Skip to Content

Friday, September 20th, 2024
پ ک ک تیرۆرستەو نوێنەرایەتى کوردیش ناکات! …. سەباح تاهیر

پ ک ک تیرۆرستەو نوێنەرایەتى کوردیش ناکات! …. سەباح تاهیر

Closed
by January 15, 2008 گشتی

 لەم ماوەیە سەرۆک وەزیرانى تورکیا لە میانەى کۆبونەوەیەکى هەفتانەى حیزبەکەى ، ڕایگەیاند" پ ک ک" ڕێکخراوێکى ترۆریستەو نوێنەرایەتى کورد ناکات و ناشهێلین نوێنەرایەتى کورد بکات . هەرلەو کۆبونەوەیەش   " ئەردۆگان" دەڵێت پێویستە کوردەکان لە نێوان دوو ڕێگە یەکێکیان بۆ خۆیان هەڵبژێرن یان  لەناو دیموکراسیەتدا جێگاى خۆیان بکەنەوە یاخود چەک بگرنە دەست دژایەتى دەوڵەت بکەن .
من نامەوێت لێرە ببمە پارێزەرى پ ک ک ەو پارێزگارى لەم پارتە بکەم کە ئایا ترۆریستە یاخود نەخێر، چونکە ئەم مەسەلەیە زۆر هەڵدەگرێت ،. بەڵام ئەوەى من مەبەستمە ڕوونیبکەمەوە ئەوەیە کە بەڕێز ئەردۆگان، داوا لە کوردەکانى ئەو ووڵاتە دەکات لە نێوان دوو ڕێگە ڕێگەیەک هەڵبژێرن ژیان لەنێوفەزاى دیموکراسى یاخود چەک هەڵگرتن . جارآ حەقە بپرسین کام دیموکراسى ئەو دیموکراسییەى تەنانەت ئاخافتن بە زمانى کوردى قەدەغەدەکات ، یا ئەو دیموکراسیەى دەستوورێکى سەپاندوە کەنە لەبرَگەیەک باس لە هەبوونى میللەتى کورد دەکات لەم ووڵاتە، نەباس لە خاکى کوردستان دەکات ، سەبارەت بەمافیش نەک مافى سیاسى تەنانەت مافى کلتوریش بۆ کورد بەڕەوا نابینێت.
لە تورکیا لە 24 کاتژمێر ڕادیۆ و تەلەفزێۆن تەنها 20 دەقیقە کات بۆ ئاخافتن بۆ زمانى کوردى دانراوە بێگومان ئەمەش دواى چەندین فلتەرسازى و سانسۆر.سەرەڕاى ئەوەش ئەوەى گەشتێک بەناو تورکیادا بکات تەنانەت ئەگەر گوزەرێکى سەرپێی بێت بۆى دەردەکەوێت کە ناوچە کورد نشینەکان چەندە لە ڕووى ئابوورى و پیشەسازى فەرامۆشکراون، جگە لەوەش ڕێژەى بێکارى ئەوا بەراورد ناکرێت لە نێوان کورد و تورک .سەرەڕاى ئەوەش پۆستە حکومیەکانیش تاوەکو ئێستا بۆ کورد لە خانەى بڤەیە.
هەڵبژاردنى ئەم ڕێگایانەى بە ڕێز " ئەردۆگان" باسیلێوە دەکات، زۆر ئەستەمە ، ئەگەر فەزایەکى گونجاوى بۆ فەراهەم نەکرێت . چۆن دەتوانرێت لە سایەى سیستەمێکى نادیموکراسى و تا ڕادەیەکیش عەسکەرتار، گەلێکى چەوساوەو مافخوراو ژیانى دیموکراسى هەڵبژێرێت . جارآ دەپرسین کورد بۆچى چەکو خەباتى چەکدارى هەڵبژاردوە هەرچەندە هەر هەموو یاساو ڕێساکانى دونیا ئەم مافە بە گەلێکى مافخوراو دەدات لەدژى داگیرکارى، پەیڕەوى خەباتى چەکدارانە بکات. بەڵام بێگومان باشترین ڕێگاش نییە.
زۆربەى زۆرى  کوردانى تورکیا خەباتى سیاسى و دیموکراسى بە ڕێگاچارە دەزانن بە بەڵگەى ئەوەى لەگەڵ ئەو هەموو جەورو ستەمەى دەرهەقیانکراوە بەشایەدى حیزبەکەى ئەردۆگان هێشتا دەستبەردارى خەباتى پەرلەمانى و دیموکراسى نەبوە، لەگەڵ ئەو هەموو بەربەست و ئاستەنگانەى لەهەمبەر کاندیدە کوردەکان دادەنرێت لەهەر هەڵبژاردنێک. دواى دەرچوونیشیان ئاخافتن بەزمانى کوردى لێیان قەدەغەدەکرێت ،بە پێچەوانەش ڕووبەڕووى زیندان دەکرێنەوە بۆنمونە لەیلا زاناى ژنە پەلەمانتارى کورد تەنها لەبەرئەوەى ویستى وابوو سوێندى یاسایى بەکوردى بخوات چەندین ساڵ زیندانى کرا .
بۆیە ئەگەر " ئەردۆگان " مەبەستێیتى کورد پەنا نەباتە بەر چەک ئەوا بەر لە هەموو شتێک پێویستە کەشوهەوایەکى دیموکراسى بۆ سەرجەم نەتەوەکانى تورکیا بێجیاوازى فەراهەم بکات ، ڕەوشى مافەکانى مرۆڤ باشتر بکات و گرنگى بە بوژاندنەوەى ناوچە کوردیەکان لەڕووى ئابوورى و زانستى و………………….هتد بدات .
هەرچەندە پ ک ک خەباتى چەکدارى هەڵبژاردوە بەڵام چەندین کەڕەت ئاگربەستى ڕاگەیاندوە و ئامادەباشى خۆیشى دەربڕیوە بۆ چەکدانان ئەگەر هەلومەرجى لەبارى بۆ بڕەخسآ لەلایەن دەسەڵاتدارانى تورکیا ، بەڵام مەخابن هەموو جارێک دەستپێشخەریەکان ڕەتکراوەتەوە ، دەکرێت ئەردۆگان کە پارتەکەى زۆرینەى پەرلەمان وپۆستى سەرۆکى کۆمار یان لەدەستدایە لەم کانەدا، کۆتایى بەم خوێن ڕشتنە بێنێت ، بە کۆتایى هێنان بەپەراوێزخستنى کورد لە کۆمارى تورکیا کە ساڵەهایە ناسیۆنالستى تورکى پەیڕەوى دەکات .
ئەگەر نا مەحاڵە ئەم ووڵاتە ئارامى بەخۆیەوە ببینێت ، چونکە ڕەنگە بەهۆیەک لە هۆیەکان بتوانرێت پ ک ک لەنێو ببرێت ، بەڵام تا هەلومەرجى دۆزى کوردى لە تورکیا بەم شێوەیە بێت پ ک ک نەبێت هەر ڕێکخراوێکى ترى چەکدارى دەتوانێت خەباتى چەکدارى ڕابگەیەنێت و نوێنەرایەتى کورد بکات . چونگە ئەمە سوننەتى ژیان بوە لەسەرەتاوە ، ئەستەمیشە گۆڕینى ئەم هاوکێشەیە.
باشترە واز لە تۆمەتبارکردن بە تیرۆر و زمانى هەڕەشە بهێنرێت چونکە سەردەمانێکیش پارت و ڕێکخراوى شێوەى ئاکەپەى ئەردۆگان لەخانەى یاساغ دابوون ئەگەر نەڵێین تیرۆر کەچى ئەمڕۆ حوکمڕانى دەکەن. ئیتر کاتى ئەوە هاتوە ئامرازەکانى ئاشتى تاقیبکرێتەوە و نەختێک مۆلەت بە تفەنگەکان بدرێت ، چون ڕێگا سەربازییە جۆراوجۆرەکان ئەزمایشکران و ئەنجامى نەبوو جگە لە بەکوشتدان وبەهەدەردانى دەیانهەزار لە هاووڵاتیانى تورکیاو ملیارەها دۆلار کە دەکرا  لە پرۆژەى زۆر گەورەى خزمەتگوزارى سەرفکرایە.
بۆیە چاکترین ڕێگا پەسندکردنى ڕێگاى ئاشتى و دیموکراسیی و داننانە بەمافە ڕەواکانى کوردو دوورکەوتنەوەیە لە ڕێکەوتنە هەرێمیە شوومەکان و تۆمەتبارکردنى کوردە بەتیرۆر . هەر ئەوەشە دەتوانێت وا لە کورد بکات ڕێگەى یەکەم هەڵبژێرێت کە جێگاى خۆى لە نێو دیموکراسیەت ببینێتەوە .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.