هه‌ڤپه‌یڤینێک له‌گه‌ڵ (دارا ئه‌حمه‌د)…
هه‌ڤپه‌یڤینێک له‌گه‌ڵ (دارا ئه‌حمه‌د).
– سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی ”ئه‌مڕۆ” له ١٩٩٤ و به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی ”ئه‌مڕۆ”ی ئێستا-
سازدانی: گۆڤاری شه‌قام
گۆڤاری شه‌قام: گۆڤاره‌كه‌مان ” شه‌قام ” زنجیره راپۆرتێك له‌سه‌ر یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ى ئه‌هلى دواى راپه‌ڕین له‌كوردستاندا بڵاوده‌كاته‌وه بۆ ئه‌مه‌ش به‌پێویستمان زانى به‌ڕێزتان وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ” ئه‌مڕۆ” كه له ١٩٩٤ ده‌رچووه وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه‌مان بده‌یته‌وه:
دارا ئه‌حمه‌د: پێش وه‌ڵامه‌کان پێویسته بڵێم : ئه‌من وه‌ک سه‌رنووسه‌ر و یه‌کێک له دامه‌زرێنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی رۆژنامه‌ی ” ئه‌مڕۆ ” شانازی به‌وه ناکه‌م که خاوه‌نی یه‌که‌مین رۆژنامه‌ی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی کوردیم له کوردستانی باشوور به‌لکه شانازیی به‌وه ده‌که‌م که له کاتی ده‌رچوونی رۆژنامه‌که و له‌پاش ئه‌وه‌ش که ده‌سه‌ڵاتی کوردی رۆژنامه‌که‌مانیان سه‌ربڕی بێ گوێدانه ترسی تیرۆرکردن و گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و هه‌راسانکردن و نانبڕاوکردن تا ئه‌مڕۆ پێم داگرتووه له‌سه‌ر درێژه‌دان به به‌رزراگرتنی یه‌که‌مین چه‌خماخه‌ی ره‌وتی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی و ئێستاش ئه‌مه یه‌ک ساڵی پڕه وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپه‌ڕی ” ئه‌مڕۆ” درێژه به‌و ره‌وته ده‌ده‌م که که‌م که‌س هه‌یه له‌و ئاستانه‌ی مندا بێ و به جۆرێک له جۆره‌کان خۆی به ده‌سه‌ڵات و دین و دابونه‌ریتی دواکه‌وتووانه نه‌فرۆشتبێ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌من هه‌رگیز چاوه‌ڕوان نییم که‌سێک ده‌ستخۆشییم لێ بکا.. ئه‌گه‌ر لێمبگه‌ڕێن و هه‌رده‌م – له‌لایه‌ن زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دۆست و ناسیاوانم ته‌نانه‌ت و هاوڕێ و هاوکارانیشم – نه‌مترسێنن و پێم نه‌ڵێن: (ده‌بێ ئاگات له‌خۆت بێ، به ده‌یان که‌سی له‌بابه‌تی تۆیان له‌ناوبرد، ئاخر تۆ ده‌بێ خه‌مێک له‌خۆت و له گوزه‌رانی خۆت بخۆی …هتد) ! ئه‌وا ئه‌من گه‌لله‌ک سوپاسی هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌م و ئه‌و کارانه‌ی کردوومن هه‌مووی به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمی ده‌زانم .. شتێکی ئاساییه که هه‌ر مرۆڤێک به هۆی مرۆڤه‌کانی دی له ژیانیدا ده‌بێته (وه‌رگر) پێویسته ببێته (بده‌ر)یش.
گۆڤاری شه‌قام: ده‌رچوونى رۆژنامه‌ى "ئه‌مڕۆ" له‌و كاته‌دا چ كاریگه‌رییه‌كى دروستكرد له‌سه‌ر:
یه‌كه‌م: بونیادێك بۆ ره‌خنه له‌به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات.
دووه‌م: كۆكردنه‌وه‌ى نووسه‌ران، رۆشنبیران، رۆژنامه‌نووسان.
سێیه‌م: هێنانه ئاراى جۆرێك له جورئه‌تى رۆژنامه‌نووسیى.
دارا ئه‌حمه‌د:
یه‌که‌م: تاقه رۆژنامه‌یه‌کی ره‌خنه‌گر له هیچ بارودۆخێک نه‌خاسمه له‌بارودۆخی ئه‌وکاتی کوردستان ناتوانێ به‌ته‌نیا بێته بونیادێکی ئه‌تۆ بۆ ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات ، باشتر وایه پرسیاره‌که به‌م شێوه‌یه بکرێ: ئایا جۆر و شێوه ره‌خنه‌گرییه‌که‌ی رۆژنامه‌ی ” ئه‌مڕۆ ” له ده‌سه‌ڵات و که‌لتووری باوی ئه‌وسه‌رده‌م توانی ئامانجه‌کانی خۆی بپێکێ؟ ئه‌وا له وه‌ڵامدا ده‌توانم بڵێم : به‌ڵێ .. چونکه له‌خۆڕا نه‌بوو هه‌موو پیلانێکیان تاقیکرده‌وه بۆ له‌باربردنی ئه‌و ئه‌زموونه و توانیان بۆ ماوه‌یه‌کیش په‌کی بخه‌ن به‌ڵام سه‌ره‌نجام بووه هه‌وێنی دروستبوونی چه‌ندین که‌ناڵی ره‌خنه‌گرانه‌ی تر له‌وانه‌ش رۆژنامه‌ی ” سپێده ” و هیتر و هیتریش تا گه‌یشته دووباره ده‌ستبه‌کارکردنه‌وه‌ی ” ئه‌مرۆ ” به‌شێوه‌ی ماڵپه‌ڕ له هه‌نده‌ران.
دووه‌م: رۆژنامه‌ی” ئه‌مڕۆ ” هه‌ر له بنچینه‌دا نه‌یویستووه (نووسه‌ران، رۆشنبیران، رۆژنامه‌نووسان) کۆ بکاته‌وه به‌ڵکه جێپه‌نجه‌یه‌کی دیاری هه‌بوو له کێشانی هێلێک له نێوانی ئازاد و سه‌ربه‌خۆکان له به‌رێک و ده‌ربار و حیزبییه‌کانیش له به‌ره‌که‌ی دی.
سێیه‌م: دیاره ده‌رکه‌وتنی هه‌ر دیارده و کارێکی نوێی پێشکه‌وتووخواز خۆی له‌خۆیدا جه‌ربه‌زه‌ییه‌کی زۆری گه‌ره‌که .. ده‌رکه‌وتنی ” ئه‌مڕۆ ” ش تا راده‌یه‌کی باش کارتێکردنی خۆی هه‌بوو له‌سه‌ر دروستکردن و په‌روه‌رده‌کردنی جه‌ربه‌زه‌یی رۆژنامه‌نووسیی به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ردوو پارته ده‌سه‌ڵاتداره دژ به ئازادییه‌که هێنده دڕنده بوو زۆر به ئاسته‌نگ و ئه‌سته‌م توانرا ببێته سه‌ره‌تایه‌کی روو له گه‌شه بۆ ئه‌م جۆره جه‌ربه‌زییه‌ی که ئێستا هاتۆته ئاراوه و ئاستێکی بۆ ئه‌و دڕنده‌ییه داناوه‌و قیچه‌ک که‌مڕه‌نگی کردۆته‌وه.
گۆڤاری شه‌قام: تاچه‌ند كارى رۆژنامه‌نووسیى له‌وكاتدا قورس بوو له‌كاتێكدا ته‌نها رۆژنامه حزبیه‌كان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بوون..؟
دارا ئه‌حمه‌د: تا ئاستی کاری پێشمه‌رگه‌یی قورس بوو ، ئه‌من به خۆم تا راپه‌ڕینی ئاداری ١٩٩١ و ساڵێکیش پاش راپه‌ڕین پێشمه‌رگه بووم.. ئه‌و کاته‌ی که له هه‌ولێر ده‌ستمان به ده‌رکردنی رۆژنامه‌که‌مان کرد هه‌ر وامده‌زانی سه‌رده‌سته‌ی یه‌که‌م ده‌سته‌ی پێشمه‌رگه پارتیزانه‌کانی سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شۆڕشم.
گۆڤاری شه‌قام: زۆر جار لێره‌و له‌وێ باس له‌وه ده‌كرێ گوایه”هاوڵاتى” یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ى ئه‌هلییه، تۆ ئه‌مه چۆن پێناسه ده‌كه‌یت..؟
دارا ئه‌حمه‌د: رۆژنامه‌که‌ی ئێمه به پاره‌ی خۆمان و له چاپخانه‌یه‌کی میریی ده‌رده‌چوو به‌ڵام هه‌زاران به‌ربه‌ربه‌ست له نێوان ئێمه و ده‌سه‌ڵات هه‌بوو ، که‌چی رۆژنامه‌ی ”هاوڵاتی” له چاپخانه‌ی نامیریی ده‌رده‌چێ به‌ڵام به هه‌زران دا‌و به ده‌سه‌ڵات و پارته‌کان به‌ستراونه‌ته‌وه، ئه‌وان ئه‌گه‌ر به‌وه ئاسووده ده‌بن که خۆیان به یه‌که‌م رۆژنامه‌ی (ئه‌هلیی) دابنێن .. چ قه‌یدیه لێیانگه‌ڕێن با ئاسووده بن.. به‌ڵام بابزانن هه‌رگیز ناتوانن به‌ڵگه‌نامه‌ی وه‌ک (بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس له زانستی راگه‌یاندن و چه‌ندین بابه‌تی باوه‌ڕپێکراو) چه‌واشه بکه‌ن و دڵنیاش بن شه‌رمه‌زاری مێژوو و به تایبه‌تییش مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ ده‌بن. ئه‌گه‌ر ده‌شتانه‌وێ بۆچوونی من له‌سه‌ر رۆژنامه‌ی ”هاوڵاتی” بزانن ئه‌وا ئه‌من ده‌ڵێم : رۆژنامه‌ی هاوڵاتی و هه‌ندێکی تری وه‌ک ئه‌و به‌رده‌وام و به چه‌ندین شێوه‌ی تاکتیکییانه هه‌لی درێژه‌دان و گه‌وره‌نیشاندانیان له لایه‌ن پارته‌کانه‌وه بۆ ده‌ڕه‌خسێندرێ بۆ ئه‌وه‌ی
ره‌وتی رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ به لارێ‌دا ببردرێ.
گۆڤاری شه‌قام: ره‌نگدانه‌وه‌ى ئه‌هلییبوون و ئازاد بوون له رۆژنامه‌ى ”ئه‌مڕۆ”دا له‌چییه‌وه سه‌رچا
دارا ئه‌حمه‌د: یه‌که‌مجار له رێباز و ره‌نگدانه‌وه‌که‌ی له‌سه‌ر بابه‌ته‌کانی.. چونکه هیچ بابه‌تێکی نه‌بوو راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له خزمه‌تی پارت و رێکخراوه‌کاندا بێ یان له‌دژی زۆرداریی ئه‌وان نه‌بێ به‌تایبه‌تییش ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیان.. دووه‌مجاریش نزیکی رۆژنامه‌که له جیهانبینیی و هه‌ست و نه‌ستی مرۆڤه ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز و سه‌ربه‌خۆخوازه‌کان.
گۆڤاری شه‌قام: تێبینى: ئه‌و زنجیره راپۆرته به‌رده‌وام ده‌بێت و ره‌نگه بۆ به‌شه‌كانى تریش پرسیارى ترت ئاراسته بكرێ.
دارا ئه‌حمه‌د: تکایه- ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوون – با پرسیاره‌کان کورت‌تر و پوختتر بن چونکه ئێستا ئێمه رۆژانه زۆر سه‌رقاڵین به دابه‌زاندنی بابه‌تی نوێ له ماڵپه‌ڕی ئه‌مڕۆ که به‌شێوه‌یه‌کی نوێ و به‌پێی پێشکه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنه‌کانی ئه‌مڕۆی رۆژنامه‌گه‌ریی کوردی درێژه‌پێده‌ری ئه‌و یه‌که‌م رۆژنامه سه‌ربه‌خۆیه‌ی ئه‌مڕۆیه که یه‌که‌م ژماره‌ی له ١۵\٨\١٩٩٤ له هه‌ولێر ده‌رچوو. خوازیارم گۆڤاری ” شه‌قام ”یش به‌و پێیه‌ی که ئه‌ویش خۆی به درێژه‌پێده‌ری رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ داده‌نێ بتوانێ ده‌ست به‌و پرانسیپانه‌وه بگرێ که رۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ بڕیاری له‌سه‌ردان و به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی سه‌ربه‌خۆی له کوردستانی باشوور پێ دامه‌زراند.