Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
مافی منداڵی كوردستان  پارێزراوە  ؟؟!

مافی منداڵی كوردستان پارێزراوە ؟؟!

Closed
by August 11, 2008 گشتی

 مافی منداڵی كوردستان  پارێزراوە  ؟؟!
 توێژەرى كۆمەڵایەتى : حەمەى ئەحمەد رەسوڵ
 
 منداڵ ، ئەو بونەوەرەو مەخلووقە جوانو ناسكەی كە باوكو دایك بەوپەڕی شەیدایی و جۆشو خرۆشەوە داخوازی دەكەن وعەوداڵی دروستكردنو پەیداكردنین ، بۆ ئەوەی نەوەی دوای خۆیان ببیننەوەو پەیامو مەشخەڵی دەستی خۆیان بۆ مەبەستی بەردەوامبوونو چوونە پێشی رەوڕەوەی مێژوو بدەنە دەست منداڵی خۆیان ، كە بە نەوەو وەچەی نوێو پیاوی ئایندە لە قەڵەم دەدرێت . .!
 بەو رۆژەوەی كۆرپەلە ، بەكۆڵێك ژانو ئازارو گریانەوە ، چاوی بۆ ژیان هەڵدەهێنێ بە مرۆڤو بە كەسێتیەكی سەربەخۆ حسێبی بۆ دەكرێت ، ناوی تایبەتی لێدەنرێت ، ناسنامەو ڕەگەزنامەی تایبەت بەخۆی بۆ دەردێنن ، بەو واتایەی مافی ژیانو زیندەگی پێدەبەخشرێت ، مافەكانی منداڵ ، بەجارنامەی گەردوونی مانیفێست كراونو بانگهێشت كراون ، ئەركی سەرشانی باوكو دایكانە بەجوانترینو نایابترین شێواز بەخێوو پەروەردەی بكەن ، ژووری تایبەتو جێی تایبەتو خۆراكو پۆشاكی تایبەتی بۆ دابین بكەن ..! خزمەتگوزارییەكانی بواری تەندروستی منداڵ ئەركی یەكەمینو سەرەكی دەوڵەتە ..!!
 پێویستە خێزان ، كە بنكەیەكی كۆمەڵایەتیو یەكەمین خانەی كۆمەڵگایە ، دەبێت ژینگەیەكی سروشتیو ئاسایی تیادا خەمڵابێت ..
 كە خۆشگوزەرانیو ئاسوودەیی بۆ ئەندامەكان بەگشتیو بۆ زارۆكەكانی بە تایبەتی تیادا خۆشكرابێت ، هەروەها پاراستنو یارمەتیو هاریكاریو رێنوومایی بەردەوامی ئەم خێزانە بە بەردەوامی ئەركی حكومەتو دامودەزگاكانیەتی ، بۆ ئەوەی كە خێزان بە ئەركی بەرپرسیارێتی ئاسایی خۆی هەستێت …!
 دەبێت  خێزان ، ئەو مافە بەمنداڵ ببەخشێ كە كەشوهەوایەكی پڕ لە خۆشەویستیو شادیو دەرك پێكردنو سۆزو بەزەیی پێشكەشكردنی بۆ فەراهەم بكات .. لەمبارەیەوە پێویستە پەروەردەی خێزانیی – كۆمەڵایەتی میتۆدی زانستیو مۆدێرن بەكاربێنێ بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی ، رەنگ زایەند ، زمان ، ئایین ، نەتەوەییو جڤاكیو سامانو پلەوپایە نەكرێتە پێوەر بۆ پەروەردەكردنو گۆشكردنی منداڵ .
 مافی منداڵە ، ژیانێكی سەربەخۆی بۆ دەستەبەر بكرێت ، كە ئازادیو ئاستیو سەروەریو سنگفراوانیو یەكسانیو هاوكاری بە هەموو وردەكاریو بەندەكانییەوە پێشكەش بەمنداڵ بكرێت .. !
 منداڵ چونكە لەرووی مێشكو جەستەوە ناكامڵو ناتەواوە ، پێویستی بە پاراستنو چاودێری هەیە ، بۆیە پێویستە یاسای پاراستنو پەرژینی قانوونی بۆ منداڵ بچەسپێنێ … هەروەها ئەركی باوانو دەوڵەتە كە منداڵان لەشەرو جەنگ بەدوور بگرنو چاودێری تایبەتی بكرێن ..
 منداڵ لاوازترینو بێهێزترین ئادەمیزادی كۆمەڵگایە ، بۆیە دەبێت پارێزگاری لێبكرێت ، لەكاتی نەخۆشیشدا ، پاراستنی گیانو جەستەی ، دابینكردنی دەرمانو شوێنی حەواندنەوە ، بیمەی تەندروستی و هاریكاری منداڵ لەرووی ماددیو مەعنەوەیەوە زۆر گرنگە .. منداڵ دەبێت خەرجی ونەفەقەی تایبەتی خۆی هەبێتو (ئەوەش مافی منداڵە بەپێی جاڕی گەردوونی مافی منداڵو مرۆڤ !)..!
 هەروەها نابێت ، سامانو كاروباری ئابووری منداڵ دووچاری دەستێوەردانی نایاساییو ناشەرعی ببێتەوە ..!
 هەموو خێزانێك دەبێت ئەو راستییە بزانێت كە نابێت لێدانو سزادانی جەستەییو ئازاردانو هەرەشە لێكردنو هەراسانكردنی دەروونی وەكو ئامرازێكی پەروەردەكردنو بەخێوكردن بەكاربێنێت ، چونكە دواجار كاریگەری خراپو نێگەتیڤی بەسەر لایەنی دەروونیو كۆمەڵایەتی =كەسایەتیی منداڵەوە جێدێڵێت .. پێویستە منداڵ پێش ئەوەی بوونەوەرێكی بایۆلۆژی بێت ، وەك مروڤێكی مرۆڤایەتی تەماشا بكرێتو رێز لە مرۆڤبوونی بگیرێت ، پێگەو بەهای كۆمەڵایەتی ئەوتۆ و دیاری بۆ دابین بكرێت ..!
 منداڵانی كەمئەندامو هاندیكاپ ونەخۆشو شێت ، پێویستی تایبەتییان بە پاراستنو چاودێرێ هەیە ، باوانو دەوڵەت بەشێوەیەكی دەستووریو یاسایی ئەم حاڵەتانە سیستماتیزە دەكەن .. ! بۆ ئەوەی لە توندوتیژیو بێبەزەییو گاڵتەجاڕی كۆڵانو شەقامەكان بەدووربنو پارێزراوبن ..!
 هەروەها دەبێت هەموو خێزانێك ئەوە بزانێت كە مافو هەقی منداڵە كە بخوێنێتو دەرفەتی فێربوونی زمانو زانیاری بۆ بڕەخسێو هەتا وەدەستهێنانی بڕوانامەیەكی دیاریكراو كە بەپێی یاسا ، ئیلزامی كرابێت ، دەبێت حكومەت سەرپەرشتیو چاودێری منداڵان بكەن لەو وەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندندا خێزانەكان ئاگادار بكەنەوە …!
 هەر لەمبوارەوە ، حكومەت پێویستە (ماس میدیا) بەگەڕبخات بۆ وشیاركردنەوەی فەرهەنگو زانیاری لای منداڵانو خێزانەكانو لەكایەی فێركردنو رۆشنبیركردندا رۆڵی گرنگ بگێڕن ، پێویستە وەزارەتە تایبەتەكان، لیژنەی تایبەت تەرخان بكات بۆ ئەوەی بوارەكانی تەندروستیو وشیاریو زانستیو فراوانكردنی خەیاڵیو ئاكاریو روحی منداڵان (بەپێی میتۆدی زانستیو جیهانی) پەرە پێبدات ..  سوود گەیاندن بە فەرهەنگی منداڵانو خستنە بەردەستی كەرەستە سوودبەخشەكانو جیاكردنەوەی لە ماددە زیانبەخشەكان ئەركی یەكەمی دەوڵەتەو پاشان دەزگا پەروەردەییەكانو دواجار خێزانە ! پاراستنو وشیاركردنەوەو پەڕەپێدانی كەسێتی منداڵ ئەركی سەرەتاییو سەرەكیو یەكەمین دەوڵەتو خێزانەو مافی سەرەتایی منداڵە !
 هەروەها گرنگە ئاماژە بەوە بدەین كە لەكاتی جیابوونەوەو تەڵاق یان مردندا ، دەبێت بەپێی چاودێری یاساییو لە بەرژەوەندی مناڵدا بریار هەموار بكرێتەوە ، دەبێت منداڵ لەو نێوانەدا پەیوەندی بە باوك یان بەدایكەوە نەپچرێتو بێبەشو مەحروم نەكرێ ،  بێنەواو بێلانە نەكرێ .. !
 لەكاتی فراندنو هەرشە لێكردنی بە كوشتن ، پێویستە بەشێوازێكی تایبەت مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت ، هەوڵو ئامانجی سەرەكی لە پێناوی سەلامەتی منداڵەكەدابێتو ئەمەش جاری گەردوونی مافی منداڵان چەسپاندوویەتی ..! هەروەها لەكاتی هەبوونی باوەپیارەیان باوەژندا دەبێت پاراستنی رۆحو گیانی منداڵ بخرێتە ژێر چاودێری دەوڵەتو یاساوە ، دەبێت لیژنەی تایبەت بە بەردەوامی هامووشۆی ئەو خێزانانە بكەن … !
 گرنگە خێزان بتوانێ ئازادی بیركردنەوەو دەربرٍِینو ئاخاوتنو گەمەو یاری مافێكی ڕەوای منداڵان بن ، چەپاندنو كەبت بەسەر هزرو رەفتاری منداڵەوە پیادەنەكرێت ، دەبێت تەنانەت ئازادی پەیڕەوكردنی ئایینو بیروباوەڕ لەمنداڵاندا سەربەست بكرێت ،  كە بتوانرێت شیرازەو ئاسایشو تەندروستی گشتیو نەریتی میللیو مافو ئازادی كەسانی دیكەش بپارێزرێت .. !
 زۆر گرنگە ، ئەوەش باسبكەین ، كە خێزان پێویستە بەرنامەی سنووردانان بۆ منداڵبوون (تحدید النسل) هەڵبژێرێت ، چونكە مناڵ زۆر خستنەوە ، مافی منداڵ پێشێل دەكات ، هەقی خواردنو خەوتنو یاریكردنو خوێندن لە منداڵی یەكەم دەسەنێتەوە ، كە خێزانی كورد منداڵی زۆر خستنەوە ، زۆر بەخراپیو بەكەموكوڕیو بە توندوتیژیو بەلاوەكیو بەكەمتەرخەمییەوە پەروەردەیان دەكات … مافیان پێشێل دەكات ، هەقیان دەخوات ..! هەموو ئەو بڕگانەی باسم لێوە كرد ، مافی رەوای منداڵانن ، كە بەداخەوە لە كوردستاندا زۆر بە كەمیو بەدەگمەنی پێڕەو كراوەو مافی منداڵی كورد نەپارێزراوە !! زۆرێك لە خێزانی كورد ، منداڵیان فڕێ دەدەنە كۆڵانو شەقامە بێبەزەییەكانەوە .. منداڵیان لە خوێندن بێبەش دەكەن ، منداڵیان بۆ كاسبیو ئیشكردنو دەستگێڕیو شت فرۆشتن فڕێ دەدەنە سەرجادەو شەقامەكان ..! گۆشەی داهاتوو ، باسی هاوینو منداڵی ئیشكەر دەكەم …ّ!!
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.