنه‌وه.
ئه‌و له‌زمانی مێژوونووسی کۆنی گریکییه‌وه (سوسیدیدیس - ٣٩٥ -٤٦٠ پ.ز Thucydides) که ده‌ڵێ" خه‌ڵک یاده‌وه‌رییه‌کانیان وا ڕاده‌هێنن که پڕبه‌پێستی ئازاره‌کانیان بێ"، بۆچوونی وایه، که یاده‌وه‌ریی کوردیی له‌ڕووی مێژووییه‌وه، نه‌ک هه‌ر شیرمردهو ژاکاوه، به‌ڵکوو به‌ره‌و که‌ناری فه‌نابوون چووه. ئه‌م یاده‌وه‌رییه تژییه له کولتووری که‌مالیزم و ناسیۆنالیزمه خوێناوییه‌که‌ی، به‌ڕاده‌یه‌ک که کولتووری که‌مالیزم له یاده‌وه‌ریی کورددا گه‌رای خستووه، ئه‌م گه‌رایانه ته‌نها بهدیکهمالیزم قه‌ڵاچۆ ده‌کرێن. به‌ڵام خودی دیکهمالیزم ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌یه که پێیوایه، ده‌وڵه‌ت یان حیزبی سیاسیی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئازادییه‌کان و مافی هاوڵاتییبوون ده‌ستنیشان بکات. چونکه ئه‌و مافه له ئێسنۆگرافیای که‌مالیزم و جڤاکی که‌مالیستییدا هه‌یه، تا ئه‌م ئێسنۆگرافیایهش ده‌ستکارییه‌کی ریشه‌یی نه‌کرێ، ئومێدێکی ئه‌وتۆ په‌یدا نابێ بۆ هاوڵاتیبوون و ده‌سته‌به‌رکردنی ئازادیی.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه راست بێت ئه‌و توندوتیژییه‌ی له‌گه‌ڵ دروستبوونی "نه‌ته‌وه- ده‌وڵه‌ت" ی تورکیا، ئێران و عێراقدا یاده‌وه‌ریی و مێژووی کورده‌کانی جه‌ڕاندووه، ئه‌وه‌یش راسته که مێژووگرافیی historiography کوردستان و ناسیۆنالیسته کورده‌کانیش، بۆ به‌سیاسییکردنی هه‌موو ره‌هه‌نده‌کان، سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه له‌و تراژیدیایانه‌ی به‌سه‌ر چاره‌نووسی کورددا هاتووه. جێپه‌نجه‌ی ناسیۆنالیزمی که‌مالیسته‌کان به‌سه‌ر دیسکۆرسی ئێسنۆگرافیی ناسیۆنالیسته کورده‌کانه‌وه، ئه‌وه‌نده زه‌قه، تا ئه‌م ساته‌ش کورده‌کان له‌ژێر ته‌وقی ئه‌م کولتووره داڕزیوه‌دا نه‌یانتوانیوه شانی خۆیان دابماڵن.
ناسیۆنالیزمی کوردیی، به‌رهه‌می کوردایه‌تییه‌کی ئه‌وه‌نده کێویی و دابڕاو و ناشارستانییه، ده‌قاوده‌ق ده‌ڵێی بهراویتهی ناسیۆنالیزمی که‌مالیزم و پانئێڕانیی و پانعهرهبییه. کاتێکیش رۆحی ناسیۆنالیزمێک له سه‌ره‌تاوه به‌راویته بێت، جگه لهشینوشهپۆڕ به‌دیار کۆرپه‌له‌یه‌کی مرداره‌وه‌بووه‌وه، هیچ ئومێدێک به‌رهه‌م ناهێنێ. ئه‌مه یه‌کێکه له‌و کاره‌ساته جه‌رگبڕانه‌ی هه‌میشه دۆکترینی کوردایه‌تیی! چاره‌نووسی گه‌لی کوردی بۆ دواوه گێڕاوه‌ته‌وه. له‌هه‌مان گۆشه نیگای کولتوورییه‌وه، مارکسیسته‌کان، کۆمۆنیسته‌کان( بهشیوعییهکانیشهوه)، ئیسلامییه‌کان ( به‌ڕه‌ق و نهرمیانهوه)، لیبڕاڵه‌کان…..تاد، له‌م میراته شه‌ڕانگێزییه‌ی کولتوور‌و دۆکترینی عوسمانیی، که‌مالیزم ، ستالینیزم، پانعه‌ره‌بیی و پانئیسلامیزم……….تاد بێبه‌ش نه‌بوونه.
دیکهمالیزم نابێ ئه‌و لۆژیکه کۆپیی replicate بکاته‌وه که ئه‌نتاگۆنیزم و گیانی تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه بچێنێ ، چونکه جگه چنینه‌وه‌ی کاره‌سات بۆ کورد، شتێکی پۆزه‌تیڤ به‌رهه‌م ناهێنێ. هه‌روه‌ک کریس له‌ڕوانگه‌ی هۆڵستن Holston ه‌وه پێیوایه ئه‌و ئایدیۆلۆژیا یۆتۆپیایه، مۆدێکی ئێسنتۆگرافیی ethnographic mode هه‌یه که ده‌یه‌وێ هه‌نووکه‌ی کورد، رابردووی کورد به‌ره‌و گۆڕان به‌رێ، به‌ڵام چ گۆڕانێک؟ گۆڕانێک له شه‌ڕوشۆڕ، ئاژاوه، رقبوونه‌وه له‌نه‌ته‌وه‌کانی تر، که‌شوفشی ناسیۆنالیستیی، بێئومیدیی و سه‌رگه‌ردانیی به‌ولاوه لایه‌نی باشیی ئه‌وتۆی بۆ کورد ده‌سته‌به‌ر نه‌کردووه‌و هه‌رگیزاوهه‌رگیزیش نایکات.
سه‌رله‌به‌ری کتێبه‌که، دۆکترینی که‌مالیزم و کێشه‌ی کورد شیده‌کاته‌وه، هاوکات پێیوایه که‌مالیزم بهستایڵی جیاواز و به نۆرمی جوداوه ئاوێته‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی و ئێرانیی بووه. له‌لایه‌نه نه‌گه‌تیڤه‌کانی که‌ڵکیان وه‌رگرتووه بۆ سه‌رپانکردنه‌وه‌ی داوا کو‌لتووریی و سیاسییه‌کانی کورد. له‌م ئاسته‌وه، سه‌رنجی ئه‌وه ده‌دات که دیکهمالیزم له‌ڕیی مۆدی ئێسنۆگرافییهوه به‌درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌لایه‌ن ئه‌ندازیارانی مۆدێرنیسته‌کانه‌وه له هه‌وڵی بنکۆڵکردنیدا بوونه. له‌م ئاقاره‌وه دیکهمالیزمی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوتری " شاری که‌مالیست" به بازوو ده‌رپه‌ڕاندن و هاشوهوش و به‌یاننامه‌ی ئاگراویی نابێ، بهسێمبۆڵکردنی سه‌رکرده‌ی مردوو، زیندوو و کوڕی بنه‌ماڵه‌کان نابێ، به‌ڵکوو له‌ڕیی موتوربهکردنێکی زۆر ئهندازیارییانهوه ده‌بێ. له‌ڕێی پێکه‌وه لکاندنی ئه‌و پارچه شکاوانه‌ی یاده‌وه‌ریی و عه‌قڵی کوردییه‌وه ده‌بێ که له‌ماوه‌یه‌کی دوورودرێژدا روویان داوه، له‌ڕێی دانانه‌وه‌ی ره‌نگوڕوو، قه‌باره و چوارچێوه‌ی ئه‌و ئۆبجێکتانهوه دێنه پێشه‌وه که سێمیۆڵۆجی(semiology)ی که‌مالیست، به‌شێنه‌یی و له‌سه‌رخۆ هه‌پروون به‌هه‌پروون ده‌کات.
ئه‌م کتێبه، سوودی بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه هه‌یه، که ده‌یانه‌وێ، چیتر به‌ته‌نها به‌چاویلکه‌ی سیاسییه‌وه سه‌یری رووداوه‌کان و پێشهاته‌کان نه‌که‌ن. سوودی بۆ ئه‌و خوێندکار و توێژه‌رانه هه‌یه، که له‌دیدی ئه‌نسرۆپۆڵۆجیی و ئێسنۆگرافییهوه شرۆڤه‌ی کاره‌ساته کو‌لتووریی، سیاسییه‌کان ده‌که‌ن. ئه‌م کتێبه له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێت به‌م ئادره‌سه bergpublishers.com له به‌شی "ئه‌نسرۆپۆلۆجی" ده‌توانرێ به‌ده‌ست بهێنرێ.