Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
شكاندنی قەڵەمەكەی(سۆران مامەحەمە)و تیرۆركردنی، ئیفسلاسی سیاسی دەسەڵاتی مافیایی..!!

شكاندنی قەڵەمەكەی(سۆران مامەحەمە)و تیرۆركردنی، ئیفسلاسی سیاسی دەسەڵاتی مافیایی..!!

Closed
by August 5, 2008 گشتی

  هەواڵی تیرۆركردنی سۆران مامە حەمە یەكێك لە ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمە بوێرو ئازادەكانی شاری كەركوك، كە لە گۆڤاری لڤین كاری دەكرد، بووە مایەی توڕەیی و ڕاچڵەكاندنی هەست و ویژدانی هەموو مرۆڤێكی ئازادی خواز لەكوردستان و دەرەوەی ووڵات. سۆران نموونەی ڕۆژنامەنووسێكی چاونەترس و ڕەخنەگر بوو لە دەسەڵاتێكی گەندەڵ كە قاچی كورسیەكانی دەسەڵاتیان لەسەر كەللەسەری ئازادیخوازان، وە زەبروزەنگ و سەندنەوەی ئازادییەكانی خەڵك و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی خەڵكی كوردستان بەندە، وە بە تایبەتیش لەو بەرەڵایی و گەندەڵی ئیدارییەی كە لە شاری كركوك دا هەیە.
 كەم تا زۆر من نووسرواكانی سۆرانم بەرچاو كەوتووەو خوێندومنەتەوە، دوا بابەتی ئەو كە من خوێندمەوە "سۆزانیەكان كەركوك داگیر دەكەن" بوو، كە تێیدا سۆران باسی پۆلیس و ئەمن و بەرپرسی حیزبەكان وتێوەگلانیان دەكات لە كاری لەشفرۆشی و گەندەڵیدا، وە ئەوان وەك بەشێك لە سەرچاوەی فەسادی دەسەڵات لە شارەكەدا دەردەخات. دیارە بێشك ئەو ئەوبەدواداچوونەی سۆران وورد و دروستبوو، بەڵگەی دروستبوونیشی بووە مایەی ترس و ڕیسوایی ئەو بەپرسانەو دەسەڵاتیان، هەربۆیە ویستیان بە  تیرۆركردنی سۆران ئەم دەنگە حەقخوازانەیە كپ بكەنەوەو ئەم قەڵەمە بوێرە بشكێنن.
  ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ڕۆژ بەسەر تیرۆركردنی سۆراندا، لێرەو لەوێ نموونەی سۆرانەكان یەك لەدوای یەك دەكەونە بەر هەرشەی كوشتن و تیرۆركردن و بە ئاشكرا بە تەلەفۆن لە دەرەوەو ناوەوەی كوردستانەوە هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكەن. ئەوەی كە كێیە بەم كارەهەڵدەستێت و هەڕەشەی كوشتن لە نووسەران دەكات، لای خەڵكی و نووسەران خۆیان ڕۆشنە، لە هەمان كاتدا بەشێكی زۆری پەنجەی تاوانەكانیش ڕوویان لە دەسەڵاتدارانی كوردستان و بە تایبەتیش هەردوو حیزبی زلهێزی كوردستان یەكێتی و پارتییە و ئەوان بە بكوژی سۆران تۆمەتبار كراون، بە تایبەتیش دوای كوشتنی سۆران ئەوان مێش میوانیان نییەو هەڵویستی ڕۆشنیان لەوبارەوە نیشان نەداوە، ئەمەش بۆخۆی ئەگەری ئەنجامدانی ئەم تاوانە لە لایەن ئەوانەوە ئەوەندەی تر بەهێز دەكات.
 تیرۆر كردنی سۆران و هەوڵی خامۆش كردن و كپ كردنی چرای ئازادی و دەنگی بوێری ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز. نیشانەی بڕوا نەبوون بە ئازادی ڕادەبڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی بیركردنەوەیە لە لایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری كوردستانەوە، وە مایە پووچی هەموو ئیدعاكانیانە لەمەڕ ئازادی و دیموكراسی و مافی و مرڤ …هتد، و هەموو ئەو درووشمە بریقەدارانەن كە تەنها مەرەكەبی سەر كاغەزن و ڕۆژانە لە ڕێی میدیاكانیانەوە گۆێی خەڵكی كوردستانی پێكەڕ دەكەن. كوشتنی ڕۆژامەنووسان و هەڕەشەكردن لێیان، هێمایەكی بەهێزی پەیڕەوكردنی عەقڵییەتی خێڵەكی و ئەوپەڕی كۆنەپەرستییە لە لایەن دەسەڵاتەوە.
 دەنگ و قەڵەمەكەی سۆران و سۆرانەكان، دەنگێكی ئازادیخوازو قەڵەمێكی حەقخوازانەیە، و ڕیسوا كردنی گەندەڵی و دەسەڵاتی كۆنەپەرستی و خێڵەكییە، هەر بۆیە ئەم دەنگە بەهیچ هێزێك لەنێوناچێ و كپ ناكرێتەوە. سۆرانێكمان لێدەكوژن سەدان سۆرانمان لێیان وەدنگ دێن، قەڵەمێكمان دەشكێنن سەدان قەڵەم دەبن چقڵی چاوی بكوژان و دوژمنانی ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین.
 ڕیسوایی بۆ بكوژانی سۆران، سەرەخۆشیم بۆ خێزان و كەسو كاری سۆرانی ئازیز و هاوڕێیانی لە گۆڤاری لڤین.
 
 شێرزاد فاتح
 02-08\2008

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.