Skip to Content

Friday, September 13th, 2024
مرۆڤ له‌ نێوان قیامه‌تی خوا و دۆزه‌خی ته‌کنه‌لۆجیا

مرۆڤ له‌ نێوان قیامه‌تی خوا و دۆزه‌خی ته‌کنه‌لۆجیا

Closed
by August 7, 2008 گشتی

 مرۆڤ له‌ نێوان قیامه‌تی خوا و دۆزه‌خی ته‌کنه‌لۆجیا
      (3)
 نزار جاف

 ململانێی نێوان ئایین و ته‌کنه‌لۆجیا، له‌ بنه‌ڕه‌تدا، کۆششکردنه‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی به‌خته‌وه‌ری بۆ ئاده‌میزاد، به‌ڵام، پرسیاره‌که‌ له‌وه‌دایه‌، پێناسه‌ی به‌خته‌وه‌ری چییه‌ و، ده‌کرێت به‌ داڕشتنه‌وه‌ی هه‌موو بواره‌کانی ژیان به‌ ئامێر و قوتکردنه‌وه‌ی ماشین له‌ هه‌موو شوێنێکدا، بڵێین به‌خته‌وه‌ری بۆ مرۆڤ دابین کراوه‌؟ یان ئایا ده‌توانین بڵێین کاتێك مرۆڤ هه‌موو فه‌رز و داواکارییه‌کانی ئایینه‌که‌ی راپه‌ڕێنێت، ئایا ئیدی به‌خته‌وه‌ری مسۆگه‌ر ده‌کات؟ له‌ راستیشدا، تێزی به‌خته‌وه‌ری تا ئێستا بابه‌تێکی ده‌ستنیشان کراو نییه‌، چونکه‌ که‌س ناتوانێت به‌خته‌وه‌ری له‌ چوارچێوه‌یه‌کی دیاریکراودا دیاری بکات، هۆکاری ئه‌وه‌ش بۆ راستییه‌کی گرنگ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و، پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌خته‌وه‌ری له‌ بنچینه‌دا نموونه‌یه‌کی به‌رزی هه‌ست و سۆز و ئه‌ندێشه‌کردنه‌ نه‌ك بابه‌تێکی ئه‌قڵییه‌. هه‌ڵبه‌ته‌، لێره‌دا، هه‌ردوو لایه‌ن، واته‌ ئایین و ته‌کنه‌لۆجیا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی کۆڵ و باره‌کانیان، به‌خته‌وه‌ری بخه‌نه‌ ناو چوارچێوه‌یه‌کی ده‌ستنیشانکراوه‌وه‌، ئایین پێی وایه‌، که‌ گه‌یشتنی مرۆڤ به‌ هاوسه‌نگکردنی هه‌ردوو لای هاوکێشه‌که‌ واتا داواکارییه‌کانی خوا و حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی خۆی و، به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ به‌خه‌ته‌وه‌رییه‌کی "نسبی و وه‌همی"ده‌سته‌به‌رده‌کات و، به‌خته‌وه‌ری "ره‌ها و راسته‌قینه‌"که‌ له‌و دنیا کاتێك ده‌چێته‌ به‌هه‌شت، مسۆگه‌ری ده‌کات. به‌ڵام، ته‌کنه‌لۆجیا، له‌ رێگه‌ی به‌شداریکردنه‌وه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیان و پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزارییه‌کانی چ به‌ شێوه‌یه‌کی ئه‌ڵته‌رناتیف بۆ خودی مرۆڤ یان به‌ شێوه‌یه‌کی لاوه‌کی که‌ له‌ناو ماڵ و هه‌ندێك شوێنی دیکه‌دا به‌کاردێت و، هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی نهێنی ته‌ندروستی و ته‌لیسمه‌کانی مه‌رگ و ژیان و گه‌ردوون، پسپۆران وای بۆ ده‌چن که‌ له‌م رێچکه‌یه‌وه‌ ته‌کنه‌لۆجیا به‌خته‌وه‌ری به‌ مرۆ ده‌به‌خشێت. به‌ڵام، هه‌روه‌ك دیاره‌، به‌خته‌وه‌رییه‌ نسبی و وه‌همییه‌کی ئایین بۆ ئاده‌میزاد له‌م دونیایه‌، نه‌توانراوه‌ تا ئێستا کۆمه‌ڵێکی موسڵمان یان مه‌سیحی یان جووله‌که‌ یان زه‌رده‌شتی یان هه‌ر ئایینێکی دیکه‌ دیاری بکرێت که‌ زۆربه‌ی تاکه‌کانی یان به‌لای که‌مه‌وه‌ رێژه‌یه‌کی له‌به‌رچاویان ئه‌و "نیمچه"به‌خته‌وه‌رییان به‌ر که‌وتبێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ی قسه‌کردن له‌ به‌خته‌وه‌رییه‌"ره‌ها و راسته‌قینه‌که‌"که‌ به‌ نیسبه‌ت ئه‌م دنیایه‌ وه‌ك ئه‌فسانه‌یه‌ك یان خه‌ونێك وایه‌ که‌ له‌ هه‌ندێك ئایینیشدا، ئه‌وه‌نده‌ کۆت و به‌ند و مه‌رجی سه‌خت دانراوه‌ که‌ ئاسته‌نگه‌ ببێته‌ نسیبی هه‌موو که‌سێك مه‌گه‌ر"خاوه‌ن شانسێکی مه‌زن"بێت. ته‌کنه‌لۆجیاش، گه‌رچی توانیوێتی گوزه‌رانێکی خۆش بۆ ئاده‌میزاد فه‌راهه‌م بکات و، له‌ زۆر رووه‌وه‌ گۆڕانی گه‌وره‌ و دیار به‌سه‌ر ژیانیدا بێنێت، به‌ڵام، نه‌یتوانیوه‌ تا ئێستاش، ئاده‌میزادێکی به‌خته‌وه‌ر به‌ واتای وشه‌که‌ بێنێته‌ئاراوه‌ و، بگره‌ ره‌شبینی و خه‌مۆکی و گۆشه‌گیری و نیگه‌رانی، زۆر نه‌خۆشی ‌ ده‌روونی دیکه‌، بوونه‌ته‌ مۆرکێك بۆ کۆمه‌ڵگه‌کانی پێشکه‌وتووی خۆراوا و، ئه‌وه‌نده‌ی هێمای ئاده‌میزادێکی هه‌میشه‌ سه‌رقاڵ و راکردوو له‌م لاوه‌ بۆ ئه‌ولا ده‌بینیت، ئه‌وا له‌ سه‌دا بیستی ئه‌وه‌ که‌سێکی به‌خته‌وه‌ر نابینیت که‌ له‌ ژیانی رازی بێت. بێگومان، چ ئایین، چ ته‌کنه‌لۆجیا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن که‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ی ململانێیه‌ گه‌وره‌که‌یان که‌ له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی پیشه‌سازییه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، چۆك به‌ یه‌کتر دابده‌ن. پاپا به‌ندیکێتی شازده‌یه‌م، له‌ شاری سیدنی له‌ ئوسترالیا، له‌ میانه‌ی به‌شداریکردنی له‌ رۆژی جیهانی لاوان که‌ له‌ گۆڕه‌پانێکی ئه‌و شاره‌دا، به‌ڕێوه‌چوو، هوشیاریدا له‌"کاڵبوونه‌وه‌ به‌ها روحییه‌کان"که‌ سه‌رانسه‌ری جیهانی نوێی گرتۆته‌وه‌ و، داوای له‌ لاوانی هه‌موو جیهان کرد که‌ ببنه‌ "په‌یامبه‌ری خۆشه‌ویستی"، هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌و بۆنه‌یه‌ که‌ پێشبینی ده‌کرا ئاماده‌بووانی پتر له‌ نیو ملیۆن لاو بێت، ته‌نها 350 هه‌زار لاو ئاماده‌یبوون و، ره‌نگ و رووی له‌وه‌ی نه‌ده‌کرد که‌ بۆنه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووبێت له‌ پێکاندنی ئامانجه‌کانی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پاپا و کڵێسا به‌ ده‌ست کێشه‌ی ده‌ستدرێژیکردنی سێکسی چه‌ند قه‌شه‌یه‌کی ئوسترالی بۆسه‌ر منداڵان، ده‌یانناڵاند و، ته‌نانه‌ت خۆپیشاندانیش له‌دژی پاپا به‌رقه‌راربوو و، به‌پێی بۆچوونه‌کانی خودی ناوه‌نده‌ ئایینییه‌کان و ده‌زگاکانی راپرسی پسپۆر له‌ وڵاتانی خۆراوا، پێی ناچێت پاپا و کڵێساکانی که‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ ده‌رگاکانیان داده‌خرێن و خه‌ڵکی پشت ده‌که‌نه‌ قه‌شه‌کانی، کارێکی ئه‌وتۆیان پێ بکرێت له‌ به‌رده‌م شه‌پۆلی مه‌زنی ته‌کنه‌لۆجیا. بێگومان، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ ته‌کنه‌لۆجیا، ململانێکه‌ی یه‌کلایی کرده‌وه‌ و ئایینی به‌زاند، هه‌رچه‌نده‌ ده‌تواندرێت بگووترێت که‌ ئایین ئه‌و کاته‌ به‌زی له‌ به‌رده‌م ته‌کنه‌لۆجیادا که‌ یه‌که‌م منداڵی لووله‌ شووشه‌ییه‌کان له‌دایکبوو، چونکه‌ کێشه‌ی وڵاتانی خۆراوا له‌ به‌رامبه‌ر قه‌یرانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئایینی ئیسلام له‌و وڵاتانه‌دا و، هه‌ڕه‌شه‌کردنی له‌ بنچینه‌ی دیموگرافی کۆمه‌ڵگاکانی ئه‌وروپا، بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ندین ناوه‌ندی سیاسی و رۆشنبیری بکه‌ونه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌للا تا لاوانی ئه‌وروپی هان بده‌ن بۆ ده‌ست گرتن به‌ ئایینی مه‌سیحییه‌وه‌ و پابه‌ندبوون به‌ به‌هاکانی له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی ئایینی ئیسلام، به‌ڵام، ئه‌گه‌ر بێت ئه‌م کێشه‌یه‌ ببێته‌ هۆی جۆره‌"ئاگر به‌ستێك"له‌ نێوان ئایینی مه‌سیحی و زانست، ئه‌وا به‌و واتایه‌ش نییه‌ که‌ ئیدی کۆسپ یان گرێ کوێره‌ که‌وته‌ نێوان ئه‌و دوو رکابه‌ره‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و ململانێیه‌ به‌رده‌وامی هه‌ر ده‌بێت و، شانسی پاپا و کڵێسا له‌ به‌ردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌نگه‌ له‌دژی زانست و ته‌کنه‌لۆجیا، هه‌روه‌ك شانسی سه‌دام حسێن وابوو کاتێك له‌ به‌رامبه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا راوه‌ستا. له‌ میانه‌ی ئه‌م بگره‌ و به‌رده‌یه‌دا، تاکه‌ کسێك که‌ باجه‌که‌ی ده‌دات خودی ئاده‌میزاده‌ که‌ ترسی قیامه‌ته‌کی خوا نه‌یتوانیوه‌ جڵه‌وی حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی بگرێت و، هه‌موو پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی بواری ژیانیشییه‌وه‌ به‌ هۆی ته‌کنه‌لۆجیا، نه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ست به‌ ئارامی و ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری، بکات!.

     nezarjaff@gmail.com
  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.