کڵاوه کوردیه‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا
کڵاوه کوردیه‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌وروپا
سه‌ردار عه‌زیز……
له شاری برۆکسلی پایته‌ختی ووڵاتی به‌لجیکا، له باڵه‌خانه‌ی مینابه‌نی په‌رله‌مانی یه‌کێتی ئه‌وروپا، له نهۆمی هه‌شت، له به‌شی ئه‌لتیرۆ سپێنێلی، ژووری ژماره سێ سه‌د و چل و سێ، کڵاوێکی کوردی ده‌ستچن، بێ‌ناز بێ‌ناز، له کونجێکا لێی که‌وتوه.
ئه‌و ژوره، ئۆفیسی یه‌کێک له په‌رله‌مانتاره‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپایه. ژووره‌که به ته‌نیشت ژووری ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌کانی تره‌وه‌یه. چیرۆکی ئه‌و کڵاوه ئه‌وه‌نده باش روون نیه. ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی ده‌زانرێت ئه‌وه‌یه که له کوردوستانه‌وه هێنراوه، به کلێشه‌ی ره‌نگ ره‌ش و سپی چنراوه. به‌ده‌ستی کێ، له کوێ كه‌ی، نازانرێت. کڵاوه‌که هه‌تا بڵێی نوێیه‌و به‌کارنه‌هێنراوه و نه‌کراوه‌ته سه‌ر. من که بینیم دڵم ته‌نگ بوو. بۆ من وه‌ک کوردێک بێ‌ناز که‌وتنی ئه‌و کڵاوه ره‌ش و سپیه له چه‌ندین ئاست و رووه‌وه هه‌ژاندمی، ناچاری کردم بیرکه‌مه‌وه، هه‌ڵوێسته بکه‌م، رامێنم، تا هێندێکیش بفه‌لسه‌فێنم.
هه‌بوونی ئه‌م کڵاوه له‌و جێگایه‌دا کۆمه‌ڵێک بێ‌شومار له مانا‌و سیمبول و یاده‌وه‌ری له گه‌ڵ خوێدا هه‌ڵده‌گرێت. من له‌م نوسینه‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م هه‌ندێک له و هێڵانه بوروژێنم. سه‌ره‌تا، ئه‌وه‌ی پێویسته بوترێت که ناوه‌ندی بیرکردنه‌وه‌ی ئێمه، ده‌سته‌پاچه‌یه له بواری بیرکردنه‌وه له شت، له سیمبول، له به‌ها. بۆیه قسه‌کردن له‌م بواره‌دا گرانه بتوانرێت بوترێت قسه‌کردنێکی کوردیه. چونکه، زۆر به‌داخه‌وه، کورد له‌م بواره‌دا ئه‌وه‌نده قسه‌ی نه‌کردوه. دیاره کورد له هیچ بوارێک‌دا هیچ قسه‌ی نه‌کردوه. بۆیه زمانی کوردی یه‌كیکه له هه‌ره زمانه بێماناکانی دونیا. زمانێکه، جگه له زمان پیسی و تانه‌و ته‌شه‌ر و ترساندن و بێده‌نگکردن، زۆر که‌م نه‌بێت، هیچی تری پێنه‌وتراوه.
ئه‌م کڵاوه و هه‌بوونی له‌و جێگایه‌دا، ده‌توانرێت له چه‌ند ئاستێک‌دا بخوێنرێته‌وه. ئاستی یه‌که‌م، تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م کڵاوه، یانی کوردبوونی ئه‌م کڵاوه، یان پرۆسه‌ی نوێنه‌رایه‌تیکردن. ئاستی دووه‌م، چیرۆکی گه‌شتنی ئه‌م کڵاوه؛ به مانایه‌کی تر پرۆسه‌ی به رامیاری بوونی ئه‌م کڵاوه. ئاستی سێهه‌م، به دیاری بوونی ئه‌م کڵاوه، به مانایه‌کی تر، دیاریده‌ی دیاری و دیاری به‌خشین چیه، جێگای ئه‌م کڵاوه له کوێدایه، له نێو سیسته‌مێک ئاڵۆزی وه‌ک سیسته‌می دیاری به‌خشین. ئاستی چوارهه‌م، مه‌رگی ئه‌م کڵاوه، یان به مانایه‌کی تر شکستی سه‌رتاپا پرۆسه‌کان.
ئاستی یه‌که‌م
ئه‌م کڵاوه ماکێکی کوردی پێوه‌یه. جۆره شمه‌کێکی تایبه‌ته به نه‌ته‌وه‌یه‌ک که کورده. باوکم، کڵاوێکی له هه‌مان شێوه‌ی هه‌یه، جامانه‌که‌ی به ده‌ورا ده‌پێچێ. دیاره ئه‌م کڵاوه به ده‌ست چنراوه. به مانایه‌کی تر؛ به‌رهه‌می ئامێر نیه. به‌رهه‌می مرۆڤێکه که دانیشتوه به هه‌ردوو ده‌ستی چنیویه‌تی. هیج شتێک نیه بیسه‌لمێنی که ئایا ئه‌م کڵاوه به تایبه‌ت بۆئه‌م به دیاری به‌خشینه چنراوه. ئه‌م کڵاوه؛ کڵاووێکه وه‌ک هه‌موو کڵاو‌کانی تر، له مێژه کورد به‌کاریده‌هێنێ. دیاره ئه‌م جۆره شمه‌که، ده‌چێته خانه‌ی که‌له‌پوره‌وه. چونکه جۆره جلێک نیه که نه‌وه‌ی ئه‌مرۆ بیپۆشی، مه‌گه‌ر بۆ بۆنه و ئاهه‌نگه تایبه‌ته‌کان. دیاره ئه‌مه له هه‌مانکاتدا له گه‌ڵ گه‌شه‌ی خیتابی ناشیونالیزمدا د‌ه‌کرێت وه‌ك به‌هایه‌ک یان سیمبولێکی ناشیونالیزمانه ته‌ماشا بکرێت. دیاره خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کڵاوه له ژێر سایه‌ی پرۆسه‌ی به‌جیهانبووندا؛ د‌ه‌کرێت وه‌ک شتێکی تایبه‌تمه‌ندبوون و جوداکار ته‌ماشابکرێت. مه‌به‌ستی من له چه‌مکی جوداکار زیاتر درێدایانه‌یه؛ به‌و مانایه ئه‌و جیاواز‌ه‌ی که یه‌کسانه، نه‌ک که‌متر. چونکه هێشتا له عه‌قڵی باوی پێش-مۆدێرنی ئێمه‌دا جودا وه‌ک که‌م ته‌ماشا ئه‌کرێت، (ئه‌مه به تایبه‌ت له عه‌قڵی زاڵی ئاینی ئێمه‌دا). ئه‌م کڵاوه له کاتێکا له رووی که‌له‌پوره‌وه په‌یوه‌سته به کورده‌وه هه‌روه‌ها سیمبوله بۆ جۆره ژیارێک که ئه‌مرۆ هه‌تا بێت به هۆی دیاریده‌ی شاری بوون، کزتر و کزتر ده‌بێت.
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر ئاستی ماناکان، له‌به‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌م کڵاوه به‌خشراوه. به مانایه‌کی تر ئه‌م کڵاوه به‌خشراوه چونکه ده‌توانێت ببێته سیمبولی کورد، ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌ی کورد بکات وه‌ک گه‌لێک، وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک. له هه‌مانکاتدا وه‌ک سه‌ربورده‌یه‌ک. ئه‌م کڵاوه له تێکه‌ڵ بوونی ئاشقه و ماشقانه‌ی هێڵه ره‌ش وسپیه‌کانیا ئه‌وه ده‌ڵێ که نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌یه، له سه‌ر پارچه خاکێکی تایبه‌ت، له رووی ئه‌م گۆی زه‌ویه، ئه‌م جۆره کڵاوه تایبه‌ته ئه‌پۆشن (یان باوباپێرانیان ئه‌م جۆره کڵاوه تایبه‌ته‌یان پۆشیوه) و خاوه‌ن چیرۆک و دیرۆکێکی تایبه‌ت و جودان، حه‌زده‌که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌خوازن بناسرێنه‌وه و مامه‌ڵه‌بکرێن.
دیاره نه‌ته‌وه‌کان کاتێک ده‌یانه‌وێ له رێی سیمبوله‌کانه‌وه ئاماده‌یی خۆیان ده‌رخه‌ن، ئه‌وا سمبوله‌کانیان ده‌بێ تاقانه و جودا و ناسراو بێت له ئه‌وانی تر. به‌ڵام له‌م رووه‌وه من دڵنیانیم که ئه‌م کڵاوه ئه‌گه‌ر که‌سێک له ئه‌م ژووره‌ی پارله‌مانی ئه‌وروپا بیبینێت بتوانێ راسته‌وخۆ به‌کوردیه‌وه ببه‌ستێت. ئه‌مه له هه‌مانکاتدا یه‌کێکه له کێشه ؛تراژیدیا‌کانی کورد. کێشه‌ی نادیاربوون، کێشه‌ی نائاشنیایه‌تی، کێشه‌ی ئاماده‌بوونه‌بوون. ئه‌م کڵاوه وه‌ک هه‌ر (که‌سێک) کوردێکی تر له کونجی ئه‌م دونیایه‌دا ده‌بێ هه‌میشه ناسنامه‌ی خۆی به چیرۆکێکی دوردودرێژ روونکاته‌وه. هه‌رچه‌نده هه‌تابێت زیاتر و زیاتر روونه بۆ خه‌ڵکی به ئاگا، کاتێک ده‌ڵێی من خه‌ڵکی کوردوستانم، به‌ڵام هێشتاکه له باشترین باردا، روونیه‌کی پڕ ته‌م و مژه. ئێمه هه‌میشه ده‌بێ ئه‌وه بسه‌لمێنین که ئێمه جوداین، وه‌ک ئه‌وانی تر نین، که‌لتور و دابونه‌رێت و زمانی خۆمانمان هه‌یه. به‌ڵام بۆ زۆرترین خه‌ڵک ئه‌م چیرۆکه نه‌بیستراوه.
ئه‌م کڵاوه بۆیه لێره‌یه بۆئه‌وه‌ی یاد‌ه‌وه‌ریه‌ک له گه‌ڵ خوی‌دا هه‌ڵگرێت و له هه‌مانکاتدا له یاده‌وه‌ریدا بمێنێته‌وه. ئه‌م کڵاوه له لایه‌ن که‌سانێکه‌وه به‌خشراوه که کوردن، به‌خشڕاوه به که‌سێکی سیاسه‌تمه‌دار له سه‌ر ئاستی جیهانیدا، (شایانی باسه، ئه‌و که‌سه ناوی سایمۆن کۆڤنیه، که ئێستا ئه‌ندام په‌رله‌مانی ئه‌وروپا نیه). بۆئه‌وه‌ی کوردبوونی ئه‌وان و کێشه‌که‌یان و به‌ڵێنه‌کانی له بیر نه‌چێت. چونکه وه‌ک هه‌موومان ده‌زانین، سیاسه‌تمه‌دار ئه‌و که‌سه‌یه، که له بیرده‌کا، یان له بیری ده‌چێت. دیاره ئه‌م کڵاوه به ته‌نها نیه، وه‌ک پاشان دایانا (سکرتێره‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه) پیی ووتم، که له‌گه‌ڵ ئه‌و کڵاوه‌دا قاڵی یان به‌ره‌یه‌کی بچکۆله هه‌بووه، به‌ڵام ئێستا ئه‌و له شوقه‌که‌ی خۆی به کاریده‌هێنێت. ئه‌وه‌شی پێ ووتم، که ئه‌و بۆ هه‌رکوێیه‌ک بگوێزێته‌وه له گه‌ڵ خۆیدا ده‌یبات. دیاره ئه‌مه له هه‌ستکردنه‌وه به‌وه‌ی که گوایه کڵاوه‌که بینازانه، له‌و کونجه‌دا فرێدراوه و بێنرخکراوه.
به‌خشینی شتی کوردی تایبه‌ت، له هه‌مانکاتدا ئاماژه بۆئه‌وه ئه‌کات که کورد به خۆیان و که‌لتور و سیمبوله‌کانیانه‌وه، به هۆی گۆرانی باروودۆخیان، ئاماده‌ییان له دونیادا هه‌تا بێت زیاتر و زیاتر ده‌بێت. چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وپێش هه‌واڵی ئه‌وه هه‌بووه که چه‌ند قاڵی وبه‌ڕه و جل و پۆشاکی کوردی له واشنتۆن به‌خشراوه.
پرۆسه‌ی به‌خشین له رێگای سیمبوله‌وه مه‌به‌ست لێی په‌یوه‌ندیکردنه له ده‌ره‌وه‌ی کات. چونکه سیمبول ده‌توانێ به سه‌ر ئاسته‌نگی کاتدا زاڵ بێت. وه‌ک چۆن رۆمان به پێی کۆندێرا ده‌یه‌وێ شه‌ری له بیرچونه‌وه بکات، به هه‌مانشێوه ئه‌م کڵاوه ده‌یه‌وێ شه‌ری له بیرچوونه‌وه بکات. ئه‌م کڵاوه وه‌ک سیمبولێک بۆیه به‌خشراوه بۆئه‌وه‌ی ئه‌و جوانیه و ئه‌و به‌ها تایبه‌ته‌ی که هه‌یه‌تی وه‌های لێبکات که بۆ زۆرترین کات له به‌رچاو بمێنێته‌وه و خاوه‌نه‌که‌ی (گه‌لی کورد و چیرۆکه‌که‌ی) له یاده‌وه‌ریدا بمێنێته‌وه یان به بینینی به‌یاد بێته‌وه. ئه‌م جه‌نگه له‌گه‌ڵ کاتدا له پرۆسه‌ی سیاسه‌تدا جه‌نگێکه زۆربه‌ی کات دۆراوه. چونکه جوانی و به‌هاکان که ده‌توانن شه‌ری کات بکه‌ن، له پرۆسه‌ی سیاسه‌تدا هه‌ر خێرا به‌های خۆیان له ده‌ست ئه‌ده‌ن.
ئاستی دووه‌م
ئه‌م کڵاوه زیاتر له‌وه ئه‌چێت له هه‌ولیر، سلێمانی یان هه‌ڵه‌بجه به‌خشرابێت. ئه‌مه له میانه‌ی سه‌فه‌رێکی شاندێکی ئه‌ندام په‌رله‌مانانی ئه‌وروپا بۆ کوردوستان. له نێویاندا سایمۆن کۆڤنی که له بواری مافی مرۆڤ و کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا ئه‌ندامه. له پاش سه‌فه‌ره‌که‌ی، له شاری کۆرک، من چاوپێکه‌وتنێکم له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدا، وه له کاتی خۆیدا له ئه‌م رۆژنامه‌یه‌دا بڵاوکرایه‌وه. سایمۆن، وه‌ک دایانا پیی ووتم، ده‌یویست دوو شت بکات، یه‌که‌م ئۆفیسێک بۆ نوێنه‌رایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا له هه‌ولێر بکاته‌وه، ئه‌م پێشنیاره‌ی سایمون به هیچ ده‌رئه‌نجامێک نه‌گه‌شت. دیاره ره‌نگه، هۆکاری ئه‌م شکسته بگه‌رێته‌وه بۆ نه‌بوونی لۆببی پێویست و سوورنه‌بوونی سایمون له سه‌ر کاره‌که‌ی. هه‌وڵی دووه‌می کردنه‌وه‌ی خه‌سته‌خانه‌یه‌ک له هه‌ڵه‌بجه، وه‌ک دایانا پێی ووتم؛ ئه‌گه‌ری ئه‌مه زیاتر بوو، به‌ڵام له‌وه ناچێت تا ئێستا به هیچ ئه‌نجامێک گه‌شتبێت.
که‌واته، ره‌گی به‌خشینی ئه‌م کڵاوه، ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ر یه‌كێک له هه‌ره خه‌مناکترین تراژیژیدیاکانی ئێمه، که کێشه‌ی مه‌رگی هه‌ڵه‌بجه‌یه. ئه‌م کڵاوه به‌خشراوه بۆئه‌وه‌ی چیرۆکی یه‌کێک له تراژیدیا‌کانی سه‌ده‌ی بیست، بۆ یه‌کێک له هه‌ره ده‌سه‌ڵاتدارترین ناوه‌نده‌کانی بریاردان، بگێرێته‌وه.
ناتوانین، ئه‌وه له یادی خۆمان ده‌رکه‌ین، که سه‌رباری جوانی ئه‌م دیاریه، که چه‌ندێک خۆشباوه‌ری و دیدێکی ساده‌ی کۆڵۆنیالیزمانه له پشت ئه‌م پرۆسه‌یه‌وه‌یه. دیاره کورد وه‌ک هه‌موو گه‌لانی تری گۆی زه‌وی ده‌یه‌وێ چیرۆکی خۆی بگێرێته‌وه، به تایبه‌ت بۆ که‌سانێک که له ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵاتدان. به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌ی گێرانه‌وه‌یه هێنده ساده نیه. ئه‌م پرۆسه‌یه بریتی نیه له گه‌ران به‌دوای گوێیه‌کدا به‌ڵکو گه‌رانه به دوای ئاگاییه‌ک و له سه‌رووی هه‌موویه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیه‌ک. ئه‌م کێشه‌یه زیاتر روونه کاتێک ده‌بینین گه‌ڵانی رۆژهه‌ڵات، له نوێنا کورد، کاتێک رۆژنامه‌نوسێکی پله چواری رۆژئاوا له نێویاندا په‌یدا ده‌بێت ئیتر وا ئه‌زانن ئه‌م که‌سه ده‌توانێ هه‌موو کێشه‌کانیان بۆ چار‌سه‌ر کات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا من ده‌مه‌وێ بیڵیم ئه‌وه‌یه؛ که پرۆسه‌ی په‌یوه‌ندیکرن و گه‌یاندن پێویستی به‌ئاگاییه‌کی باڵا هه‌یه بۆئه‌وه‌ی به ئه‌نجام بگات. چونکه به‌خشینی ئه‌م کڵاوه ئه‌م ئاگاییه‌ی له پشته‌وه نیه یان نه‌بووه، ئه‌وا ئاوا به‌بێناز له‌م کونجه‌دا که‌وتوه. ئه‌وه‌ی پێویسته بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م کاره ئه‌وه‌یه ده‌بێ کورد وه‌ک خۆیان، وه‌ک که‌س، وه‌ک قسه‌که‌ر، وه‌ک شاره‌زا، لێره‌دا ئاماده‌بن، نه‌ک وه‌ک سیمبول و دیاری. دیاره من زۆر به ئاگام که ئه‌م پرۆسه‌یه ئاسان نیه. بۆ نموونه بۆئه‌وه‌ی من بگه‌مه ئه‌م جێگایه هه‌وڵێکی زۆر له پشتیه‌وه‌یه‌تی، چ له رووی مه‌عریفه و چ له رووی په‌یوه‌ندیکردنه‌وه. له لایه‌کی تره‌وه له میانه‌ی ئه‌م به‌خشینه‌دا پێکدادانێک له تێگه‌یشتن هه‌یه، که ئه‌ویش پێکدادانی تێگه‌یشتنه‌کانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوایه. کاتێک کوردێک، که به دڵنیاوییه‌وه که‌سێکی به‌رپرسیاری حکومه‌تی هه‌رێم یان یه‌کێک له حیزبه کوردیه‌کانه، ئه‌م دیاریه‌ی به‌خشیوه، ئه‌و مانا و سیمبولانه‌ی که‌ئه‌و ئه‌م دیاریه‌ی پێ بارگاوی کردوه، ره‌نگی به هیچ جۆرێک لای که‌سێکی وه‌ک سایمون ئاشکرا نه‌بێت. من سایمون له نزیکه‌وه ده‌ناسم چونکه من و براکه‌ی ئه‌و له زانکۆ هاوپۆل بوین و له ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه چه‌ندین جار پێیگه‌شتووم.
ئاستی سێهه‌م
ئایا ئه‌م کڵاوه دیاریه. ئایا دیاری به‌خشین چیه؟ چۆن فه‌راهه‌م ده‌بێت؟ به‌خشینی دیاری پرۆسه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆنه. به‌درێژایی مێژوو له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگاکاندا ئاماده‌یی هه‌بووه. ئه‌م پرۆسه‌یه بریتیه له گۆرینه‌وه‌ی شتی بارگاویکراو به سیمبول، له پێناوی ده‌ربرینی هه‌ستێک، یان ده‌توانین بڵێین دیاری پرۆسه‌ی به‌مه‌تریالکردنی هه‌سته، له به‌رامبه‌ر ئه‌ویتردا. له هه‌مانکاتدا جۆرێکه له ئاخاوتن، له په‌یوه‌ندیکردن به بێ جیاوازی له هه‌موو چین و ئاسته‌کانی کۆمه‌ڵگادا فه‌راهه‌م ده‌بێت. ئارگومێنتی ئه‌وه‌ی ئایا دیاری ده‌بی به‌بێ مه‌به‌ست ببه‌خشرێت یان به مه‌به‌ست ببه‌خشریت، ئارگومێنتێکه لێره‌دا ئێمه له سه‌ری ناوه‌ستین، چونکه مه‌به‌ستی به‌خشینی ئه‌م دیاریه دیاره. دیاره زاراوه‌ی دیاری خۆی له زمانی کوردیا ئه‌وه ئه‌گه‌یه‌نێت که شتی به‌خشراو ده‌بێ خاوه‌ن کوالیتیه‌کی تایبه‌ت بێت. بۆ نموونه کاتێک که‌سێک، به‌شتێک ده‌ڵێت؛ بۆ دیاری باشه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئه‌و شته ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی تیایه که شتێک ئه‌کاته دیاری.
به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه له‌م که‌یسی کڵاوه‌دا جیاوازه. ئه‌م جیاوازیه له چه‌ند ئاستێکه. یه‌که‌م، ئه‌م کڵاوه وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی سیاسی به‌خشراوه. دووه‌م؛ وه‌ها به‌خشراوه بۆئه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی تایبه‌ت له گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرێ. سێه‌م؛ ئه‌م کڵاوه له‌و ناوه‌نده‌دایه که کورد وه‌ك گه‌لێک تا ئێستا تیایا له سه‌ره‌تادایه، ئه‌ویش پرۆسه‌ی دیپلۆماسیه‌ته.
به‌خشینی دیاری له‌ناوه‌نده دیپلۆماسیه‌کانا هه‌میشه نه‌رێتێک بووه له نێوان که‌سایه‌تیه دیپلۆماته‌کانا. ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا دێته ئاراوه، ئایا سیاسه‌تمه‌داره کورده‌کان، به‌م کاره هه‌ڵده‌ستن وه‌ک نه‌رێتێکی باو یان روونتر قسه‌بکه‌ین وه‌ک رۆتینێک، بۆئه‌وه‌ی هه‌ست بکه‌ن که‌ئه‌وانیش وه‌ک دیپلۆماته‌کانی ترن و هیچ که‌میان نیه. ئه‌گه‌ر وه‌ها بێت ئه‌وا ئه‌وه‌ی ده‌به‌خشرێت، هه‌رچه‌نده بارگاوی بێت به‌مانا، له پرۆسه‌یه‌کی به‌تاڵ له مانادا ده‌به‌خشرێت.
ئه‌و پرسیاره فه‌لسه‌فیه‌ی لێره‌دا دێته ئاراوه؛ ئایا شتێکی پڕ له مانا، کاتێک له پرۆسه‌یه‌کی رۆتینی بێمانادا ده‌به‌خشرێت، ده‌بێته شتێکی بێ‌مانا. پرۆسه‌ی مانا به‌خشین و هه‌ڵگرتنی مانا پرۆسه‌یه‌کی پڕ ئاڵۆزه. شت له کاتێکا هه‌ڵگری مانایه، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی ئه‌و مانایه ببێته مانا ده‌بێت له‌لایه‌ن بینه‌رێکه‌وه وه‌گه‌ر بخرێت. ئه‌م وه‌گه‌ر خستنه پشت به شاره‌زایی و زه‌وق و سه‌لیقه بینه‌ره‌که ده‌به‌ستێت.
له پرۆسه‌ی ئه‌م کڵاوه‌دا به‌خشه‌ر و وه‌رگر له ئاستی شاره‌زایی و سه‌لیقه‌ی تایبه‌تدا نه‌بوون. به‌خشه‌ر وه‌ک رۆتینێک پێی هه‌ستاوه و وه‌رگر وه‌ک که‌سێکی بێسه‌لیقه و بێ‌توانا له به ئاگاهێنانی ماناکانا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵا کردوه.
بۆیه له دوائاستدا ئه‌م کڵاوه لێره‌دا فرێدراوه و بیناز بێ‌ناز له کونجی ئه‌م ژووری په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا نوستوه یان مردوه، چاوه‌روانی به ئاگاهێنانه‌وه یان زیندووکردنه‌وه ئه‌کات. ئه‌مه ئه‌مانبات بۆ پرۆسه‌ی لۆببیکردن. ئه‌وه‌نده به‌س نیه بۆئه‌وه‌ی کورد و کێشه‌که‌ی به دونیا بناسین به‌وه‌ی له ده‌رفه‌تێکا یان له سه‌ردانێکا شتێکی کوردی به که‌سێک ببه‌خشین. به‌ڵكو ده‌بێ ئێمه له به‌رده‌وامیه‌کی بێکۆتادا؛ سه‌رجه‌م شێواز و ناوه‌نده‌کان به‌کاربهێنین بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌یی خۆمان له دونیادا بچه‌سپێنین.