Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
نەوت و خوێن

نەوت و خوێن

Closed
by August 9, 2008 هۆنراوە

 نەوت و خوێن
 هەژێن

 
 
 هەناسەبڕکێى من و  ترپە دڵى تۆ
 
 هاودەنگى چرکەى کاتژمێرەکەت
 
 من لێرە گوێم هەڵخستووە
 
 بۆ ناوەختە زەنگى تەلەفۆن
 
 تۆ لە بێگریەیى ساواکەت
 
 واقت وڕماوە ؛
 
 بڵێى ئەویش زانیبێتى
 
 کە ئەوشەو تارماییە شومەکان
 
 ئۆپێراى مەرگ  ئەگێڕن؟
 
 ئەوشەو تەنیانیت و پیرەژنەکەى هاوسێت
 
 لەگەڵ دەنکە تەزبیحەکەیدا،
 
 دواساتەکانى تەمەنى دەژمێرێ..
 
 
 
 دڵم لاتە و دەزانم،
 
 چەندە دڵگیرى
 
 لە چەتە دەریاییەکانی  کۆلۆمبۆش
 
 لە دراوسێکەى دەستى ڕاستت
 
 کە هەلهەلەیان بۆ دەکا..
 
 بەڵام هەر تۆ نیت،
 
 هەزار، سەد هەزار دڵ  ئەمشەو
 
 لە بەسرە و کەرکووك
 
 هەولێر و نیوێۆرك
 
 لە بەرلین و هاڤانا
 
 لە گشت قوژبنێکى جیهانا،
 
 دەنگپێى مەرگ دەژمێرن..
 
 وا دێن، دزەکانى دەریا
 
 گەلەگورگى جەنگەڵه‌کان
 
 جڕوجانەوەرى تاریکایى مێژوو
 
 وا دێن و  بەڕێوەن..
 
 خانمە گەنم ڕەنگەکەم،
 
 خەندەى تۆ هەڕاج کەن
 
 بە چنگى خوێناوى سەدام
 
 ڕووى زەردى خۆیان میکیاج کەن
 
 دڵگیر نەبى، بەزمانى منەوە
 
 دەستەبراکانى سەدام،
 
 دەڵاڵانى خوێن، پێشوازى مەرگ کەن
 
 دڵگیر نەبى!
 
 هەر چۆن من لە تۆ
 
 دڵگیر نەبووم و دەمزانى
 
 تۆ دڵدارى ئەو فرۆکەوانە نیت،
 
 کە بەسەر شارەکەمدا ڕشایەوە
 
 تۆ هەلهەلەت بۆ لەشکرى ئەنفال نەکرد و
 
 لەگەڵ مناڵانى هەڵبجە،
 
 لە خەما سەرت نایەوە..
 
 خانمەکەم دەستت بێنە و
 
 هەنگاو هەڵگرە
 
 ئەم شەوەزەنگە درێژە و
 
 تەنیایى سەرابى بیابانێکى قاقڕە
 
 ئاگات لە ساواکەت بێ،
 
 هەر ڕۆژ وەبیرى بێنەره‌وە
 
 گەلەگورگ هاتوون،
 
 ئێسکى وشك و ڕوتاوەمان
 
           جارێتر بەر چنگ و قەباڵ دەنەوە
 
 هاتوون، بە بۆمبى ژیر
 
 تۆڵەى گاورباغى ..
 
           وانەکانى (ئازار)مان لەبیر بەرنەوە
 
 هاتوون لە بازار ئازادا :
 
           دیموکراسى بە نان
 
                    بۆمبى ژیر بە ژیان
 
                              دۆلار بە ئازادى
 
                                       سەدام بە چەلەبى
 
                                                 نەوت بە خوێن .. بگۆڕنەوە
 
 
 
 
 
 پێشتر له‌ ژمارە (12)، ساڵى سێیەم،  2003 گۆڤارى ڕۆشنبیرى، کۆمەڵایەتى،  هونەری «دالیان»
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.