Skip to Content

Saturday, December 14th, 2024
چه‌ند تێبینیه‌ک له‌سه‌ر کۆنفرانسی جینۆساید…هیوا عبدوڵا-به‌لجیکا

چه‌ند تێبینیه‌ک له‌سه‌ر کۆنفرانسی جینۆساید…هیوا عبدوڵا-به‌لجیکا

Closed
by January 15, 2008 جینۆساید

 له‌ کۆتاییه‌کانی ساڵی ڕابردودا هه‌واڵێکمان سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی کۆنفرانسێک به‌ناوی کۆنفرانسی جینۆسایدکردنی گه‌لی کورد له‌ شاری هه‌ولێر و به‌سه‌رپه‌رشتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌وته‌ به‌رگوێ. ئه‌گه‌رچی ده‌بوایه ئه‌وه‌‌ زوتر کرابا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌وڵێکی خۆشبوو‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕۆکدا کۆمه‌ڵێک که‌موکورتی گه‌وره‌ی تێدایه‌، که‌ هیچ که‌سی تۆزێک شاره‌زا ناتوانێ چاو له‌و هه‌ڵانه‌دا بپۆشێ.

     پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ ناو ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌ حه‌ز ئه‌که‌م به‌بیر خوێنه‌ران بێنمه‌وه‌ که‌ ئه‌و کارانه‌ ئه‌گه‌ر چی ده‌بێ و پێویسته‌ له‌سه‌ر مه‌سره‌فی حکومه‌ت بن، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و کارانه‌ کاری ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نی و زانسی و ئه‌کادێمیا‌کانن، نه‌ک ئه‌وه‌ی حیزب له‌ سه‌رو تا ژێر هه‌موو شته‌ تایبه‌ت و گشیتیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ بخاته‌ ژێر ڕکێفی خۆی و به‌خۆی بکات یانیش ئه‌گه‌ر به‌خۆی نه‌یکرد و خه‌ڵکی دیکه‌ پێی هه‌ڵسان یارمه‌تی نه‌دات.

     ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ سه‌یری ووڵاتانی پێشکه‌وتو و له‌ نمونه‌ی ئه‌نفالدا سه‌یری نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌ک جوله‌که‌ بکه‌ین، له‌ سه‌ره‌تای ناساندنی پرۆسه‌ی قرکردن و له‌ناوبردنی جوله‌که‌کان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل به‌ ناوی خۆی و له‌ژێر کۆنترۆلی ڕاسته‌وخۆی ووڵاته‌که‌یدا کارێکی ئه‌وتۆی بۆ ناساندنی جینۆسایدی جوله‌که‌کان نه‌کرد، به‌ڵکو ئه‌و کاره‌ی به‌ ڕێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان و لۆبیه‌ی جوله‌که‌ییه‌کان سپارد، دوای ئه‌وه‌ش خه‌ڵکانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ پشتگیریان لێ کردن، به‌ڵام ئه‌وڕۆکه‌ حکومه‌ته‌که‌ی ئێمه‌ ده‌ستپێشخه‌ری بۆ کۆنفرانسێکی به‌و شێوه‌یه‌ ده‌کات، نه‌ک به‌ته‌نیا باوه‌ڕی ئه‌وه‌ی نیه‌ کاره‌که‌ به‌ هه‌ندێک ڕێکخراوی پسپۆر له‌و بواره‌‌ بسپێرێت و به‌خۆی به‌ته‌نیا خه‌رجه‌که‌ی بخاته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵکو ته‌نازول ناکات ڕێکخراوێکی وه‌ک "چاک" بانگهێشت بکات بۆ کۆنفراسه‌که‌، که‌ من شاهێدی ئه‌وه‌م ئه‌و پڕۆژه‌ و پێشنیاره‌ کاتێک له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی چاک پێشکه‌ش کرا، نه‌وه‌ک به‌ته‌نیا حکومه‌ت و په‌رله‌مان شتێکی وایان به‌خه‌یاڵدا نه‌ده‌هات به‌ڵکو هیچ هه‌ڵوێستێکی جدیشیان نه‌بو به‌رامبه‌ر به‌ دادگایی کردنی سه‌رجه‌م تاوانباره‌کانی ئه‌نفال که‌ به‌شێکیان ئه‌مڕۆ شه‌ریکی ده‌سته‌ڵاتن، ناساندنی جینۆسایدی کوردستان لایه‌ن حکو‌مه‌تی عێراق و داوای لێبوردنکردن له‌ گه‌لی کورد، تیمارکردنی سه‌رجه‌م زام و برینه‌کانی ئه‌نفال و خه‌ڵکی لێقه‌وماوانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌بێ جیاوازی و….هتد.

     بڕیاره‌ کۆنفراسه‌که‌ له‌ 26-28// 012008 ببه‌سترێ، به‌ڵام ڕێکخراوێکی وه‌ک چاک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێک شوێن و کاتدا ڕکه‌به‌ری هه‌ندێ پرۆژه‌ی حکومه‌ت و په‌رله‌مانه‌ و هه‌ڵوێستی له‌به‌رانبه‌ر کاربه‌ده‌ستان هه‌یه‌ بانگ نه‌کراوه‌، که‌ ده‌بو نه‌ک به‌ته‌نیا بانگکرابایه‌ به‌ڵکو کۆنفرانسه‌که‌ به‌ خودی "چاک" بسپێردرابایه‌ نه‌ک حکومه‌ت، چونکه‌ چاک چالاکترین ڕێکخراوی کوردانه‌ که‌ به‌ ڕه‌نجوماندوبون و شه‌ونخونی کۆمه‌ڵێک تێکۆشه‌ری کوردی ئه‌وروپا و به‌یارمه‌تی هه‌ندێک کوردی ناوخۆ له‌ ساڵی 2001ه‌وه‌ تا ئێستا ئه‌و کاره‌ ده‌کات و ده‌رباره‌ی کێسی ئه‌نفال و جینۆساید په‌یوه‌ندی وڕه‌وایه‌تیه‌کی زیاتری هه‌یه‌ له‌ لایه‌نێکی سیاسی و ده‌یتوانی کاری باشتر و خزمه‌تی باشتر به‌ کێشه‌که‌ بکات، به‌شداری نه‌کردنی چاک وا ده‌کات کاربه‌ده‌ستانی سیاسی نه‌توانن په‌رده‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌ڵده‌نه‌وه‌ که‌ له‌ پشت ئه‌نفال و جینۆسایدی کوردستانن به‌ کورد و عه‌ره‌به‌وه‌، به‌ عێراق و جیهانه‌وه‌، له‌لام ڕون نیه‌ له‌ کۆنفرانسی ئاماژه‌بۆکراودا، کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت و میوانه‌ خوازراوه‌کانیان تا چه‌ند بوێری ئه‌وه‌یان تێدا ده‌بێ په‌نجه‌ی تاوان به‌ ئاشکرا بۆ کۆنه‌جاشه‌ به‌شداربوه‌کانی ئه‌نفال و هه‌ڵوێستی لایه‌نگرانه‌ی دادگای عێراقی ڕاکێشن، لام ڕون نیه‌ ئه‌وان چه‌ند ده‌توانن وا بکه‌ن که‌ بڕیاری دادگای عێراقی ده‌رباره‌ی تاوانبارانی ئه‌نفال جێبه‌جێ بکرێ.

  من پێموایه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حکومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ڕێکخراوی چاک پێش ئێستا دۆزێکی دژ به‌ سه‌رۆک کۆماری عێراق به‌ڕێز مام جه‌لال پێشکه‌ش به‌دادگای عێراقی و هه‌رێم کردبو به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی تاوانبارانی ئه‌نفال ساز ده‌کات، حکومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسیارانی پارتی شریکی یه‌کێتیش بۆ ئه‌وه‌ی مام جه‌لالیان لێ نه‌تۆرێ ئه‌و بڕیاره‌یان وه‌رگرتوه‌. کۆنفرانسه‌که‌ له‌ هه‌ولێر ساز ده‌کرێ ئه‌وه‌ به‌و مه‌به‌سته‌یه‌ چونکه‌ هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌ڵام کاربه‌ده‌ستان له‌بیریان چوه‌ که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پایته‌ختی جینۆساید و ناوه‌ندی ئه‌نفاله‌ نه‌ک هه‌ولێر.

من پێموایه‌ کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم به‌ وردو درشتیانه‌وه‌ هه‌ڵه‌ ده‌که‌ن له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و کارانه‌، چونکه‌ ئێمه‌ که‌ چوارده‌ورمان ئاگره‌ پێویستمان به‌ هاوکاری و متمانه‌ و یه‌کتر قه‌بوڵکردن هه‌یه‌، نه‌ک نه‌فی کردنی یه‌کدی که‌ له‌سه‌رده‌می شاڕی ساردو گه‌رم کردمان، حکومه‌تی هه‌رێم ده‌بێ ئه‌رکه‌کانی دابه‌ش بکا به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاته‌ سه‌ربه‌خۆ و هه‌رێمیه‌کاندا نه‌ک به‌ته‌نیا ناوه‌ند، ئه‌و کۆنفرانسه‌ نابێ له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی ته‌سکی ده‌سته‌ڵاتی کوردی و له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند حیسابێکی سیاسی بچوک ئه‌نجام بدرێ.

  هێشتان کات ماوه‌ هیوادارم سه‌رانی حکومه‌ت و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی چاوێک به‌ به‌رنامه‌کانی کۆنفرانسدا بخشێننه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی جینۆساید ئه‌وه‌نده‌ سراتیژیه‌ وه‌ک ئاگر وایه‌ نابێ به‌ حیسابی سیاسه‌تی ڕۆژانه‌ یاری به‌ ئاگر بکرێ.
کورد ئه‌ڵێ: ئه‌وکه‌س دوژمنه‌ که‌ ده‌تکه‌نێنێ، ئه‌و که‌سه‌ دۆستته‌ که‌ ده‌تگریێنێ….    .

Hiwa.Abdullah@gmail.com

 

Previous
Next